ئاڵۆزبونی بارودۆخی كوردستان دوای ڕوداوەكەی زاخۆ
تا ئەم ساتەش پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتوی ئیسلامی لە ھەوڵەدان كە ھەریەكەیان قسەی خۆی بەسەر ئەوی تردا زاڵ بكات ھیچیان بیریان لە بەرژەوەندی باڵای ھەرێم نەكرۆتەوە
خالد ڕەنجدەر
جێی داخە ئێمەی خەڵكی كورد فێری ئەوە بوین ھەمیشە دەبێ دەستمان لەسەر دڵمان بێت و چاوەڕوانی ڕودانی ڕوداوی ناخۆش بكەین. كێشەی ئەم ھەرێمەی ئێمە لەوەدایە كە كارەسات و ڕوداو و ناكۆكیەكان لەپڕێكدا گەورە دەكرێن و لە پڕێكیشدا نەك ھەر بچوك دەكرێنەوە، بەڵكو بە تەواوی خامۆش دەكرێن، وەك ئەوەی كورد واتەنی “نە بای دیبێ و نە بۆران”. لە ساڵی 2005 دا ھەندێك بارەگای یەكگرتوو لە بادینان سوتێنرا و وەك ئەمجارەش یەكگرتوو، پارتی دیموكراتی كوردستانی تۆمەتبار كرد و، ئەو گرژیەشی لێ نەكەوتەوە كە ئەمجارە ھەیە. كە دەڵێم ناكۆكیەكان لەپڕ گەورە دەكرێن و لەپڕیش خامۆش دەكرێنەوە، ئەوەتا زۆربەمان ئێستا دەیبیستین كە كاتی خۆی ژێر بە ژێر یەكگرتو و پارتی “سوڵحی عەشایەریان” كردوە. من نازانم لە كام جێیەی ئەم دنیایەدا لە پرۆسەی سیاسیدا سوڵحی عەشایەری كراوە. ئەمە خۆی لە خۆیدا نیشانەی كارنەكردنە بە یاسا و دەستور.
لە وڵاتانی جیھاندا كاتێك پشێویەك دروست دەبێت و زیان بە موڵكی تایبەتی خەڵك یان بە موڵكی گشتی دەگات، یاسا كاری خۆی دەكات و گێرەشێوێنەكان لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەكرێن و دەدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەردەگرن. لەولاشەوە نوێنەرەكانی میللەت لەناو پەرلەماندا لە دیاردەكە دەكۆڵنەوە و یاسای بۆ دادەنێن تا جارێكی دوبارە نەبێتەوە، لە ھیچ جێیەكیش سوتان بە سوتان قەرەبو نەكراوەتەوە.
ئەم ڕوداوەی زاخۆ ڕاستیەكی زۆر گرنگی خستەڕو، ئەویش ئەوەیە كە حیزبەكان تا ئێستاش خەڵكی خۆیان و میللەتیش لەسەر گرژی و ئاڵۆزی ڕادێنن و، پێیان وایە ئەو گرژی و ئاڵۆزیە دەنگی سەر سندوقەكانیان بۆ زیاد دەكات، ئەمە بیركردنەوەیە لە بەرژەوەندی تایبەت، بەڵام بەرژەوەندی نەتەوە و نیشتمان جۆرێكی تری پەروەردەی حیزبی و تەنانەت پەروەردەی قوتابخانەكان دەخوازێت.
لەبەر ئەوەی لەم ھەرێمەی ئێمەدا گیانی لێبوردەیی كەمتر تینی تێدا ماوە، بۆیە دەبینین پارتێكی نەرمڕەوی وەك یەكگرتوو زۆر بە توندی تورە بووە. لەو سەریشەوە پارتێكی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەسەردەمێكدا تاكە نوێنەری ئەم میللەتە بوو ترسی ئەوەی لێنیشتووە بە ڕوداوێكی ئاوا بكەوێ، ئەوەتا سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ھەرێم لە وتەكەیدا بۆ ھاوڵاتیانی شاری زاخۆ دەڵێ:”ئەگەر ھەندێك كەسی تر ئەوەی كردبێت و بیەوێت ناوی پارتی و ئازادی و سەقامگیری كوردستان بشێوێنێت، لە كەسی قبوڵ ناكەین، لە ژێر ھەرپاساوێكدا بێت”.
پێشنیارێكی زۆر جوان و بەجێیە كاتێك بارزانی ڕو بە ڕوی خەڵكی زاخۆ دەڵێ:” گهر شتێك بهدڵتان نییهقانون و پهرلهمان ههیهو لهكوردستاندا هیچ كهسێك لهیاسا بهرزتر نییه، با لهگهڵ ئهندامانی پهرلهمان دانیشن و بهدواداچوون بۆ داواكارییهكانتان بكهن و كێشهكانتان بهشێوهی یاسایی بخهنهڕو و بۆ دهستهبهركردنیان”ھەروەھا ئاماژەشی بەوە كردوە كە لیژنەیەكیان پێكھێناوە بۆ لێكۆڵینەوە و، دەڵێ: “ئهگهر بۆمان دهركهوت پارتی كهمتهرخهمهئهوا دهبێت بهپێی یاسا ئیجرائاتی لهگهڵ بكرێت، بهڵام ئهگهر ههر لایهنێكی تر كهمتهرخهمبێت بهیاسا دهبێت سزای خۆی وهربگرێت”.
بەڵام ئایا یەكگرتو و خەڵكی كوردستان بەو دوعایە دەڵێن “ئامین” لە كاتێكدا كە سەرۆكی ھەرێم وتی دەبێ تاوانبارانی 17 شوبات دادگایی بكرێن و، تا ئێستا ھیچیش نەكراوە و سەرۆكی ھەرێمیش لەو ڕاسپارەكەی خۆی نەپرسێتەوە؟.
پارتی دیموكراتی كوردستانی ئەو ترسەشی لەبەرە كە دیانەكان و یەزیدیەكان ئەو كێشەیە بگەیەننە وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و كاردانەوەی خراپ دروست بكات، بۆیە ھەڕەشەی ئیجرائات دەكات و وا توندوتیژە. ھاتنە ناوەوەی كەسێكی وەك یۆنادم كەننا و ھەوڵدانی بۆ بەستنەوەی ڕوداوەكەی زاخۆ بە ڕوداوەكانی بەغداد و كوشتن و ڕاونانی مەسیحیەكان ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات كە سەرۆكی ھەرێم لە چونە دەرەوەی ئەو كێشە دەترسێت.
پێ دەچێت یەكگرتوی ئیسلامی ئەو ترسەی پارتی قوستبێتەوە بۆیە لە بەیاننامەكەی ئەمینداری گشتی خۆیدا دەڵێ:” قەدەریپارتیئەوەیە تەسلیمیئەم حەقیقەتە ببێ کە یەکگرتوو هەیە و دەبێ رێز لە عەقڵ ولۆژیک بگرێ و دان بە بەرپرسیاریەتی خۆی لەو رووداوانەدا بنێ، وەکو حزبی دەسەڵاتدار و دەسەڵاتیحزبیلەو دەڤەرە”.
من پێم وایە تا ئەم ساتەش پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتوی ئیسلامیش لە ھەوڵەدان كە ھەریەكەیان قسەی خۆی بەسەر ئەوی تردا زاڵ بكات، ھیچیان تا ئێستا بە جیددی بیریان لە بەرژەوەندی باڵای ھەرێم نەكرۆتەوە، ھەرچەندە لە لێدوانەكانیشیاندا ئاماژەیان پێكردووە.
دەبێ دەسەڵات بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە. پارتی دیموكراتی كوردستان گیرۆدەی باڵادەستبونی ھەندێ كەس و لایەنە لەناو خۆیدا، ئەوانە دەسەڵاتی خۆیان بۆ بەرژەوەندییە ماددیەكانی خۆیان بەكاردێنن و ھەڵوێستی سەرۆكی ھەرێمیشیان لەق كردوە، ھەموو ھەر فو بەشەیپوری شەڕدا دەكەن و، كەس ناڵێ كە ھەندێك شت كراوە لە گەڵ داب و نەریتی خەڵكی ئەو دڤەرەدا ناگونجێت و با پێداچونەوەی بۆ بكەین.
لە وڵاتی نەرویج كە بەشێكە لە وڵاتان و سیستمی ڕۆژئاوا، كەچی زۆر بە جیددی بەرەنگاری لەشفرۆشی دەبێتەوە و، لەم وڵاتەدا یەك جێی فەرمی لەشفرۆشی نیە، لە كوردستانێكی بچوكی تازە دەرچوو لە ژێر ستەمی سەدان ساڵەدا چۆن خەڵكی قبوڵی دەكەن بە 300 و 400 جێگای لەشفرۆشی بە فەرمی لە شارێكی وەك سلێمانیدا ھەبێت. ئێمە وتمان “ئازادی” بەڵام با ئازادیش بە مانابێت.
ڕای من وایە درەنگ بێت یان زو پارتی و یەكگرتو ھەر پێكدێنەوە. بۆیە دەڵێم تا زوە پێكبێنەوە باشترە تا دەستی دەرەكی بە ئاشكرا نەھاتۆتە ناوەوە.
بۆ دیارەی مەیفرۆشی و لەشفرۆشی دەڵێم بە سوتاندن چارەسەر ناكرێت، دەبێت بە ڕۆشنبیركردنی ئەو خەڵكە و بە سەروەری یاسا بێت.
لەسەر ئاستی سیاسیشەوە، دەبێ ئەو كوردستانە ماڵێك بێت بۆ ھەموومان. ھەر كەسێك، لە پلەكانی سەرەوەی دەسەڵات بێت یان لە پلەكانی خوارەوە بێت، ناتوانێت بەزۆر خۆی بسەپێنێت، ھەر دەبێ بە تەبایی و ڕێككەوتن بێت و، ئەركی ھەمو لایەكە بەرژوەندی میللەت بخەنە سەرو بەرژەوەندی خۆیانەوە، مانەوەی ئەم كێشەیە بەو توندوتیژی و گرژی و ئاڵۆزیە و، توخكردنەوەی زیانی گەورەتر دەدات، ئەركی پارتی و یەكگرتوو و لایەنەكانی تریش ئەوەیە كە درك بە ناسكی قۆناغەكە بكەن و پەنابەرن بۆ دیالۆگ و متمانە دروستكردنەوە و برایەتی.