له په‌راوێزی ڕووداوه‌کانی ده‌ڤه‌ری بادینانه‌وه
بەڵێن ساڵح
بۆیه من مه‌ستیم له هوشیاری گه‌لێ پێخۆشتره
ئه‌م خه‌راباته که هوشیاری له مه‌ست سه‌رخۆشتره
سه‌یره هه‌رکه‌س ڕووده‌کاته ئه‌م خه‌راباته‌ی وجود
کاسه‌که‌ی هه‌رچه‌نده پڕتر بێت ئه‌وه‌نده بۆشتره
حه‌مدی.
ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ده‌ڤه‌ری بادینان له هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌مانخه‌نه به‌رده‌م دیارده‌یه‌کی ترسناکی دوو جه‌مسه‌ریه‌وه.
یه‌که‌میان زاڵ بوونی بیرۆکه‌کانی خۆ به زل زانین و تاک ده‌سه‌ڵاتیه له ئه‌ندامانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقدا که ده‌خوازن ته‌واوی ڕووداوه‌کانی هه‌رێمه‌که تاک ڕه‌هه‌ندی بێت و بیرکردنه‌وه و کارکردن له‌سه‌ر دۆسێکان ته‌نها و ته‌نها ده‌بێت له باره‌گاکانی پارتیه‌وه بێت .بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش کڵۆم دانی هه‌موو ده‌روازه‌کان وه‌ک میکانیزمێک به‌کارهێنراوه بۆ سه‌پاندنی تاکڕه‌وی و له په‌راوێز نانی لایه‌نه‌کانی تر به‌تایبه‌تیش له ناوچه‌کانی ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی پارتیدا.
•دووه‌میان هه‌ڵوێسته‌کان و بیرکردنه‌وه‌کانی یه‌کگرتووی ئیسلامیه، له ڕوانگه‌ی داکۆکیکردن له خۆی وه‌ک بونیادێکی سیاسی له هه‌رێمه‌که‌دا. یه‌کگرتوو له ڕێی داکۆکی و به‌رگری له شه‌ریعه‌ت کردنه‌وه ده‌یه‌وێت ئه‌و شه‌ریعه‌یه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا بسه‌پێنێت که خۆی بڕوای پێیه‌تی به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌ک بهێڵێته‌وه یان ده‌رفه‌تێک به خودی کۆمه‌ڵگا بدات تا کۆمه‌ڵگا خۆی خاوه‌ن بڕیاری خۆی بێت له‌و بژاره‌یه‌ی ده‌یه‌وێت بۆ خۆی دیار بکات.
بێ له‌و دوو جه‌مسه‌ره مه‌سه‌له‌یه‌کی تری گرنگ هه‌یه که ده‌بێت قسه‌کردنێکی ڕژدی له‌سه‌ر بکرێت ئه‌ویش کار و کاسبی کردنی خه‌ڵکه. ئه‌و خه‌ڵکه که بخوازن ژیانێکی بێوه‌ی به‌سه‌ر به‌رن و ببنه خاوه‌نی کارداری خۆیان پێویست به دابینکردنی متمانه ده‌کات بۆیان و پێویستیشه نه‌خرێنه نێو به‌رداشه‌کانی به‌یه‌کدادانی دوو به‌رنامه‌ی سیاسی که تا سه‌ر ئێسقان یه‌ک ئه‌وی تریان قبوڵ ناکات.
وه‌ک چۆن ناتوانم هه‌رگیز بیرم به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بڕوات که بڵێم هیچ په‌یوه‌ندیه‌ک نییه له نێوان وتاره وروژێنه‌ره ئاینیه‌کانی ڕۆژانی هه‌ینی و گڕ تێبه‌ردانی شوینه‌کانی مه‌ی فرۆشتن یان سه‌نته‌ره‌کانی مه‌ساج کردن، ئاوه‌هاش ناتوانم بچمه ژێر ئه‌و باره‌وه که بڵێم ئه‌ندامانی پارتی له‌و ده‌ڤه‌ره بێ‌ئاگان له سوتاندنی باره‌گاکانی یه‌کگرتوو.
گه‌ر به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم بیریاری به‌ناوبانگی عێراقی (دکتۆر عه‌لی ئه‌لوه‌ردی) گوتویه‌تی” له هیچ شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا هێنده‌ی عێراق باس له پیکه‌وه ژیانی ئاشتیانه ناکرێت”.
ئه‌م بۆچوونه کوت ومت به‌سه‌ر ڕه‌وشی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا ده‌گونجێت. هه‌موو ده‌زگا میدیاییه‌کانی لایه‌نه‌کانی فه‌رمانڕه‌وا و ئۆپزسیۆنه‌کانیش باس له پێکه‌وه ژیان ده‌که‌ن، که‌چی ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت بڕوا نه‌بوونه به پیکه‌وه ژیانێکی ئاشتیانه. گه‌ر به چاوێکی ورده‌وه له ڕه‌وشی هه‌رێمه‌که بڕوانرێت ده‌سبه‌جێ ده‌رده‌که‌وێت لایه‌نه سیاسیه‌کان چۆن له بۆسه‌دان بۆ یه‌کتر. باشترین به‌ڵگه‌ش چۆنیه‌تی قسه کردنی ئه‌و لایه‌نانه و لایه‌نگرانیانه له میدیاکان و له تۆڕه‌کانی سۆشیال میدیادا له‌سه‌ر ڕووداوه‌کانی ده‌ڤه‌ری بادینان.
ئه‌مه یه‌که‌م جار نییه له هه‌رێمی کوردستانی عێراق وه‌ک پرۆسه‌ی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی یه‌کدی باره‌گاکانی لایه‌نه‌کان ئاور بدرێن. له ساڵی 2005 دا بوو باره‌گاکانی یه‌کگرتوو له ده‌ڤه‌ری زه‌رددا سوتێنران، له سه‌روبه‌ندی خۆپیشاندانه‌کانی پارێزگای سلێمانیدا مه‌کۆکانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌ولێر ئاگریان تێبه‌ردرا، ئه‌مه بێ له‌و دیمه‌نه قێزه‌ونانه‌ی سوتاندن که له ده‌می شه‌ڕی ناوخۆی ناوه‌ڕاستی ساڵانی نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا به ئاشکرایی له نێوان پارتی و یه‌کێتیدا ده‌بینران.
دووباره و سێباره بوونه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نانه ترس و دڵه‌ڕاوکێی و نیگه‌رانی به‌دوای خۆیدا دێنێت و ته‌واوی ڕاگه‌یاندنه‌کانی گه‌وره کاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمه‌که سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی دیموکراسی و مافه که‌سێتیه‌کان ده‌خاته ژێر پرسیاری قوڵه‌وه و گومان له‌سه‌ر هه‌موو پرۆسه‌کانی هه‌رێمه‌که دروست ده‌کات.
پارتی ده‌ڵێت نه به چاک نه به خراپ په‌یوه‌ندی به‌و ڕووداوانه‌ی ده‌ڤه‌ری بادینانه‌وه نییه، یه‌کگرتووش جه‌خت ده‌کاته‌وه له‌وه‌ی هه‌رگیز له‌گه‌ڵ تووندوتیژی و ئاژاوه گێڕیدا نییه.
ئه‌م دوو ڕاگه‌یاندنه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یه‌کن. بۆیه هیوادارم هه‌م پارتی و هه‌میش یه‌کگرتوو به سنگێکی فراوانه‌وه ئه‌م دوو پرسیاره‌م لێوه‌ربگرن و وه‌ڵامی گونجاویان هه‌بێت بۆی؟
پرسیاری یه‌که‌مم بۆ پارتیه، له ده‌مێکدا شه‌پۆلێکی گه‌وره‌ی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به سیسته‌می سیاسی و دژ به گه‌نده‌ڵیه‌کان له هه‌رێمه‌که‌دا له ئارادایه و له 17 ی 2 دا له پارێزگای سلێمانی به‌رجه‌سته کرا، له‌و ده‌مه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو هه‌وڵانه‌ی دران به‌ڵام ڕێگه به هیچ خۆپیشاندانێک نه‌درا له ده‌ڤه‌ری قه‌ڵه‌مڕه‌وی پارتیدا، ئه‌ی له‌و ڕۆژی هه‌ینیه‌دا چۆن بوو له زاخۆ و دواتریش له ناوچه‌کانی تری ده‌ڤه‌ره‌که‌دا ڕوویاندا؟ هێزه ئاسایشیه‌کان، پۆلیس له کوێ بوون بۆ ڕێگه گرتن له سوتاندنی بازاڕه‌کانی فرۆشتنی ئه‌لکهول و شوێنه‌کانی مه‌ساج کردن و هه‌روه‌ها باره‌گاکانی یه‌کگرتو؟
پرسیاری دووهه‌میشم بۆ یه‌کگرتووه، له ده‌مێکدا قه‌یرانێکی سیاسی له نێوان لایه‌نه‌کانی فه‌رمانڕه‌وا و ئۆپزسیۆنی هه‌رێمه‌که‌دا هه‌یه بۆچی هه‌وڵه‌کان له‌سه‌ر مێزی دانوستاندن ناخرێنه گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌رکردن، وه‌ک له‌وه‌ی به هاندانی وروژێنه‌ری ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ کار له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی خه‌ڵک بکرێت و له ڕێی وتاره‌کانی نوێژی هه‌ینیه‌وه ژینگه سیڤیلیه‌که‌ی هه‌رێمه‌که به‌ره‌و وێرانبوون ببات و بیکاته قه‌نده‌هار؟
له‌گه‌ڵ هه‌ستیاری ڕه‌وشه‌که‌دا و له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه جیاوازه‌کان بۆ ڕووداوه‌کانی ڕۆژی هه‌ینی ده‌ڤه‌ری بادینان پێویسته ئیدی کار بۆ نه‌هێشتنی دوو ئیداره‌یی بکرێت له هه‌رێمه‌که‌دا و کار له‌سه‌ر توند و تۆڵ کردن و ، ڕه‌هه‌ندتۆکمه‌کردنی دامه‌زراوه حکومیه‌کان بکرێت و به تایبه‌تیش ته‌واوی دام و ده‌زگا ئاسایشیه‌کان له هه‌موو دیارده‌یه‌کی حیزبیانه دابماڵرێن ، کارمه‌ندان تێبگه‌یه‌نرێن له‌وه‌ی ئه‌رکیان پاراستنی سه‌ر و ماڵی هاوڵاتیانه و دوور له ڕه‌هه‌ندی حیزبیانه له خه‌ڵکی هه‌رێمه‌که ده‌ڕوانن. ده‌نا ئه‌م کولتوری سوتاندنی یه‌کتریه به‌رده‌وام ده‌بێت.
بەڵێن ساڵح: له په‌راوێزی ڕووداوه‌کانی ده‌ڤه‌ری بادینانه‌وه
0
Share.