من بڕوام بە ڕێککەوتنی ستراتیجی ” یەکێتی و پارتی “نیە..!
عمر مەرگەیی
لە پێش ٢٥ / تموزی /٢٠٠٩ ئەگەر یەکێک پرسیاری لێ کردبام لە بارەی رێکەوتنی ” ستراتییجی ی . ن . ک . و پ.د.ک ” رێک بە پەنجەکانی دەستم دەرگاکانی ڕێکەوتنەکەم دەشکاند:
• پەنجەی ئەسپێ کوژەم: ئاماژە بوو بۆ لەناوبردنی ئاسەواری شەڕی خۆکوژی و هەڵدانەوەی لاپەرەیەک کە خزمەت بەدۆزی ڕەوای گەلی کورد بکات.
• دۆشاو مژە :ئاماژەبوو بۆ یەکگرتنەوەی ئیدارە و دابەشکردنی پۆستەکان لەسەر بنەمای میکانزمێکی گونجاو و پلاندانان بۆ دەوڵەتی قانوونی…
• پەنجەی زەڕناقووتە: ئاماژەبوو بۆ بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری.. سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی لەهەرێمی کوردستان و عیراق بەگشتی…
• برای تووتە :چاکسازی ئیداری .. چاوپۆشی نەکردن لە هیچ کەسێک لە نێودامەزراوە حکومیەکان.
• پەنجە تووتە : ڕاگەیاندن.. ئاو بە ئاگرێکدا بکات کە میکرۆبی ڕابردوو لە ناو ببات و پەیامێکی نوێ و ژیاری بۆ کۆمەڵگای کوردی ببەخشێت.
( ی.ن.ک و پ.د.ک) لە ٢٧ی / تموزی ٢٠٠٧ڕێکەوتنێکیان ڕاگەیاند بەناوی”رێکەوتنی ستراتیجی” لە نێوان هەر حیزب و ڕێکخراوێک یان دەوڵەتێک گرنگی خۆی هەیە. چونکە ڕێکەوتنی ستراتیجی واتە ڕێکەوتنێکی فروان و درێژخایەن کە نابێت لە شەش ساڵ کەمتربێت.
بەڵام بەداخەوە ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم ڕێکەوتنە لە هیچ دەزگایەکی فەرمی دەقی ڕێککەوتنەکە بڵاو نەکراوەتەوە، تەنها لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندنی هەدوو لایەنی پەیوەندیدار بەشێوەیەکی شەفەیی باسی لێوە کراوە وەک بوارەکانی ” سیاسی، ئابووری، ئیداری، چاکسازی، ڕاگەیاندن” بڕیار لەسەر مەسەلە چارەنوسسازەکان دراوە.
دەمەوێت لە نێوباسی بەربڵاوی ئەو پەیمانە ئاڵۆزەدا چەند پرسیارێک هەڵێنجم:
زۆر جار مرۆڤ لە پرۆسە سیاسی و ئیدارییەکان پرسیاری زۆر هەستیار و چارەنوسساز دەوروژێنێت، قسەمان لەسەر ئەو پرسیارە زۆرانەیە کە لەسەر ئەم ڕێکەوتنە ستراتیجەیە، کە هەمیشە ڕووبەڕووی “کابینەی شەشەم ” دەبێتەوە:
• بۆچی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کەلەسەری ساڵی تازەدا گۆڕانکاری لە حکومەتدا دەکەین؟! بەشێک لە ئۆرگانەکانی پارتەکەشی دەڵێن : ئێمە ڕاوی وەرگرتنەوەی سەرۆکی حکومەت دەکەین.. نەک پۆستەکانی وەزیرو بریکارەکان و دامەزراوە کارگێریەکان.
• ئایا ئەم کابینەیە لاسایی کردنەوەیەکی بەسەرچووی ئەنجوومەنی حکومی کاتی بغدایە؟ ئەمە دواداهێنانی سەرەتای هەزارەی سێهەمە؟.
• ئەگەر یەکێتی پۆستی سەرۆکی حکومەتی لێوەرگیرێتەوە ناچێتە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بوونەوە؟
• ئایا بۆچی سەرۆکی هەرێم جێگری نیە؟ کێ ئەم مافەی پێداوە کە لێپرسینەوە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نەکرێت؟.
• بۆچی دەستەی ” نەزاهە ” بەردەوام تەگەرەی تێدەکەوێت و لیژنەکە هەڵدەوەشێتەوە؟ یان بۆچی پەرلەمانتارەکانی یەکێتی دەست لەکار دەکێشنەوە؟.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دوو لایەنی ئیجابی تێدا بەدی دەکەم:
ڕاستە : ئەم ڕێکەوتنە لە نیوان ” ی.ن.ک و پ.د. ک ” دەشێ وەک زەرورەتێکی واقیعی سەیری بکەین، بۆسڕینەوەی هەموو ئەو ئاسەوارانەی کە لەئەنجامی شەڕی ناوخۆهەموو ئەو کۆسپ و تەگەرانەی کە لە سەدەی ڕابردوودا هاتبوونە ئاراوە.
ڕاستە : لە دوای پرۆسەی ڕزگارگردنی عیراق، وەرچەرخانێکی نوێ باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاو پێویست بوو ئەجێندای سیاسی گووتارێکی یەکگرتووی هەبێت بۆ مافە سیاسی و ئابووری و جوگرافیەکان لەسەر ئاستی عیراق وجیهان کاری بۆ بکرێت.
بەڵام ئەم ڕێکەوەتنە ئەوەی جێگای سەرنجە بۆ یەکێتی من وای دەبینم، شکاندنی پێگەی جەماوەری و فاکتۆرێک بوو بۆ جیابوونەوەی بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتی.
ئەگەر بگەرێینەوە بۆ کۆ بوونەوەکانی”دوکان و سەلاحەدین”بۆ ئەم ڕێکەوتنە، لەسەردەمی بەرێز نەوشیروان مستەفا وەک یەکێتی نەگەیشتە ئەنجامێک کە توونیەتی لێوی ڕێبوارێکی ماندو بشکێنێ. هەرلە ناوەراستی ساڵی ٢٠٠٨ دا پێنج ئەندامی”ی.ک.ک ” نامەی دەست لە کار کێشانەوەیان تەسلیمی بەڕێز مام جلال کرد ئەوەدەگەیەنێت کە ئەوانیش ئەم ڕێکەوتنەیان بە تەندروست نەزانیوە. چونکە هەموو کێشەکان لە دەوری بازنەیەک دەخولێنەوە”چاکسازی و سیستمی حوکمڕانی باش بکرێت” پارتی دەبێت ئەوراستیە بزانێت کە یەکێتی بۆ ڕێبازێکی پراکماتیزم هەموو دەست پێشکەرییەکی کردوە، دانانی بەڕێز نێچیرڤان بۆ تەواوکردنی چوار ساڵەکە لە لایەن یەکێتی و بەڕێز مام جەلا ڕاستی ئەو ڕێبازەی سەلماند کە دەوڵەتی قانوون لە هەرێمی کوردستان ئەیەوێت دروست بکات. ئەم جۆرە بەرێوەبردنە من وای دەبینم لادانی سەرۆکی حکومەت بە قازانجی پارتی و ئەزموونی حوکمڕانی ناشکێتەوە.
عمر مەرگەیی: من بڕوام بە ڕێککەوتنی ستراتیجی ” یەکێتی و پارتی “نیە..!
0
Share.