له ئانکه‌ره چی ده‌گوزه‌رێت بۆ کورد؟
بەڵێن ساڵح
لەدەنگی ئەمریکاوە
له‌گه‌ڵ ئه‌و کرانه‌وه‌یه‌دا که حکومه‌تی تورکیا باسی لێوه ده‌کات بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی کورد له وڵاته‌که‌دا ، به‌ڵام وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارانی کورد و چاودێرانی ڕه‌وشی کورد باسی لێوه ده‌که‌ن میکانیزمه‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردن هێشتا نادیارن.
ئه‌وه‌ی زۆرێک له سیاسیه‌کانی تورکیا له‌سه‌ری کۆکن ئه‌وه‌یه ئه‌م قه‌یرانه له مێژینه‌یه‌ی کورد به به‌کارهێنانی هێزی له‌شکر و درێژه‌دان به توندووتیژیه‌کان چاره‌سه‌ر نابێت و وه‌ک ده‌شگوترێت ئه‌زموونه‌کانی پێشوو له به‌کارهێنانی میتۆدی له‌شکریدا سه‌لماندویه‌تی که کێشه‌که به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاتر ده‌بات نه‌ک هێنانه ئارای ژینگه‌یه‌کی نوێ به‌مه‌به‌ستی ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی دیالۆگێک تا هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئه‌م کێشه‌یه له‌سه‌ر یه‌ک مێزی دانوستاندن کۆ بکاته‌وه.
له‌وه‌تای ساڵی 1984 ه‌وه ده‌یان هه‌زار کورد و تورک له ئاکامی توندوتیژیه‌کان کوژراون. کاریگه‌ریه نێگه‌تیڤه‌کانی ئه‌و خوێن ڕشتنانه ڕۆچۆته ناو کۆمه‌ڵگای تورکیاوه و په‌یوه‌ندیه‌کی نا دروستی له نێوان پێکهاته‌کانی گه‌لی تورکیادا دروستکردووه، به شێوه‌یه‌ک گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی ناسیۆنالیزمی تورکی ئاوه‌ها سه‌یری کاره‌ساتێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر شاری (وان) دا هات بکات ” چه‌ند که‌س له‌و تراژیدیایه‌دا مردبن گرنگ نییه چونکه کوردن”.
له ئاکامی بومه‌له‌رزه‌کانی ڕابردوودا له شاری وان و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ریدا سه‌دان که‌س مردن و به هه‌زاران که‌سیش بریندارن، ئه‌مه بێ له‌وه‌ی هه‌زاران خێزان بێ جێ و ڕێ ماونه‌ته‌وه.
ده‌شێت ناسیونالیستی کوردیش له تورکیادا به تایبه‌ت ڕادیکاڵه‌کان که‌م تا زۆرێک بۆچونی وایان هه‌بێت . ئه‌م جۆره ڕوانینانه ناچنه نێو ئه‌و خانانه‌وه که بگوترێت به‌ردێک ده‌خاته سه‌ر به‌ردێک له پێکهێنانی تورکیای نوێ‌دا وه‌ک پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی فه‌رمانڕه‌وای تورکیا به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی پێشوو باسی له‌و تورکیا نوێیه ده‌کرد.
ناتوانرێت تورکیای نوێ (ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێک بۆ نوێبوونه‌وه مابێت) له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما ئایدیۆلۆژی و ستراتیژیانه‌ی ئانکه‌ره جه‌ختی لێده‌کاته‌وه بونیات بنرێت.
ده‌بێت ئه‌وه چ جۆره تورکیایه‌کی نوێ بێت له‌گه‌ڵ وڵاتێکی وه‌ک کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا ڕێکه‌وتنی ستراتیژی هه‌بێت له ده‌مێکدا ئه‌م ڕژێمه‌ی کۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕژێمێکی بێزراوه و له په‌راوێز نراوه و به یه‌کێکیش له‌و وڵاتانه داده‌نرێت که سه‌رپه‌رشتی تێرۆریزم ده‌کات.
ئه‌گه‌ر بیانووه‌که ئه‌وه بێت به‌رژه‌وه‌ندی ئاسایشی نێوان هه‌ردوو وڵات وا ده‌خوازێت، ئه‌وا پێویسته کاربه‌ده‌ستانی تورکیا ده‌ستبه‌رداری هه‌وڵه‌کانیان بن بۆ بوون به ئه‌ندام له یه‌کێتی ئه‌وروپادا ، چونکه له‌و یه‌کێتیه‌دا هیچ یاسا و ڕێسایه‌ک نییه ئه‌و مافه به وڵاتێکی ئه‌ندامی بدات هانا بۆ وڵاتێک به‌رێت که یه‌کێک له خراپترین تۆماری مافی مرۆڤی هه‌یه و پشتیوانکه‌ری تێرۆریزمه ، تا هاوبه‌شیی بکات له چاره‌سه‌رکردنی کێشه ناوخۆییه‌کانیدا.
ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی تورکیا هاو‌کاتن له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌کانی به‌هاری عه‌ره‌بدا و هه‌روه‌هاش ناکۆکیه‌کانی نێوان ئانکه‌ره و ته‌لئه‌ڤیڤ ، بۆیه هه‌موو گریمانه‌یه‌ک له‌م ڕووداوانه‌دا ده‌شێت پێشبینی بکرێت .
ئه‌گه‌ر تاران کۆمه‌کی ئانکه‌ره بکات بۆ لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که)، ئه‌ی ئانکه‌ره چی بۆ تاران ده‌کات؟ ده‌سبه‌رداری دروشمه‌کانی خۆی ده‌بێت به‌رامبه‌ر سوریا؟ یان هاوڕای ئێران ده‌بێت له سڕینه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان؟ یان ئه‌وه‌تا ناخوازێت کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکات.
یه‌کێک له هه‌نگاوه سه‌ره‌کیه‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له تورکیادا جیاکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی کورده له تێرۆریزم و ئه‌و پێناسانه‌ی پێشتر بۆ کێشه‌ی کورد هه‌بوون نه‌ک هه‌ر هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه به‌ڵکو بنه‌بڕ بکرێن و پێناسه‌ی نوێ به‌پێی زه‌مینه‌ی نوێی سیاسی دابنرێن و هه‌روه‌هاش داننان به ڕه‌وایی داواکاریه سیاسیه‌کانی کورد له تورکیادا.
ئه‌گه‌ر بێتوو ئانکه‌ره له هه‌نگاوێکی وا بوێرانه‌دا سه‌رکه‌وتوو بێت و بتوانێت ئاڕاسته‌ی بیرکردنه‌وه‌کان له ناو ڕای گشتی کۆمه‌ڵگای تورک‌دا بگۆڕێت ، ئه‌وا بێگومان په‌که‌که‌ش ده‌که‌وێته به‌رده‌م به‌رپرسێتی نوێوه که به دووری نازانم پێداچونه‌وه‌ش به ستراتیژیه‌تی کارکردنیدا له خۆ بگرێت.
ئانکه‌ره هه‌رچیه‌ک بڵێت و هه‌رچیه‌کیش بکات، ئه‌و ڕاستیانه‌ی پێ ناشاردریته‌وه که په‌که‌که به‌شێکی هه‌ره سه‌ره‌کیه ، ئه‌گه‌ر سه‌ره‌کیترین نه‌بێت له ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی ئاشتی له تورکیای نوێ‌دا و خاوه‌نی به‌هێزترین کاریگه‌ریشه له ناوچه کورد نشینه‌کانی تورکیادا.
تێرۆر هه‌ر تێرۆره و هه‌رکه‌سێک یان لایه‌نێک بیکات هیچ مانایه‌ک له پێناسه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌دا ناگۆڕێت ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی سیاسیش هۆکار بێت بۆ به تێرۆریست ناساندن یان سه‌پاندن.
تورکیا ئاماده‌یه وه‌ک بینیمان له‌گه‌ڵ حه‌ماسی فه‌له‌ستینیه‌کاندا که له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی به تێرۆریست ناسراوه ، ڕاسته‌وخۆ گفت و گۆیان له‌گه‌ڵدا بکات، به‌ڵام ئاماده نییه هه‌مان جۆری وتوێژ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا بکات و بیانوه‌که‌ش ئه‌وه‌یه په‌که‌که به تێرۆریست ناو ده‌بات، ئه‌مه یانی تورکیا سیاسه‌تی بانێکه و دوو هه‌وا پیاده ده‌کات.
وه‌ک چۆن ده‌گوترێت توندووتیژی هه‌ر توندووتیژی به‌دوای خۆیدا دێنێت، ئه‌م ڕێسایه تێرۆریش ده‌گرێته‌وه، بۆیه ناکرێت چاوه‌ڕوانی هیچ به‌ره‌نجامێک بکه‌ین ئه‌گه‌ر تێرۆر به تێرۆری ده‌وڵه‌تیشه‌وه له ناوماندا بێت و کاربکات.
هه‌وڵ زۆرن تا کێشه‌ی کورد له تورکیادا به کێشه‌ی تێرۆریزم بناسرێت، یان به مانایه‌کی تر کێشه‌ی کورد بکرێته کێشه‌یه‌ک چاره‌سه‌ره‌که‌ی ته‌نها له نه‌هێشتنی تێرۆریزمدا ببینرێته‌وه و یاسا و ڕێساکانی تێرۆریزم بۆ به‌گژدا چونه‌وه‌ی به‌کار بهێنرێت. بۆیه لێره‌دا ئه‌رکی لایه‌نه سیاسیه‌کان و ڕێکخراوه سیڤیلیه‌کانی کورده‌کانی تورکیایه هه‌نگاوه‌کانی خۆیان چڕ بکه‌نه‌وه هه‌م له ناوخۆی تورکیادا و هه‌میش له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌دا تا ڕێ له شێواندنی ناسنامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییان بگیرێت.
یه‌کێک له خاڵه گرنگه‌کانی تر، ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی تێگه‌یشتنه له‌وه‌ی له ئانکه‌ره چی ده‌گوزه‌رێت و چه‌ندێک ئه‌وه‌ی به کرانه‌وه ناودێر کراوه ، ده‌توانرێت وه‌ک هه‌وڵێکی ڕژد لێی بڕوانرێت بۆ چاره‌سه‌رکردن. ئه‌م هه‌نگاوه‌یان لای حکومه‌ته به‌وه‌ی بتوانێت میکانیزمه‌کانی چاره‌سه‌رکردن دیار بکات و به شێوه‌یه‌ک بن متمانه لای هه‌موو تاکێکی کورد له تورکیادا دروست بکات، به هاوسۆزان و لایه‌نگران و ئه‌ندامانی په‌که‌که‌شه‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ش که ناوبژی له‌م مه‌سه‌له هه‌ستیاره‌دا ده‌کات و ده‌شێت ئه‌و ڕۆڵه بگێڕێت، نابێت تاک ڕه‌هه‌ندی بیر له دۆزی کورد بکاته‌وه. کێشه‌ی کورد له تورکیادا کێشه‌ی ناوخۆیی وڵاته‌که‌یه و پێویسته تۆپه‌که هه‌ر له‌و وڵاته‌دا بمێنێته‌وه و یاریزانه سه‌ره‌کیه‌کان خۆیان خاوه‌ن بڕیار بن له هه‌ردوو لایه‌نی کێشه‌که‌دا، خۆ گه‌ر لایه‌نێکیش توانی ڕۆڵی یارمه‌تیده‌ر ببینێت ئه‌وا جێی خۆیه‌تی سوودی لێببینرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بووه په‌یامبه‌ر باشتره ڕێ به بوونی لایه‌نی سێهه‌م نه‌درێت.
ناکرێت تۆ پێی بڵێی تێرۆریست و داوای ئاشتیشی لێ بکه‌یت، ناکرێت تێرۆریست بیت و هه‌وڵی ئاشتیش بده‌یت، بۆیه لای من هه‌نگاوی یه‌که‌می چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له تورکیادا لێکردنه‌وه‌ی نازناوی تێرۆریستیه له په‌که‌که و تا هه‌ر هیچ نه‌بیت جارێکی تر تورکیاش ڕووبه‌ڕووی ئه‌و سه‌ختیه سیاسیه نه‌بێته‌وه له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌ییدا ، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ژینۆسایدکردنی ئه‌رمینیه‌کان لێی به‌سه‌رهات.
ئانکه‌ره چه‌ک دانانی په‌که ده‌کاته مه‌رجی پێشوه‌خت بۆ هه‌ر به‌ره‌وپێشچونێک له دۆسێی کورددا ، به‌بێ ئه‌وه‌ی متمانه‌یه‌ک بدات بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری ئه‌وانه‌ی چه‌ک داده‌نێن و له هه‌مان ده‌میشدا ده‌ستگیرکردنی کورده‌کانی تورکیا به‌رده‌وامه و هه‌موو ئه‌وانه‌ش که ده‌گیرێن به تاوانه‌کانی په‌یوه‌ندی هه‌بوون به تێرۆریزمه‌وه ده‌خرێنه به‌رده‌م دادگا.
حکومه‌تی تورکیا، هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت باس له گه‌شه‌کردنی ئابوری و مافی کولتوری گه‌لی کورد ده‌کات له تورکیادا به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌یه‌ک به مافه سیاسیه‌کانی مرۆڤی کورد بکات له وڵاته‌که‌دا و یان بتوانێت وه‌ها ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ هاووڵاتی کورددا بکات که هاووڵاتی پله یه‌کی وڵاته‌که‌ن و ماف و ئه‌رکیان هه‌یه.
له‌پاش هه‌ڵبژاردنه گشتیه‌که‌ی تورکیا که بابه‌تی هه‌ره سه‌ره‌کی هه‌ڵمه‌ته‌کانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه گۆڕانکاری له ده‌ستوری وڵاته‌که‌دا بوو، به شێوه‌یه‌ک له خزمه‌ت ئه‌و کرانه‌وه‌یه‌دا بێت که وه‌ک ده‌گوترێت بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورده، به‌ڵام ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا هه‌موو بۆنه‌یه‌کی قۆزتۆته‌وه بۆ هێرشکردنه سه‌ر نوێنه‌رانی کورد له په‌رله‌ماندا. ئه‌م ڕاگه‌یاندنانه‌ی به‌ڕێز ئه‌ردۆگان له ده‌مێکدایه که بردنی کێشه‌ی کورد له تورکیادا به یه‌کێک له باشترین ڕێگه چاره‌کان دانراوه.
هێشتاش ڕه‌وشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هۆی به‌هاری عه‌ره‌به‌وه نائارامه و ئاینده‌ی ڕووداوه‌کانیش ته‌واو دیار نین، بۆیه ئه‌گه‌ر ئانکه‌ره ده‌خوازێت ڕۆڵی زلهێز و خاوه‌ن کاریگه‌ربێت له‌م ڕووداوانه‌دا ئه‌وا ده‌بێت کار له‌سه‌ر ڕه‌واندنه‌وه‌ی قه‌یرانه ناوخۆییه‌کانی خۆی بکات تا بتوانێت ئه‌رک و به‌رپرسیارێتیه‌کانی خۆی به شێوه‌یه‌کی گونجاو به‌ڕێوه به‌رێت و ببێته ئه‌و نمونه‌یه له ئاینده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا که خه‌ونی پێوه ده‌بینێت، ئه‌گه‌ر وه‌ها نه‌بێت ئه‌وا خودا عالم چی ڕووده‌دات، چونکه له‌و ناوچه پڕ کێشمه کێشه‌ی جیهاندا هه‌موو شتێک شیانی ڕوودانی هه‌یه.
بەڵێن ساڵح: له ئانکه‌ره چی ده‌گوزه‌رێت بۆ کورد؟
0
Share.