چین یەکەم وئێران دووەمە، بۆ تۆمارکردنی زۆرترین رێژەی لە سێدارەدانی منداڵان

0

نوچەنێت

ئەمنێستی ئینتەرنەشناڵ لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا رایگەیاندووە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٥ نزیک بە ٧٠ تاوانباری ژێر ١٨ ساڵ لە ئێران لە سێدارە دراون و ١٦٠ منداڵ و نەوجەوانی ژێر ١٨ ساڵ چاوەڕیی لە سێدارەدران دەکەن.

بە پێی ئەم راۆپرتەی ئەمنێستی، ئەم ئامارە، ئاماری راستەقینەی تاوانبارانی مەحکوم بە سزای لە سێدارەدان نییە و ئەگەری ئەوە هەیە، کە رێژەکە زیاتربێت.

ئەم راپۆرتە رەخنە لە هەوڵی بەرپرسانی ئێرانی، بۆ پەردەپۆش کردنی ئەم پێشێل کاریانەی مافی منداڵان و نەوجەوانانی ژێرەوەی ١٨ ساڵ دەگرێت  و دەڵێت، بەرپرسانی ئێرانی بیرورای گشتیی جیهانی، سەبارەت بە بابەتی توندوتیژی لە دژی ئەم توێژە بە لارێدا بردووە.

بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئەمنێستی، ئێران لە کاتێکدا بە دروشـمی چاکسازی گوێی جیهانی کەڕ کردووە. ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە ئێران لە ریزی ئەو دەگمەن وڵاتانەدایە کە ئێستاش منداڵانی ژێرەوەی ١٨ ساڵ دەباتە بەردەم پەتی سێدارە، ئەمەش بەو مانایە کە بەرپرسانی ئێران خۆڵ لە چاوی خەڵک دەکەن.

سەعید بومدوحا، جێگری ئەمنێستی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، وێڕای ئاماژەدان بە سیاسەتی بێ شەرمانەی پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، رایگەیاندووە: ئێران لەو دەگمەن وڵاتانەیە کە مافەکانی منداڵان و نەوجەوانان پێشێل دەکات. سزای سێدارەیان بەسەردا دەسەپێنێ و ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی منداڵانی ژێر ١٨ ساڵە.

راپۆرتەکەی ئەمنێستی ئاماژە بەوەش دەدات، کە ئێران یەکێک لە دواکەتووترین وڵاتانی جیهانە و بۆ کچانی سەرەوەی ٩ ساڵ و کوڕانی سەرەوەی ١٥ ساڵ سزای مەرگ  وسێدارە دیاری دەکات.

لەم ساڵانەی دوایی  بە چاکسازی لە هەندێک لە خاڵەکانی یاسای سزاکانی ئیسلامی تایبەت بە منداڵان و نەوجەوانان، رێگە بە دادوەرەکان دراوە بە هەڵسەنگاندن گەشەی عەقڵی و پێگەیشتنی منداڵانی هەرزەکار، لە کاتی ئەنجامدانی تاوان، لە جیاتی سزای لە سێدارەدان هەندێک سزای دیکەیان بۆ دیاری بکەن.

زیاتر لە ٢٠ ساڵە کە پەیماننامەی مافەکانی منداڵان، لە لایەن ئێرانەوە واژۆ کراوە. بە پێی ئەم پەیماننامەیە، ئێران بەڵێنی داوە کە لە هیچ هەل و مەرجێکدا کەسانی خوار١٨ ساڵ، کە تووشی ئەنجامدانی تاوان دەبن لە سێدارە نەدات، بەڵام ئێران پابەند نەبووە بە بەڵێنەکانی.

لەم پەیوەندییەدا ئەمنێستی، توانیویەتی ناو  وشوێنی ٤٩ نەوجەوانی تاوانبار کە لە ژێر مەترسی لە سێدارەدانن لای خۆی تۆمار بکات. ژمارەیەک لەم کەسانە بە شێوەی نێوەنجی بۆ ماوەی ٧ ساڵە کە چاوەڕێی بەڕێوەچوونی سزای سێدارەن. تانانەت کەیسی وا هەیە کە بۆ ١٠ ساڵ دەچێ لە چاوەڕوانیدایە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، زۆر جار بیندراوە کە بەرپرسانی دادوەری بە پێی پلان  وبەرنامە حوکمی بەرێوەچوونی سزاکەیان  دەرکردووە،  بەڵام لە دوایین کاتەکان حوکمەکەیان دوا خستووە. ئەم جۆرە  لە هەڵسوکەوتی بەرپرسانی دادوەری کۆماری ئیسلامی لە گەڵ تاوانباران نامرۆڤانە و جۆرێکە لە سووکایەتی پێکردن.

لە یاسای سزاکانی ئیسلامی، کە لە مانگی مەی ٢٠١٣ پەسەند کرا، هیوایەک پەیدابوو کە دۆخی نەوجەوانانی تاوانبار و مەحکوم بە سزای سێدارە بەرەو باشتر بوون بڕوات. لە ساڵی٢٠١٤ دیوانی باڵای ئەو وڵاتە رایگەیاند، کە هەموو نەوجەوانانەی تاوانبارن، کە چاوەڕێی سزای سێدارە دەکەن، دەتوانن داوای پێداچوونەوە بە حوکمەکانیاندا بکەن، بەڵام لە دوای تێپەڕینی سێ ساڵ لەم گۆڕانکاریانە، بەرپرسانی دادوەری ئێران بۆ لە سێدارەدانی کەسانی ژێرەوەی ١٨ ساڵ پێداگری دەکەن.

جێگری ئەمنێستی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم بارەوە رایگەیاندووە: ئەم راپۆرتە وێنەیەکی رووخێنەر لە نەوجەوانانی تاوانبار دەخاتە روو کە لە سەرەی لە سێدارەداندان. ئەم کەسانە باشترین ساڵەکانی ژیانیان بە  هۆی موحاکمەی نادادپەروەرانەوە لە کیس چووە. هەروەها بەردەوام لە ژیر ئازار و ئەشکەنجەدان تا لە دژی خۆیان شایەتی بدەن و دان بە تاوانەکانیاندا بنێن.

بە گوێرەی راپۆرتی هرانا، کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئەحمەد شەهید  رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ، لە ئێران لە راپۆرتی مانگی ئۆکتۆبری خۆیدا، نیگەرانی خۆی دەربارەی بەرزبوونەوەی رێژەی لە سێدارەدان لە ئێران خستە روو و رایگەیاند، کە نێونجی لە سێدارەدان لەم ڵاتە لە بەراورد لە گەڵ واتانی دیکەی جیهان لە پلەی یەکەم دایە.

بە وتەی ئەحمەد شەهید، بەرزبوونەوەی رێژەی لە سێدارەدان لە ئێران لە ٢٠٠٥ەوە دە دەستی پێکردووە و لە ساڵی ٢٠١٤ بە لە سێدارەدانی ٧٥٣ کەس گەیشتتۆتە لووتکەی خۆی.

ئێران، سعودیە، پاکستان و سودان چوار وڵاتی جیهانن، کە درێژە بە لەسێدارەدانی منداڵان دەدەن. ئێران لە دوای چین زۆرترین رێژەی لە سێدارەدانی منداڵانی تێدا بەرێوەدەچێت.

لە ئێستادا کە دەرگای پەیوەندیە دبلۆماسی و نیودەوڵەتیەکان، بە رووی ئێراندا کراوەتەوە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە سەرکردەی وڵاتانی جیهان دەکات تا بە کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتە، کەیسی پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و نەوجەوانان لە ئێران بخەنە بەر باس و خاڵەکانی ئەم راپۆرتە لە گەڵ بەرپرسانی ئێرانی بێننە ئاراوە. ئەمنێستی هیوای خواستووە، کە ئەم هەنگاوانە ببنە هۆی راگیرانی رەوتی لە سێدارەدانی منداڵان و نەوجەوانان لە ئێران.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com