چین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دوای چیدا دەگەڕێ؟

0

نوچەنێت

سەرۆککۆماری چین، یەکەمین سەفەری ساڵی ٢٠١٦ی خۆی بۆ هەر یەکە لە وڵاتانی ئێران، سعودیە و میسر دەست پێکرد. رۆژنامەی”ساوت چاینا”لە راپۆرتێکی خۆیدا  ئەنجامی سەفەری”شی جین پینگ”، سەرۆککۆماری چینی بە سەرنجدان بەو هەلو مەرجەی هەنووکەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گرنگ و پڕبایەخ وەسفکردووە.

سەرۆککۆماری چین لە هەلو مەرجێکدا، سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە کە ئەم وڵاتە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ  و گرنگ، بۆ هەرچی چالاکتر کردنی رۆڵی ئەم وڵاتە لە پانتایی نێودەوڵەتی و ناوچەیی. ئەم رۆژانە زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی باس لە وەبەخەبەر هاتنی ئەژدیهای زەرد، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەکەن.

ستراتیژیستە چینیەکان دەڵێن، کاتی تێپەڕین لە جیئۆ ئێکۆنۆمی هاتووە  ودەبێت چین، هەنگاو بەرەوقۆناغی جیئۆ ستراتیژی. چینیەکان کە تا دوێنێ هەموو هەوڵەکانیان بۆ گەشەدان بە ئابووری ئەم وڵاتە خستبووە گەڕ، لە ئێستادا وەک ئیمپراتۆرییەکی ئابووری جیهان بە دوای پشکی خۆیاندا لە سیاسەتی نیودەوڵەتی، دەگەڕێن.

چین و سیاسەتی دووفاقەی دەرەوەی

سیاسەتی دەرەوەی چین، سیاسەتێکی دوو فاقەیە .لە لایەک سیاسەتی”دەستوەرنەدان”ی دنگ شیائۆپینگ پەیڕەو دەکات کە لە سەرەتاکانی دەیەی ٨٠ی زایینی هاتە ئاراوە، لە لایەکی دیکەوە رۆژ لە گەڵ رۆژ قازانج و بەرژەوەندی زیاتری ئابووری لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان، بۆ خۆی دەستەبەر دەکات، هەر لەم  رێرەوەشەوە ئیمکانی شوێندانەری و کارتێکەری سیاسی زیاتر بۆ خۆی مسۆگەر دەکات.

چینیەکان لە پەیوەندی لە گەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها پەرۆشی بابەتی ئابووری نین. دارێژەرانی ستراتیژیە سیاسیەکانی ئەم وڵاتە، لە مێژە چاویان لە سەر تواناو ئیمکاناتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەوڵیان ئەوەیەکە سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە لە تەنگانەی”سیاسەتی دەستوەرنەدان” دەرباز بکەن و دوورتر بڕواننە هاوکێشە ناوچەیی و نیودەوڵەتیەکان.

مامەڵەی ئەخیری چین لە گەڵ ئێران دەبێ لەم گۆشەنیگاوە لێک بدرێتەوە.

سیاسەتی دەرەوەی چین سەبارەت بە ئێران، لە ئیستادا نە بە پێی راسپاردەی دنگ شیائۆپینگ، بەڵکو بە پێی پێویستی بە نەوتی ئێران و پاشان کۆمەڵێک بابەتی سیاسی و ناوچەیی بنیات نراوە.

لەم رووەوە گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە. یورام ئوران، شارەزایەکی چینی لەم بارەو ەگوتویەتی: رۆژهەڵاتی ناوەراست سەری لە چینیەکان شێواندووە.

بەڵام زۆر زوو لەوە تێگەیشتن، کە پێویستە ئەم وڵاتە پەرە بە چالاکیەکانی بدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا بتوانێ بەرژەوەندیەکانی خۆی بپارێزێ.سپۆتنیک لەم بارەوە نوسیویەتی: چین هێزی روو لە زیادبووی ئابوری خۆی بۆ داڕشتن و میعماری کردنی جیئۆپۆلۆتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کار دێنێ.

چین بە شێوەی راستەقینە دەربازی جیهانی عەرەب بووە، لە پلانیدایە رۆڵی خۆی وەک وڵاتێکی پیشڕەو لە هاوکێشەکانی جیهان بسەلمینێ.

یەکەم بەڵگەی چین سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەم دواییانە، یەکەمین بەڵگە سەبارەت بە سیاسەتی چین لە وڵاتانی عەرەبی  پەسەند کرا.ئەم بەڵگەیە ستراتیژی سیاسی نوێ و نەخشەرێگای پەیوەندیەکانی چین لە گەڵ جیهانی عەرەب دەخاتە روو.ئەم ستراتیژیە، چوارچێوەی بەشداری بەرابەری مافەکانی پەکین لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی دیاری کردووە. پاشان هۆگری و ویستی چین بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەلاتی دوور و ناوەڕاست دەخاتە روو.

بەڵگەی تایبەت بە وڵاتانی عەرەب ١٣ جێنیوەری ٢٠١٦ بڵا وکراوەتەوە.

شارەزایان و چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، بڵاوکردنەوەی ئەم ستراتیژیە بەو مانایە کە چین لە پلانیدایە بە شێوەیەکی راستەقینە بێتە ناو جیهانی عەرەبەوە، لەمەودوا  وەکوو بازنەی بەرژوەندیەکانی خۆی دەڕوانێتە جیهانی عەرەب. لەم رووەوە بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگەیە جێی سەرنجە.

ستانسیلاڤ تاراسۆف، شرۆڤەکاری روسی لەم بارەوە دەڵێت:ستراتیژی چین بۆ کوراباری وڵاتانی عەرەبی بەم مانایە کە چین دەیەوێ، رۆڵی خۆی وەک وڵاتێکی پێشڕەو بسەلمێنێ، چونکە چین بە نیازە بە کەڵکوەرگرتن لە هێزە ئابورییەکەی بوونی خۆی لە ناوچەکە بسەپینێ.

تاراسۆف لەهەروەها دەڵێت:چین بە باشی لەوە تێگەیشتووە، کە ئەم ناوچەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەرەورووی گۆڕانکاری بنەڕەتی و دابەشکاری دەبێتەوە،هەر بۆیە دەبێ  رۆڵی خۆی ببینێت. بە بەرەکەتی ئەم ستراتیژیە پلانەکانی پەکین بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روون وئاشکراتر دەبن.لەم هەلو مەرجەدا هەڵوێست و ئاراستەی سیاسەتەکانی چین گرنگی تایبەتی خۆی هەیە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com