لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ وە تا ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون

0

نوچەنێت: تایبەت
مەحکومکردنی مرۆڤەکان بە مەرگ و لێسەندنی مافی ژیان، بە هۆی ئەو تاوانانەی کە لە داداگا دەدرێتە پاڵیان، توندترین سزایە کە لە یاسای هەندێ لە وڵاتانی جیهان پێش بینی کراوە. لە ئێستادا لە ٥٨ وڵاتی جیهان، سزای لە سێدارەدان، بە سزایەکی یاسایی ئەژمار دەکرێ. هەروەها لە ٣٥ وڵاتی جیهان هەر چەند سزای لەسێدارەدان پێشبینی کراوە بەڵام بە کردەوە جێبەجێ ناکرێت.لە ١٠٦ وڵاتی جیهانیشدا، سزای لە سێدارەدان بە گشتیی لە یاساکان هەڵگیراوە.
لەسێدارەدان لە ئێران
لە سێدارەدان لەئێران بە پێچەوانەی زۆربەی ئەو و ڵاتانەی کە ئەم حوکمە جێبەجێدەکەن، زیاتر لێکدانەوەی سیاسی هەیە، چونکە دەزگای دادوەری ئەم وڵاتە دەزگایەکی سەربەخۆ لە دەزگای سیاسیەکەی نییە و بڕیاری دادوەرەکان و تەنانەت کاتی جێبەجێکردنی سزای لە سیدارەدان، بەستراوەتەوە بە هەلومەرجی سیاسی رۆژ و هاوسەنگی هێز لە نیوان باڵ و لایەنە سیاسیەکانی ئەم وڵاتە.
لەم رووەوە هەمیشە، پەیوەندییەکی مانادار لە نێوان رێژەی هەفتانەی ئیعدامەکان و رووداوە سیاسیەکانی ناوخۆی ئەم وڵاتە، تا دەگاتە گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی.
لە ئێران سەرباری هۆکاری عورفی، لە سێدارەدان بە پێی دەقی قورئان، رێوشوێنە ئایینیەکان و فقهی شیعە بەرێوەدەچن، کە کۆی ئەمانە لە دوتوێی یاسای سزادانی ئیسلامی هاتووە.
لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە سزای لە سێدارەدان بەرێوەدەبەن، لە دوای چین، ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پلەی دووەمی بۆ خۆ تەرخان کردووە. سعودیە پلەی سێیەمو عێراق پلەی چوارەمی هەیە.
زۆرترین رێژەی لە سێدارەدان لەم ساڵانەی دوایی لە ژیر ناوی”تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادەهۆشبەرەکان” بەرێوە چوون. لە ئیستادا تەنها لە دوو زیندانی قزڵحەسار لە کۆی ٢٣٠٠ زیندانی،١٨٥٠ کەسیان چاوەرێی سزای لە سیدارەدان دەکەن.
بە وتەی رێکخراوی مافەکانی مرۆف، تەنها لە ٩ مانگی یەکەمی ٢٠١٥، ئاماری لە سێدارەدان لەم وڵاتە بە بەراورد لە گەڵ ساڵی ٢٠١٤، رێژەکەی ٣٤٥ بەرز بۆتەوە. لەم ٩ مانگەدا،٧٩١ کەس لە سێدارەدراون کە تەنها ٢٩٨ کەیس لە لایەن میدیا و ماڵپەرە حکومیەکانەوە راگەیێندراون .لە کۆی ئەم رێژەیە،١٢ کەسیان ژن بوونە.
لە ساڵی ٢٠١٤،٧٥٣ کەس لە سێدارە دراون کە تەنها ٢٩١ کەیس بە فەرمی لە لایەن میدیاکانی ئەم وڵاتەوە ئاماژەیان پێدراوە، لەم رێژەیەش،١٥ کەسیان تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بوون.
بەرزبوونەوەی رێژەی لە سێدارەدان، ئەنجامدانی تاوان لە ژیر ناوی دادپەروەری
بابەتی لە سێدارەدان، هەر لە یەکەم رۆژەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ وپاشان لە دەیەی ٨٠ی زایینی ولە میانەی کوشتاری بە کۆمەڵی چەند هەزار زیندانی سیاسی، لە هاوینی ١٣٦٧ی هەتاوی نیگەرانی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی بەدواوە بووە.
شەپۆلی یەکەم: سزادانی بەرپرسان و دەست و پێوەندەکانی رژێمی پاشایەتی، تەنها پێنج رۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩، وەک شەپۆلی یەکەمی لە سێدارەدان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەژمار دەکرێت.
تا کۆتایی بەهاری ١٣٥٨، چەند سەد کەس لە بەرپرسانی ئیداری و سەربازی و ئەمنی رژیمی پاشایەتی بە تاوانی”افساد فی الارچ”لە سێدارە دران. لە ساڵانی دواتر قوربانیانی ئەم شەپۆلەی لە سێدارەدان تەنها بەرپرسانی پێشووی رژێمی پاشایەتی نەبوون. لەم قۆناغەدا بە هەزاران کەس لە خەڵکی بەهایی، بەلووچ، کورد،عەرەب، تورکمان، یەهودی و ئەرمەنی لە سێدارەدران. ئەکتەری سەرەکی و بەناوبانگی ئەم قۆناغە، سادق خاڵخاڵکی حاکمی شەرعی ئەو کاتی دادگاکانی شۆڕش بوو.
شەپۆلی دووەم:١٣٦٠ تا ١٣٧٠ی هەتاوی. رووداوەکانی ساڵی ١٣٦٩ هەتاوی دەستپێکی پاکتاوی حیسابی بەربڵاو و خوێناوی کۆماری ئیسلامی بوو لە گەڵ ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و چەکدار.ئەندامانی موجاهدینی خەڵک، حیزبی دیموکڕات، کۆمەڵە، فیدایی و چریکەکان و …بەشێک لە قوربانیانی ئەم شەپۆلە بوون.
بە پێی ئامارێک کە ئێران تریبوناڵ بڵاویکردۆتەوە، لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی و تا پێش لە کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ٦٧، نزیکەی ١١هەزار کەس لە سێدارەدراون. بە پێی سەرچاوەباوەڕ پێکراوەکان و یەک لەوان بیرەوەریەکانی ئایەتوڵا مونتەزری، لە هاوینی ٦٧یش نزیکەی ٥ هەزار کەس لە زیندانیانی سیاسی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی وئایینیەکانی ئێران لە سێدارەدران.
شەپۆلی سێهەم:سەرەتای دەیەی ٧٠ هەتاوی تا کوو ئێستا
لە سەرەتای دەیەی ٧٠ی هەتاوی تا سەرەتای دەیەی ٨٠، دوای ئەوەی کە زیندانەکان لە دژبەران و نەیارانی سیاسی کۆماری ئیسلامی، پاک کرانەوە، زۆربەی ئەو کەوسانەی کە بە تاوانی سیاسی، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، سەربە نەتەوە ژێر دەستەکانی ئێرانن و لەم نێوەدا زیندانیاسی سیاسی کورد بەشە سەرەکیەکی پیکدێنن.
لە ساڵی ١٣٨٣ بەم لاوە دیسان شەپۆلی لە سیدارەدانی زیندانیانی سیاسی کورد دەستی پێکردەوە. لەم ساڵانەدا زۆربەی لە سێدارەدراوەکان. سەر بە نەتەوەیی کوردو بەلوچ و عەرەب بوونە.
لە ساڵی ١٣٨٨ بەم لاوە رەوتی لە سێدارەدانی چالاکانی سیاسی بەلوچ، بە تاوانی هاوکاری لە گەل ئۆپۆزسیۆنی چەکدار، خێراتر بۆتەوە وتاکو ئیستاش درێژەی هەیە. تەنها لە ساڵی ١٣٨٨، نزیک بە ٥٠ کەس لە چالاکانی سیاسی بەلوچ بە تاوانی پەیوەندی و هاوکاری لە گەڵ گرووپێکی چەکدا لە سێدارە دراون.
لە دواساڵەکانی دەوڵەتی ریفۆرمی خاتەمی، وێڕای کرانەوەیەکی سیاسی و رێژەیی لە ئێران، هاوکات هاتنە کایەی پژاک وەک لق و پاشکۆی پەکەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ،شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی کورد دەستی پێکردەوە. قۆناغی لە سێدارەدانی چالاکان و زیندانیانی سیاسی کورد، لە یەکەم مانگی ساڵی ١٣٨٣ و بە لە سێدارەدانی ٦ کەس لە زیندانیانی زیندانی سەقز دەستی پیکرد. ئەم رەوتە ساڵ بە ساڵ و تاکوو ئیستاس درێژەی هەبووە. بە تایبەت لە زیندانەکانی سەقز، ورمێ و سنە.
دەوڵەتی تەدبیر و ئومێد و بەرزبوونەوەی رێژەی لە سێدارەدان
بە گوێرەی ئەو راپۆرت وئامارانەی کە چالاکان وناوەندەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردۆتەوە ،رێژەی لە سێدارەدان لە سەردەمی دەوڵەتی روحانی بەرادەیەکی سەرسووڕهێنەر بەرز بۆتەوە.
چالاکانی مافی مرۆڤ دەڵێن دەوڵەتەکیی حەسەن روحانی لە ماوەی ١٥ ساڵی رابروودا ریکۆردی لە سێدارەدانی شکاندووە و تەنها لە چوارمانگی یەکەمی ئەمساڵی هەتاوی،٤٢٦ کەس لە سێدارە دراوان. لە دوو مانگی رابردوودا، ئەحمەد شەهید ،ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، سەبارەت بە زیاد بوونی ٢٥%ی رێژەی لەسێدارەدان لە ئێران، هۆشداری دایە و رایگەیاند: کە لە سەرەتای ساڵی زایینیەوە(٢٠١٥) تا وەکوو ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون. پێشتریش ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ،لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو کە لە شەش مانگی سەرەتای ٢٠١٥،لانی کەم ٦٩٤ کەس لە ئێران لە سێدارەدراون. ئەم هۆشدارانە لە کاتێکدایە رەوتی لە سێدارەدان رووی لە زیاد بوونە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com