ناسر مورادی
وڵاتانی عەرەبی سوریای لێدەرچێت،هیچ کامیان متمانەیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران نییە. لە لێدوان و هەڵوێستی ئەم وڵاتانە، بە دڵەرواکێ و نیگەرانیەوە، هەڕەشە و مەترسیەکانی ئێران دەخوێندرێتەوە.تەنانەت لە وڵاتێکی وەکوعێراق ئەم بۆچوونە پێی گرتووەو هەندێ لە سیاسیەکانی ئەم وڵاتە هەمان بۆچوونیان هەیە.
عێراق
ئایەتوڵا سیستانی، گەورەتیرین مەرجەعی شیعەی ئەم وڵاتە، لە ئێستادا راستەوخۆ هاتۆتە مەیدان، بێ هیچ دوو دڵییەک و بێ ئەوەی یاری بە وشەکان بکات نیگەرانی خۆی، سەبارەت بە دەستوەردانەکانی ئێران لەم وڵاتە دەربڕیوە.
حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە، داوای لە ئێران کردووە کە پێش بە سەردانەکانی سەردارقاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس بۆ عێراق بگرن. فەرماندەیەک کە لە لایەن هەندێ لە شرۆڤەکارانی میدیا فارسیەکانەوەنازناوی “سەرداری عارف”پێدراوە.”عارف بە مانای فەرماندەیەکی خاکەڕا و بی ئیدەعا دێ کە بە بێ هیچ تەکەبور و چاوەڕوانییەک ئامادەی مەیدانەکانی جەنگ دەبێ”.هەرئەم دواییانەش بوو کە جەند سەرچاوەیەکی عێراقی، موناقشە و مشتومڕی عەبادی و قاسم سولەیمانیان پشتڕاستکردەوە.
لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە لە شارەکانی بەغدا، ناسریە، نەجەف، کەربەلا و بەسرە کە دژ بە گەندەڵی و وڵامدەرنەبوونی دەوڵەتی شیعەی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو و ئێستاش بەردەوامە، کەم نەبوون ئەو کەسانەی کە دژ بە دەستوەردانەکانی ئێران لە عێراق دروشمی توندوتۆڵیان سەردا. پشتگیری ئێران لە نوری مالکی، سەرۆکوەزیرانی پیشووی ئەم وڵاتە کە جیا لە گەندەڵی بە رادەستکردنی موسڵ بە داعش تاوانبار کراوە، بێ گومان رێژەیەکی زۆر لە شیعەکانی ئەم وڵاتەی سەبارەت بە ئێران، بەدبین کردووە و هەر ئەم کەسانەش خوازیاری کۆتایی هێنان بە دەستوەردانی ئێرانن لە وڵاتەکەیان، بە تایبەتی لە پەیوەندی لە گەڵ چەکدارکردنی میلیشیا توندڕەوەکان.
پێکهێنانی یەکەم تیپی سەربازی عەشایری سوننە ی رومادی، بۆ رووبەرووبوونەوە لە گەڵ داعش، کە قاسم سولەیمانی توانیبووی بۆ ماوەیەکی درێژ پێش بە هاتنیان بۆ گۆڕەپانەکە بگرێ، رەنگە ئاماژەیەکی روون بێ بۆ دوورکەوتنەوەی دەوڵەتی ئێستای عێراق لە ئێران و نزیکبوونەوەی ماناداری لە وڵاتانی عەرەبی.
ئەم تیپە سەربازیە کە ١١٠٠ گەنجی سوننەی عەرەبی لە خۆ دەگرت، یەکەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی لە گەڵ سوپای عێراق دژ بە داعش ئەنجام دا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵانێکی زۆر بوو عەشایری سوننەی عێراق لە هەر جۆرە هاوکارییەکی سەربازی لە گەڵ دەوڵەتی مەرکەزی، خۆیان دەبوارد.
لوبنان
لە میانەی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی نارەزایەتیانەی ئەم دواییانەی هاووڵاتیانی لوبنانی، کە دژ بە گەندەڵی وناشایستەبونی بەرپرسان و سیاسیەکانی ئەم وڵاتە بەرێوەچوو، دیسانەوەی ناوی ئێران هاتە ناو ناوان و پەنجەی تاوان بۆ لای ئێران راکێشرا. سیاسەتەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، کە هاوپەیمانی گەورە ولە مێژینەی ئێران لە ناوچەکە بە ئەژمار دێ، ژیانی سیاسی ئەم وڵاتەی ئیفلیج کردووە، لێرەوەیە کە زۆرێک لە شارەزایان و چاودێرانی سیاسی، ناشایستەیی و و بێ سەروبەریی ئەم وڵاتە دەبەستنەوە بە کارشکێنیەکانی حیزبوڵاوە. لوبنان بۆ ساڵێک دەچێت کە بە هۆی پێداگری وویستی حیزبوڵاوە بۆ دانانی کەسی دڵخوازی خۆی لە پۆستی سەرۆکۆماری، سەرکۆماری نییە. پەرلەمان کە سەرۆکایەتیەکەی لە ئەستۆی شیعەکانە، بە کردنەوە توانای راپەراندنی ئەرکەکانی نییە و دەوڵەتی ئێئتلافیش بە زەحمەت کاروباری وڵاتە بە ریوە دەبات. تا ئێرە وێنەیەکمان لە مەوقعییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوو وڵاتی لوبنان و عێراق کە بە بۆچوونی زۆر کەس بەشێکن لە ئێئتلافی ناوچەیی ئێران ،بەرچاو دەکەوێ.
لە روانینیێکی دیکە بۆ ئەو وڵاتانەی کە کەم تا زۆر هاوپەیمانی سعودیەن، ئەم مەوقعییەتە چەندان دڵخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە.
کوێت، ئێران بەوە تاوانبار دەکات کە پەیوەندی گەرم و گوڕی بو گرووپە تیرۆریستی و توندروەکانی ئەم وڵاتەوە هەیە و تۆڕێکی بەربڵاوی سیخوری پێکهێناوە. بەحرەین دەڵێت، ئێران چەک و مەواکەرەستەی تەقینەوە رەوانەی ئەم وڵاتە دەکات. ئیمارات بە هۆی پەیوەندی بەربڵاوی ئابووری لە گەڵ ئێران، هەڵویستێکی فەرمی و روونی بەرامبەر بە ئێران نییە و رەخنە و گازندەکانی خۆی لە ئێران سپاردووە بە میدیا و کەسایەتیە بە رواڵەت سەربەخۆکانی ئەم وڵاتە.
رۆژنامەی گۆڵف نیوز، لەم دواییانە لە وتارێکی شیکاریدا ئێرانی بەوە تاوانبار کردووە کە لە هەوڵی ژیاندنەوەی رۆڵی جەندرمەی ناوچەکەیە بۆ خۆی، هەروەک چۆن لە ساڵانی پێش شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران لە لایەن ئەمریکیەکانەوە ئەم رۆڵەی بۆ دەستنیشان کرابوو. نووسەری ئەم وتارە،عەبدولخالق عەبدوڵڵا یەکێک لە بەناوبانگترین شرۆڤەکارانی سیاسی ئەم وڵاتە و مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لە زانستگای “العین”ە. عەبدولخالق عەبدوڵڵا دەڵێت: پەیوندیەکانی ئێران و وڵاتانی عەرەبی لە دوای رێککەوتنی ئەتۆمی نە تەنها بەرەو ئاسایی بوونەوە ناچێت، بەڵکوو دەچێتە قۆناغێکی نوێ لە گرژی و ئاڵۆزی. ناوبراو هەروەها سیاسەتەکانی ئێران سەبارەت بە وڵاتانی عەرەبی، بە سیاسەتێکی”ئاژاوەگێڕانە وتێکدەرانە”وەسف دەکات.
لە یەمەن، کە حوسییەکان یارمەتی و پشتیوانی ماڵی، مەعنەوی و سەربازی ئێرانیان لە پشتە، کەوتوونەتە هەلومەرج و دۆخێکی دژوارەوە. حوسییەکان نە تەنها ناچار بە بەجێ هێشتنی پایتەختی ئەم وڵاتە کراون، بەڵکوو لەو ناوچانەش کە بە شێوەیەکی مێژوویی لە ژێر هەژمونی و هەیمەنەی خۆیاندا بووە، لە ژێر تەوژم و هێرشی سعودیە وهاوپەیمانەکانیدایە. ناردنی ٨٠٠ سەربازی میسری بۆ یەمەن، دەتوانێ هاوسەنگی هێزی شەڕەکە بە زەرەی حوسییەکان بشکێنێتەوە. لە ئێستادا، جگە لە سەربازانی سعودی و میسری،هاوپەیمانییەک لە هێزە سەربازیەکانی ئیمارات، کوێت، بەحرەین، قەتەر و سودان بە سەرۆکایەتی سعودیە بەشداری شەڕەکەن. سودان بەڵێنیداوە کە ٦٠٠ سەربازی خۆی بنێرێتە ناو هاوپەیمانیەکەوە.هەلومەرجی یەمەن بۆ ئێران بە رادەیەک دژوارە کە باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە سەنعا دوایی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی، دەستەو داوێنی سوڵتان قابوس بوو و بە هاورێیەتی ژمارەیەک پاسەوانی دیپلۆماتکارانی عەمان، توانی یەمەن بە جێبێڵێت.
وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل لە دژی ئێران
رێکەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا، بووە هۆکارێک سعودیە وئەمیرنشینەکانی قەتەر کە لە ساڵانی رابردوو، پەیوەندیەکانیان بە هۆی قەیرانی سوریاوە گەیشتبووە ئاستێکی قەیراناوی، بۆ جارێکی دیکە بەرامبەر بەوەی کە رۆژنامەکانی قەتەربە “مەترسی گەورەتر”ناویان لی نابوو، یەکبگرنەوە. ئەمە مەترسیی گەورەتری هەمان کۆماری ئیسلامی ئێرانە، مەترسییەک کە دوو دوژمنی دێرینی وەک سعودیە و ئیسرائیلی خستووەتە ناو بەرەیەکەوە.
بەو پێیەی کە جەنڕاڵێکی خانەنشینکراوی سعودی ودیپلۆماتێکی پێشووی ئیسرائیلی، کە لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی واشنتۆن بەشدار بوون، ئاشکرایان کرد کە لە یەک ساڵی رابردوودا، نوێنەرانی هەر دوو وڵات لە چەندین شاری ئەوروپا دانیشتنی نهێنیان بووە و پلانی ئەتۆمی و سیاسەتی ناوچەیی ئێرانیش، تەوەری سەرەکی دانیشتنەکانێشیان بووە.
لە چەند هەفتەی رابردووشدا، ئەگەر چی نە بە شێوەی هاوبەش، بەڵکوو هاوتەریب لە گەڵ یەکتر،هەر دوو وڵات ئەو پەڕی هێزوتوانای خۆیان لە واشنتۆن خستە گەڕ، تا کۆنگرێسی ئەمریکا لە دژی رێکەوتنی ئەتۆمی رێکبخەن، هەر چەند تا ئێستا سەرکەوتنیان بە دەست نەهێناوە.هەر چەند باراک ئۆباما، بە چنگ و ددان بەرگری لەم رێکەوتنە کردووە، بەڵام لە کۆتاییدا ناچار دەبێ کۆمەڵێک ئیمتیاز بداتە ئیسرائیل و سعودیەکان و سەرجەم وڵاتانی عەرەبیی کەنداو.
خودی ئەم ئیمتیازاتانە لە روانگەی زۆرێک لە چادێرانی سیاسیەوە. رێگەگرتنە لە هەژمونی روو لە گەشە و زیاتری ئێران لە ناوچەکە.
ئەمریکا، سعودیە و ئیسرائیل بە ئێران ناگۆڕێتەوە
پێشوازیی بێ وێنەی ئۆباما لە ملک سلمان، پاشای سعودیە نەک لە نووسینگەکەی “هەر وەک چۆن نەرتێکی باوی کۆشکی سپی یە” بەڵکوو لەبەردەم کۆشکی سپی، بە پێی لێکدانەوەی زۆرێک لە شارەزایانی سیاسی، نیشانەی گرنگی و بەهای ستراتیژیکی سعودیەیە لای ئەمریکیەکان. بە تایبەتی کە ئەم پێشوازیەی ئۆباما لە جیهانی دیپلۆماسیدا، بۆ میدیاکان و چاودێرانی سیاسی گەلێک مانای دروست کرد.
ئەگەر واشنتۆن لە گەڵ تەلئەبیب وریاز، سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران رای جیاواز و ناکۆکیان هەیە، بەڵام لە زۆر بابەت و کەیسی ناوچەی تر، لە رووی بۆچوون وپراکتیکەوە یەکگرتوون. کاردانەوە و هەڵوێستی دژەئەمریکایی عەلی خامنەیی لەم رۆژانەدا، کۆمەڵێک ئاماژەن کە دەرخەری توڕەیی و ناڕەزایەتی رێبەری ئێرانن لە سیاسەتەکانی کۆشکی سپی.
بە تایبەتی کە عەلی خامنەیی لە رۆژی جەژنی رەمەزان هاتە سەر خەت وجەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ئێمە لە گەڵ ئەمریکیەکان، هیج کات دانیشتن و وتووێژ ناکەین. خامنەیی دانوستانی ناوەکی لە گەڵ ئەمریکای بە”مەسڵەحەتی تاران”زانی و هاوکات جەختیشی لە سەر “مستکبر”بوونی دەوڵەتی ئەمریکا کردەوە وگوتی، ئێران بە شێوەی رابردوو دژ بە سیاسەتی چەوت و هەڵەی ئەمریکا رادەوەستێ وهەر وەک رابردووش پشتیوانی لە هاوپەیمانانی ناوچەیی خۆی دەکات. لە نموونەیەکی دواییدا،خامنەیی لە میانەی کۆبوونەوەی لە گەڵ بەرپرسان و فەرماندەکای سوپای پاسداران، جەختی لە سەر ئەم هەڵویستە نەگۆڕ وهەمیشەییەی ئێران کردەوە.
لە تاران و لە دەرەوەی ئێران، تا رادەیەک وەهمێک دروست ببوو کە گوایە ئەمریکا بە نیازە تاران وەک ئەکتەرێک بکاتە جێگرەوەیەک بۆ هاوپەیمانانی لە مێژینەی خۆی”ریاز وتەلئەبیب” لە ناوچەکە. بەچەند هۆکاری سەرەکی، ئەم وێنەیە، وێنەیەکی وەهمی و خەیاڵیە.
یەکەم، بەرژەوەندی ستراتیژیکی ئەمریکا، لە ناوچەکە لە گەڵ سیاسەتی ناوچەیی ئێران یەکتر ناخوێننەوە.
دووەم، گریمان ئۆباما وەها خەیاڵێکی هەبێ، بە سەرنجدان بەوەی کە تەمەنی سەرۆکۆمارێتی ئۆباما رووی لە کۆتاییە، ئەمەش تەنها خەیاڵێکی خاوە و وەها گۆڕانکارییەک وێنا ناکرێت.
سێەم، ئۆباما کە زۆر بە زەحمەت توانی پشتیوانی و دەنگی نوێنەران و سیناتۆرەکانی دیموکرات بۆ لای رێکەوتنی ئەتۆمی رابکێشێ، لە پەیوەندی لە گەڵ وەلانانی ئیسرائیل وسعودیە لە بازنەی هاوپەیمانێتی خۆی، بە زەحمەتێکی زۆرترەوە دەتوانێ پشتیوانی حیزبەکەی خۆیشی بە دەست بێنێ.
لە کاندیداکانی پارتی دیموکرات، کەسانی وەک هیلاری کلینتۆن کە بە تەمای کۆشکی سپین،.بەرامبەر بە ئێران و لە پشتیوانی کردنی هاوپەیمانانی هەمیشەیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵویستێکی روون وشەفافیان هەیە.
هیلاری کلینتۆن، چەند رۆژ لە رێککەوتنی ئیران وڵاتانی گروپی 1+5 تێنەپەڕیبوو کە رایگەیاند، هەرگیز باوەڕو متمانەی بە رەفتار و هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران نیە وهاوکاتیش هەڕەشەی هێرشی سەربازی لە ئێران کرد. هەروەها هاوسەرەکەی کە رۆژێک لە رۆژان سەرۆککۆماری وڵاتەکەی بوو بە ئاشکرا پشتگیری ئەم بۆچوونەی هیلاری دەکات.
نموونەی هەرە بەرچاوی نەگۆڕ بوونی سیاسەتی ناوچەیی ئەمریکا، ئامادەکاریە بۆ وەرێخستنی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی بۆ وڵاتانی باشووری کەنداو.
هێرمیداس باوەند، شارەزای کاروباری نێودەوڵەتی، سەبارەت بە پرسی ناکۆکیەکانی ئیران لە گەڵ ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی رایوایە کە بە هەر رادەیەک پەیوەندی ئێران وئەمریکا باشتر بێت، بە هەمان ئەندازەش کیشە و ناکۆکی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی دراوسێی، کەمترە ، چونکە لە هەر حاڵەتێکدا، دراوسێ عەرەبەکانی ئێران پەیڕەو و شوێنکەوتووی سیاسەتەکانی ئەمریکان. لەم رووەوە رکەبەرایەتی و ململانێی ناوچەیی لایەنەکان بە بوونی ئەم هاوکێشەیە بەردەوامە.