تیرۆری نێودەوڵەتی، هۆکانی سەرهەڵدانی

0

عەزیز ئەحمەد حەمە
تیرۆر یان تۆقاندن ، دەستەواژەیەکە کە دەیان ساڵە لە میدیاکاندا و لەسەر زمانی خەڵکیش زۆر بەکار دەبرێت. پێناسەی ئەم دەستەواژەیە بەگوێرەی بەرژەوەندی جیاوازی لایەنەکان و دەوڵەتانی جیهان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕیت .

کێشەو گرفتی تیرۆر بوەتە کێشەیەکی جیهانی و نێودەوڵەتی ، بۆ یەکەمجار لە وارشۆ ساڵی 1927 هەوڵدرا پێناسەیەکی یاسایی بۆ تیرۆر بدۆزرێتەوە. دواتریش لە ساڵەکانی 1930 و 1935 و دواتر لەساڵی 1972 ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دوایکرد، کە ووشەیەکی تر بخرێتە پاڵ ووشەی تیرۆر وە سەرەنجام دەستەواژەی ” تیرۆری نێودەوڵەتی”هاتەئاراوە .

پەنا بردن بۆ تیرۆر لەلایەن کەسێک، یان تاقم و گروپێک یاخود هەندێک جار دەوڵەتانیش بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی ئامانجێکی سیاسی یان ئیعلامی یان بۆ ناچار کردنی لایەنی بەرنبەریان کە داوکانیان یان هەندێک لەوان قبوڵبکات، بەم کارە هەڵدەستن.

تیرۆرو تۆقاندن ، یان دەشتوانین بڵێین کاری توندوتیژی نایاسایی تا دێت زیاتر و بەرفراوانتر دەبێت، لە جیهاندا. سنورەکان ناناسێت و تەنانەت ئەو وڵاتانەشی گرتۆتەوە کە دامەزراوەی چاک و پتەوی ئەمنی و ئاژانسی هەواڵگری زۆر بەهێزیان هەیە. باشترین بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستیە ئەو ڕوداوو کارەساتە ترسناکە تیرۆرستیانەن کە لەم 20 ساڵەی دواییدا لە زۆر ووڵاتی پێشکەوتوی جیهاندا ڕویاندا. لەسەروو هەموشیانەوە تەقاندنەوەی دووتاوەری بازرگانی جیهانی لە شاری ” نیۆیۆرک” ی ئەمریکا لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە، لە دەسپێکی سەدەی 21 و لەساڵی 2001، ئەم ڕوداو بوو بە زەنگێکی زۆر مەترسیدارو جیهانی لەمەترسی جدی تیرۆر بە ئاگا هێنا .
هۆکارەکانی پەنابردن بۆ تیرۆر
پەنا بردن بۆ تیرۆر زۆر جار هۆکاری سیاسی لە پشتەوەیە. لەکاتێکدا کە لایەنێک بەم شێوازە دەیەوێت پەیامێک بە گوێی جیهاندابدات. لایەنی بەرابەریش هەوڵ بدات دوژمنەکەی خۆی بەچۆکدا بێنێت بۆ تەسلیم بوون و دانپیانان بەخواست و مەرجەکانیان یان بەشێکیان .

دەکرێت تیرۆر بۆ ئامانجی ئابوری یان ئایدیۆلۆژیای دینی و عەقائدییش بەکار بهێنرێت وەک شێوازێک ، بۆنمونە هەوڵدان بۆتێکدانی ژێرخانی ئابوری ووڵاتێک، لە ڕێگای تەقاندنەوەی ناوەندە ئابوریەکان و سکەی شەمەندەفەرو سەرچاوەی ووزەو بەنداوەکان، هەروەها لێدان لە شادەماری بنکەی گەشتوگوزارو تۆریستی و شوێنەکانی تر کە دەبنە هۆی تێکدان و خراپکردنی ئابوری ووڵات .
دەربارەی پەنابردن بۆ تیرۆر، بە مەبەستی دینی و عەقائدی کە ئێستا لای ڕێکخراوە ئیسلامیە توندڕەوەکانی وەک، ئەلقاعیدەو داعش و تاڵیبان و دەیانی تریش زۆر باوە. ئەم شێوازە بەشێکە لە کاری سەرەکیان کە لە هەرشوێنێکی جیهان کە دەستیان بیگاتێ هەوڵدەدەن گورزی خۆیان وەک ئەوان دەڵێن لە “دوژمنانی ئیسلام و ووڵاتی کافران “بوەشێنن. هەربۆیەشە ئێستا دەستی تیرۆر دەگاتە هەموو شوێنێکی ئەم گۆی زەویە و هیچ ووڵات و لایەنێک ناتوانێت ئیدعای ئەوە بکات کە بەهۆی دامودەزگای ئەمنی و پۆلیسی و دەزگای هەواڵگری توندو تٶڵەوە، دەتوانێت سەد لە سەد لە هەڕەشەی تیرۆر پارێزراو بێت.

سود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوی سەردەم لەلایەن تیرۆریستانەوە !

پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بەتایبەت خزمەتگوزاریەکانی ئەنتەرنێت و تێلێکۆمۆنیکاسیۆن، لەم ساڵانەی دواییدا بۆتە هۆیەکی تری کاریگەر کە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان سودی زۆریان بۆ مەرامەکانی خۆیان، لێبینوە.چ بۆ دروست کردنی زۆر جۆری چەک بە مەوادی خۆماڵی وناوخۆیی هەروەها لەسەرێکی تریشەوە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی وەک، فەیسبوک و تویتەرو ئەوانی تر، بەمەبەستی ڕاکێشان و فریودانی گەنجان و مێردمنداڵانی کەمتەمەن بۆ ناو ڕیزەکانی خۆیان و بەکارهێنانیان بۆ کردەوە ی تیرۆر .
جگە لەمانەش بەکار هێنانی ئەنتەرنێت و تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک ئامرزگەلێکی کاریگەری پڕوپاگەندە کردن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و گەیاندنی پەیامەکەیان بە خێراترین شێوە، کە هیچ خەرجیەکی بۆ تیرۆریستان تێناچێت و زۆر جێی سەرنجە، ئەمانە توانیویانە گرنگی ئەنتەرنێت زۆر چاک درک بکەن و وەک مینبەرێکی راگەیاندنی بەزەبرو کاریگەر بەکاری بێنن. هەربۆیەشە دەتوانین بڵێین تەکنەلۆژیای نوێ و خزمەتگوزاریەکانی تۆڕی ئەنتەرنێت بە هەموو جۆرەکانیەوە وەکو شیری دوودەم وایە ، چونکە هەرلەو کاتانەی خراونەتە بەردەست بۆ سودی گشتی و بەهەزاران قازانجیان بە مرۆڤایەتی گەیاندوە. لەهەمان کاتدا دەشتوانرێت لە دژی مرۆڤایەتی و شارستانیەت بەکار بهێنرێت و زیانی زۆر گەورەی لێ بکەوێتەوە، هەروەک ئەوەی کە ئێستا ڕودەدات .

قوربانیەکانی تیرۆر کێن ؟

دەکرێت بگوترێت کە زۆرینەی قوربانیەکانی تیرۆر، کە کراونەتە ئامانج تاکو ئێستا کەسانی مەدەنی و سیڤیل و بێ دیفاع بوون. بە چاو خشاندنێک بەو کردەوە تیرۆریستیانەی کە ڕویانداوە دەبینین کە زۆربەی ئەوانەی دەکرێنە ئامانج لە ڕوداوە تیرۆریستیەکانی جیهاندا کەسانی سڤیلن. هەر لە نیۆیۆرک و پاریس و لەندەن و مەدریدو مۆسکۆ وە بگرە، تا دەگاتە ئەو کردەوانەی کە لە ووڵاتە ئیسلامیەکانی خۆر هەڵاتی ناوەڕاستیش ڕودەدەن. تیرۆریستان هەوڵ دەدەن کە چالاکیەکانیان زۆرترین ژمارەی قوربانی لێ بکەوێتەوە. بەم شێوەیەش دەیانەوێت زۆرترین کاریگەری و جێ دەستی خۆیان بەجێ بێڵن، ئەوەش خۆی یەکێکە لە ئامانجەکانی تیرۆریستان ، کە ئاسایشی گشتی هاوڵاتیان تێک بدەن و وابکەن خەڵکی لەدڵەڕاوکێ و ترس و گوماندا بژیت.بەوەش فشارێک بخەنە سەر دەوڵەت و دامودەزگاکانی و وانیشانبدەن کە ناتوانن ئارامی و ئاسایشی هاونیشتیمانیان بپارێزن .

تیرۆری دەوڵەتان !
مەرج نییە تەنیا ڕێکخراوە تیرۆریستیە یاساغ و نایاساییەکان پەنا بۆ کردەوەی تیرۆر و شێوازی تۆقاندن بەرن بەرانبەر دوژمنەکانیان. زۆر جار هەیە کە دەوڵەتان بۆ لەناو بردنی دوژمنانیان پەنا دەبەنە بەر کردەوەی تیرۆریستی، یان بۆ دەستوەشاندن و زەبر لێدانی ناحەزانیان ، بۆ نمونە زۆرجار دەوڵەتێکی وەکو تورکیا کە خۆی ئیدعای ئەوە دەکات دژی تیرۆرە ، کەچی خۆی بۆ لەناوبردنی ڕۆژنامە نوس و بەرهەڵستکارانی ڕژێمەکەی خۆی پەنا دەباتە بەر کاری تیرۆرو سەدان کەس بەدەستی دەزگا نهێنی وهەواڵگریەکانی تورکیا ی وەکو، ژیتەم و میت تیرۆر کراون، یان بێ سەروشوێنکراون، هەروەها تیرۆر کردنی ڕۆژنامە نوسی بەناوبانگی کورد، موسا عەنتەر،تەنیا نمونەیەکی ئەو باسەن .
ئێران بەهەمانشێوە هەرکاتێک هەلێکی بۆ هەڵکەوتبێت، بۆ لەناو بردنی بەرهەڵستکارانی دەستی بۆ کاری تیرۆر بردوە. نە بەتەنیا لەناوخۆی ئێراندا بەڵکو لە پایتەختەکانی ئەوروپاشدا ، تیرۆر کردنی دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا، دواتر تیرۆر کردنی دکتۆر سەعید شەرەفکەندی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دوو نمونەی زەقی ترۆریزمی ئێرانن ، کە ئەو دوو قوربانیە هەردوکیان کورد بوون و سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بوون .
زۆر لەووڵاتانی تری دنیا هەستاون بەکاری تیرۆریستی بۆ لەناو بردنی دوژمنانی خۆیان، کە لەناویاندا ووڵاتانی وەکو ئەمریکاو ئیسرائیل و ڕوسیاش دەبینرێن .

چەند نمونەیەکی تری تیرۆر لە جیهاندا

* کوشتنی سەرۆک کۆماری میسر، ئەنوەر سادات، لە 6 ئۆکتۆبەری ساڵی 1981 پاش واژۆ کردنی پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل .

* تەقاندنەوەی فڕۆکەی نەفەر هەڵگری پان ئەمەریکان، لە ساڵی 1988 لە ئاسمانی لۆکەربی لە ئوسکۆتلەندا .

* بەکارهێنانی گازی ژەهراوی لە میترۆی ژێرزەوی تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن، لە ساڵی .1995

* تەقینەوەکانی شاری مانشستەر لە بەریتانیا لە ساڵی 1996، کە لەشکری کۆماری ئێرلەندی نهێنی، تێدا تاوانبار کرا.
* تەقاندنەوەی سەفارەتی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەردو شاری نایرۆبی و دارولسەلام لەساڵی 1998، کە تێیدا ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە تاوانبار کرا .

* تەقینەوەکانی شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، لە ساڵی 2004 کە تیاییدا ڕێکخراوی ئیتا ی هەرێمی باسک، بە تاوانبار ناسێنرا .

* تەقینەوەکانی لەندەن لە مانگی 7 ساڵی 2005.

* کردەوە ترۆریستیەکەی پاریسی پایتەختی فەرەنسا کەلە 13 نۆڤەمبەری 2015 ڕویانداو، چەکدارانی توندڕەوی ئیسلامی هەستان بە گرتنی بارمتەو پاشتریش دەسڕێژی گولە و تیایدا زیاتر لە 130 کەس کوژران و 368 کەسیش بریندار بوون، کە لەمێژوی نوێی فەرەنسا بەگەورەترین کارەسات ناوزەدکرا لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە .

* کردەوە تیرۆریستیەکانی کە لە ڕوسیا، ڕویانداو تێیدا ڕێکخراوە ئیسلامیە چاچانیەکان تاوانبار کران بە ئەنجامدانیان .

ئەمانە چەند نمونەیەک بوون لەو کردەوە تیرۆریستانەی کە لەم چەند ساڵانەی دواییدا لە جیهاندا ڕویانداوە. ڕەنگە لەداهاتوشدا لەهەر شوێنێکی تری ئەم جیهانە کردەوەی هاوشێوە ڕوبدەن و قوربانی زیاتریشی لێبکەوێتەوە .
هەربۆیەشە ئێستا دەبینین لە زۆر جێگەدا ڕێوشوێنی ئەمنی لەجاران توندو تۆڵتر گیراوەتەبەر، بەتایبەت لە فڕۆکەخانەکان و بەندەرەکان و شوێنەگەشتیاریە جیهانیەکان. هەروەها بەردەمی سەفارەتو شوێنە ڕەمزیەکان و بنکە سەربازیە گرنگەکان …. هتد .

هەوڵەکان لە دژی تیرۆر !
دەتوانین بڵێین بنبڕکردن و لەڕیشەدەرکێشانی تیرۆر بە یەکجاری، لەم هەلو مەرجەی ئێستادا کە جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت کارێکی مەحاڵە. بۆیە باشترە بڵێین هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەیان تێکۆشان بۆ بەرەوڕوبونەوەی تیرۆر، ئەویش تەنیا بەگرتنە بەری ڕێوشوێنی ئەمنی دەستەبەر ناکرێت و نایەتە ئەنجام. بۆیە پێویستە ووردترو قوڵتر بیر لە قەلاچۆکردنی، فکرو ئایدیۆلۆژیای تیرۆر و بنەماکان و هۆکارەکانی بکەینەوە. بەم شێوەیە دەتوانرێت هەوڵەکان باشتر کاریگەری خۆیان هەبێت.
دەربارەی تیرۆریزمی ڕێکخراوە ئیسلامیەکان کە ئێستا زۆرترینیانە ، دەبێت لەپاڵ هەوڵی لەناوبردنی ئەم جۆرە ڕێکخراوەو سەرکردەکانیان، لەگەڵیشیاندا میانڕەوە ئیسلامیەکان ڕۆڵی خۆیان ببینن و هەوڵی هوشیار کردنەوەی خەڵکی بدەن ، بەتایبەت گەنجان و لاوان، کە نەکەونە داوی پڕوپاگەندەی ڕێکخراوە ئیسلامیە توندڕەوەکانەوە، لەم ڕوەوە ئەرکی ڕاگەیاندیش بەهەموو جۆرەکانیەوە زۆر کاریگەرو بەزەبرە و دەبێت ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵی هۆشیار کردنەوەی جەماوەر بگرنە ئەستۆ و لەسەنگەری پێشەوەی دژایەتیکردنی تیرۆر بجەنگن .
دەربارەی کێشە سیاسیەکان دەبێت هەوڵبدرێت، بەگفتوگۆو دانوستاندن چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و هیچ لایەکی کێشەکان بیر لەوە نەکاتەوە پەنا بەرێتە بەر کردەوەی تیرۆر بۆ چەسپاندنی داخوازیەکانی . هەروەها نائومێدی لە ژیانو باری ئابوری کۆمەڵگایەک کە ڕەنگە ببنە هۆکاری کردەوە تیرۆریستیەکان ، دەبێت ئەمەشیان بەهەند وەربگرین و لە ڕێگای چاککردنی بژێوی ژیان و باری گوزەرانی ئەو کۆمەڵگایە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com