ساڵی ٢٠١٥، بووە ساڵی بە جیهانیبوونی قەیرانی پەنابەری و کۆچبەری

0

نوچەنێت: تایبەت

تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٥، لە هەر ٢٢ مرۆڤی سەر زەوی، یەکیان بە هۆکاری جیاوازەوە شوێنی ژیانی خۆی بەجێهێشتووە، یان لە شوێنێکی دیکەی وڵاتەکەی خۆی بە دوای جێگەیەکی ئارامدا گەڕاوە یان ئەوەی کە بە مەبەستی پەنابەری لە وڵاتێکی دیکەی جیهاندا ملی رێگای گرتۆتە بەر.

تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥، رۆژانە ٤٦٠٠ کەس لە وڵاتی خۆیان هەڵاتوون. دیمەنەکانی کارەساتی کۆچبەری لە ٢٠١٥ دا ئەوە پیشان دەدات کە دیاردەی کۆچبەری و پەنابەری حاڵەتێکی گشتیی  وبەکۆمەڵی گرتۆتە خۆ، رێژەی ئەو بنەماڵە و ژن ومنداڵانەی کە لە گەڵ ئەم کۆڕەوانە کەوتوون بەرزبۆتەوە. کۆچبەری و پەنابەری تێکچڕژاون و خەڵکانی جیهان لەم کیشوەرەوە بۆ ئەو کیشوەر جێگوڕکێیان کردووە.

ساڵی ٢٠١٥ ئە و راستیە دەرکەوت. کە ئیرادەیەکی سیاسی پێویست لە نێوان زلهێزەکانی جیهان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و قەیرانە ناوچەییەکان و شەڕی بە وەکالەتی وڵاتان بەدی ناکرێت.

ئاڵۆزی و شەڕەکانی ئیستای جیهان، بە تایبەتی لە سوریا،عێراق و ئەفغانستان، لە لایەک بەرهەمی سیاسەتی چەوت  وناکارامە و ئیدارەی کردنی سیاسیەکان  وسەرکردەی وڵاتانی ئەمریکا و هاوپەیمانانیەتی. لە لایەکی دیکەوە ئەنجامی کارشکێنی و بێباکی روسیا وچین و ئێرانە لە ناوچەکە.

ئەزموونی ٢٠١٥ ئەوەشی خستە روو کە سیستەمی ئێستای نیودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، توانا وکارایی پێویستی بۆ وەڵامدانەوە بە قەیرانەکان و کۆنتڕۆڵ کردنیانی نییە.

لە ساڵی ٢٠١٥، شەڕ، سەرەکیترین هۆکاری کۆچبەری ، هەڵاتن، بە جێ هێشتنی ماڵوحاڵ وکوشتار و مەرگی زۆرێک لە مرۆڤەکان بووە. ئیسلامی سیاسی  و تیرۆریزمی ئاشکرای رێکخراوی داعش، دەستوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان بە تایبەت لە عێراق، سوریا ویەمەن، هەروەها پەرەدان بە شەڕی شیعە لە دژی سوننە، پشتگیریەکانی سعودیە وهەندێک لە وڵاتانی عەرەبی لە رەوتە توندڕەوەکان، بەشێکی دیکە لە هۆکارەکانی پەرەسەندن و درێژبوونەوەی شەڕ لە سوریا و عێراق، بوون.

دەستوەردانی وڵاتانی رۆژئاوایی وهاتنی روسیا بۆ ناو هاوکێشەکان، نەک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕبوو، بەڵکوو بە مەبەستی بەهێزتر کردنی لایەنێکی شەڕ بووە. بەم پێیە ساڵی ٢٠١٥، ساڵی ناکارامەیی  ئەو سیاسیانە بوو کە بڕیارو دوور، روانینێکی هیوابەخشیان بۆ کۆتایی هێنان  بە شەڕ و ماڵوێرانیەکان نەبوو. ئەنجامی ئەم سیاستە چەوتانە، مەرگ و کوژرانی سەدان هەزار مرۆڤ، وێرانی  وخاپوورکرانی شارەکان و ژێرخانە ئابوریەکان، ئاوارەیی، کۆچبەری و هەڵاتنی بە ملیۆنان کەس لە مرۆڤەکان بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوەندەکانی قەیران لە وڵاتانی وەک لیبیا، سۆمال و مالی شاهیدی گەشەکردن  وپەرەسەندنی کاروچالاکی ئیسلامگەرا توندڕەوەکانە.

بە گوێرەی ئاماری کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، کە لە دووتوێی راپۆرتی ١٨ی مانگی دیسەمبەری خۆیدا بڵاوی کردەوە، رێژەی پەناخوازان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥دا هاتووە: لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی ئاوارە  وپەناخوازانی جیهان ٥/١٩ کەس بوو، ئەم رێژەیە لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٥ گەیشتۆتە٢/٢٠ملیۆن کەس. پێشتر بە لانی زۆرەوە، ئاماری تۆمارکراوی پەناخوازان لە ساڵی ١٩٩٢ دەگەیشتە ٢٠ ملیۆن کەس.

بە گوێرەی ئەم راپۆرەتە،رێژەی داواکاری بۆ پەنابەری لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥، ٩٩٣،٦٠٠ کەس بووە کە بە بەراورد لە گەڵ ساڵی ٢٠١٤ ،رێژەکەی٧٨%بەرز بۆتەوە.

رێژەی ئاوارە ناوخۆییەکان(لە چوارجێوەی سنووری وڵاتان)لە ساڵی ٢٠١٥،گەیشتۆتە ٣٤ ملیۆن کەس کە بە بەراورد لە گەڵ ساڵی ٢٠١٤،رێژەکەی ٢ ملیۆن کەس زیادی کردووە.بەم پێیە پێش بینی دەکرێ تا کۆتایی ٢٠١٥،رێژەی ئاوارەکان و پەنابەرانی لە ٦٠ ملیۆن کەس تێپەڕێ و بگاتە بەرزترین ئاستی  تۆمارکراو.

لە تورکیا،لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٥،سەرجەم ٤٣،٦٠٠ هەزار کەس لە نوسینگەی کۆمیساریای بالآی پەنابەران داوای پەنابەرییان کردووە.زیاتر لە نیوەی ئەم رێژەیە پەناخوازانی عێراقین.لەم رێژەیە ١٢.١٠٠ ئێرانی و ٤.٣٠٠ کەسیش ئەفغانین.

رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەری کە بنکەکەی لە جنێفە،لە راپۆرتی ٢٢٧ دیسامبەری ئەمساڵی خۆی ئاماری پەنابەرانی ٢٠١٥ بڵاو کردۆتەوە.بە پێی ئەم راپۆرتە،تا دیسامبەری ئەمساڵ ٩٧٢،٥٠٠ کەس بە مەبەستی پەنابەری لە دەریای مەدیتەرانە بەرەو ئەورپا پەڕیونەتەوە.لەم رێژەیە ٨٠٠،٠٠٠ کەسیان بە پەڕینەوە لە رێڕەوە ئاویەکانی تورکیا خۆیان گەیاندووەتە یونان.لە هەر دوو نەفەر کە لە دەریای مەدیتەرانە پەڕیونەتەوە،یەکیان سوری،٢٠%ییان ئەفغانی و ٧%یان عێراقین.٣٤،٠٠٠ کەسیش لە رێگای زەمینی یەوە لە تورکیاوە خۆیان گەیاندووەتە بولغارستان  بە مەبەستی گەیشتن بە رۆژئاوا و باکووری ئەوروپا.رێژەی ئەو پەناخوازانەی کە لە باکووری ئەفریقاوە گەیشتوونەتە ئەورپا سەرجەم ١٥٠،٠٠٠ کەس کە لە چا وساڵی رابردوو ٢٠،٠٠٠ کەس رێژەکەی دابەزیوە.کەمترین ئاماری مانگانەی تۆمارکراو سەبارەت بە پەڕینەوە لە دەریای مەدیتەرانە تایبەتە بە مانگی ژانوییەی ٢٠١٥ کە رێژەکەی ٥،٥٠٠ کەسە.زۆرترین ئامار،تایبەتە بە مانگی ئۆکتۆبر کە رێژەکەی ٢٢١،٠٠٠ کەسە.بە پێی ئەم راپۆرتە،نزیک بە ٤٠٠٠ کەس لەم کۆچبەرانە لە کاتی پەڕینەوەیان لە دەریای مەدیتەرانە خنکاون و گیانی خۆیان لە دەست داوە.

بەم پێیە،هەڵاتن،کۆچ کردن وشەپۆلی پەناخوازان بەرەو وڵاتانی رۆژئاوایی،رەوتێکی روو لە گەشەیە و پێناچێ بەم زووانە خالێکی کۆتایی لە بەردەم دابنرێ.

تا ئەو کاتەی شەڕ لە سوریە،ئەفغانستان،عێراق،یەمەن،لیبیا کۆتایی پێنەهاتووە،تا ئەو کاتەی ئیسلامی سیاسی لە چەشنی بوکو حەرام وئەلشەباب توانای کوشت و کوشتاری هەبێ،تا ئەو کاتەی داعش درێژە بە جینایەت و ماڵوێرانی و شەڕ بدات،بە بێ گومان رەوتی هەڵاتن،کۆچبەری و پەنابەرییش درێژەی دەبێ.لەم روانگەوە، دەبێ جیهانی ئازاد و وڵاتانی شەڕلێدراو  لە ٢٠١٦ چاوەرێی درێژەکیشانی ئەم رەوتە بکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com