روسیا کورد وەک کارت بەرامبەر تورکیا بەکاردێنێت

0

نوچەنێت: تایبەت
ئەگەر داوا لە ورچێك بکەن کە سەماتان بۆ بکات، ئەمە ئێوە نین کە بڕیار دەدەن ورچەکە کەی کۆتایی بە سەماکەی دێنی، بەڵکوو خودی ورچەکە ئەو بڕیارە دەدات.
ئەم رستەیە، خاڵی کۆتایی بڕیارەکەی ئەم دواییانەی ڤێلادیمیر پوتینە لە دوای سەردانەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ مۆسکۆ، کە تێیدا هاتووە، کوردەکان لە مەترسیدان. روسیا دەبێ بە هەموو هێزیەوە لە مەترسی بیانپارێزێ. هەر لەم رووەوە پوتین فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کردووە، بە هەموو هێزەوە بەرگری لە کوردەکان بکەن.
ئەم بڕیارەی پوتین، ئاماژەیەکی بەهێز و خاڵێکی وەرچەرخانە، لە لە گۆڕینی سیاسەت و هەڵوێستی ئەم وڵاتە سەبارەت بە کورد. دەقی ئەم بڕیارەی پوتین، لە لایەن وەزارەتی بەرگریەوە ئامادە کراوە، دواتریش کۆشکی کرملین بڵاوی کردۆتەوە.
پوتین بە گوێرەی مادەی ٨٧ی دەستووری ئەم وڵاتە، لە هەیمەنەی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی روسیادا ئەم بڕیارەی دەرکردووە. تورکیای بەوە تاوانبار کردووە کە بەرپرسیار و هۆکاری لە ناوچوونی کوردەکانە. هاوکات هۆشداری دەدات کە ئەم کردەوەی تورکیا لەوانەیە ببێتە مایەی شەڕی ئەم سەدەیە. ئەمریکاشی بەوە تاوانبار کردووە، کە لەم بارەوەیەوە پشتیوانی لە تورکیا دەکات. ت.ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە دۆخەکە بەرەو ئاقارێکی قەیراناوی بچێ
.لە بەشێکی دیکەی ئەم بڕیارەدا، کە تووڕەیی پوتینی پێوە دیارە هاتووە، ئەمریکا رێگری لە کوشتاری کوردەکان ناکات. ئەوەشی خستۆتە روو کە کۆمەڵێک زانیاری نهێنی کە لە لایەن ئەم وڵاتە دراوە بە ئەمریکا، کە دواترخراوەتە بەردەست تورکیا ولەم رێگەشەوە تورکیا زانیاری هەبووە لە سەرکات و ساتی سووڕانەوەی فڕۆکەشەڕکەرەی روسیا، و پاشان لە لایەن هێزی ئاسمانیی ئەم وڵاتەوە کراوەتە ئامانج.
سەردانەکەی دەمیرتاش هەڵگری چ پەیامێکە بۆ تورکیا؟
لە هەلومەرجێکدا کە تورکیا لە ناوخۆدا کێشەو قەیرانی هەیە. زیاتر لە مانگێکە کە ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا “باکووری کوردستان” بۆتە گۆڕەپانی شەڕ و پیکدادان لە نێوان پەکەکە و هیزی سەربازی ئەم وڵاتە. ئاژانسی ئانادۆڵی تورکیا لە هەواڵێکدا باسی لەوە کردووە، کە یەکێتی ئەوروپا هۆشداری دەداتە تورکیا، داوای لە دوو لایەن کردبوو کە کۆتایی بەم شەڕ وپێکدادانە بێنن. هەرچی زووتر بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخە چارەسەرێک بدۆزنەوە و پرۆسەی ئاشتی لەم وڵاتە بخەنەوەگەڕ.
بەڵام سەردانەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان بۆ مۆسکۆ، کاردانەوەی لە میدیاکانی هەردوو وڵات هەڵگری کۆمەڵێک پەیام و ئاماژەن . ئەم سەردانەی دەمیرتاش ئاراستەی کێشە و قەیرانی پێکهاتوو چ لە پەیوەندی لە گەڵ روسیا و تورکیا، چ لە پەیوەندی لە گەڵ دەوڵەتی تورکیاو پەکەکەی بەرەو ئاراستەیەکی دیکە برد.
دەمیرتاش لە سەردانەکەیدا، دیداری لە گەڵ کۆمەڵێک لە سەرمایەداران و کرێکارانی کورد لە ناوچەی”تێکستیلشیکی”مۆسکۆ،کۆبۆتەوەو باسی ئامانجی سەردانەکەی خۆی بۆ مۆسکۆ کردو رایگەیاند”ئەم سەردانەی بەرنامەیەکی پێش وەخت بووە وهەر بۆیە نابێ هاتنی بۆ روسیا، بە سەرهەڵدانی کێشەکانی نێوان ئەنقەرە ومۆسکۆوە گرێبدرێت”.
چوونی دەمیرتاش بۆ مۆسکۆ لە چەند روویەکەوەجێی سەرنج و وردبوونەوەیە.
لە دیدی پارتی دیموکراتی گەلان، لە دیدی روسیا، لە دیدی دەوڵەتی تورکیا.
پارتی دیموکراتیکی گەلان، لە دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا، توانی وەک ئەکتەرێکی شوێندانەر جێگەیەک بۆ خۆی لە پێکهاتەی سیاسی ئەم وڵاتە دا، بکاتەوە. سەرباری کەمکردنەوەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی کۆتایی پەرلەمانی ئەم وڵاتە، توانی پێگەی خۆی وەک بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بپارێزێ.
پارتی داد و گەشەپێدان، دوابەدوای رووداوە تیرۆریستیەکانی شارەکانی سور،دیاربەکر و ئەنقەرە، توانی بابەتی هەستیاری تیرۆریزم بکاتە تەوەرێکی سەرەکی لە بانگەشەکانی هەڵبژرادن. هەربۆیە پرسی ئاسایشی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە گوتاری سیاسی خۆی. دواتر لە بانگەشە و پروپاگەندەی هەڵبژاردن و میدیایی، گوشاری خستە سەر پەکەکە و پارتی دیموکراتی گەلان.
لە ئێستادا کە ململانێ و ناکۆکی نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ، تا دێ چڕتر دەبێتەوە. پارتی دیموکراتی گەلان بە مانیفێستێکی تازەوە هاتۆتە مەیدان ودەمیرتاشیش هەوڵی داوە کەڵک لەم دۆخە وەربگرێ.هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان چەند رۆژ پێش سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ رایگەیاند، ئێمە لە سیاسەتی تورکیا قورسایی خۆمان هەیە و هەر لەم رووەوە هێز وتوانای خۆمان دەخەینە گەڕ.
میدیاکانی نزیک لە پارتی دەسەڵاتدار، سەبارەت بەم سەردانەی دەمیرتاش رەخنە و تێبینی خۆیان هەبووە. بۆنمونە، رۆژنامەی بیرگون لە بابەتێکدا، دەمیرتاش بەقەدیرئۆفی روسی لە تورکیا دەشوبهێنێ. رۆژنامەی صباح، سەردانەکەی دەمیرتاشی بۆ مۆسکۆ لەم کاتەدا کە مۆسکۆو ئەنقەرە ناکۆکی لە نیوانیاندا هەیە، بە خیانەت وەسف دەکات. خیانەت رێک هەمان ئەو دەستەواژەیە کە لە لایەن ئەردۆغانیشەوە سەبارەت بە دەمیرتاش بەکارهێنرا.
ئەحمەد داود ئۆغڵو،وەزیری دەرەوی تورکیا لەم بارەوە رایگەیاند: دەمیرتاش لە پایتەختی وڵاتێک میوانە کە هەڕەشە لە روکیا دەکات. ئەوان لە مۆسکۆ پاڵیان داوەتەوە وبە ئاسانی و بێباکانە تورکیا تاوانبار دەکەن.
لە روانگەی دەوڵەتی روسیاوە، بانگهێشتکردنی دەمیرتاش بۆ مۆسکۆ و دواتر کۆنفرانسی رۆژنامەوانی سیێرگی لاڤرۆف لە گەڵ ناوبراو و پێکەنینی ماناداریان، ئاماژەیەک بوو بۆ گۆڕینی روانگە وتێڕوانینی روسیا، سەبارەت بە پەیوەندیەکانی لە گەڵ ئەنقەرە.
نابێ لە بیری بکەین کە ڤێلادیمیر پوتین رایگەیاندووە، سستمی سیاسی تورکیا درەنگ یان زوو دەگۆڕدرێت ودەمانەوێ پەیوەندی دۆستانەمان لە گەڵ خەڵکی ئەم وڵاتە بپارێزین. بە بۆچوونی شارەزایان و چاودێرانی سیاسی، ئەمە سەردانەی دەمیرتاش بۆ مۆسکۆ ئاماژەیەی روونە، بۆ پشتگیری کردنی دەمیرتاش لە لایەن روسیاوە.
کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەی لاڤرۆڤ ودەمیرتاش زۆری خایاند. ئەمەش رەنگە وەک کاردانەوەیەک بێ بەرامبەر بە رەفتاری تورکیا، لە گەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان. دەتوانێ هاوکات هەڵگری ئەو پەیامە بێ کە رێگە نادات تورکیا وەک خۆی لە گەڵ کارتی کوردەکان، مامەڵە بکات.
ئەو خاڵانەی کە دەمیرتاش لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەی ئاماژی پێدان، جێی سەرنجن. بوونی پەیوەندیەکی قووڵی کولتوری، سیاسی ومێژووی لە نیوان تورکیا و روسیا، خستنە خوارەوەی فڕۆکەشەڕکەرەکەی روسیا، رەفتارێکی هەڵەی تورکیایە ودەتوانێ قەیران خوڵقێن بێت.
خەڵکی تورکیا لەسەرهەڵدانی قەیرانی وتەنگژە بەرپرسیار نین، بۆیە دەبێ رێکاری دپلۆماسی بگیرێتە بەر. لە راستیدا دەمیرتاش نە وەک سەرۆکی پارتێک بەڵکوو وەک کەسایەتییەکی شوێندانەر لە سەر دپلۆماسی دوو وڵات قسەی کرد.
هاوتەریبی ئەم لێدوانەی دەمیرتاش، سێرگی لاڤرۆف جەختی لە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کردەوە، پارتی دیموکراتی گەلان نوێنەری هەموو کەمیەکانی ئێستای تورکیایە، لە پلاتفۆرمیکی سیاسیدا، ئەو رێوشوێنانە کە لە لایەن روسیاوە لە دژی تورکیا گیراوەتە بەر، تەنها لەتکردنی دەوڵەتی ئەم وڵاتەیە نەک خەڵکەکەی.
لە بەرەنگاربوونەوەی دژ بە داعش، کوردەکان فاکتەریکی گەورەن و دەبێ لە تواناکانیان کەڵک وەربگرین.
لێرەوە بەو ئەنجامە دەگەین کە سەردانەکەی دەمیرتاش، ناتوانێ سەردانێکی ئاسایی و بەرێکەوت بێ. چوونی ناوبراو بۆ روسیا، دەتوانێ دەرخەری ئەو راستیە بێت کە روسیا حسابێکی تایبەتیی لە سەر کارتی کورد وەک بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی دەوڵەتی تورکیا کردۆتەوە.
کارتێک کە دەتوانێ لە گەمە ی سیاسی نیوان تورکیا و روسیا، هاوکات لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی ئەم وڵاتە لە دژی حکومەتی تورکیا وبەتایبتی پارتی دەسەڵاتداریەکلاکەرەوە بێت. وادیارە روسیا ئامادە نییە بەم زووانە، مەیدانی ململانێکە چۆڵ بکات و بۆ ئەم مەبەستەش کارتی کوردی، لە ریزی دژەکانی حکومەتی تورکیا جێ کردووەوتە. دەبێ چاوەڕێی ئەنجامەکانی ئەم سەردانەی دەمیرتاش بۆ روسیا بکەین.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com