هەڕەشەکانی ئەبو بەکر بەغدادی و نیشانەکانی نائومێدی و دۆڕاندن

0

 عەزیز ئەحمەد حەمە

لە دواهەمین تۆماری دەنگی سەرۆکی ڕێکخراوی تیرۆریستی  داعش “ئەبو بەکر ئەلبەغدادی” کەلە ڕۆژی  2015.12.26  بڵاو کرایەوە ، تیایدا هەڕەشە لە زۆر ووڵات و لایەن دەکات و کوردیش یەکێکە لەو لایەنانەی کە بەغدادی لەتۆمارە دەنگیەکەدا ناوی هێناون و بە ” کوردە مولحیدەکان” ناوزەدی کردون و هەڕەشەو گوڕەشەیان لێدەکات و بەڵێنی تۆڵە سەندنەوە دەدات .

ماوەی تۆمارە دەنگیەکە 24 خولەکە . لە وتارەکەدا بە غدادی بۆ سەلماندنی قسەکانی دەیان ئایاتی قورئانی بە نمونە دەهێنێتەوە و هەوڵدەدات خۆیی سەربازانی بەناو”دەوڵەتی ئیسلامی ” بەڕاست و دروست و هەڵگری ئاڵای ئیسلامی ڕاستەقینە، بە هەموان بناسێنێت.

هەموو دوژمنە جۆراو جۆرەکانیشی لە خۆرهەڵات و خۆرئاواش  بە کافرو مورتەدو بێ ئیمان و رافیزەو و دوورلەخوا. لە قەڵەم بدات .

       بەکار هێنانی ئاین و بەها پیرۆزەکان لە کاتی جەنگدا !

دەبێت ئەوە بڵێین ئەمە یەکەمین جار نیە کە  بەها پیرۆزەکان” لەسەرو هەموشیانەوە بەها ئاینیەکان ” بۆ مەبەستی سیاسی و تەنانەت شەخسیش بەکار دەهێنرێت. بەچاو خشانێکی خێرا بە لاپەڕەکانی مێژوودا دەگەینە ئەو ڕاستیە زۆر جاران ئەمە ڕویداوە کە کەسایەتیەک ، حیزبێک ، لایەنێک ، یان ووڵاتێک بۆ بەرزکردنەوەی  وورەی سەربازانی خۆی  یان هەواداران و لایەنگرانی  بە تایبەت لە کاتی جەنگدا، پەنایان بردۆتە بەر ئاین”بەهەموو جۆرەکانیەوە “.

بۆ سەلماندنی ئەوەش دوونمونەی بەرچاو هەن، یەکەمیان شەڕی ئەمریکا لەدژی عێراق لەساڵی 2003 ، دووەمیان جەنگی عێراق و ئێران لە ساڵانی هەشتاکاندا، لەم شەڕانەدا هەموو لایەنەکان بێ جیاوازی لە ووتاری سەرکردەکانیاندا و لە ڕاگەیاندنەکانیشیاندا  پەنایان دەبردە بەر بەکارهێنانی”  دین  و بەها پیرۆزە ئاسمانیەکان”بۆ سەلماندنی قسەکانی خۆیان.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەم دوا وتارەی ئەبوو بەکر بەغدادی و بە ووردی گوێبیستی بین. دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە ئەم گورزانەی بەریانکەوتوە لەم شەڕانەی ئەم دواییانەدا، کاریگەریەکی زۆری لە ورەیان کردوە و بەغدادی لەهەوڵی ئەوەدایە  لە وتارەکەیدا  هەوادارانی خۆی بە یەکێک لە 2 ئەگەر ” شەهادەت یان ژیانی سەرفرازانە” قەناعەت پێبکات. هەروەها مژدەی سەرکەوتنی نزیک بە تاقمەکەی خۆی دەدا تو دەڵێت، ئێمە چونکە خوا پشتیوانمانە سەرکەوتنمان مسۆگەرە بەسەر هەموویاندا !

  نەبرەی نائومێدی لە ووتارەکەی بەغدادی

بەو هەموو هەڕەشەو گوڕەشانەی کە خەلیفەکەی داعش دەیکاتە سەر ووڵاتانی جیهان و ناوچەکەش بە چەپ و ڕاستدا، بەغدادی زیاتر وەک”دۆنکیشۆت”  دێتە پێش چاو! کە دەیەوێت بچێت بەگژ ئەمریکاو ئەوروپاو ڕوسیاو ئیسرائیل و سعودیەو شیعەی رافیزەو کوردە مولحیدەکان و …هتد ، دروستتر بڵێین بەغدادی دەیەوێت بەگژ هەموو جیهاندا بچێت. دەشیەوێت بەهەوادارانی خۆی بڵێ ئێمە لەم جەنگەماندا لەدژی هەموو ئەمانە سەرکەوتوو دەبین !

ئەم هەڕەشەو گوڕەشانەی خەلیفەکەی داعش، نەک بەتەنها بۆ زۆربەی چاودێران  و مرۆڤە هۆشمەندەکان مایەی گاڵتەجاڕیە، بەڵکو تەنانەت “ڕێکخراوی  تیرۆریستی قاعیدەش ” کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئیسلامیەو و لەداعش کۆنترە ، گاڵتەی بەم وتانەی بەغدادی دێت و بە غرورو خۆهەڵکێشان ناویان دەبات.

لەمبارەیەوە کەسایەتی ناسراوی قاعیدە – عومەر مەحمود عوسمان –  کە بە “ئەبو قتادە ئەلفەلەستینی”ناسراوە دەڵێت “هەر ژیرێک چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد کە بەغدادی لەم ووتارەی دواییدا ، دان بە هەڵەکانی خۆیدا بنێت، کە بەرانبەر جیهادو موجاهیدین کردویەتی و دەبوایە هەوڵی یەکڕیزی موسوڵمانانی بدایە”  هەروەهاگوتویەتی” باشترە بەغدادی دەست لە غرورو لەخۆ بایی بوون هەڵگرێت، ووتارەکەیشی لە قسەی سەکردەی سیاسی ناچیت و زیاتر وەک دیاردەیەکی نەشاز دێتە پێش چاو ، زۆر ڕونیش بە قسەکانیا دیارە کە کەوتونەتە چ میحنەت و تەنگەتاویەکی زۆرەوە”.

ئەبو بەکربەغدادی لە ووتارەکەیدا کەدێتە سەر باسی سعودیەو و هاوپەیمانیەتی ئیسلامی کە ئەو ووڵاتە سەرۆکا یە تی دەکات  دەڵێت” پێویستە گەلی موسوڵمانی سعودیە، لە دژی حکومەتی ئەو ووڵاتە ڕاپەڕین بکات  چونکە ئەمانە مورتەدن و دورن لە ئیسلام”.

پاشان هەرەشە لە ئیسرائیل دەکات” فەلەستینمان بیر نەچوە و دەیکەینە گۆڕستان بۆ یەهودیەکان”. دەربارەی هەڕەشەکانی خەلیفەکای داعش بەهەمان شێوە هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوە لە شیعەو کورد دەکات، لەمانەش زیاتر دەڵێت، ئەم جەنگانەمان دوا جەنگمان دەبێت لە دژی ئەمریکاو ئەوروپاو ڕوسیاو کافرو بەکرێگیراوەکانیان لە ناوچەکەدا ! سەرکەوتن بۆ ئێمەیە  زۆر ناخایەنێت  ئیسلام هەموو جیهان دەتەنێتەوە !!

هەڕەشەکانی ئەبو بەکر بەغدادی، زیاتر لە هەڕەشەی دیلێکی ناو زیندان دەچێت کە لەو دیوی دەرگا داخراوەکانەوە، هەڕەشە لە پاسەوانەکانی خۆی بکات. زۆر بەئاشکرا دیارە کە لەم شەڕانەی دواییدا ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، چەند لاواز  بوەو توانای جارانی نەماوە بۆ بەرگریکردن لەو ناوچانەی کە کەوتونەتە ژێر ڕکێفی ئەوان. تادێت ئەڵقەی ئابڵوقەدانی هێزەکانی داعش و دەوڵەتی بەناو ئیسلامی ئە لبەغدادی  لە عێراق و لە  سوریاش بەرتەسک تر دەبێتەوە. ئەو خیلافەتەی کە ئیدیعای بۆ دەکەن دایانمەزراندوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بچوکتر دەبێتەوە .

  تێکشکانی داعش لە بەرەکانی جەنگدا لە عێراق و سوریا

لەدەستدانی زیاتری ناوچەکانی بندەستی داعش، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە دوای شەڕەکانی ئەم چەند مانگانەی دوایی سەلمێنەری ئەم ڕاستیەن، کە ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیە دڕندەیە توانای بەرگریکردنی  نەماوە . بۆ نمونە ڕزگار کردنی شەنگال لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە پشتیوانی هاوپەیمانان ئەوەمان پێ دەڵێت، کە ئیتر خۆری داعش بەرەو ئاوابون دەچێت. هەر ناوچەیەک کە لە دەستی دا ئیتر ناتوانێت جارێکی تر بگەڕێتەوە ناوی. ئێستاش سوپای عێراق و حەشدی شەعبی شیعەکان لە پارێزگای ئەنبارو شاری ڕومادی لەشەردان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە و چەندین شوێنیشیان لە دەستی داعش دەرهێناوە. لەسوریاش حاڵی داعش باشتر نیە ، ئەوهێزە تازەیەی بە” هێزەکانی سوریای دیموکراتی” ناسروان و لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەوتی پشتیوانیان لێدەکرێت،  چەند لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە خۆ دەگرێت، کە جەنگاوەرە کوردەکان وەک هێزی سەرەکی و سەرە ڕمی ئەم بەرەیە دەبینرێن. توانیویانە چەندین ناوچەی باکوری سوریا لە بندەستی داعش ڕزگار بکەن کە دواترینیان   “بەنداوی تشرین” بوو لەسەر ڕوباری فوڕات، کە شوێنێکی ستراتیجیە لە باکوری خۆرهەڵاتی شاری حەڵەب ٣ رۆژ لەمەو بەر لە دەستی داعش ڕزگارکرا.

   نیشانەکانی کۆتایی هاتنی داعش بەدیار کەوتون

زۆربەی چاودێرانی سیاسی و میدیاکانی جیهان وای بۆ دەچن، کە کۆتایی داعش نزیک بۆتەوە ، چ دۆڕاندنی داعش لە بەرەکانی جەنگدا لەم چەند مانگەی دواییدا هەروەها چ ئەو هەواڵانەی کە لە ناوچەکانی ژێر ڕکێفی داعشەوە دەگەن، باس لە گوزەرانی سەختی خەڵکی ئەوێ دەکەن لەژێر زوڵم و زۆرو کردوە دڕندەکانی ئەم ڕێکخراوەدا،  هەمویان سەلمێنەری ئەوەن کە خۆری داعش بەرەو ئاوا بون دەچێت ، دەتوانرێت بووترێت دەسپێکی کۆتایی داعش بەدەر کەوت.

لەمبارەیەوە”ویلیام مکانتس” کە تایبەتمەندی فیکری جیهادی و سەلەفیە لە گفتوگۆیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست”ی ئەمریکی دەڵێت، هێرشەکانی داعش بۆ سەر پاریس دەبێتە دەسپێکی کۆتایی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیە، ئەم ڕێکخراوەش وەکو ئەوانەی پێش خۆی بەرەو لەناوچون دەچێت. بۆ نمونە تاڵیبان و قاعیدە لە سعودیە، هەرەوەها قاعیدە لە مەغریب و باکوری مالی، ئەم بیرمەندە هۆکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە هەموو ئەو جۆرە ڕێکخراوە تیرۆریستانەی کە دژایەتی دەوڵەتە بەهێزەکان دەکەن لەناو دەچن. ئەمەش هۆی سەرەکی لەناو چونیان دەبێت.

هەر لەمبارەیەوەدامەزرێنەری بنکەی ویکلیکس ” جۆلیان ئاسانج”  پێشبینی ئەوەی کردوە کە لە شەش مانگی داهاتوودا داعش نامێنێت و لە چاو وندەبێت وە دەشڵێت” من زۆر دڵنیام کە داعش لەناو دەچێت و ئەندامەکانی دەبنە عەسابەو بە نهێنیدا کار دەکەن و چەک دانانێن” . هەرەوەها ڕۆژنامەی ئیسرائیلی” ئیدیعوت ئیحرانۆت “نوسیویەتی، لەماوەیەکی کەمی داهاتودا داعش هەڵدەوەشێتەوەو  دەبنە تاقم و گروپی بچوک بچوک، زۆر ئاماژە ی سەربازی و سیاسی و مێژوویی  هەن کە ئەوەمان پێ دەڵێن، کۆتایی داعش نزیک بۆتەوە.

دوای داعش ناوچەکە چی لێ دێت؟

سەرەنجام ئەمە ئەو پرسیارەیە کە خۆی دەسەپێنێت ! ئایا دوای داعش عێراق و سوریاو ناوچەکە وەکو خۆی لێ دێتەوە ؟ ئایا دەکرێت عێراق و سوریا ببنەوە بە هەمان 2 ووڵاتی بەر لەسەر هەڵدانی داعش !؟

وەڵامی ئەمە نەخێرە و گریمانەیەکی زۆر دورە.  زیاتر لە مەحاڵ دەچێت. ئەو سیناریۆیەی کە چاوەڕوان دەکرێت بۆ ئەو 2 ووڵاتە ئەوەیە کە هەریەک لە عێراق و سوریا دابەش دەکرێن بەسەرچەند هەرێمێکدا “دوریش نیە سەرەنجام هەرێمەکان ببنە ووڵاتی سەربەخۆ”.

عێراق بەسەر سێ هەرێمدا و سوریاش سێ هەرێم یان زیاتری لێ دەکەوێتەوە. لەمبارانەوە هەندێ زانیاری لە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا”سی ئای ئەی”  دەرچون کە ئەمریکاو ڕۆژئاوا زیاتر خەریکی داڕشتنی سیناریۆیەکی لەم چەشنەن و خۆیان بۆ قۆناغی دوای داعش ئامادە دەکەن.  لەلایەن ئەمریکیەکانەوە چەندین کۆبونەوەی نهێنی ئەنجامدراون.  بەتایبەت لەگەڵ کەسایەتیە دیارەکانی  عەرەبی سوننەی عێراق و داوایان لێکراوە، ناوچەکانی خۆیان پاش وەدەرنانی داعش بگرنە دەست.

دەربارەی هەرێمی کوردستانیش وەک ئەمریکیەکان دەڵێن، کێشەیەکی ئەوتۆ لەئارادا نیە، چونکە ئەم هەرێمە قاڵبێکی تایبەتی خۆی گرتوەو ئارامی تێدایە و دوریش نیە پاشتر لەگەڵ ناوچەکانی تری کوردستانی سوریا لەیەک بدرێن، ئەمەیان جارێ پشتڕاست نەکراوەتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com