نوچەنێت: تایبەت
دەستپێکی ناکۆکی و ململانێی نێوان تورکیا و ئێران، بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا لە مارسی ٢٠١١. دەگەڕێتەوە. ساڵی دواتر لە میانەی سەردانی ئەردۆغان بۆ تاران، دوو وڵات رێککەوتن کە قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانی و ئابووریەکانی خۆیان تا ساڵی ٢٠١٥ بگەیێننە ٢٠ میلیارد دۆلار .
هەروەها پلانیان وابوو کە لە ٢٠٢٠ ئەم قەبارەیە بگاتە ٣٠ میلیارد دۆلار.
بەڵام قەیرانی سوریا، بە سەر پەیوەندیەکانی ئەو دوو وڵاتەدا و کاریگەری خۆی هەبوو. بە ئاڵۆزتر بوونی قەیرانی سوریا و عێراق، دوای ئەوەی کە فاکتەری داعشیش هاتە کایەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە چاوەڕێیان دەکرد، پەیوەندیەکانی ئەو دوو وڵاتە ئاراستەیەکی دیکەی بە خۆیەوە بینی .
ئایا ململانێی و رکابەرایەتی ناوچەیی نێوان ئەم دوو وڵاتە، لە نیوەی دووەمی ٢٠١٥ چۆن سەری هەڵدا؟ فاکتەرە یەکلاکەرەوە و شوێندانەرەکان لە سەرهەڵدانی ئەم تەنگژەیە کامانەن؟
ئاڵۆزی سیاسی لە نێوان دوو وڵات سەبارەت بە سوریا، لە ئەنجامی سەرهەڵدانی قەیرانی یەمەن پڕرەنگتر بووەوە. دوای ئەوەی کە لە گەرمەی قەیرانی یەمەن، سعودیە و تورکیا، ئێرانیان بەوە تاوانبار کرد کە پشتگیری حوسییەکان دەکات. ئەردۆغان بە ئاشکرا رایگەیاند، کە ئێران دەیەوێ هەژمونی خۆی بەسەرناوچەکەدا بسەپینێت. ئەمەش بۆ تورکیا و هاوپەیمانانی عەرەبی جێی نیگەرانییە.
چەند رۆژی دواتر، ئەردۆغان سەردانی تارانی کرد و لە ئەنجامدا بەشێوەیەکی کاتیدۆخەکە هێوربۆوە. بەڵام دوای سەردانەکەی ڤێلادیمیر پوتین بۆ تاران و پێکهاتنی بەرەوەی تاران-مۆسکۆ-عێراق- سوریا، دیسان کەلێن و ناکۆکیەکانی نێوان ئەودوو وڵاتە سەری هەڵدایەوە.
دوابەدوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی شەڕکەری روسیا، لە لایەن هێزی ئاسمانی تورکیاوە، پەیوەندیەکانی نێوان ئەنقەرە ومۆسکۆ، کەوتە قۆناغێکی ئاڵۆزترەوە. لێرەوە بوو کە هەندێک لە بەرپرسان ومیدیاکانی ئێران لە لێکدانەوە وهەڵسەنگاندنی گرژی و ئاڵۆزیەکانی نێوان ئەم دوو ڵاتە، وەک لایەنگری روسیا دەرکەوتن و تەنانەت رایانگەیاند، کە بە بەڵگەوە دەیسەلمێنن تورکیا و بنەماڵەی ئەردۆغان ، خەریکی سات و سەودا و بازرگانین لە گەڵ داعش.
ئەم مشتومڕانە لە ئاستی دپلۆماسی و میدیایی، ئەنجامەکەی بوو بەوە کە ئەحمەد داود ئۆغڵو هۆشداری دایە ئێران، کە ئەگەر لە سەر ئەم هەڵوێستانەی خۆیان پێداگری بکەن، پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات زیانی زۆری بەردەکەوێ.
لە هەڵوێستێکی دیکەدا، ئەردۆغان لە وتووێژێک لە گەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە، رەخنەی توندی لە سیاسەتی ناوچەیی ئێران و عێراق گرت و رایگەیاند، ئەم سیاسەتانە پەرە بە تایفەگەری و فیرقەگەرایی لە ناوچەکە دەدات.
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە هێزێکی سەربازی تورکیا لە ٢٠١٤ەوە لە سەر داوای حەیدەر عەبادی لە کەمپی بەعشیقە جێگیرەوە، بەڵام بۆمان بۆتە پرسیار کە بۆ تا ئێستا عەبادی بێ دەنگی لێکردووە. لە کاتێکدا بەغدا رایگەیاندووە، هاتنی ئەم هێزەی تورکیا شکاندنی سەروەری و هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە، لە بەرامبەردا تورکیا ئەم تۆمەتەی بەغدای رەد کردۆتەوە.
بەرپرسانی تورکیا جێگیر کردنی ئەم هێزەیان لە سنوورەکانی موسڵ بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێز و هاوسنوور بوون لە گەڵ داعش و بە مەترسی و هەڕەشە زانین بۆ سەر خاکی تورکیا، گەڕاندۆتەوە .
لە پشتەوەی پەردەی ئەم ناکۆکیە دپلۆماسیەی نێوان عێراق وتورکیا، راستییەک خۆی حەشار داوە، ئەویش بوونی رکابەرایەتییەکی ناوچەیی و جیۆپۆلۆتیکی ئێران و تورکیایە لە گۆڕەپانی عێراقدا.
تورکیا پێیوایە، ئێران لە رێگەی دنەدان و یارمەتیدانی دەوڵەتی عێراق، شوناسی سیاسی و شیعەگەری لەم وڵاتەدا بەهێز دەکات. لەم رێگەشەوە هەوڵی جێگیر کردن و بەهێزترکردنی جیۆپۆلۆتیکی شیعە دەدات.
لە روانگەی تورکیاوە،ئێران بەم سیاسەتەی پەرە بە ناکۆکی و شەڕی تایفی و شیعە -سوننە دەدات و تورکیاش بۆی هەیە، هاوسەنگی سیاسی بە زیانی سوننەکان وئەنقەرە بشکێنێتەوە. لەم رووەوە تورکیا نایەوێ هاوسەنگی جیۆپۆلۆتیک لە ناوچەکە لە قازانجی بەرەی ئێران، روسیا، تورکیا و عێراقی شیعە تەواو ببێ.
بەم پێیە ئەم ناکۆکیەی نێوان تورکیا و عێراق زیاتر لەوەی کە رەهەندێکی ناوخۆیی هەبێ، ئاماژەیەکن بۆململانێی قووڵی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی لە نێوان ئەکتەرەکانی خاوەن بەرژوەندی لەم هاوکێشەیە. بە تایبەتی لە نیوان دوو دراوسێ کە میراتی دوو ئیمپراتوریەتی عوسمانی و سەفەوین.
تورکیا رکابەرێکی سەرسەختی ناوچەیی ئێرانە. رەجەب تەیب ئەردٶغان ، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردۆتە مەیدان و بژاردەیەکی ستراتێژی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە. لەم پێناوەشدا ئامادەیە باجەکەی بدات. رکابەری سەرەکی تورکیاش لەم مەیدانە بێ گومان ئێرانە.
هەرچۆنێک بێت ئێران ئەکتەر و گەمەکارێکی سەرەکی و شوێندانەرە لە کایە سیاسی و ململانێ سەربازییەکانی ئەم ناوچەیە. لە ئیستادا چەند بەرە و هاوپەیمانێتیەک لە ناوچەکە هاتۆتە کایەوە کە ئێران و تورکیای روبەروی یەکتر کردۆتە و هەر کام لەم دوو وڵاتە سەرێکیان بەم هاوپەیمانێتیانە بەندە. ئێران نوێنەرایەتی بەرەی ئیسلامی سیاسی-شۆرشگیڕانە وهاوکات میحوەری بەرگری(مقاومت) دەکات. سعودیە ش نوێنەرایەتی ئیسلامی سوننەتی-مێژوویی دەکات. تورکیاش بانگەشەی ئیسلامی لیبڕاڵی و سەرکردایەتی جیهانی ئیسلام دەکات، بەڵام بە سیمایەکی میانڕەو و نەرم ونیان.
لە ئیستادا یەکێک لە ئامانجەکانی بەرەی ئێران، روسیا،عێراق وسوریا بە شێوەی ناراستەوخۆش بێت، پەراوێزخستنی تورکیایە لە دەقی سیاسەتی ناوچەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. قۆناغی دوای رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و گروپی1+5 ئاماژە و دەرفەتێکی بە هێزە بۆهەژمونی ئێرانی و چەسپاندنی باڵادەستی خۆی لە ناوچەکە.
ئەم رێککەوتنە لە روویەکەوە توانای سەربازی ئێرانی رەها کرد . تەراتێنی سەربازی و دەستوەردانی لە کاروباری عێراق، سوریا،یەمەن، لوبنان ئاماژەیەکن بۆ هەوڵی هەژمونخوازی ئەم وڵاتە.لە عێراق. سەرباری کەوتنی پیاوی ژمارەیەکی خۆی(نوری مالکی)، هەیمەنەی خۆی زیاتر لە جاران بە سەر هێزە سیاسی و میلیشیاییەکانی ئەم وڵاتە چەسپاندووە.
هەنووکە بە هۆی لاوازی عەبادی، ئێران عێراقی کردۆتەوە وڵاتێکی تایفەیی و ومەزهەبی ژێر رکیفی خۆی، کە نموونەیەکی هەرە بەرچآویان رێکخستن و یاری بە کارتی حەشدی شەعبیە. دواتر دەستی دایە پێکهێنانی سوپایەکی ئایدیۆلۆژی شەڕکەر کە پێکهاتووە. لە میلیشیا شیعەکانی ئێرانی، عێراقی، لوبنانی و ئەفغانی، کە رەوانەی بەرەکانی شەڕی سوریای کردوون.
تورکیا لەو رووەوە کە هێزی سەربازی هاوتەریبی ئێرانە لە ناوچەکە، زۆر زوو هەستی بە مەترسی کرد. بەرپرسانی باڵای تورکیا تا کوو ئێستا لە چەندین لێدواندا هۆشداریان داوەتە ئێران، کە لە سوریا و عێراق سیاسەتی مەزهەبی و تایفەگەریی پەیڕەودەکات. هەربۆیەش بە توندی رووبەرووی ئەم سیاسەتەی ئێران دەبنەوە.
لە روویەکەوە ئێرانیەکان لە ئەگەری کەوتنی ئەسەد نیگەرانن، هاوکات لە ئامانجی خستنی ئەسەد کە خاڵێکی جەوهەریە، لە سیاسەتی ناوچەیی تورکیا تێگەیشتوون. تورکیا ئامێزی بۆ ئۆپۆزسیۆنەکەی بەشار ئەسەد کراوەیە. ئۆپۆزسیۆن بەم سیاسەتەی تورکیا شادمانە، چونکە دوای کەوتنی ئەسەد بە ئاسانی دەگەنە دەسەڵات.
لە عێراق، بەشێکی بەرچاوی خاکی ئەم وڵاتە لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدایە.ئ ەمەش نیگەرانییەکی هاوبەشی تورکیا و ئێرانە، بەڵام بە دوو بۆچوون و رەهەند وئاراستەی جیاوازدا. قەیرانی عێراق لە ئیستادا بە تایبەت بۆ تورکیا جێی نیگەرانییە، هیچ نەبێت رکابەرەکەی پشکی خۆی بەرکەتووە. ئەمەش وای کردووە کە کاربکاتە سەردۆخی ستراتیژی و سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە.
مێژووی هاوچەرخی عێراق، هەڵگری خەونێکی لە مێژینەی کۆماری تورکیایە، خەونی کۆنتڕۆڵکردنی کەرکوک وموسڵ. لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی تورکیا لە میانەی سەردانی بۆ موسڵ، رایگەیاند” رۆژێک لە رۆژان باپیرانی ئێمە بە سواری ئەسپ هاتنە ئەم ناوچەیە، دوور نییە کە رۆژێک لە رۆژانیش بگەڕێینەوە ئەم ناوچانە”.
سەبارەت بە پێگەی سوریا و عێراق لە سیاسەتی ناوچەیی تورکیا ، کۆمەڵێک گریمانە لە ئارادایە ،لەوانە قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە لە ئەنجامی تیۆری”کێشەی سفر لە گەڵ دراوسێکان”بۆ سیاسەتی دەرەوی ئەم وڵاتە پێکهاتووە. بەڵام ئەمە جۆرە لە گریمانە وهەڵسەنگاندنە ناچێتە خانەی واقعەکانەوە. لە گۆشەنیگایەوەکە،تێکڕای هەڵوێست و هەنگاوەکانی ئەم دواییانە تورکیای دەبێ بخرێنە خانەی جەمسەر بەندی ناوچەیی وجیهانیەوە، کە لە بەرەیەکدا ئێران وروسیا، لە بەرەکەی دیکەدا ئەمریکا، ناتۆ و هاوپەیمانەکانی دەبیندرێن.
موسڵ و لاسەنگ بوونی هاوسەنگی هێز
گرتنەوەی موسڵ هەموو ئەکتەر و رکابەرە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی بەخۆوە سەرقاڵ کردووە. لە خۆیدا گرتنەوەی موسڵ و ئەم پرسە کە دوای پرۆسەی ئازادکرنی دەکەوێتە ژێر رکێفی کامە لایەنەوە، یەکلاکەرەوەیە وڵامی زۆرێک لە پرسیارەکان دەخاتە روو. وەڵامێکی بەردەست ئەمەیە، هەر لایەنێک بتوانێ بۆشاییەکە پڕ بکاتەوە باڵادەستە. هەر بۆیە پرسی هاتنی سوپای تورکیا بۆ موسڵ،بۆتە جێی مشتومڕی لایەنەکان. بە تایبەت لە نێوان ئێرانی پشکدار لە عێراق و تورکیای هەڵوەدای شوێنپێ و پێگە لەم وڵاتە.
بە گشتیی دەکرێ هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناوچەی موسڵ لە چەند خاڵدا گریمانە بکرێت، وەک ئەولەوییەت وئامانجی سیاسەتی ناوچەیی تورکیاولە دووتوێی ئەم گریمانەکردنانەشدا، خوێندنەوە بۆ نیگەرانیەکانی ئێران بکرێ.
– رکەبەرایەتی ناوچەیی لە گەڵ ئێران.
-چەسپاندنی هەژمونی خۆی لە عێراق.
-پاراستی موسڵ وەک ناوەندێکی بازرگانی وستراتیژی، لە ئیستا وئایندەدا.
-پێش گرتن بە هەژمونی دەوڵەتی مەرکەزی و شعیەکانی ئەم وڵاتە.
– چارەسەرکردنی پرسی ئەمنی و کێشەی سەربازی، لە سەرسنوورەکان بە تایبەت لە رووبەروو بوونەوەی لە گەڵ داعش وپەکەکە و لق وپۆپەکانی لە سوریا.
— بەرپەرچدانەوەی روسیا و ئێران، لە گوشارە کانیان بۆ سەر تورکیا.
لێرەوەیە کە پرسی هاتنی سوپای تورکیا بۆ موسڵ، مانەوەیەیان لەم ناوچەیە(هەروەک ئەردۆغان لە دوایین هەڵویستی خۆی رایگەیاندووە). لەهەموو گرنگتر ئەگەری ئازادکردنی موسڵ، بەر لەوەی پەیوەندی بە سەروەری ویەکپارچەیی خاکی عێراقەوە هەبێ، باکگراوندی ململانێیەکی گەورەتر وینا دەکات، کە یەکێک لە وێنەکان پرسی جدی ململانێی ئێران وتورکیایە لەم وڵاتە.