هاوپەیمانی ئیسلامی ، ئامانجە نزیک و دورەکانی

0

عەزیز ئەحمەد حەمە

زیاتر لە نۆ مانگە سعودیە سەرپەرشتی هاوپەیمانیەک دەکات، بە ناوی هاوپەیمانی ئیسلامی بۆ شەڕکردن  لەیەمەن لە دژی حوسیەکان و لایەنگرانی سەرۆکی لەکار لادراو ( عەلی عبدللە ساڵح ) بێ ئەوەی سەرکەوتنێکی بەرچاو لەدژیان بەدەست بێنێت .

لە ئێستاداو پاش ئەوەی سعودیە دەرگای واڵا کرد، هاتنە ڕیزی ( هاوپەیمانی ئیسلامی ) ژمارەی ووڵاتانی بەشدار 34 ووڵاتن ،  دوریش نیە ئەم ژمارەیە بەرەو هەڵکشان بچێت هەروەکو وەزیری دەرەوەی سعودیە لە پاریس، ئاماژەی پێدا. پێدەچێت لەناو ووڵاتانی ناوچەکەدا  هەڵوێستی جیاواز بۆ تێڕوانین لەم هاوپەیمانیەتیە هەبێت. لەم بارەیەوە ڕۆژنامەو میدیاکانی ووڵاتانی کەنداو پێخۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن بەڵام هەندێکی تر بۆ نمونە ڕۆژنامەو میدیاکانی  میسرو لوبنان و عێراق و سوریا، بە دوڕدۆنگی و گومانەوە دەڕواننە ئەم هاوپەیمانیەتە !

 

زۆربەی ووڵاتانی سونی مەزهەب لەم هاوپەیمانیەتیەدا بەشدارن ، کە لەناویاندا زۆربەی ووڵاتە عەرەبیەکان و زیاتر لە 10 ووڵاتی کیشوەری  ئەفریقاو 5 ووڵاتی کیشوەری ئاسیا، لەم بارەیەوە ” عادل ئەلجبیر ” وەزیری دەرەوەی سعودیە لە پاریس ووتی” ئەم هاوپەیمانیەتیە بۆ یەکەم جارە دێتە ئاراوە ، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە ووڵاتانی ئیسلامی پابەندن بە وەی دژی توندڕەوی و تیرۆر بوەستنەوە “. هەروەها وتیشی”بنکەی سەرەکی ئەم هاوپەیمانیەتیە لە ریازی پایتەختی سعودیە دەبێت. بۆ  ئەندامانی هاوبەش تیایدا  زانیاری گۆڕینەوەو کۆمەکی سەربازی و تەنانەت ناردنی هێزی لەشکریش لە حاڵەتی زەروریدا دەکرێت ڕووبدات ” .

هەرچەندە جارێ ڕوون نییە کە ڕوداوەکانی  یەمەن و کۆتایی هێنان بەو کێشەیە چەنێکی تر دەخاێنێت، بەڵام وا پێ ناچێت ئەوە دوا ئەرکی هاوپەیمانێتی ئیسلامی بێت. لەوە دەچێت هەر لەئێستاوە  خۆی بۆ ئەرکێکی تر ئامادە بکات و لە داهاتودا بۆ لێدانی میلیشیا شیعەکان لەناو عێراق و سوریادا، بەکار بهێنرێت کە ئەمەش وا دیارە لە لایەن ئەمریکاو هاوپەیمانێتی  ڕۆژئاواوە پشتیوانی لێ دەکرێت.

قینان ئەلغامیدی لە بارەی هاوپەیمانیەتیەکەوە، لە ڕۆژنامەی ئەلوەتەنی سعودی دەنوسێت ” جێ ی سەرسوڕمان نییە کە سعودیە بەڕۆڵی پێشەنگی کردنی ئەم هاوپەیمانییە هەستێت، چونکە هەمیشە هەڵوێستی کاریگەری هەبوە لە جێگیر کردنی ئاشتی جیهانی و پێکەوە ژیانی مرۆڤایەتی” .

لەگەڵ ئەوەش کە هاوپەیمانی ئیسلامی، لە بنەڕەتدا بۆ لێدانی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستیەکاتی تری وەکو ئەلقاعیدە بنیات نراوە، کەچی  لەئێستاوە ئێران و پاشتریش “عێراق و سوریا کە تاکو ئەندازەیەکی زۆر وەک، پاشکۆی ئێران دێنە بەرچاو ” ترسیان لەم هاوپەیمانیەتیە هەیەو ئەوەندەی توانیبێتیان و بۆیان کرا بێت دانی خێری پیا نانێن. بۆ ناوزڕاندنیشی میدیاو ڕۆژنامەکانیان ڕۆژانە لەدژی ئەم هاوپەیمانیەتیە دەنوسن و قسە دەکەن.

ڕۆژنامەنوسی عەرەبی کوەیتی”عەبدوڵڵاو ئەلهەدلق” لەڕۆژنامەی ئەلوەتەنی کوەیتی نوسیویەتی ” ئێران ناتوانێت ببێتە بەشێک لە هاوپەیمانێتی ئیسلامی، لەبەر 2 هۆ، یەکەمیان چونکە ئەم ووڵاتە زوڵم و زۆرو سوکایەتی زۆر بەرانبەری موسوڵمانانی سوننی مەزهەب لە عێراق  و سوریاو ناوخۆی ئێرانیشد، دەکات. دووەمیشیان ئێران  بۆتە سەرچاوەی تیرۆر لە جیهاندا و هاریکاری و کۆمەکی ماڵی و سەربازی میلیشیا تیرۆریستەکان دەکات لە جهیاندا” .

بەرژەوەندی دوورلەیەک  و زۆر جاریش دژبەیەکی ووڵاتە ئیسلامیەکان، وادەکات کە هەمووان بەیەک چاو لەم هاوپەیمانیەتیە نەڕوانن. هەر بۆیەشە لەو کاتانەی.

ئەم هاوپەیمانیەتیە لە لایەن زۆربەی ووڵاتانی سونی مەزهەب بە چاکو گرنگ دەزانرێت، لە بەرانبەردا لە لایەن ووڵاتی ئێران و عێراق و شیعەکانی تری ناو بەحرەین و لوبنان و ڕژێمی سوریای عەلەویش لەدژی ئەم هاوپەیمانیەتیەن ، چونکە بەهەڕەشە بۆ سەر خۆشیانی دەزانن.

سەبارەت بە ڕای دژبە هاوپەیمانیەتی ئیسلامی ڕۆژنامەی سەفیری لوبنانی دەنوسێت “هاوپەیمانیەتی ئیسلامی ناڕۆشن و تەلیسماوی، بۆچی ؟ لەدژی کێ ؟ بەرەو کوێ ؟ ” وە لە درێژەی باسەکەدا دەڵێت” زۆر پرسیار هەن کە بیکەین  بۆ ئامانجەکانی ئەم هاوپەیمانەتیە ئالیەتی کارکردن لەسەر زەوی ، هەروەها پێناسەی تیرۆر، چونکە عەرەبستانی سعودی کە خۆی خاوەنی بیرۆکەکەیە و سەرکردایەتی هاوپەیمانەتەکەیشی گرتۆتە ئەستۆ. لیستی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان ، دیسانیش دەپرسین ئایا ئەو 34 ووڵاتەی ناو هاوپەیمانیەتیەکە ڕایەکی هاوبەشیان هەیە لەسەر کۆی گشتی بابەتەکان ؟!” .

دەربارەی میسریش بەچاوی ئەرێنی لەم هاوپەیمانیەتیە ناڕوانێت. زیاتریش لە هۆیەک بۆ ئەمە هەیە ، ڕەنگە هۆی سەرەکیشیان بۆ ئەو رکابەرییە مێژووییە بگەڕێتەوە، کە دەیان ساڵە  لەنێوان میسرو سعودیەدا هەیە  کە هەر یەک لەوان دەیەوێت پێشەنگ و سەرکردایەتی جیهانی عەرەبی بکات .

نوسەری عەرەب ناجی ئەلزوبەیدی لە ڕۆژنامەی ئەلزەمان نوسیویەتی”سعودیە بەم هەنگاوەی دەیەوێت لە دژی ئێران و سوریا ڕوسیا، بوەستێتەوە بەمەش ئاگری فیتنەیەک هەڵدەگیرسێنێت،  کە تەنیا خوا خۆی دەزانێت سەرەنجامەکەی بە کوێ دەگات ! وە ئەمەش ڕکابەرایەتی نێوان سەفەویەکان و عوسمانیەکانمان بیر دێنێتەوە کە لە سەدەی 15 و 16 بەردەوام بوو ، وە بە دۆڕاندنی سەفەویەکان کۆتایی هات و دواتریش پەیماننامەی قەسری شیرینی 1639 لێ کەوەتەوە” .   

ئەمریکاو ڕۆژئاوا چۆن لە هاوپەیمانیەتی ئیسلامی دەڕوانن ؟

پێویستە بڵێین، هاوپەیمانیەتی ئیسلامی بەسەرۆکایەتی سعودیە و 34 دەوڵەتی بەشدارتیایدا، هاوپەیمانیەتی ڕۆژئاوا بەسەرۆکایەتی ئەمریکا و 60 دەوڵەتی بەشدارتیایدا . لەزۆر بواردا تەواو کاری یەکتر دەبن. بەجۆرێک کە  لەو کاتەی هاوپەیمانێتی  ڕۆژئاوا پێویستی بە شەرعیەتدانی کارەکانیەتی لەلایەن سعودیەو ووڵاتەئیسلامیەکانەوە، بۆ ئەوەی بە ئازادیەکی زیاتروە بجوڵێتەوە لە  عێراق و سوریاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ، لە بەرابەریشدا  هاوپەیمانەتی ئیسلامی پێویستی بە چەترێکی پارێزگاری نێودەوڵەتی  هەیە لە ڕۆژئاواو نێوەندە نێودەوڵەتیەکاندا تاکو کارەکانی خۆی بێ ترس و دوودڵی جێبەجێ بکات. سەرەنجامیش ئێران خۆی بە زەرەرمەندی سەرەکی دەبینێت لە نزیک بونەوەی ئەم دوو بەرەیە لە یەکتری . ئەمەش وادەکات  بەرەی ( ڕوسیا – ئێران – عێراق – سوریا ) زۆر زیاتر لەوەی کەهەیە لاوازتر دەکات.

سعودیەو ئێران و تەسفیەی حسابات لەسەر زەمینی ووڵاتانی تر !

عەرەبستانی سعودی کە خۆی بە قوتبی گەورەو نوێنەری موسوڵمانانی سوننی مەزەبی جیهان  دەزانێت. ماوەی دەیان ساڵەو لەدوای ڕوخانی ڕژێمی شای ئێران و هاتنە سەرتەختی خومەینی و “حکومەتی ویلایەتی فەقی لە ساڵی – 1979 ” لە ڕکابەرایەتی ئێرانی شیعە مەزهەبدایە کە”ئەمیشیان قوتبی گەورەی شیعەیە و خۆی بە گەورەیان دەزانێت لەناوچەکەو جیهانیشدا ” بە مەترسییەکی گەورەی دەبینێ بۆ سەر خۆیی و ووڵاتە عەرەبیەکانی تری کەنداو، ئەم تێڕوانینەی سعودیەکانیش لەخۆڕا نەهاتوە. هەڵوێستی ئێرانیەکان و ئاخاوتنی بەرپرسانی حکومەتی تاران چەندین جار ئەم بۆچونەی سعودیەکانیان سەلماندوە !.

سەرەنجام ئەوەی بەئاشکرا دیارە ئەمەیە: 

* لەیەمەن سعودیە و هاوپەیمانی ئیسلامی، پشتگیری حکومەتی یەمەن و سوننەی ئەو ووڵاتە بەگشتی دەکەن، لەبەرابەریشدا ئێران پشتگیری  “حوسیەکانی یەمەن و هەوادارانی  سەرۆکی پێشوو، عەلی عەبوڵلا ساڵح دەکات کە لەیەک بەرەدان “.

* لە سوریا، بە پێچەوانەوە ئێران پشتگیری لە حکومەتی بەشار ئەسەدی عەلەوی دەکات، کە زیاتر لە چوار ساڵ و نیوە  لەدژی زۆرینەی عەرەبی سوننەی ئەو ووڵاتەدا لە جەنگێکی خوێناویدایە. لەبەرابەریشدا سعودیەو قەتەر و تورکیا و ووڵاتانی ئیسلامی تریش هاریکاری گروپە جۆراو جۆرەکانی سوننە دەکەن کە لە دژی بەشار ئەسەدو ڕژێمەکەی دەجەنگن .

* لە عێراق، بە هەمان شێوە ئێران پشتگیری لە ڕژێمی بەغداد دەکات، کە شیعەی ئەم ووڵاتە زۆرینەو  باڵا دەستن تیایدا. بۆ سەرکوتکردنی سوننە و کورد پشتگیریان دەکەن. لە بەرابەریشدا سعودیەو تورکیا و ئیمارات و قەتەرو  ووڵاتانی کەنداو، پشتگیری  بەتایبەت لە سوننەو پاشتریش لە کورد دەکەن ، دواسەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، بۆ سعودیەو ئیمارات وە ئەو پێشوازیە گەرمییەی کە لێیکرا  بەڵگەیەکی تری ئەم ڕاستیەن .

* لە لوبنان، بەهەمان شێوە ئێران پشگیری لە  سەرکردەی شیعەی لوبنانی حەسەن نەسروڵڵاو حیزبەکەیشی کە بە ” حیزبوڵڵای لوبنانی”ناسراوە دەکات. لەبەرابەریشدا سعودیەو ووڵاتانی تری کەنداو بەرگری لە “سەعد ئەلحەریری” و سوننەی ئەو ووڵاتە دەکەن .

*لە بەحرەین، ئەم هاوکێشەی شیعەو سونەیە هەر بەهەمان شێوەیە !

سەرئەنجام  

دەتوانین بڵێین،  سعودیەو ئێران ، واتا  قوتبی سوننی و قوتبی شیعی، لەسەر زەوی ووڵاتانی تری ناوچەکە تەسفیەی حیساباتی خۆیان دەکەن !! ئەو ڕکابەرییەی کە لە  نێوان هەردو مەزهەبی ئیسلامی  شیعەو سوننە  هەیە، زۆر بەئاشکرا لە ڕوداوەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا رەنگدەداتەوە .

لەم نێوەندەشدا ئەمریکاو ووڵاتانی تری ڕۆژئاوا، زیاتر لە بەرەی سوننەوە نزیکن و ڕوسیاش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی،  پشتگیری لەبەرەکەی تریان دەکات. زۆر ڕون و ئاشکراشە کەبەرەی یەکەمیان لە بەرەی دوهەمیان زۆر بەهێزترە .

دەربارەی تورکیاش کە ووڵاتێکی گەورەی سوننە مەزهەبی ناوچەکەیەو هاوسنورە لەگەڵ ئێران ، هەرەوەها  مێژوویەکی پڕ لە جەنگ و شەڕوشۆڕی لە گەڵ ئێراندا هەبوە لەسەدەکانی ڕابردودا ئەم ووڵاتەش کەوتۆتە بەرەی هاوپەیمانێتی ئیسلامی سوننەکانەوە   .

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com