تەها بەرواری: کەمکردنەوە لەهەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاشتی هەوڵی تەسلیمکردنی ئەو پرسەیە بە عێراق و تورکیا

0

نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ رەوەندی کورد لە وڵاتانی ئەسکەندەنافیا، ساڵی ٢٠٠١ ستۆکهۆڵم

تەها بەرواری:

گرتنەبەری کەناڵی دیالۆگ کە نێچیرڤان بارزانی زۆر بە جددی هاندەریەتی لەنێوان کوردو تورکیا هەڵبژاردنێکی لۆژیکیە بۆ رەوشێکی هەستیار

کەمکردنەوە لەهەوڵەجدییەکانی نێچیرڤان بارزانی لەمەڕ رووداوە نەخوازراوەکانی ئەم دواییە هەوڵی تەسلیمکردنی ئەو پرسەیە بە رەنگێکی تاکڕەوانە بە عەرەبی عێراقی و حکومەتی تورکیا

جارێکی تر خوێنی کورد بەدەستی کورد ناڕژێت و کوردستان ناچێتە ناو چوارچێوەی هەر رێگاچارەیەک کە بریتی بێت لەڕێچارەی سەربازی

رزگار رەزا چوچانی / سوید

تەها بەرواری وەک کەسێکی سیاسی و شارەزا لەسیاسەتی فەرمی کوردستان و ئاگادار لەرووداوەکانی ناوچەکە، لەم دیمانەیەدا رای خۆی لەباری رووداوەکانی نێوان تورکیا کوردستان دەخاتەروو و تەئکید لەوە دەکاتە کە چی دی خوێنی کورد بەدەستی کورد ناڕژێت و هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لەناوچەکە بەرز دەنرخێنێت، هۆشداری مەترسییە چاوەڕوانکراوەکان دەدات.

بەرواری لەبارەی گرژی سنورەکانی نێوان کوردستان و تورکیا و دواین بەریەک کەوتنی هێزەکانی پەکەکەو تورکیا دەڵێت” روداوەکانی ئەم دواییە بە تایبەتی ئەو بەریەک کەوتنەی لەنیوان ئەرتەشی تۆرکیا و هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان رویداو ئەو کاردانەوانەی لە ئاستی رەسمی عێراقدا هاتونەتە ئاراوە، دەبێت خوێندنەوەی زیاتری بۆ بکرێت و ئەو سیگناڵانە ببینین کە مەترسیان لەسەر هەرێمی کوردستان تێدا بەدیدەکرێت و پەیوەندی نێوان کێشەکان و زیاتربونی مەترسییەکانیش بخوێنینەوە، وەک ئەوەی بە کێشانەوەی هیزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە کۆتای ئەمساڵدا ئەجێندای کلاسیکی ووڵاتانی دەوروبەر چالاکتر دەبێت، فشارەکان بۆ سەر کورد زیاتر دەکات لەوەی هەیە، هەوڵی جدی لاوازکردنی فرەلایەنەی کورد وەک یاریکەرێکی گرنگ لە ناوچە دەدرێت”.

بەرواری وەک کەسێکی شارەزا لە سیاسەتی رەسمی کوردستان قسە دەکات وەک خۆی دەڵێت لەدەرەوەی هەربەرپرسیارەتییەکی رەسمی، کە ئێستا هیچ بەرپرسیارەتییەکی نییە، شیکاری سەردانە بەپەلەکەی نێچیرڤان بارزانی دەکات بۆ تورکیاو رونی دەکاتەوە”سەردانی بەپەلەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی وەک نوێنەری تایبەتی جەنابی سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا، ئامانجی سەرەکی رشتنی ئاوێکە بەو ئاگرەی کە خەریکە گڕبدات بە ناوچەکە و ئەو پرۆسە ئاشتەواییە کە بەهەموو ئەو تێبینیانەی لەسەری هەبوو چاوەڕوانی ئاشتییەکی دوورمەودای لێدەکرا لەناوخۆی تورکیا لەبارببات. کە لەبارچونی ئەو پرۆسەش نە لە قازانجی کورد و نە لەقازانجی تۆرک دایەو لەئەگەری لەبارچونی ئەو پرۆسە ئاشتەواییەش لەناوخۆی تورکیا و پەنابردن بۆچارەسەری سەربازی و توندوتیژی، بێگومان هەرێمی کوردستانیش پریشکی ئەو ئاگرەی وەبەردەکەوێت و زیانێکی گەورەی پێدەکەوێت، بۆیە بەلای هەرێمی کوردستان و سیاسەتی کوردستانەوە گرنگە، کاربکرێت لەسەر هەنگاوی دروستکردنی متمانە نەک روخاندنی ئەو پردانەی دروستکراوون”.

تەها بەرواری هەموو ئەو چاوەڕوانیانە رەتدەکاتەوە کەباس لەسەرهەڵدانەوەی شەڕی کوردو کورد دەکەن و پێشبینی تێکەڵبونی هەرێمی کوردستان بەکێشەو چارەسەری سەربازی نێوان تورکیاو پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن و دەڵێت” ئەوەی بە ووردی خەمی ژمارەیەکەمی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بەدی کردبێت، کە چەندین جار باسی کردووە و رایگەیاندووە کە چیتر خوێنی کورد بە دەستی کورد ناڕژێت و ئەم پەیامەشی بە تایبەتی لە گەشتە سەرتاسەریەکەی هەرێمی کوردستان چەندین جار دوبارە کردەوە، هەروەها بەخوێندنەوەی هەوڵەکانی رێزدار نێچیرڤان بارزانیش کە هەڵگری هەمان خەمی میللییەو کارێکی فرەڕەهەندی جددی بۆی کردووەو دەکات، تێدەگات ئەو چاوەڕوانیانە لەجێی خۆی نییەو هەوڵدان بۆ ورژاندنی وەها چاوەڕوانیەکی هەڵەش لە خزمەتی کورد و یەکڕیزی کورددا نییە، چونکە بەدڵنیاییەوە نابێت جارێکی تر خوێنی کورد بەدەستی کورد بڕژێت و کوردستان ناچێتە ناو چوارچێوەی هەر رێگاچارەیەک کە بریتی بێت لەڕێچارەی سەربازی و توندوتیژی”.

بەرواری، هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ فەراهەم کردنی کەشوهەوایەک بۆ بەجێگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی و پەنابردن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەباکور بەڕێگای ئاشتیانە، بەهەوڵی ژیرانە ناودەبات و ئاماژە بەوە دەکات ” تەسریحاتی بەڕیز مالکی بۆ ناردنی هێز بۆ سەرسنور، سیگناڵێکی تری سەنترالیستەکانی بەغدایە بۆ لاوازکردنی پێگەی رەسمی هەرێمی کوردستان، هەر بۆیەش ژیریەکی زۆر بەرپرسانەیە کە ئەو کارتە لە دەستی خۆدی کورد دابێت و تاکلایەنە نەکەوێتە دەست غەیرە کورد، بۆیە دەبێت لەبەرانبەردا کورد ریالپۆلیتیک بکات و دۆرەپەرێز بێت لە سیاسەتی ئیحساساتی و گرنگە هەموومان ئاگاداربین لەو بەرپرسیارەتیە گەورەی لە سەرشانی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دایە. گرتنەبەری کەناڵی دیالۆگ کە رێزدار کاک نێچیرڤان بارزانی زۆر جددی هانی دەدات هەڵبژاردنێکی لۆژیکیە بۆ رەوشێکی هەستیار. دەبێت هەموو ئەوە بزانین کە هەرێمی کوردستان بەهەر شێوەیەک بێت دەبێت بچێتە ناو کێشەکە چونکە هەبونی هێزی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان، لە سەرسنورەکانی هەرێمی کوردستان ئەم هەرێمە پەلکێشی ناو کێشەکان دەکات بێ ئەوەی بیەوێت، بۆیە هەڵبژاردنی ڕێگای ئاشتی و هاندانی ئاشتی لەنێوان کوردانی باکور و حکومەتی تورکیا، کە ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی کاری بۆ دەکات، باشترین رێگای ئیختیار کراوەو پێویستە هەموو پشتیوانی بکەین، چونکە وەک ئاماژەم کرد ئەگەر هەرێمی کوردستان بۆخۆی کارتەکانی بەدەستەوە نەگرێت و هەوڵی چارەسەرکردنیان نەدات ئەوە کارتەکان دەکەوێتە دەست لایەنی عەرەبی عێراق و دوور نییە هەمان هاوپەیمانی رابردووی نێوان وڵاتانی ئیقلیمی لەدژی کورد کە لەرابردوو هەبوو ئەنجامەکەی بێت، هەرێمی کوردستان کە وەک قەوارەیەکی سیاسی و دەستوری مافی هەیە دەبێت ئەرکی خۆشی بزانێت، گرنگە لەو ئەرکانەدا هەموو کوردێک پەیڕەوی لەسیاسەتێکی مەسئۆلانە بکات، کارێکی لەو جۆرە کورد لە هاوکێشەیەکی پیچیدەی مێژوویی کە تەنها وەک عونسرێکی ئەمنی تەماشای دەکرێت ڕزگار دەکات و خۆشبەختانە لە سایەی هەبونی سیاسەتێکی دروستدا هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا قۆناغێکی گەورەی بڕیوەو گرنگە نەکەوینە هەڵەیەکی مێژوویی لەو چەشنەوە کە کارتەکانمان بە سیاسەتێکی چەوت تەسلیم بە رکابەرەکانمان بکەین، بەدڵنیاییەوە کەمکردنەوە لەهەوڵەجدییەکانی نێچیرڤان بارزانی لەم بوارەدا هەوڵی تەسلیمکردنی ئەو پرسەیە بە عەرەبی عێراقی و حکومەتی تورکیا بە رەنگێکی تاکڕەوانە کە ئەوەش ئاشکرایە لەخزمەتی کورد و پرسەکەدا نابێت”.

هەر لەدیمانەکەیدا، تەها بەرواری گەشبینی خۆی رادەگەیەنێت بەئەنجامی هەوڵەکانی ئاشتەوایی و هۆکارەکانی گەشبینی خۆی وا باس دەکات کە” لە تەسریحاتی رەسمی پارتی کرێکاران هەست بە بڕواهەبونیان بە پرۆسەی ئاشتی دەکرێت و سیستەمی سیاسی تورکیاش جیاوازە لە سیستەمەکانی تری ووڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زۆر بواردا و پرۆسەی کاندیدبونیان بۆ ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپاش فاکتەرێکی هاوکارە کە کەناڵی کارکردن بۆ گەییشتن بە ئامانجەکان بە رەنگێکی ئاشیتخوازانە زیاتر دەکات، بۆیە گرنگە هەموو لایەک رێخۆشکەر بێت بۆ درێژەدان بە دیالۆگ و چارەسەرێکی سیاسی ئاشتیانەی پرسەکان کە لەو کاتەدا هەم کورد و هەم تورک بەرەندە دەبن”.

لەناو هەموو هەوڵەکانی ئاشتەواییدا، بەرواری کاری راگەیاندنکاران جیاواز نابینێت لەگەڵ ئەوەی” دۆخی باشەی ئەم ساڵانەی دوایی کە باڵادەستبووە لەنێوان پارتە سیاسیەکانی کوردستان”، ئەرێنی دەبینێت، بەلاشییەوە گرنگە “راگەیاندنکاران هاوکاربن و هەست بە هەستیاری ئەو پرسە بکەن و تێبگەن کە هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت بە ئەرکی یاسایی سەرشانی خۆی هەڵبستێت و چەند گرنگە هەرێمی کوردستان ئەرکی خۆی بە ئاراستەی ئاشتەواییدا بشکێنێتەوە و سەرکەوێت بەسەر ئەو هەوڵانەدا کە دەیانەوێت کوردستان تێکەڵ بەشەڕ بکەن، یان بەهۆی کارتی هەبونی پارتی کرێکاران لە سەر سنورەکانی کوردستان لە گرنگی و لەپێگەی ئەو هەرێمە کەمبکەنەوە، دەبێت بەهەستکردن بەم هەموو پیلانە لەدژی کوردستان بۆ گەمەی ژیرانەی هەرێم لەو پرسەدا بڕوانن و هاوکاری سەرخستنی بن، نەک هاوکاربن بۆ هەوڵەکانی دەرهێنانی ئەو کارتە لەدەستی هەرێمی کوردستان و تەسلیمکردنی تەنها بە حکومەتی عێراق، گرنگە راگەیاندنکاران بزانن کاری شێواندن ئاسانە بەڵام دلسۆزی نواندن و دروستکردنی متمانەی هەنگاوبەهەنگاوی درێژخایەن کە ئەرکی سەرشانی هەموومانە هونەرکاری دەوێت”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com