نوچەنێت:تایەبەت
ئیهود یاری، یەکێ لە لێکۆڵەرانی پەیمانگای واشنتۆن، سەرەتای ساڵی زایینی، راپۆرتێکی سەبارەت بە دیداری یەکێک لە بەرپرسانی باڵای حەماس لە گەڵ سەرکردەی داعش لە سەحرای سینا بڵاو کردەوە. ئەم راپۆرتە دواتر لە لایەن حەماسەوە رەتکرایەوە، بەڵام لە ئێستادا وردەکاری زیاتر سەبارەت بە پەیوەندی نێوان حەماس و داعش، هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ داعش بڵاو دەکرێتەوە.
بە پێی راپۆرتێکی رۆژی ١٥ی سێبتەمبر ئیهود یاری، گوتویەتی: حەماس لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا هاوکاری و پڕچەک کردنی داعش لە سەحرای سینای میسر، لە لایەن حەماسەوە رووی لە زیادبوونە. ئەم پەیوەندیانە دوابەدوای دیدار و چاوپێکەوتنی دوورودرێژی شادی المنای، سەرکردەی داعش لە سینا لە گەڵ حەماس، لە ئێستادا گەیشتووەتەوە لووتکەی خۆی.
داستانی ئەم پەیوەندی و یارمەتیانە بەم شێوەیە، نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر، داعش ژمارەیەک چەکی لە ئێران وەرگرتووە وگەیاندوویەتیە دەستی حەماس. ئەم چەکانە بە هۆی کەشتییەوە راگوێزراون. بۆ ئەوەی سوپای میسر نەیانبینێت. کەڵکیان لە عەشیرەتە عەرەبەکان وەرگرتووە تا ئەم چەکانە بگەیێننە تونێلەکانی سینا.
بەرامبەر بەم هاوکارییە، کۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەک مووشەکی دژەتانکی داوە بە داعش. داعش هەر بە هۆی ئەم مووشەکانەوە چەند تانکێکی میسری کردووەوە ئامانج و لە ناوی بردوون. حەماسیش مەشق و راهێنانی بەژمارەیەک لە تیرۆریستەکانی داعش کردووە و شێوازی بە کارهێنانی چەکی ئێرانی فێر کردوون.
یەکێک لە نێوەنگییرییە سەرەکیەکانی نێوان داعش و ئێران لەم سات و سەودایە، فەرماندەی پێشووی سوپای عیزەدین قەسامە بە ناوی ئایمەن نوفاڵ.
نوفاڵ پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٨ لە لایەن میسرەوە دەستگیرکراوە، بەڵام هاوکات لە گەڵ بزووتنەوەی بەهاری عەرەبی، توانی خۆی لە زیندان دەرباز بکات.
بابەتی پەیوەندی لە گەڵ داعش بۆتە هۆی ناکۆکی لە نێوان حەماسدا. ئەم ناکۆکیانە بە رادەیەکن کە تەنانەت لە دانیشتنەکانی لیژنەی سیاسی وئەنجومەنی حەماس لە هەر جۆرە باس و بڕیاردانێک لەم بارەیەوە خۆیان دەبوێرن. کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵدایە بۆ درێژەدان بە پەیوەندیەکانیان لە گەڵ داعش، گوشار بخاتە سەر حەماس .ئەم مەسەلەش بۆتە هۆی ئەوەی کە خالید مەشعەل وئیسمائیل هەنیە، لە قەتەر و غەزە چاوپۆشی لە پەیوەندی لە گەڵ داعش بکەن و فەرماندەکانی حەماس کە زۆرتر لە ژێر نفوز و کاریگەری ئێراندان، بە شێوەی سەربەخۆ و بە هاوبەشی لە گەڵ داعش، بە چەکی ئێرانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەن.
پرسی پەیوەندی نێوان داعش-ئێران-حەماس،لە میسر هەرای نایەوە. سەرەتای ئەمساڵی زایینی، دادگای تایبەت بە کاروباری فریاکەوتنی (اضطراری)میسر، هێزی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازی حەماسی بە گرووپی تیرۆریستی راگەیاند. هەر جۆرە چالاکییەکی ئەم گرووپەی قەدەغە کرد. هەر لەم پەیوەندیەدا بەرپرسانی ئیداری و سەربازی میسر، ئاماژەیان دابوو بە پەیوەندی حەماس لە گەڵ داعش وهەروەها قاچاخی چەکی ئێرانی بۆ سەحرای سینا. ئاژانسی هەواڵنێریی رۆیتەرزیش لە زاری بەرپرسانی دەوڵەتی میسرەوە نووسیبووی، کە ئەم پەیوەندیە دەگەرێتەوە بۆ نزیکایەتی داعش و حەماس لە رووی فکرییەوە. ئەم پەیوەندیە فکریە بە هەر رادەیەک نزیک بێ، دابین بوون و مسۆگەربوونی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی لە گرینگترین هۆکارەکانیەتی.
تاوەکوو ئێستا بە شێوەی فەرمی ئاماژەیەک بە پەیوەندی نیوان داعش وکۆماری ئیسلامی نەدراوە. راپۆرتەکانی ئەم دواییانەی ئیهود یاری رەنگە یەکەم راپۆرتی پرۆفیشناڵ بێت، کە بە بەڵگە، پەیوەندی نێوان داعش وکۆماری ئیسلامی ئێران دەسەلمێنن.
لە مانگەکانی رابردوودا ودوای بڵاوبوونەوەی هەواڵ وئەگەری مەترسیەکانی داعش بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، موستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وتارێکدا،هەندێک زانیاری خستبووە روو نوسیویەتی” بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە ئێمە(حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران)گەیشتووە، هەواڵی مەترسی وهەڕەشەی داعش بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، بە تەواوەتی هەواڵێکی درۆ و چەواشەیە. ئێران لە ئێستادا نە تەنها لە لایەن داعشەوە هیچ هەڕەشەیەکی لە سەر نییە، بەڵکوو هەر وەک رابردوو مۆرەکانی بەستراوە بە کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی، بە شێوەیەکی بەرچاودزەیان کردۆتە ناو ئەم گرووپە”.
بڵاوبوونەوەی دوایین راپۆرتی ئیهود یاری، لە ماڵپەڕی پەیمانگای واشنتۆن سەبارەت بە پەیوەندی نیوان داعش وکۆماری ئیسلامی ئێران. زانیاریەکانی ئاماژاپێدراو لە لایەن سکرتێری حدکا وە پشتڕاست دەکەنەوە.
خێرایی گۆڕانکاریەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەکە کە لە ئێستادا بە بیستنی هەر جۆرە هەواڵێک تووشی سەرسووڕمان نابین. ئەگەر تا چەند مانگی رابردوو،د اعش لە سینا بە هەڕەشەوە حەماسی بەوە تاوانبار دەکرد کە بە پێی پێویست شەریعەتی ئیسلامی پەیرەو ناکات، بەڵام ئیدی ئێستا لە رێگەی ئێرانەوە زەمینەی هاوکاری وپەیوەندی لە نێوانیاندا فەراهەم کراوە.
کۆماری ئیسلامی، بە هۆی بوونی داعشەوە ئەو پەڕی سوودی خۆی لە ناوجەکە وەرگرتووە. خودی بوونی داعش بۆتەوە هۆی ئەوەی کە هەژمونی ئێران لە عێراق و سوریا دوو قات زیاتر بێ.
داعش بووە هۆی ئەوەی کە ئێران لە عێراق حەشدی شەعبی پێک بێنێ و بە کەڵک وەرگرتن لەم حەشدە بەرژوەندیەکانی خۆی، لەم وڵاتە دابین بکات.
لە سوریا بە هەزاران کەس لە هێزە سەربازیەکانی خۆی بە بیانووی شەڕ لە دژی داعش جێگیر کردووە و بە ئاشکرا لە سەر نەکشانەوە، حوزوری زیاتر و گرینگی ئەم وڵاتە پێداگری دەکات.
گریمانەی ئەوە دەکرێ کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ، بە سەرنجدان بە دابەش بوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەر هێزە جیهانی و ئیقلیمیەکان بە تایبەت ئێران و سعودیە، رژێمی ئێران زۆرترین سوود لە داعش و پەیوەندیەکانی لە گەڵ ئەم گرووپە وەربگرێت. جێی ئاماژەیە کە بە سەرنجدان بە پەیوەندی نێوان حەماس و ئەکتەرەکانی دیکەی ناوچەکە کە زۆرتر لە بەرەی دژبە ئێراندان، رەنگە ئێران نەتوانێ بە گوێرەی پێویست کەڵک لە حەماس وەربگرێ بەڵام داعش بە کردەوە سەلماندوویەتی، کە هیچ سنوورێک ناناسێ و ئەمەش دڵخوازی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.