باڵی ئیخوانەکان دژ و باڵی یەکێتییەکان هەوڵی بۆ دەدەن
نوچەنێت: تايبەت
داوای دامەزراندنی هێزی چەکدار لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان، دابەشبوونی ئەو هێزە بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەک ئاشکرا دەکات. کۆنە ئیخوانەکان بەتوندی دژ بەدروستکردنی هێزی چەکدارین و کۆنە یەکێتییەکانی ناو ئەو بزوتنەوەیە دامەزراندنی ئەو هێزە بۆ ڕاگرتنی باڵانسی سیاسی و بەرەوڕوو وەستانەوەی پارتی، بەپێویست دەزانن .
لەسەوروبەندی ورژاندنی پرسی دامەزراندنی هێزی چەکداری، لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە، لەلایەن بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان، جێگرى سەرۆكى ليژنەى ناوخۆو ئاسايش و ئەنجومەنە خۆجێيەكان لەپەڕلەمانی کوردستان، بۆنوچەنێت ئەوەی خستەڕوو کە دروستکردنی هەرهێزێکی چەکدار دەبێ بەپێی یاسا و لەڕێی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگەوە بێت.
هەر لەو بارەیەوە فەریق جەمال محەممەد، سوپاسالاری پێشمەرگەی کوردستان بەکوردستان 24ـی راگەیاند”وەزارەتی پێشمەرگە رێگا بە ھیچ ھێزێکی چەکداریی نوێ نادەن، کە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دروست بکرێت”. بەڵام هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان وای دەبینن لەکوردستان تائێستاش پێشمەرگە هێزی حزبە و ئەوانیش ئەو مافەیان هەیە هێز دروست بکەن. عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە چەمچەماڵ، دامەزراندنی یەکەم دەستەی چەکداریی بزوتنەوەی گۆڕانی راگەیاند.
لەبەرانبەر ئەو هەنگاوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەرپرسێک لەوەزارەتی ناوخۆی حکومەتی کوردستان، بۆ نوچەنێت دەڵێت” ئەو چەند چەکدارەی کۆکراونەتەوە لەچەمچەماڵ بانگەشەی بێ مانایە، چونکە ئەوانە پێشتر وەک خۆ بەبەخش بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش خۆیان ناونوسکردووە، تا ئیستاش بزوتنەوەی گۆڕان بەفەرمی ئەوەی رانەگەیاندووە کەهێز دروست دەکات، چونکە خۆیان دەزانن ئەوە ریسککردنە بەمانەوەیان لەکوردستاندا، لێرە هیچ کەس و لایەنێک لەسەرووی یاساوە نییە، یاساش رێگە بەوە نادات”.
ئەو بەرپرسانەی بزوتنەوەی گۆڕان، کەبانگەشەی دامەزراندنی هێزی چەکداریان دەکرد و وەک هەنگاوێک بۆ رزگارکردنی بزوتنەوەی گۆڕان خستیانەڕوو، لەو پەراوێزخرانە سیاسییەی ڕووبەڕوویان بۆتەوە، بەڵام دەرگای کێشەیەکی گەورەتری ناوخۆیی بۆ بزوتنەوەکە کردەوەو دابەشبوونی ئەو هێزەی بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەکدا ئاشکراکرد، کەبریتین لە کۆنە ئیخوانەکان و کۆنە یەکێتییەکان.
ئەو سەرکردانەی بزوتنەوەی گۆڕان کەداوای چەک دەکەن، بەشێکی زۆر لەهەوادارانی ئەو بزوتنەوەیە بەتایبەت ئەوانەی کۆنە یەکێتین، پشتیوانی داواکەیان دەکەن، بریتین لە عەدنان عوسمان، و بابەکر دڕەیی، عەدنان کۆنە زەحمەتکێشانە کەوەک باڵێکی یەکێتی کاریان دەکرد، و بابەکر دڕەیی كۆنە يەكێتيیە.
هاوكات ئەو بەرپرسانەی بزوتنەوەی گۆڕان کەبەتوندی پرسی چەک هەڵگرتن رەتدەکەنەوە، بریتین لە باڵى ئيخوانەكان، كە پێکدێن لەعەلى حەمەساڵح و هوشيارو عەبدوڵلآ و يوسف محەمەد، پێيانوايە دەبێت گۆڕان درێژە بەخەباتى مەدەنى خۆى بدات.
چاودێرانی سیاشی پێیانوایە، ئەو دابەشبوونەی بزوتنەوەی گۆڕان بەسەر دوو باڵی ئیخوان و کۆنە یەکێتییەکاندا، چارەسەرکردنی ئاسان نابێ چونکە بەپێی زانستەکانی دەرونناسی و پەروەردەیی، ئەو مرۆڤەکان لەسەرەتادا لەسەر هەر بیروباوەڕێک پەروەردە بکرێن. دواتر ئاسان ناتوانن لەو گۆشکردنە تێپەڕێنن. ئەو جۆرە لەپەروەردەکردنەش بەکارو هەنگاوەکانی داهاتووتریانەوە رەنگدانەوەی دەبێت.
هەر بەپێی ئەو خوێندنەوەش کۆنە ئیخوانەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان کەپەروەردەکراوی بڕوایەکی دژ بەچەکن. کۆنە یەکێتییەکان لەناو ئەو بزوتنەوەیە کە پەروەردەکراوی رێکخراوێکی شۆرشگێڕیی چەکدارن، ئاسان ناتوانن لەو بڕوایەی خۆیان دوور بکەنەوە. ئەوەش گرفتێکی گەورە بۆ داهاتووی بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەکات.
ئەو جیاوازییە لەپەروەردەی ئەو دوو باڵەدا، خیتابی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانی دابەشکردووە. هوشيارعەبدوڵڵا، سەرۆكى فراكسيۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى عيراق، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەيسبوک نوسيويەتى” دەبێت گۆڕان درێژە بەبەرنامەو كارى خۆيبدات، بۆئەوەى وەك هێزێكى مومەيەز و جياوازبمێنێتەوە و لەحزبەكانى ترنەچێت. گۆڕان كە گەورەترين هێزى كوردستانە، بەسياسەتى مەدەنى گەيشتۆتە ئەو رۆژە. دەبێ ئەو سيماتە وەك ستراتيژى قوڵ و نەگۆڕ سەيربكات. ئەو دۆستانەش كە داواى چەك هەڵگرتنيان كردووە، لەوە بێهيوا بوون كە چەك بێلايەن بكەن، بۆيە گەيشتوونەتە ئەو قەناعەتە”.
بەڵام وێڕای بەتوندی وەستانەوەی کۆنە ئیخوانەکان بۆ چەکدارکردنی بزوتنەوەی گۆڕان، عەبدوڵلآى كوێخا موبارەك ئەندامى جڤاتى نيشتمانى گۆڕان و باژێروانى چەمچەماڵ، ڕایگەیاند”من لە ئەمڕۆوە هێزى چەكدارى خۆبەخش دروستدەكەم بۆ بزووتنەوەى گۆڕان، وەك هيوايەك بۆ ئەو هەڵسوڕاوانەى كە پێيانوايە ئەبيێت گۆڕان هێزى چەكدارى هەبێـت”.