نوچەنێتتایبەت
کەسە نزیکەکانی “حەسەن خومەینی” نەوەی روحوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایانگەیاندووە: کە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری کاندید دەکات.
ئەمە بە یەکەمین چالاکی سیاسی حەسەن خومەینی، لە پانتای سیاسەتی ناوخۆی ئەم وڵآت دێتە هەژمار. حەسەن خومەینی لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا لە پشتەوەی پەردەی سیاسەتی ئێران دەستێکی باڵای هەبووە. دەکەوێتە ناوبازنەیەکی سیاسی بە هێزەوە. محەممەد خاتەمی و هاشمی رەفسەنجانیش لە خۆ دەگرێ. لەم ساڵانەی دواییدا حەسەن خومەینی، وێڕای عەلی ئەکبەری ناتق نوری لەم بازنەیە رۆڵێکی ئەکتیڤیان بینیوە. لەم رووەوە ئەم ئەڵقەیە وەک بەهێزترین ئەڵقەی سیاسی میانەڕەوەکانی ئێران دێتە هەژمار، کە بەشێکی زۆر لە سیماناسراو و بەناوبانگەکانی ریفۆرخوازان و ئوسوڵگەراکان لە خۆ دەگرێ.
نزیکترین دامەزراوەی سیاسی لە حەسەن روحانی “مجمع روحانیون مبارز”ە کە محەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری دەوڵەتی ریفۆرمخواز سەرۆکایەتی دەکات.
لەم هەلو مەرجەدا کە بڵاوبوونەوەی وێنە وهەواڵەکانی پەیوەندیدار بە خاتەمی قەدەغەکراوە. هاتنی حەسەن خومەینی بۆ ناو ململانێ و رکابەرایەتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایان، کە یەکێ لە ئەرکەکانی هەڵبژاردنی رابەری کۆماری ئیسلامییە. دەتوانێ دادی ریفۆرمخوازان بدات و لە تەنگانە دەریانبێنێ.
ریفۆرمخوازەکان لە ئەگەری نەهاتنی حەسەن خومەینی ، بە سەرنج دان بە بەربەستە یاساییەکانی سەر رێگای حەسەن روحانی، ناچاردەبوون کە لە میانەی چالاکی و بانگەشەکانی کاتی هەڵبژاردن، پەنا بۆ رەفسەنجانی ببەن، بەڵام لە ئێستادا دەتوانن بە نەفەسێکی گەرم حیسابی تایبەت، لە سەر نەوەکەی خومەینی بکەنەوە.
لەم گۆشەنیگایەوە، راگەیاندنی کاندیداتۆری حەسەن خومەینی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایان، باندۆر و کاریگەری ئیجابی لە سەر دۆخ وپێگەی ریفۆرمخوازان دەبێت، بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەم وڵاتە کە بڕیار وایە بە شێوەی هاوکات لە مانگی کۆتایی ساڵی هەتاوی بەڕیوەبچن.
لەم رووەوە گرنگی وهەستیاری رکابەرایەتی هەڵبژاردەکانی ئەم ساڵ، پێدەجێ دوو هێندە زیاتر بێ. بەو پێیەی کە لە ئەدەبیاتی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا باوە ،چاوەڕوان دەکرێ بازاڕی هەڵبژاردنەکان. بازارێکی گەرم وگوڕ بێت.
هاوکات هاتنی حەسەن خومەینی ، ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ گەڕانەوەی بنەماڵەی خومەینی بۆ ناوگۆڕەپانی سیاسی ئەم وڵاتە. لە دوای مەرگی باوکی، واتە”ئەحمەدی خومەینی” بنەماڵەی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەرە بەرە لە گۆڕەپانی سیاسی ئەم وڵاتە دوور خرانەوە.
حەسەن خومەینی لە ١٠ ساڵی رابردوودا، توانیویەتی خاڵی کۆتایی لە سەر ئەم رەوتە دابنێ و بەکردەوە توانی پێگەی بنەماڵەی خومەینی تا ئاستێکی بەرزبنیات بنێتەوە.
گەڕانەوەی بنەماڵەی خومەینی لەم رووەوە جێی سەرنجە، کە لە هاوکێشەکانی پەیوەندیدار بە ئایندەی رێبەریی لە ئێران، دوو بنەماڵە دەتوانن رۆڵی سەرەکی بگێڕن، بنەماڵەی عەلی خامنەیی و بنەماڵەی خومەینی.
عەباکەی رێبەری ئێران لە بنەماڵەی خومەینی، گەیشتووەتە بنەماڵەی خامنەیی و لە ئیستادا ئەو کەسانەی کە خۆشحاڵ دەبن بە گەڕانەوەی ئەم عەبایە کەم نین .دژایەتی هەندێک لایەن لە گەڵ کاندیداتۆری حەسەن خومەینی و هاتنی بۆ ناو گەمەی هەڵبژاردنەکان، دەکرێ لەم گۆشەنیگاوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
دژبەرانی حەسەن خومەینی(بە ریفۆرمخواز و ئوسوڵگەراوە) و لایەنگرانی ئەم بۆچوونە لە سەرمانەوەی حەسەن خومەینی لە هەیمەنە و مەوقعی مەزهەبی بنەماڵەیی ناوبراو پێداگرن و نایانەوێ کە نەوەکەی خومەینی، لە مەرجەعێکی گەورەی شیعەوە ببێتە ئەکتەرێکی سیاسی وپێ بخاتە گۆڕەپانی سیاسەتی ئەم وڵاتە.
سەرباری ئەمانەش، تەنها کاندیداتۆری حەسەن خومەینی لە هەڵبژاردنەکان، پێناچێ ببێتە هۆی لاسەنگ کردنی باڵانسی سیاسەتی ئەم وڵاتە. ئایندەی سیاسی نەوەکەی خومەینی گرێدراوە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لە سیاسەتی ناوخۆیی ئەم وڵاتە وەکوو ئەکتەرێکی سیاسی.
کەڵەکە کردنی ئەزموونی سیاسی ئەگەر سەرکەوتنی لە گەڵ بێ، دەتوانێ شانسی ناوبراو بۆ قۆناغەکانی دواتر و هەستیارتر بباتە سەر.
حەسەن خومەینی گەنجە. خۆش تیپ و خۆشەویست. زانستی سیاسی و فقهی بە رۆژی هەیە. ئاشنایەتی و ناسیاری لە سەربیرورای گشتیی و میدیا هەیە و لە سەرنجڕاکێشانراکیشانی سەرنجیان لێزانە. هەروەها بنەماڵەی خومەینی زۆر یەکگرتووانە پشتگیرییان کردووە.
لەم ساڵانەی دوایی پەرەی بە دامەزراوەکانی ژێردەستی خۆی داوە لە شارەکانی قوم و تاران، تۆڕی زانستی پێکهێناوە و ریفۆرمخوازەکانێش لە سەری تەبا و هاودەنگن. جیا لە راگەیەنی تایبەتی خۆی(ماڵپەڕی جەماران)،چەند رۆژنامەی ریفۆرمخوازی بە دەورەوەیە و ئوسوڵگەراکانیش زۆر بە پارێزەوە هەڵسوکەوتی لە گەڵ دەکەن.
حەسەن خومەینی لەم ساڵانەیی دوایی، جەختی لە سەر رەهەندی ئەخلاقی سیاسەت کردۆتەوە و هەوڵی داوە کە کەسایەتی و بیری سیاسی باپیری، لەم گۆشەنیگاوە بە کۆمەڵگای ئێران بناسێنێ. لە ئێستادا زۆر تامەزرۆیە وەها رۆڵێک بگێڕێ، ئەوەی کە حەسەن خومەینی هانداوە بیر لەم ڕۆڵە بکاتەوە رەنگە زیاتر لە هەمووان،دابونەریتی کۆمەڵایەتی و رابردووی بنەماڵەکەی بێت لە لایەنگرانیدا.
ئەم مەراق وتامەزرۆ بوونەوەی نەوەکەی خومەینی، دەتوانی ئاماژەیەکی ترسناک و هەڕەشە ئامێژ بێت بۆ رەوتی توندرەوی ئەم وڵاتە. سەرباری ئەوەی کە وەک”سەرمایەیەکی نیشتمانی” ناوی دەبەن، بەڵام شاراوە نییە کە بە دەگمەن ئارەزووی سەرکەوتنی ناوبراویان هەیە. توندڕەوەکان بە باشی لەوە تێگەیشتوون کە سەرکەوتنی حەسەن خومەینی، بە مانای سەرکەوتنی ریفۆرمخوازەکانە. هەمان ئەو رەوتەی کە لە لایەن توندڕەوەکانەوە بە “فیتنەگەر”باسیان دەکرێ.
جێی سەرنجە، ئەم نیگەرانییەی توندڕەوەکان بە رادەیەکە کە بیر لە رەدی دەسەڵاتی نەوەکەی خومەینی بکەنەوە و رێگەی پێنەدەن بەشداری لە هەڵبژاردەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری بکات.
ئاماژەکان روونن،هاوکات ریفۆرمخوازەکانیش نیگەرانیەکانی خۆیان نەشاردۆتەوە و رایانگەیاندووە، حەسەن خومەینی خەریکی وتنەوەی دەرسی خارج لە فقهەیە. نابێ بە شێوەی نوسین تاقی بکرێتەوە.
لە بەرامبەردا، توندڕەوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەمە نابێتە بەڵگە.
ئەو کەسانەی کە لە لایەن ئەنجومەنی نیگابانەوە، بە پێویست دەزانرێت دەبێ بە شێوەی نوسین تاقی بکرێنەوە. خودی ئەم مشتومڕانە دەرخەری ئەگەری رەدی دەسەڵاتی ناوبراون.
رەدی دەسەڵاتی حەسەن خومەینی بە هۆی لەمێژینەی ریفۆرمخواز بوونی، یان تەمەنی کەمی بۆ خۆکاندید کردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایان. هەر وەها ئەو نیگەرانیانەی کە لە داهاتوودا چاوەڕێ دەکرێ، بە دوور نییە.هەر چەند هاوکات دەتوانی رووداوێکی کاریگەر و سەیر بێتە بەرچاو و قورسایی و کاردانەوەی چاوەڕوان نەکراوی بەدوادابێ.
پێشووتر، هەندیک لە نەوەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی کە خۆیانن بۆ هەڵبژاردەکانی پەرلەمانی ئەم وڵاتە کاندید کردبوو، رەدی ئەو دەسەڵاتە کراون، بەڵام حەسەن خومەینی سیمایەکی جیاوازە .لە ئیستادا وەک هێما و سیمبولی بنەماڵەی خومەینی پیر هەژمار دەکرێ. لە ئەگەری رەدی ئەو دەسەڵاتەی، ئەگەری شەڕێکی تەمام عەیاری ئاشکرا لە ئارادایە. ئەم شەڕە ئاشکرایە. رەنگە مانای شەڕی سەر شەقام نەدات، بەڵام کارتێکەری و قورسایی خۆی لە یەکلاکردنەوەی هاوکێشە سیاسیەکانی ئەم وڵاتە دەبێت و تەنگژە و ململانێی باڵەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی، بەرەو ئاقارێکی دیکە ئاراستە دەکات.