نوچەنێت؛ تایبەت
خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی شەڕکەری روسیا لە لایەن هێزی ئاسمانیی سوریا، هەروەها کوژرانی فڕۆکەوانێک لە لایەن میلیشیا تورکمانەکانی سوریا، بۆتە هۆی ناکۆکی و ئاڵۆزی دبلۆماسی لە نیوان مۆسکۆ وئەنقەرە.
بیانوی هەردولا بۆئەم مەبەستە ئەوەیە کە تورکیا دەڵێت، فڕۆکە روسیەکە سەروەری ئاسمانیی تورکیای شکاندووە. لەبەر ئەوەشە کراوە بە ئامانج. هەرچەندە روسیا ئەوە رەتدەکاتەوە.
پیشتر تورکیا چەندین جار سەبارەت بە شکاندنی سەروەری ئاسمانی وڵاتەکەی لە لایەن هێزی ئاسمانیی روسیاوە هۆشداریدابو. هاوکات رێکخراوی ناتۆ پشتگیری خۆی بۆ تورکیا دەربڕیوە. باراک ئۆباما، سەرۆککۆماری ئەمریکاش لە پەیوەندییەکی تەلەفونی لە گەڵ رەجەب تەیب ئۆردۆغان، جەختی لە سەرپشتگیری وڵاتەکەی و رێکخراوی ناتۆ لە تورکیا کردۆتەوە.
بە پێی راگەیێنراوی کۆشکی سپی، رێبەرانی ئەمریکا وتورکیا سەبارەت بە کەمکردنەوە وپێشگرتن بە تەشەنەکردنی ئەم ناکۆکیانە هاوڕا وکۆکن.
روسیا لە ئیستادا کۆمەڵێک رێوشوێنی گرتۆتە بەرو پەیوەندییە سەربازیەکانی خۆی لە گەڵ تورکیا پچڕاندووە. هەروەها هەنگاوی جددی بۆ بەهێزترکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی خۆی لە دژی داعش ناوەو باسی لە ناردنی ناوێکی مووشەک هاوێژ کردووە بۆ بەندەری لازقیە و هەندێک گەمارۆ و سزای ئابووری خستۆتە سەر تورکیا.
لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، ئایندەی ئەم ململانێیە تا چ ئاراستەیەک دەروات؟
لێدوانەکانی ڤێلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری روسیا ئاماژەیەکی روونن بۆ ئەوەی کە ناکرێ بە تەواوی هیواداری دەرببڕین بە دامرکاندنی ناکۆکییەکان. پوتین هۆشداری داوە کە ئەم کردەوەیەی هێزی ئاسمانیی تورکیا دەرهاویشتە و کاریگەری جددی لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات بەدوادادێت.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی روسیا، بەرپرسانی تورکیای بەوە تاوانبار کردووە کە پەیوەندی راستەوخۆی ئابووریان بە داعشەوە هەیە. بە تایبەت لە رووی بازرگانی نەتەوە. تەنانەت خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی بە”کردارێکی جینایەت کارانە” ناوبردووە.
لێرەدا دەکرێ گریمانە بکرێ کە ڤێلادیمیر پۆتین، ئەم کارەی تورکیا بە بێ وەڵام ناهێڵێتەوە. مۆڕال و هەڵسوکەوتی ناوبراو لە هەڵسوکەوت لە گەڵ جوداخوازانی چیچان، گۆڕانکارییەکانی ئۆکراین و چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر داعش بە هۆی هێرشی مووشەکی و بۆمبهاوێژە ستراتیژیکەکان، ئەم گریمانەیە بەهێزتر دەکات.هەر بۆیە دەکرێ وێنای ئەوە بکرێ کە پوتین بیر لە دژکرەوە دەکاتەوە. هەر جۆرە کاردانەوەیەکی پوتین، گرێدراوە بە هەلومەرجی هەنووکەیی و چۆنیەتی رەفتار و هەڵسوکەوتی روسیاوتورکیا و تێکڕای ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان.
هەر چەند هەل و مەرجەکە نەگەیشتووەوە قۆناغێکی قەیراناوی تەواوعەیار،بەڵام بێ گومان یەکەمی ئەم ململانێیە، داعشە، بە واتایەک ئەم ململانێیە شەڕ لە گەل داعش دەخاتە ژیر کاریگەری خۆیەوە، ئەمەش لە قازانجی رۆژئاواییەکان نییە. لە ئەگەری توندتر بوونەوەی نانکۆکییەکان، هەر جۆرە رووداوێکی چاوەڕواننەکراو دەتوانێ هەوڵە نێودەوڵەتیەکان بۆ سەرکوت و لەناوبردنی داعش بەلاڕێدا ببات.
رووبەری روسیای ئێستا، دەکاتە نیوەی رووبەری یەکیەتیی سۆڤێتی جاران. ئابووری لاوازی ئەم وڵاتە بەستراوەتەوە بە هەناردەکردنی نەوتو گاز، گرنگترین کار روسیا لە ئاستی جیهانیدا خاوەنی ئایدیالۆژیایەکی مەقبووڵ نییە. ئەوەی ئەم وڵاتەی لە سەر پی راگرتووە ئەو ناسیۆناڵیزمەیە کە گرێداروە بە کەسایەتی پوتینەوە. لێرەدا تەنها بەرزەفڕی و لووتبەرزی و سەودای بەرەوپێشبردنی رۆڵی نێودەوڵەتی روسیا دەتوانێ ببێتە پاساوی لەشکەرکێشی و ناردنی هێز بۆ کریمە و رۆژهەڵاتی ئۆکراین و سوریا. هەر بەم پێیە روسیا زلهێز نییە. هاوکات دەبێ هەڕەشە و مەترسییەکانی بە هەند وەر بگیردرێ.
وەرزێکی نوێی شەڕی سارد لە ناوچەکەدا
زلهێزەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات و هاوپەیمانێتی و بلۆکەکانیان بۆ چەندین ساڵە لە ئەدەبیاتی سیاسی جیهاندا کاڵبۆتەوە.
لە ساڵی ١٩٩١بەم لاوە و لە دوای هەرەسهێنان و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤییەت، سەردەمی جیهانی دوو جەمسەری لە سیاسەتی نێودەوڵەتی کۆتایی پێهاتووە. بەڵێم لە ئێستادا پوتینی سەرۆککۆمار کە لە یەکێتیی سۆڤیەت یەکێ بووە لە ئەفسەرانی رێکخراوی هەواڵگری (کا گ ب)، مەراقی زیندووکردەوەی قۆناغی شەڕی سارد وزلهێزی لە دڵدایە.
جێی سەرنجە کەئەندامانی رێکخراوی ناتۆ، لە ماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا بۆ یەکەمین تاووتوێ کردنی کرداری راستەوخۆی سەربازی روسیا لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە. هەر وەک چاوەڕوان دەکرا رەوایەتی تورکیای سەبارەت بە خستنەخوارەوەی فڕۆکەشەڕکەرەکەی بە لاوە پەسەند بووبێت.
هاوکات هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان لە تورکیا ویەکپارچەیی ئەم وڵێتە دەربڕی، ئەم پەیوەندیەش لە زاری شۆلتێنبێررگ، وتەبێژی ئەم رێکخراوە بیسترا. وتەبێژی ناتۆ رایگەیاندووە کە روسیا بەرپرسیارە لە ئاڵۆزتر بوونی دۆخەکە، هەر وەها سەبارەت بە کاریگەری و دەرهاویشتەکانی ئەم رووداوە لە نزیک سنوورەکانی ناتۆ، نیگەرانی خۆی دەربڕی. لێرەوە دەکرێ بگوترێ کە ناتۆ نیەتی کۆنترۆڵ کردنی قەیرانەکەیە. سکرتێری گشتیی ناوتۆ پەیوەندی راستەوخۆی روسیا و تورکیای بە مایەی دڵگەرمی وەسف کردووە وهاوکات جەختیان لە بوونی دوژمنێکی هاوبەش کردۆتەوە بە ناوی داعش. نەیانشاردۆتەوە کە “ئامانجە جیاوازەکانی مۆسکۆ”بەربەستێکە لە سەر رێی هاوکارییەکی هەمەلایەنە بۆ رووبەروو بوونەوەی داعش.
وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ رای جیاوازیان سەبارەت کێشەی نێوان تورکیاو روسیا هەیە، بەڵام ئەوە بەو مانا نییە کە ناتۆ لە سەر هەست نەبێ.
بروکس تێگنێر، شارەزا و شرۆڤەکاری گۆڤاری بەناوبانگی ئەمریکی”جینز دیفێنس” کە تایبەتە بە کاروباری بەرگری لەم بارەوە دەڵێت، ناتۆ هەرگیز بە دوای ئاڵۆزتربوونی کێشەکەوە نییە، تەنانەت ئەگەر روسیاش دژکردەوەیەکی تۆڵەکردنەوەی”سنوورداری”هەبێت.
بە بۆچوونی تێنگێر دەبی روسیا دژەکردەوەیەکی بەربڵاو و رووخێنەری هەبێ تا ناتۆ بیەوێ دەستوەردان بکات، بەڵام لە ئیستادا وەها چاوەڕوانییەکی لێناکرێ. شارەزایانی سیاسی ئاماژە بە پشتیوانی تورکیا لەتورکمانەکانی سوریە،دەکەن. واتە هەمان ئەو گرووپەیەکە لە لایەن روسیاوە کراونەتە ئامانجی هێرشە سەربازیەکان، هەر بۆیەش پێیان وایە کە ئەمە جۆرێکە لە “شەڕی بە وەکالەت” کە ئاستەمە ناتۆی دەستی تیوەربدات.
ئایان لیزەر،بەرپرسی کاروباری ئەمنی و دەرەکی ئەنیستیتۆی ئەمریکایی”ژێرمان مارشاڵ فاوند” لەم بارەوە دەڵێت. ناتۆ لە قۆناغێکی ئینتقالیدایە، قۆناغێک کە کێشەی ئەمنی تێدا بەدینەکراوە تا راستەوخۆ مامەڵەی لە گەڵ بکات. لە ئێستادا ناتۆ خەریکی ئەزموون کردنی قۆناغێکی نوێیە ولە گەڵ دوو کێشەی بنچینەیی روبەرویە.روسیالە رۆژهەڵات و داعش لە باشوور.
بەبۆچوونی لیزەر، تورکیا هەمان ئەو جێگایەیە کە ئەم دوو کێشەی تێدا کۆبۆتەوە،هەر بۆیە ناتۆ ناچارە سەرنج و بەهایەکی تایبەتی بەم وڵاتە بدات.
روسیا ساڵانێکە لە پەتای ئەفغانستان رزگاری بووە. دوای بیستو شەش ساڵ لە شکست هێنانی لە ئەفغانستان و بەجێ هێشتنی وپاشان لەبەریەک هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤییەت، بۆ یەکەم جارلە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دەستی داوەتە گەمەیەکی ستراتێژی لە سوریا. ئەمەش سێیەمین شەڕی دەرەوەی سنوورەکانە کە پوتین سەرکردایەتی دەکات.
ئایا روسیا ئامادەیە پێ بنێتە ململانێیەکی دیکە لە گەڵ تورکیا؟ ئایا ئامادەیە زامی ئەو خەنجەرە هەڵگرێ وەک بۆ خۆی دەڵێت کە لە لایەن تورکیاوە لە پشتەوە لێی دراوە؟ ئایا کرملین ئامادەیە ریسکی رووبەروو بوونەوەیەکی سەربازی لە گەڵ ئەندامێکی ناتۆ قبووڵ بکات؟ کاردانەوەی ئەم کێشەیە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە چ شێوەیەک دەبێ؟ هەر چۆنێک بێت دەکرێ لە حاڵەتێکی گشتیدا بژاردەکانی بەردەم مۆسکۆ لە سێ سیناریۆدا کۆبەند بکرێ، هەر کام لەم سیناریۆیانەش دەبێتە هۆی گٶڕانکاری بەربڵاو لە پانتایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سیناریۆی یەکەم، ململانێی راستەوخۆی ناوچەیی بۆ لاوازکردنی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گریمانەیەک هەیە کە روسیە بە شێوەی جددی هەوڵ بدات گوشار بخاتە سەر تورکیا بە مەبەستی شکست هێنان بە پلانی ئەم وڵاتە بۆ پیکهێنانی ناوچەی ئەمن لە باکووری سوریا، ناوچەیەک بە درێژایی ٩٠کم و پانایی ٥٠کم.ئەم ناوچەیە دەکەوێتە نێوان شارەکانی جرابلوس و اعزاز(باکووری پارێزگای حەلەب لە نیوان دوو کانتۆنی کۆبانێ و عەفرین).
روسیا دەتوانێ بە پشتگیری و پڕچەککردنی کوردەکان لە رۆژئاوا بە تایبەت یەپەگە، زەمینەی پیشڕەوی کردنیان بەرەو رۆژئاوا هەموار بکاتەوە وبە شێوەی فەرمی کانتۆنەکانی کۆبانێ، جزیرە وعەفرین پێکەوە بلکینێ.
لە ئەنجامی ئەم کارەدا،بە واقع رێگای پێوەندی ئەنقەرە لە گەڵ هێزەکانی ئەرتەشی ئازادی سوریاو باقی هێزەکانی ژێر حیمایەی ئەم وڵاتە دادەخرێ. بەم پێیە زیاتر لە ٨٠%ی سنووری تورکیا لە گەڵ سوریا دەکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی کورد رۆژئاوای کوردستان. مەفهومێکی دیکەی ئەوەیە کە کە دەبێتە دراوسێی دەسەڵاتێک کە حەسری جیئۆپۆلۆتیکی لە سەر نییە. ئەمەش شکستێکی ستراتێژییە بۆ تورکیا، واتە داخستنی کریدۆری یارمەتیگەیاندن بە هێزەکانی نزیک لە خۆی لە سوریا.
هاوکات حزوری هێزی ئاسمانیی روسیا لەم ناوچەیە، دەبێتە بەربەستێکی سەرەکی بۆئەنجامدانی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە لایەن تورکیاوە.
سیناریۆی دووەم، پشتگیری و بەهێزتر کردنی پەکەکە ورەوتی فەتحوڵا گیولەن
گریمانەیەکی تر یاریکردنە بە کارتی ئەکتەرە نێوخۆییەکانی تورکیا. بە پێی تیۆری”یاری بە کارتەکان”،ئەگەری ئەوە هەیە روسیا هێزوئەکتەرە ناوخۆییەکانی تورکیا وەک کارتێکی گوشار لە ململانێکانی بەرامبەر بەتورکیا بە کار بێنێ بە مەبەستی لاوازکردن و دروستکردنی سەرئیشەیە بۆ ئەم وڵاتە.
لە ئێستادا پڕچەککردن و یارمەتیدانی پەکەکە دەتوانێ کاربکاتە سەر هاوسەنگی ناوخۆیی لە پەیوەندی لە گەڵ پەکەکە و تورکیا و لە لایەکی دیکەشەوە ببێتە هۆی نائەمنی و ئاڵۆزترکردنی دۆخی ناوخۆی ئەم وڵاتە. لەم حاڵەتەدا، روسیا لە جیاتی ئەوەی بە شێوەی راستەوخۆ مل لە ملی تورکیا بنی دەتوانێ شەڕی بە وەکالەتی خۆی لە رێگەی پەکەکەوە بەڕێوەببات.
ئەم سیناریۆیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. بەڕێوەبردنی لە لایەن روسیاوە ئەگەری بەهێزی لەبەردەم دایە.لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی روسیا بۆ بەڕێخستنی شەرێکی تەواو عەیاری دەرونی و دروستکردنی کەشێک کە تیایدا تورکیا تەنگەتاو بکات.
ئەگەری ئەوە هەیە کە کە پشتیوانی دارایی و مەعنەوی لە رەوتی فەتحوڵا گیولەن بکات، لایەنگرانی ئەم رەوتە کە لە زۆربەی دام و دەزگاکانی تورکیا ئامادەییان هەیە دەتوانن ببنە هەڕەشەیەک بۆ سەر دادوگەشەپێدان. نفوزی رەوتی گیولەن لە تورکیا ئەو زەرفیەتەی تێدا بەدی دەکرێ کە سەرئێشە بۆ دەوڵەتی تورکیا و حزبی دەسەڵاتدار دروست بکات و تورکیا لە قەیرانێکی ناوخۆیی تێوەگلێنێ، لە لایەک پەکەکە لە قەندیل و لە لایەکی دیکەشەوە رەوتی گیولەن لە جەرگەی کۆمەڵکای تورکی.
سیناریۆی سێیەم، هەڕەشەی نەرم و گوشاری سەخت
لەم سیناریۆدا، فۆرمی فشاری چەند رەهەندی و بەکارهێنانی هێزی نەرم لە لایەن روسیاوە وێنا دەکرێ. لێرەدا جەوهەری سیناریۆکە ئیشکردنە لە سەر شاڕیێ حەیاتی تورکیا، واتە کردنە ئامانجی رەهەندی سیاسی، دیپلۆماسی و ئابووری ئەم وڵاتە. لە رەهەندی دیپلۆماسیەوە دەکرێ لە زمانی وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە خویندنەوە بۆ کاردانەوە ودژکردەوەی روسیا بکرێ. دوابەدوای رووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەشەڕکەرەکە.
سێرگی لاورۆف، وەزیری دەرەوەی روسیا بەرنامەی سەفەری خۆی کە پێشتر دیاریکرابو بۆ تورکیا هەڵوەشاندەوە ورایگەیاند، کە پێداچوونەوە بە پەیوەندیە سیاسی و دیپلۆماسیەکانیان لە گەڵ تورکیا دەکەن. لە راستیدا تورکیا نابێ چاوەڕێی ئەوە بکات کە پەیوەندی سیاسییان لە گەل روسیا وەکو رابردوو بێت.
لە رەهەندی ئابوورییەوە دەبێ سەرنجی ئەو خاڵە بدرێ کە رێژەی هەناردەکردنی شتومەک وکاڵای تورکی بۆ روسیا سی میلیارد دۆلارە و چێوەڕوان دەکرا کە بگاتە پەنجا میلیار دۆلار.
وەک چاوەروان دەکرا بە فەرمانی پوتین کۆمەڵێک سزا و گەمارۆ ئابوری خرایە سەر تورکیا. تورکیا بەستراوەییەکی تایبەتیی بە گازی روسیا هەیە، ئەگەر سەهۆڵی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئەوروپا بۆ سەر روسیابتوێتەوە، تورکیا دەبێ چاوەڕێی زستانێکی سەخت بکات. رەنگە ئەم کارەی روسیا تەنها حاڵەتی سزادانی هەبێ و بە شێوەی کاتی ببێتە هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر ئەم وڵاتە. لەو رووەوە کە روسیا لە ژێرباری قورسی سزا ئابوورییەکانی یەکێتی ئەوروپادایە و تا مانگی ژانوییەی ساڵی داهاتوو درێژەی دەبێ.
ئەگەر لە بەکارهێنانی ئەم بژاردەیەوە رارایی و دوڕدۆنگ بێ و نەتوانێ بە ئاسانی بە کاری بینێ. شەڕێکی نەرمی دیکە کە روسیا بە تورکیای دەفرۆشێ و لە ئیستادا ئیشی لە سەر دەکات ئیدعای ئاشکراکردنی کۆمەڵێک بەڵگەیە لە پەیوەندی لەگەڵ گەندەڵی کەسایەتیەکان، دەسەڵاتداران وکەسانی نزیک لە دەسەڵات.بەهێزترین ئاماژە بۆ ئەم شەڕەنەرمە، ئیدەعای بازرگانی نەوتە لە نێوان دەوڵەتی تورکیا وداعش.
لەکۆتاییدا، ئەگەر بە دوای وڵامی ئەم پرسیارەدا بگەرێین کە لە دووتوێی ململانێ و ناکۆکی روسیا وتورکیا، چ لایەنێک زۆرترین قازانج دەکات، دەکرێ داعش وەک یەکەم براوەی ئەم ململانێیە دەستنیشان بکرێ.