کێشەی نێوان ڕوسیاو تورکیاو هەلێک بۆ کـــــــورد

0

عەزیز ئەحمەد حەمە
دوای ئەوەی تورکیا فڕۆکەیەکی جەنگی ڕوسیای لەجۆری( سۆخۆی 24 ) لەڕۆژی 24/11/2015 خستە خوارەوە، تا دێت کێشەکە گەورەتر دەبێت و نێوانی ئەو دو ووڵاتە ئاڵۆز تر دەبێت، کاردانەوەکانی ڕوسیا بەرانبەر تورکیا سەرەتا بە سزادانی بازرگانی و ئابوری دەستی پێکرد، دواتریش ڕوسیا ڕۆکێتی دژە ئاسمانی ( ئێس 400 ) لە بنکەکانی خۆی لە کەنار ئاوەکانی سوریا جێگیر کرد کە یەکێکە لە پێشکەوتوترین چەکی دژە ئاسمانی ڕوسەکان.
هەرەوەها ئەو بڕیارانەی تر کە سەرۆکی ڕوسیا (ڤلادیمێر پۆتین) لە دژی تورکیا دەریکردن، ڕاگرتنی کۆمپانیا تورکییەکان کە لە ڕوسیا کار دەکەن ، ڕاگرتنی گەشتی بازرگانی و گەشتوگوزاری نێوان هەردولا، پێ دە چێت ڕوسەکان نیازی تۆڵەکردنەوەی زیاتریان هەبێت بەرانبەر تورکیا و تەنها بەم هەنگاوانە نەوەستن .
تورکیا ئامادە نەبوو داوای لێبوردن بکات. بەپاساوی ئەوەی کە فڕۆکە جەنگییە ڕوسییەکە ئاسمانی تورکیای بەزاندووە، هەربۆیەشە روسەکان بەردەوامن لە هەڕەشەکردن و چاوەڕێی کاردانەوەی زیاتریش دەکرێت لە لایەن مۆسکۆوە دژ بە تورکیا .
لەوە دەچێت ڕوسەکان بۆ تەمبێ کردن و سزادانی تورکیا بیر لە بەکارهێنانی هەموو کارتەکان بکەنەوە ، لەناویشیاندا بەکارهێنانی ( کارتی کوردی ) لە دژی تورکیا ، کەبێگومان کارتێکی تا بڵێی کاریگەرو بە زەبرە بەرانبەر تورکیا ، گەر بێت و ڕوسیا ئەمەیان بکات.
ڕوسەکان باشتر لە زۆر لایەنی تر گرنگی بەکار هێنانی فاکتەرو کارتی کوردی دەزانن ، چ لەتورکیادا کە زیاتر لە 20 ملیۆن کوردی مافخواراوی تێدایە و لەلایەن ڕژێمی ئەنقەرەوە دەیان ساڵە دەچەوسێنرێنەوە . چ لە سوریادا کە هاوسنوری تورکیایەو کوردەکانی ئەوێ لەدوای ڕوداوەکانی 2011 و ڕاپەڕینی خەڵکی سوریا توانیویانە ناوچە کورد نشینەکانی ئەوێ کۆنترۆڵ بکەن و خۆیان سەرپەرشتی کاروباری ئەو ناوچانە بکەن، ئەمەش تورکیای زۆر نیگەران کردوە .
گرنگی پێدانی ڕوسەکان بەکورد شتێکی نوێ نییە و بۆ سەرەتای سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە، کاتێک ڕوسیای قەیسەری هەستی بەڕۆڵی جەنگاوەرە ئازاکانی کورد کرد لە شەڕیدا دژبە عوسمانیەکان و فارسەکان ، ئەو دەمانەی کە دەیانویست قەڵەمڕەوی خۆیان زیاتر بکەن بۆ ئەودیوی قەفقاز .
پێدەچێت ڕوسیا بیەوێت جارێکی تر ئەم کارتە بەهێزە بە باشترین شێوە لە دژی تورکیا بەکار بێنێت، بەڵام کوردەکان مێژویەکی تاڵ و تاقیکردنەوەی زۆریان لە بەردەستە لەگەڵ ڕوسەکان کە لە بیر کردنی بۆ ئەوان ئاسان نییە، کۆتاییەکەیشی هەموو دەم تراژیدیایەک بوە بۆ کورد، بەجۆرێک هەرکاتێک ڕوسەکان ئیشیان بەکورد نەمابێت کردویانەتە قوربانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و بە پەیماننامەیەک و پێدانی ئیمتیازاتێک لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان، ئیتر کوردەکان و مافەکانی ئەوانیان ژێر پێ ناوە، ئەم حاڵەتە لە سەدەی بیستەم لانی کەم دوو جار دوبارە بۆتەوە. پشت تێکردن لە کۆماری کوردستانیش لە مهاباد نمونەیەکی دیاری ئەم غەدرەی ڕوسەکانە بەرانبەر بە کورد، ڕوسەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ ڕژێمی شای ئەو کاتانە جارێکی تر کوردیان کردە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیانو پشتیان لە کورد کرد .
ئێستا ڕوسیا چۆن لە دۆزی کورد دەڕوانێت ؟
پێ دەچێت هاوکێشەی ( قەیسەر و سوڵتان ) ی نوێ دووبارە بێتە ئاراوە ، کە چاو لە ڕەفتاری ئەو دوانە ( پۆتین و ئەردۆگان ) دەکەین ، مێژوومان بیر دێننەوە ، لێ پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا کورد دەتوانێت چ سودێک لە کێشمەکێشی نێوان ئەم دوو فەرمانڕەوایەی مۆسکۆو ئەنقەرە ببینێت و بە باشترین شێوە لە قازانجی دۆزە ڕەواکەی خۆی بیقۆزێتەوەو بەکاری بێنێت ؟ دیسانیش ئایا کورد و پارتە سیاسیەکانی کوردستان ( بەتایبەت باکورو ڕۆژئاوای کوردستان ) لە ئاستی ئەم ڕوداوە مێژووییە گرنگەدان و دەتوانن بە ڕۆڵی خۆیان هەستن بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە لە بەرژەوەندی کورد بقۆزنەوە و چەند هەنگاوێکی تر لە ئازادی بچنە پێشێ و مافی زیاتر بۆ میللەتەکەیان بەدەست بێنن ؟ یاخود هەر وەکو جاری جاران دیسان دەبینەوە قوربانی بەرژوەندی ووڵاتانی زلهێزو ئەم هەلەش وەکو دەیان هەلی زێڕینی تری مێژوو لەدەست دەدەین و پاشانیش پەنجەی پەشیمانی دەگەزین .
ئەو هەنگاوە ئەرێنیانەی ڕوسیا کە بەم دواییانە هەڵهێنانەوە دەکرێت سودی باشیان لێ وەرگیرێت. بۆ نمونە مۆسکۆ ڕەتی کردەوە کە ( پەکەکە) بە تیرۆریست لەقەڵەم بدات، هەرەوەها بۆ یەکەم جار پەرلەمانی ڕوسیا کە بە ( دۆمــــا ) ناسراوە باسی لەو ئەگەرە کرد کە چەکی پێشکەوتوو بدەنە دەستی جەنگاوەرە کوردەکانی ئەم حیزبە ( پەکەکە ) کە لە دژی تورکیا دەجەنگن .
دەربارەی هەنگاوەکانی تری ڕوسیا، دەکرێت لە داهاتودا هەڵیبێنێتەوە لە دژی تورکیا ئەوەیە کە لە کوردەکانی سوریا زیاتر نزیک بێتەوە و کۆمەک و هاوکاریان بکات ، لەو بەشەی کوردستان کە شەڕڤانانی ( یەکینەکانی پاراستنی گەل ) ی سەر بە حیزبەکەی ساڵح موسلیم، ی نزیک لە پەکەکە، نزیکەی چوار ساڵ دەبێت بەشێکی زۆری ناوچە سنوریەکانی نێوان تورکیاو سوریایان کۆنترۆڵ کردوەو تاکو ئەندازەیەک دامودەزگای خۆبەڕێوە بردنیان بۆ خۆیان دەستەبەر کردوە و ناوبانگ و پشتگیریەکی زۆری مەعنەویشیان وەک جەنگاوەرانی ئازاو بەتوانا لە دژی (ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ) پەیدا کردوە . ( داستان و نەبەردی کوبانێ ) یەکێکە لە نمونەی ئەو شەڕانەی کە سەرنجی جیهانی بۆخۆی ڕاکێشا ! لەمبارەیەوە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕوسیا، لە میانەی پێشکەشکردنی وتاری خۆی لە نەتەوە یەکگرتوەکان ئاماژەی بە ڕۆڵی ئازایانەو کاریگەری شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل کردو پەسنی دان . و تورکیاش زۆر جار نیگەرانی خۆی لەم هێزە کوردیە دەربڕیوەو لە ڕێگای سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماریشەوە چەندین جار دووپاتیان کردۆتەوە کە ئەوان لەدژی دامەزراندی هەرێمی کوردین لە باکوری سوریادا لە هاوشێوەی هەرێمی باشوری کوردستان .
پێویستە ئەوەش بیر بێنینەوە کە ئەمریکا، لەمبارەیەوە زووتر دەستپێشخەری خۆی کردوەو پەیوەندی بە جەنگاوەرە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە کردوە. کۆمەک و هاریکاری کردون لە شەڕەکانیاندا لە دژی داعش ، هەروەها لە ئاسمانیشەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ئەو ناوچە کوردیانەیان پاراستوە کە کوردەکان کۆنترۆڵیان کردوە. چەندین جاریش لە ڕێگای ئاسمانیەوە چەک و تەقەمەنی و پێداویستییە جەنگیەکانیان بە پەڕەشوت بۆ شەڕڤانانی کورد بەرداوەتەوە. هەموو ئەم کارانەش بەبەر چاوی تورکیای شەریک و ئەندامی ناتۆ کراوە.
ئەنقەرە جگە لە دەربڕینی نیگەرانی و ڕەخنە گرتن، هیچ شتێکی تری پێ نەکراوە بۆ ڕێگرتن لەم پەیوەندی و هاوکاریە ! بگرە لەمەش زیاتر لە ژێر فشاری ئەمریکا، تورکیا ڕازی بوو کە پێشمەرگە بە چەکی قورسی خۆیەوە لە باشوری کوردستانەوە بەناو خاکی تورکیادا بگاتە کۆبانێ بۆ یارمەتی دانی جەنگاوەرە کوردەکانی ئەوێ، کە لە شەڕێکی سەختدا بوون لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش .
دیسان هەر سەبارەت بە نزیک بونەوەی ڕوسیا لە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەگەری یارمەتی دانی ئەوان لە لایەن مۆسکۆوە، ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا چەندین جار هۆشداری توندی داوە بە گوێی پۆتینی سەرۆکی ڕوسیادا، ووتویەتی ( یاری بە ئاگر نەکەیت ، سەبرو ئارامی ئێمەش سنورێکی خۆی هەیە ، زۆر کارتمان بەدەستەوەیە لەدژی ئێوە بەکاریان بێنین ، جیا لەوەی دەتوانین هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بەچەکی قورس تەیار بکەین و سوریا بکەینە ئەفغانستانێکی تر بۆ ئێوە، دەشتوانین پێتان بڵێین کلیلی تەنگەی بـــۆســـفــۆڕ لەدەستی ئێمەدایە و وە یاریکردن بە کارتی کوردی لە دژی تورکیا دەبێتە هۆی ئەوەی ئاگرەکە زیاترکڵپە بکات و گەورەتر بێت و دەشتوانین تەنگەی بۆسفۆڕتان لێ دابخەین ).

لە بارو دۆخێکی وەهادا کورد چی بکات باشە ؟
ئەمە یەکەم جار نییە کە ووڵاتە زلهێزەکان لە کورد نزیک دەبنەوەو دێنە کوردستان، لە سەدەی بیستەم لانی کەم دووجار، پاش جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، نەتەوەی کوردو نیشتیمانی کوردستان بە قۆناغی چارەنوسسازو وەرچەرخانی گەورەدا تێپەڕیوە. سەرەنجامیش هەردوو جارەکە نەتەوەی کوردو نیشتیمانەکەیشی توشی گەروترین کارەسات بونەتەوەو تاکو ئێستاشی لەگەڵ بێت نەماتوانیوە لە ژێر باری قورسی کاریگەرییەکانی دەرەنجامی ئەو دوو قۆناغە دەرباز بین. هەر بۆیەشە دەبێت ئەمجارە زۆر بە ژیرانەو ووردبینی هەنگاو بنێین و ڕێگا نەدەین جارێکی تر ئێمە بکەنە قۆچی قوربانی بەرژەوەندی ووڵاتە زلهێزەکان و ووڵاتانی هەرێم و ناوچەکە ، ئەوە بەر لە هەموو شتێک یەکڕیزی و یەکدەنگی خۆمانی دەوێت .
*بۆ ئەوەی ( کوڕی خۆمان نەکەین بە قوربانی کچی خەڵکی ) دەبێت کوردیش لە هەموو هەنگاوێکی ووردو درشت بەرژەوەندی کوردستان، بخاتە سەرو هەموو بەرژەوەندیەکانی تری حیزبی و تاکەکەسییەوە .
* نابێت (هەموو هێلکەکانی خۆمان بخەینە ناو سەبەتەی تەنیا لایەنێک ) و لەیادمان بێت هاوکێشەکان فرەلایەنەیەو زۆر گەمەکاری زەبەلاحی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش وە هەروەها ووڵاتانی هەرێمەکەش بەشدارن لەم یارییەدا .
* لەئێستەدا کە باشور و ڕۆژائاوای کوردستانیش کە بارۆ دۆخیان لەبار ترە بۆ بەدەست هێنانی مافی زیاتر، دەکرێت ئەم هەڵە ژیرانە بەباشترین شێوە لە بەرژەوەندی دۆزی کورد بقۆزرێتەوە و لە کۆڕو کۆمەڵە نێو دەوڵەتییەکاندا پشتیوانی زۆرتری بۆ دەستەبەر بکرێت .

* زۆر مەرجە دەسەڵاتی سیاسی کورد بەتایبەت لە باشورو ڕۆژئاوای کوردستان، هەماهەنگیەتی باش هەبێت لە نێوانیانداو ئاگاداری هەنگاوەکانی یەکتر بن و بە ڕاوێژ کردن بەیەکتر کێشەکان چارەسەر بکەن، نەهێڵن دوژمن ببێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکان ( بۆنمونە وەک ئەوەی لە م دواییانەدا لە دوای ئازاد کردنی شەنگال، ڕویاندا ) .
* دەبێت لە بیرمان بێت ئەم ئاڵۆزی و گرژییە هەتاکو سەر بەردەوام نابێت و ڕۆژێک دێت هەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار بە کێشەکە لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشتن و دووبارە دەکەونەوە، بەشکردنی میراتی دوای جەنگی ناوچەکە ! ئەگەر ژیرانە ڕەفتار بکەین دەکرێت لەم وەرچەرخانە مێژوییەدا هیچ نەبێت بەشێک لە مافی خوراوو نیشتیمانی دزراومان چنگ بکەوێتەوە ! خۆ ئەگەر وا نەکەین ئەوا دورنییە نیشتیمانی کوردو خێرو بێری کوردستان، جارێکی تر ببێتە ئەو میراتەی کە براوەکانی جەنگەکە دیسان بەسەر خۆیانا دابەش و برا بەشی دەکەن !

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com