نوچەنێت
زیندوو کردنەوەی سوننەتی شیعی لە میانەی زیارەتی کەربەلا، لە رووی مەزهەبی و کولتورییەوە، جۆرێک بەشداریکردنە بۆ ژیاندنەوەی دوو ئەفسانەی “نوێکردنەوەی بەڵێن و پەیمان لە گەڵ ئیمام حوسێن” و “رێخۆشکردن بۆ دەرکەوتنەوەی ئیمام زەمان”بەتایبەت کە لە دیدی شیعەکان بەگشتی و بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم ئەفسانانە لەم قۆناخەی ئێستادا لە ژێر هەڕەشە و مەترسی هێزی دەوڵەتی دژە شیعەی داعشدایە.
ئەم جموجۆڵانە دەتوانێ وەک هێمای یەکگرتووی سیاسی، مەزهەبی و ئایدیالۆژی بێت بە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەوە دەخەنە رووکە ئێران بە باشی توانیویەتی، بە مەبەستی مانۆڕی هێز بە تایبەتی، هێزی شیعە کە دەستمایەکەی هێزی مەزهەبی و مرۆڤییە کەڵک وەربگرێت، بە تایبەتی لە عێراق کە بووەتە مەیدانی ململانێی ئێران و دژەکانی.
لە دیدی فەرماندەرانی سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیجەوە، رێپێوانی زیارەتکەرانی ئێرانی بەرەو کەربەلا، جۆرێکە لە ژیانەوەی ئامانجی حکومەتی شیعە مەزهەبی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ بەدیهێنانی دروشمی”رێگای قودس لە کەربەلاوە تێپەڕ دەبێ” کە دروشمی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقە. هەروەها بەرپرسانی ئێرانی، وەک هێمایەک لە هێزی جیهانی ئیسلام بەردەوام جەختیان لە سەر گرنگی رێپێوانی کەربەلا کردووەتەوە و رێپێوانی بەرەو کەربەلایان وەک”مانۆڕی ڤهور” ناوبردووە.
نۆژەن کردنەوەی “عەتەبات” مەرقەدی ئیمامەکانی شیعە، گرنگترین رێکخراوی بەڕێوەبەرییە کە سەربە دەوڵەتی ئێرانە وکارو چالاکییەکانی لە عێراق چڕکردووەتەوە. ئەم نۆژەنکردنەوەیە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، چەندین پڕۆژەی لە شەش شاری زیارەتی عێراق و بە تایبەت لە کەربەلا بەڕێوە بردووە. ماڵپەڕی ئەم “ستادە”نۆژەنکردنەوە، رێژەی سەرمایەدانانی رێکخراوەکەی لە عێراق بە ٤ میلیارد تمەن مەزەندە کردووە.
ئەم رێکخراوە لە ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی دامەزراوە و وێڕای ئەوەی کە رێکخراوێکی ناحکومییە، بەڵام بە کردەوە و ژێربەژێر لە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی سوپای پاسداران وهەندێک لە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران کار وپڕۆژەکانی خۆی بە ڕێوە دەبات. چالاکییە ئابوووری و ماڵییەکانی ئەم ستادە بە هاوکاری بانکی دەی ئەنجام دەدرێ.
دەوترێ لە ژێر چاودێری راستەوخۆی عەلی خامەنەیی دایە. ئەم ستادە هەنووکە سەرقاڵی ئەنجام دانی دوو پڕۆژەی گەورەیە لە شاری کەربەلا، یەکیان بەرزکردنەوەی گومبەدی حەرەمی ئیمام حوسێنە، ئەوی دیکەیان بە گەڵاڵەی “لە حەرەمەوە تا حەرەم”ناودێر کراوە کە دەکەوێتە چوارچێوەی هاوکاریەکانی نیوان کەربەلا و تارانەوە، گەڵاڵەیەک کە ئاماژەیەکە بۆ پەوەندی سەمبولی مەیدانی ئیمام حوسێن لە تاران و حەرەمی ئیمام حوسێن لە کەربەلا.
جیا لە پەراوێزە سیاسی. مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیەکانی رێوڕەسمی اربعین، تورگەشتیاری مەزهەبی لە نێوان ئێران و عێراق بابەتێکی گرنگە و زۆرجار بە ئابووری زیارەت ناوی دەبەن.