نوچەنێت / تایبەت
یەكەمین جار نیە كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەردانی ووڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەكات ، بەڵكو لەسەرەتای دەست بەكاربونیەوە وەك سەرۆكی هەرێم تاكو ئێستا چەندین جار سەردانی ئەو ووڵاتانەی كردوە ، لێ سەردانی ئەم جارەی بارزانی گرنگی تایبەتی هەیە و میدیا جیهانیەكان بایەخێكی زۆریان بەم سەردانەی ئەمجارە داوە ، ئەمەش لە خۆڕانییە..
ئەم سەردانەی بارزانی لە كاتێكدا دێت كە كوردستان و ناوچەكە بە چەندین گۆڕانكاری گەورەدا تێپەڕ دەبێت. لەسەروی هەموشیانەوە هەڕەشەی تیرۆری داعش و دەستێوەردانی ئێران و ڕوسیا لە كاروباری ناوخۆی عێراق و سوریا. بە جۆرێك كە بۆتە مایەی نیگەرانی وڵاتە عەرەبیەكان بەتایبەت كەنداو، لەسەرو هەموشیانەوە عەرەبستانی سعودیە، هەروەها هۆیەكی تریش ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی نەخشەی سایكس بیكۆ و داڕشتنەوەی نەخشەیەكی تری نوێ بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
پێگەی عەرەبستانی سعودیە لە ناوچەكەو جیهانیشدا زۆر گرنگە ، هەبونی پەیوەندییەكی پتەو لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئەم وڵاتەدا بایەخێكی تایبەتی هەیە، چ وەكو ئەوەی روگەی پیرۆزی موسڵمانانی جیهان لەوێ یە و چ وەك ووڵاتێكی هەرێمی گرنگی ناوچەكەو كاریگەرییەكانی لەسەر جیهانی عەرەبی. هەروەها پەیوەندییەكانی بە ئەمریكاو و خۆرئاواوە ، ئەم هۆكارانەو چەندانی تریش وادەكات كە پەیوەندی كوردو سعودیە لەم ئاستە بەرزەی ئێستادا وەك سەركەوتنێكی تری دیبلۆماسیەتی كوردی ئەژمار بكرێت.
یەكێك لەهۆكارە گرنگەكانی ئەم سەردانە جیا لە كردنەوەی كونسوڵگەری سعودیە لە هەولێری پایتەخت و پەیوەندی ئابوری و كۆمپانیا وەبەر هێنەرە سعودیەكان، بەدەست هێنانی پاڵپشتی زیاترە بۆ هەرێمی كوردستان لە حاڵەتی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان، لەمبارەیەوە ئاماژەی ئەرێنی وا هەن كە بەئاشكرا باس لە سەربەخۆیی كوردستان دەكەن.
ئەنوەر ماجد عیشقی، سەرۆكی بنكەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست-ی لێكۆڵینەوەی ستراتیجیە لەجەددە سەبارەت بە سەردانەكە دەڵێت”پێویستە هەوڵی ئەوە بدەین كە كوردستانی گەورە و سەربەخۆ دروست بێت. لە سێ یەكی ئێران و سێ یەكی عێراق و سێ یەكی توركیا، كە ئەمەش بۆی هەیە چاوی تەماعی ئەو سێ ووڵاتە سنوردار بكات و ڕایانگرێت “.
ئەنوەر عیشقی كەسێكی نزیكی خانەوادەی دەسەڵاتداری سعودیە-یە و رای ئەو گرنگی خۆی هەیە لەو وڵاتەدا.
هۆكارێكی تری گرنگی پەیەوەندییەكانی كورد و سعودیە، كە لەم دووساڵەی دواییدا پتەو تر بوو دژایەتی كردنی تیرۆرو ئەو شەڕانەی كە پێشمەرگە دەیكەن لە دژی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، بە سەرۆكایەتی خودی مەسعود بارزانی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستا، ئەوەش بۆتە جێگای سەرنجی ناوچەكەو جیهانیش، كە دووبارە سعودیەو كوردستانی لەیەك بەرەی دژە تیرۆردا كۆ كردۆتەوە، وەك دیاریشە ووڵاتانی جیهان و میدیاكان لەم دووساڵەی دواییدا ڕۆڵی كوردو پێشمەرگە زۆر بەرز هەڵدەسەنگێنن، كە توانیویەتی بەرانبەر گەورەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی جیهان سەركەوتوانە بجەنگێت. .
هەروەها هەبونی زیاتر لە یەك ملیۆن ونیو ئاوارەی عەرەبی سوننە لە هەرێمی كوردستان، كە لەدەستی شەڕو پێكدادانەكانی ناوچە سوننی نشینەكانی وەك موسڵ و ئەنبارو سەڵاحەدین هەڵهاتوون و پەنایان بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان بردوە، لە كەشێكی ئارامدا ژیانی ڕۆژانەیان بەسەر دەبەن. هۆیەكی تری هاوسۆزی شانشینی سعودیەیە بەرانبەر هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی ئەو هەرێمە كە مەسعود بارزانی نوێنەرایەتی دەكات.
خاڵێكی تری زۆر گرنگی نزیك بونەوەی سعودیە لە كورد و سەرۆكایەتییەكەی، دەستێوەردانی ئێرانە لە كاروباری عێراق و سوریاو وڵاتانی تری عەرەبی، ئەوەی زۆر بەڕونی دەردەكەوێت لەبەر ئەوەی كورد زۆررینەیان موسوڵمانی سوننە مەزهەبن و كەوتونەتە سەنگەری بەرانبەری ئێران كە سعودیەو ئەمریكاو توركیاشی تێدای. هەربۆیەشە پاش ڕوخانی ڕژێمەكەی سەدام حوسێن لەساڵی 2003 و هاتنە سەركاری زۆرینەی شیعە لە عێراق بۆسەر كورسی دەسەڵات لە بەغدا، هاوكێشەكەی بەتەواوی گۆڕی و وای لە سعودیە كرد زیاتر هەوڵی نزیك بونەوە لە كورد بدات، تاكو لەم ڕێگایەوە بتوانێت هەژموونی ئێران لەسەر عێراق و ناوچەكە كەمبكاتەوە وە سەركردایەتی كوردیش لە باشوری كوردستان، بە دیبلۆماسیەتێكی سەركەوتوانە متمانەی ئەوان بەدەست بێنێت و وەڵامی ئەرێنی ئەم نزیك بونەوەیە بدات.
زۆربەی چاودێرە سیاسییەكان، ئەم سەردانەی بارزانی وەك خۆئامادە كردنێك بۆ ڕاپرسی لەسەر سەربەخۆیی كوردستان لێكدەدەنەوە، چونكە زۆر بەرونی دیارە پێداگری و شێلگیری مەسعود بارزانی لەسەر سەربەخۆیی كوردستان وای كردوە كە لە هەموو سەردانەكانیدا بۆ دەرەوەو بۆ پایتەختە بڕیار بەدەستەكانی ڕۆژئاواش ئەم باسە بێتە گۆڕێ.
لەمبارەیوە نوسەری عەرەب محەمەد ئەلمەنشاوی لە سی ئێن ئێن ی عەرەبی دەنوسێت” ئێستا پاش تێپەڕ بوونی زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر ڕوداوەكانی سوریادا،ئەگەری پارچە بوونی هەردو ووڵاتی عێراق و سوریا لە هەر كاتێكی تر زیاتر لە ئارادایە. هەر بۆیەشە كوردەكان لەهەوڵی ئەوەدان ئەم هەلە بقۆزنەوەو سەربەخۆیی خۆیان ڕابگەێنن”. كە بێگومان لە حاڵەتێكی وەهادا سەركردایەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەر لایەكی تر دەبێت خۆی ئامادە بكات.
لە كۆتاییدا پێویستە بوترێت، وڵاتی سعودیە بە گرنگرتین ووڵاتی عەرەبی و ئیسلامی دادەنرێت. هەبوونی پەیوەندیەكی پتەو لەگەڵ ئەو وڵاتەدا مانای ڕازی كرندی زۆر ووڵاتی تری عەرەبی و ڕای گشتی عەرەبی یە بۆ حاڵەتی بڕیار دان لەسەر سەربەخۆیی كوردستان. هەروەها كاركردنی بارزانی لەسەر ئەم پەیوەندییە پتەوەی نێوان هەردوولا بە سەركەوتنێكی تری دیبلۆماسیەتی سەركردایەتی كورد و لەسەروشیانەوە بارزانی هەژمار دەكرێت.