ئایا ئێران بۆ قۆناغی دوای ئەسەد خۆی ئامادە کردووە؟

0

ئایا ئێران لە سوریە سەردەکەوێ؟

 

هاوپەیمانی نێوان ئێران و سوریە،دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لەم وڵاتە دەستی پێکرد.هەندێک لە چاودێران،نزیکایەتی دوو حکومەت دەگەڕێننەوە بۆ نزیکایەتی ئایدیۆلۆژیک لە نیوان شیعەکانی ئێران و عەلەویەکانی سوریە،بەڵام ئەم هاوپەیمانییە بە کردەوە،رەهەندێکی پراگماتیستی هەبوو.بەم مانایە کە هەر دو حکومەت،سێ زلهێزی ئیسرائیل،ئەمریکا  وعێراقیان وەک دژبەر  ومەترسییەک بۆ سەر خۆیان دەزانی.

دوای بە دەسەڵات گەیشتنی سەدام حسێن لە عێراق(١٩٧٩)،پەیوەندی سوریە  وعێراق،سەرباری ئەوەی کە هەر دوو وڵات لە لایەن حیزبی بەعس و ئایدیۆلۆژیای تایبەت بەو حیزبەوە ئیدارە دەکران،گرژی و ئاڵۆزی کەوتە نیوانیان.جیهان بینی بەعسی تێکەڵاویک بوو لە ناسیۆنالیزمی عەرەب،سوسیالیزم ودژایەتی لە گەل ئێمپریالیزم.سەرنج دان بەم مەسەلەیە،لەم رووەوە جێی بایەخە کە.ئەگەر قەرار بوو ئایدیۆلۆژیا،ببێتە بنەمای هاوکاری و هاوپەیمانی نێوان ئەم دوو حکومەتە،سوریەی سێکۆلار و بەعسی بە بەراورد زۆر لە عێراق نزیکتر دەبوو تا بە کۆماری ئیسلامی ئێران.

سوریە بۆ ئێران لە ج روویەکەوە گرینگە؟

بە دەستپێکی شەڕی ئێران و عێراق و پشتیوانی سوریە لە ئێران،پەیوەندی دوو وڵات گەرم  وگوڕتر بوو.سوریە کە بە پێچەوانەی تێکڕای وڵاتانی عەرەبی،پشتیوانی لە ئێران دەکرد،بووە هۆی تەریک کەوتنەوەی لە دنیای عەرەب.لە هەنگاوێکی کاریگەر،سوریە هێڵی نەوتی کەرکوکی کە لە خاکەکەی تێپەڕ دەبوو و دەگەیشتە  لوبنان،داخست ،بەم پێیە بە کردەوە رێژەی هەناردەی نەوتی عێراق گەیشتە نیوەی خۆی.

لە لایەک،پەیوەندی سوریە لە گەل ئیسرائیل دوای شەڕی هاوینی ١٩٦٧،بە هۆی داگیرکردنی بەرزاییەکانی گوڵان لە لایەن ئیسرائیل ومانەوەی لەو ناوچانە(کە تاوەکوو ئێستاش درێژەی هەیە)،پەیوەندییەکی ئاڵۆز و بارگرژ بوو.ئێران دەیتوانی لەم دۆخە کەڵکی خۆی وەربگرێت وبە پتەو کردنی پەیوەندیەکانی خۆی لە گەل سوریە،ئەم وڵاتەی کرد بە قەڵغانی بەرگری خۆی لە بەرامبەر هەر جۆرە هێرشێکی چاوەرواننەکراوی ئیسرائیل.

بەڵام هەر لەم سەروبەندەدا ،واتە دەیەی ٨٠ی زایینی،بە پێکهاتن و رێکخستنی حیزبوڵای لوبنان زۆرتر بە یارمەتی ئێران،سوریە بە کردەوە بوو بە پردی پەیوەندی نێوان ئێران وحیزبوڵای لوبنان.بەهێزبوونی حیزبوڵای لوبنان،وەک هێزێکی بەوەکالەت و نیابەتی کە بتوانێ وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل بێتە کایەوە،بۆ هەر دوو وڵاتی ئێران و سوریە کە  لە دژە بەناوبانگەکانی ئیسرائیل بوون،جێی بایەخ بوو.حیزبوڵای لوبنان دوتر بووبە هێزێک کە تەنها هێزی سەربازی- عەرەب دێتە ئەژمار کە ئیسرائیل لە رووبەروو بوونەوەی ناچار بە پاشەکشە کرا.

بە رووخانی حکومەتی سەدام حسێن لە ٢٠٠٣ و باڵاددەست بوونی گرووپە شیعەکانی ئەم وڵاتە،کە بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ ئێران بووە ناوەند و شوێنی کاروچالاکیەکانیان و هاوکات لە گەڵ دەزگا ئەمنی و سەربازیەکانی ئێران پەیوەندییەکی چروپڕیان هەبوو،دەستراگەیشتینی ئێرانی بە سوریە هەموار کردووە.زیادبوونی پانتای نفووزی ئێرانیان ئەوەی کە ئێران بە:قووڵایی ستراتێژیکی”خۆی ناوی دەبات،بوو بە فاکتەرێکی سەرەکی پێشگیرانە لە بەرامبەر هەرجۆرە هێرشێکی ئێحتمالی ئەمریکا  وئیسرائیل بۆ سەر ئەم وڵاتە.بە واتەیەکی دیکە،دوای بە دەسەڵات گەیشتنی رەوتی شیعە لە عێراق کە ئێران زیاتر لە  ٢٠ ساڵ کاری لە سەر کردبوون،رێگە بۆ پێکهاتنی”محور مقاومت”،هەموار کرا،بەرەیەک کە لە ئێرانەوە دەست پێدەکات و لە عێراق و سوریە تێپەڕ دەبێ  وتا قوولای لوبنان درێژ دەبێتەوە.

دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێتەوە

سەربار ئەمانەس،هەندێک حەدەس  ورووداوی دیکە هاتنە ئاراوە کە سوریەی لای ئێران گرانبەهاتر کرد.جموجۆڵی سەر شەقامەکان لە ٢٠١١ کە هاتە ئاراوە  ودواتر لە لایەن سوریەوە بە توندی سەرکوت کرا،بوو بە دەستپێکی شەڕێکی ناوخۆیی،خۆماڵی و خوێناوی لە سوریە.لە وەها دۆخێکدا،کۆمەڵێک فاکتەری دیکە هاتنە ئاراو کە بەشێک لە دژی بەرژەوەندی ئێران و بەشێکی دیکەشی لە بەرژەوەندی ئەم وڵاتە تەواو بوو.

سەرهەڵدان و کەوتنە سەر شەپۆلی گرووپە سەلەفیەکانی لە ناوچەکە،کە گرووپی ناسراو بەدەوڵەتی ئیسلامی(داعش) گرنگترینیان دێتە ئەژمار،گروپێک کە دژایەتی  شیعەکانی ناوچەی کردە ئەولەوییەتی کاری خۆی،هاوکات بوو بە مەترسییەکی جیدی بۆ سەر ئێرانیش.بە پێی راپۆرەتەکان،لە ئیستا دا  یەک لە سەر سێی خاکی عێراق  ونیوەی سوریە لە ژیر کۆنترٶل و دەسەڵاتی داعشدایە.

فاکتەرێکی دیکە کە مەترسی دەخستە بەردەم بەرژەوەندیەکانی ئێران لە سوریە،هاتنە ژوورەوی وڵاتانی ناوچە لە سەرووی هەموویانەوە سعودیە بوو بۆ ناو بازنەی سیاسی و سەربازی سوریە،کە ئامانجی بەڕێوەبردنی شەڕێکی بە وەکالەت بوو لە دژی ئێران و هاوکات خستنی بەشار ئەسەد.

بۆچوونێکی گشتیی هەیە کە پێی وایە ئامانجی سعودیە لە میانەی رکابەرایەتی و ململانێی شیعە-سوننە،رووبەروو بوونەوە لە  باڵادەستی ئێران و لێدانی سیاسەتی هەژمۆنی خوازانەی ئەم وڵاتەیە لە ناوچەکە.ئەم بۆچوونە لە گەڵ ئەرزی واقع نایەتەوە.بە مانایەکی دیکە، ئەوە ئایدیۆلۆژیا نییە کە دەبێتە بنەمای دۆستایەتی و دوژمنایەتی وڵاتان،بەڵکوو ئەمە بەرژەوەندیە کە یەکلاکەرەوەی هاوکیشەکانە.بۆ وێنە،پەیوەندی سعودیە و رەوتی ئیخوانەکان ،پەیوەندییەکی ناکۆک و دژبەرانەیە،یان ئەوەی کە ئێران پشتیوانیی قورس و قاییم لە گرووپە توندڕەوە سوننەکانی وەک حەماس و جیهادی ئیسلامی دەکات.

کێشەی سعودیە لە گەڵ ئێران لە دوو فاکتەردا کۆدەبێتەوە،یەکیان دۆکتۆرین یان هەمان بیرۆکەی ناردنە دەرەوەی شۆڕشە لە لایەن ئێرانەوە،دووهەمیان بوونی کەمینەیەکی شیعەیە لە سعودیە و جۆری هەڵسوکەتی ئەم وڵاتەیە لە گەڵیان.ئەم کەمینە شیعەیە زۆربەیان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سعودیە نیشتەجێن،کە گەورەترین مەیدانی نەوتی جیهانی(غوار) تێدا هەڵکەوتووە.هاوکات لە گەڵ بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی ئیران،ئەم کەمینە شیعەیە لە دژی سعودیە وەستاوەتەوە،لەم رووەوە،زیادبوونی نفوز  دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکە ،دەتوانێ ببێتە هۆی متمانەبەخشین بە شیعەکانی سعودیە و ئێران لەم رێگەوەململانێی سعودیە بکات و وەک کارتی گوشار یارییان پێ بکات.هەندێک لە چاودێرانی لە سەر ئەو بۆچوونەن کە ئەگەر ئەم کەمینە شیعەیە لە سودعیە نەبوونایە،ئەم وڵاتە هیچ ناچار نەدەبوو لە گەڵ ئێران بکەوێتە ململانێەکی پڕتێچوو و پڕمەترسیەوە.

هەر چۆنێک بێ،سەرهەڵدانی داعش و هاتنە ژوورەوی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بۆ ناو گەمەی سوریە و وەرێخستنی شەڕێکی بەوەکالەت لە گەڵ ئێران،زیاتر لە جاران،بەرژەوەندی ئێرانی خستە مەترسیەوە.بەڵام ئەوەی کە یارمەتی دا بە ئێران تا وەک بتوانێ جێ پێی خۆی لە سوریە قاییمتر بکات ،ئاڵۆزتر بوونی دۆخی سوریە بوو،بە شێوەیەک کە ئێرانی هێنایە سەر ئەو قەناعەتە کە بە کەوتنی بەشار ئەسەدیش،پێگە ستراتێژیەکەی لەم وڵاتە پارێزراوە.هەر بۆیە سەرمایەیەکی زۆر و زەبەنی سەربازی لەم ولاتە خستۆتە گەڕ.ئەنجامی ئەم جۆرە لە خوێندنەوە  وسیاسەتی ئێران بووە هۆی ئەوەی کە جۆری پەیوەندی حکومەتی ئەسەد لە “پێکەوە بەستراوە”بوونی دوو لایەن، جێگەی خۆی بدات بە”بەستراوە”بوونی سوریە بە ئێرانەوە.لێرەوە کە “نفووزی بەکردەوە”ی ئێران ، وەک ئەکتەرێکی یەکلاکەرەوە  لە سوریە رووی لە زیاد بوون کرد.

ئایا ئێران بۆ قۆناغی دوای ئەسەد خۆی ئامادە کردووە؟

سوریە بۆ ئێران بە میلیارد دۆلار تێچووی هەبووە.لە دیمیستۆرا،نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سوریە دەگێڕنەوە کە:بە پێی بەراوردی لیژنەکەی،ئێران ساڵانە ٦ میلیارد دۆلاری لە سوریە خەرج کردووە.لە بەرامبەر ئەم تێچووەدا،سەرباری گوشارو تەوژمی ئۆمۆزسیۆن و دژە توندڕەوەکانی سوریە،ئێران توانیویەتی حکومەتەکی ئەسەد بپارێزێ.راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئێستادا ١٠٠٠ گرووپی چەکداری نەیاری ئەسەد،وێڕای ١٠٠ هەزار شەڕکەر دژ بە ئەسەد لە حاڵەتی شەڕدان.

لە ئێستادا ئەسەد،کەمتر لە نیوەی خاکی سوریە بە دەستەوەیە.بەڵام نابی لە بیر بکرێ ئەم کەمتر لە نیوەیە،دوو لە سەر سێی حەشیمەتی سوریە لە خۆ دەگرێ.بە پێی راپۆرتەکان، بەشی زۆری ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە،زۆرتر ناوچەی بیابانیە و کەمتر دانیشتووی لێیە.بەرواورد دەکرێ حەشیمەتی ژێر کۆنتڕۆلی داعش،١٠ بۆ ٢٠%ی خەڵکی سوریە بێت.

هەنگاوێکی دیکەی ئێران لە سوریە کە زۆر جیدی هەژمار دەکرێ،پیکهێنانی هێزێکی سەربازی هاوتەریبە لە گەڵ سوپای سوریە کە لە ژیر ناوی”هێزی بەرگری نیشتمانی”هاتۆتە کایەوە.محەممەد رەزا نەقدی،فەرماندەی هێزەکانی بەسیج لە ئێران،دوای کوژرانی حوسێن هەمەدانی لە بەرەکانی شەڕی سوریە،کە وەک جێگری قاسم سولەیمانی ناو لێ دەبردرا،رایگەیاند:کاروباری ماڵیی هێزی بەرگری نیشتمانی لە ژێر چاودێری هەمەدانی دابووە.ئەم هێزە پێکهاتەیەکە لە بەرهەڵستاکانی عەلەوی  ومەسیحی سوری وەفادار بە بەشار ئەسەد.

لە مانگی مەی ٢٠١٤،هەمەدانی رایگەیاندبوو: لە سوریە ٧٠هەزار شەڕکەری لە چوارچێوەی ١٢٨ گوردان رێکخستووە.لە چەند رۆژی رابردووشدا،محەمەمد عەلی جەعفەری.فەرماندەی سوپای پاسداران رایگەیاند کە ژمارەی شەڕکەرەکانی سەر بە هێزی بەرگری نیشتمانی گەیشتۆتە ١٠٠ هەزار کەس.سەرباری ئەم هێزەش دەبێ ئاماژە بە هەزاران شەڕکەری دیکە بدرێ کە لە حیزبوڵای لوبنان،گروپە میلیشیاکانی عێراقی  وئەفغانی پێکهاتوون  ولە لایەن ئێرانەوە رەوانەی بەرەکانی شەڕی سوریە کراون.

فەرماندەی سوپای پاسداران،لە حەوتووی رابردوو لە لیدوانێکدا رایگەیاند:هەندێ کەس تێناگەن و دەڵێن کە ئەگەر بەشار ئەسەد نەبێ کەسی دیکە هەیە… بەرەنگار بوونەوە لە سوریە بەستراوەتەوە بە ئەسەدەوە،زۆربەی خەلکی سوریە لایەنگری ئەسەدن.هاوکات سیاسەتی فەرمی و راگەیەنراوی ئێرانی دووبارە کردەوە  وگوتی:مافی بڕیاردان سەبارەت بە ئایندەی سوریە،تەنها هی خەڵکی ئەم وڵاتەیە.

ئاماژەکان دەڵین چوونە دەرەوەی ئەسەد لە بازنەی سیاسەتی ئەم وڵاتە،درەنگ یا زوو روو دەدات.لە هەر روویەکەوە،بە سەرنج دان بە  دۆخی پێکهاتوو لە سوریە،تێگەیشتنێک دروست دەکات کە ئێران بە پێکهێنانی هێزی سەربازی لەم وڵاتە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی حیزبوڵا لە لوبنان،خۆی بۆ دوای قۆناغی ئەسەد ئامادە کردووە.

بە پێی راپۆرتێکی رۆژنامەی هائارتێزی ئیسرائیل،هەر چەندە کە دوورەدیمەنی ئەنجامی شەڕی خۆماڵی و ناوخۆیی لە سوریە ناروونە،بەڵام یەک شت روون:ئێران خۆی ئامادە کردووە.

سەرچاوە:بی بی سی

 

 

 

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com