ئەو کچەی جیابونەوەی دایک و باوکی کردیە میوانی بەردەوامی دیسکۆکان چیرۆکی ژیانی دەگێڕێتەوە

0

ئەو کچەی جیابونەوەی دایک و باوکی کردیە میوانی بەردەوامی دیسکۆکان چیرۆکی ژیانی دەگێڕێتەوە

رزگار رەزا چوچانی / سوید

لەشارێکی بچوکی سوید دەژیم، زۆر کات دەچمە شارە گەورەکەی نزیکمان کە ٣٥ خولەکێک نێوانیان هەیە، لەکاتی سەردانەکانی ئەو شارە بەسودفە ئاشنایەتیم لەگەڵ کچێکی گەنجدا پەیدا کرد، کە لەیەکێک لە فرۆشگاکاندا کاری دەکرد، ژیانی ئەو چیرۆکێکی دەگمەنە، هەڵسوکەوت و روخسارێکی ئەوروپیانەی هەیە، بەڵام کچی دایک و باوکێکی کوردە، دوای ماوەیەک لەیەکتر ناسین و قسەکردنم لەگەڵ ئەو کچە، ژن و پیاوێکم ناسنی کە دایک و باوکی ئەوبوون، ئەوان چەند ساڵێکە لەیەک جیابونەتەوە، بەڵام وێڕای ئەوەی کچەکەیان لەگێرانەوەی ژیانی بۆ گۆڤاری سڤیل دەڵێت”جیابونەوەی دایک و باوکم منی کردە هاوڕێی جگەرەو میوانی بەردەوامی دیسکۆکان”. ئێستا بەهەوڵی کچەکەیان خەریکە دەبنەوە هاوسەر.

دوای ماوەیەک یەکتر ناسین و قسەی بەردەوام لەڕێگای تەلەفۆن و نێت و یەک بینین، بە کێشەکانی دایک و باوکی و ژیانی پڕ لەکێشەی خۆی ئاشنا بووم، ماوەیەک پەیوەندی تەلەفۆنی نەما ئێوارەیەک تەلەفۆنی بۆکردم و دڵخۆش بوو، لە دەستپێکردنەوەی ژیانی و نزیک بونەوە لەدایک و باوکی، داوامکرد باوکی بناسم، کاتی دانا کە رۆژێکی پشوو بچم و دەچینە ئەو جێگای کە باوکی لەکاتی پشوو لەوێوێیە، وتی “رۆژانی پشوو و بەتایبەت ئەم کاتانە کە جەو خۆشە باوکم لەجێیەک دەبینیت، پیاوێکی گەنجی سەرسپییە، بەردەوام بەتەنیایە”، وەک بڕیار بوو رۆژێک پێکەوە چوینە جێگاکەی باوکی، لەدوورەوە نیشان دام، بەڵام وتی جارێ حەز ناکات باوکی بزانێت ئەو ئەم باسەی کردووە.

ئەو پیاوە لەسەر یەکێک لەکورسییەکان دانیشتبوو و جگەرەیەکی بەدەستەوەبوو، هەستت دەکرد لەگەڵ هەڵمژینی قوڵی جگەرەکەی بەردەوام خەریکی وردبونەوە و بیرکردنەوەیە، لەتەنیشتی دانیشتم، پێشتر ئەوم نەدەناسی، ئەوەی لەسەر ئەو دەمزانی پیاوێکی کراوەیە ئەویش بەپێی قسەی کچەکەی، لەبەر خۆمەوە وتم”ئەگەر خەمێک بونی هەبێت، هەرچەند بەهێز دوکەڵی جگەرەکە هەڵمژی، ئەو کەمنابێتەوە”.

بەسەرسامی لێمی روانی بەزەردەخەنەیەکی دەستکردەوە پرسی “تۆکێی؟” وتم “منیش وەک تۆ پەناهەندەیەکم لەم وڵاتە، سیمای تۆش پێی وتم کوردی، بۆیە ئەگەر رێمبدەی حەزدەکەم یەک بناسین”. دەستی خستە سەرشانم و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی، پێی وتم پێشتر منی نەدیوە هەربۆخۆشی وتی رەنگە هۆکار “جەنجاڵی فکرم بێت تەرکیزم نەبووە لەسەرت”. حەزی کرد بچینە یەکێک لە دوکانە نزیکەکان و پێکەوە دۆندرمەیەک بخۆین، لەوێ بۆدواندنی دەستم بەقسەکرد”تۆ ئەزانی سەختە ژیان لە دووری کەس و کار و وڵات؟، بەڵام بۆتۆ ئاسانترەو بۆ من سەختر، تۆ رەنگە لەگەڵ خێزان و کەس و کارت بیت  و منیش تەنیا”.

بەپێکەنینەوە وتی”تۆش ئەزانی کەس نیە لەم دنیا لەبەشی خۆی رازی بێت؟، کێ ئەڵێ من خۆزگە بەتەنیاییە بێ کێشەو پڕ لەهیواکەی تۆ بۆ ئایندەت ناخوازم”. پرسیم چۆن؟ وتی ئەوە درێژە لێ گەڕێ باباسی شتێکی تر بکەین، لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی چی کار دەکەم؟، پێم وت دەخوێنم و کاری رۆژنامەوانیش دەکەم. ئاواتمە ژیانی پرلەکێشەی کوردانی دەرەوەش بگێڕمەوە بۆ خوێنەر، تێگەشت بەچ مەبەستێک قسە دەکەم، دیسان زەردەخەنەیەک گرتی وتی”زانیم بێ هۆ نیە هاتیت دانیشتی لام، رەنگە شتێکت لەسەر منیش بیستبێت، هاتویت بەم رووە خۆشەت وردە وردە لێمدەربێنی؟”. وتم ئەگەر قبوڵ بکەیت و شتێک هەبێ شایەنی باس بۆنا؟ پێی خۆش بوو، ئەو رۆژەمان بەڕێکرد و بەتەلەفۆن پەیوەندیمان هەبوو، هەفتەی دواتر و هەر لەرۆژێکی پشویدا، سەردانی ماڵەکەیم کرد، لە ژوری دانیشتنەکەیدا جیا لەقەنەفەکان، مێزێکی گەورەی دانبوو، بەشێک لەمێزەکەی بۆ کۆمپیوتەرەکەی بوو بەشێکیکیشی تایبەتکردبوو بەجێگای خواردنەوە، لەبەرانبەر مێزەکەیدا وێنەیەکی کاتی مناڵی کچەکەی بەقابارەی نزیک بەمەترێک هەڵواسی بوو، دوای دانیشتن من زۆر لەوێنەکەم روانی، پێی وتم ئەوە کچەکەمە، ئێستا گەورە بووە، ئەوە کەدەیبنیت پێ دەکەنێت یاری لەگەڵ من دەکرد لەوکاتەدا، وتیشی “شەوان کە ماندوو بووم لەسەر کۆمپیوتەرەکە بەدەم خواردنەوەوە لەبەرانبەر وێنەکە دادەنیشم و داوای لێبوردنی لێدەکەم، کە رەنگە باوکێکی باش نەبوبم”.

ئەو کە نەیویست ئاماژە بەناوی بکرێت، دەستی بەگێڕانەوەی ژیانی کرد”بەر لەوەی بێمە دەرەوە لەزانکۆ کچێکم ناسی خۆشم ویست، بەهەزار فەلاکەت خانەوادەکەی رازی بوون بیدەن بەمن و بووە هاوسەرم، ژیان سەخت بوو لەکوردستان، بۆیە بڕیارماندا وڵات جێبهێڵین هاتینە دەرەوە لێرە دەستمان بەژیانێکی سەختتر کرد، لەوێ خوێندنمان تەواو کردبوو، بەڵام لێرە من بوومە شاگردی چێشتخانەو خێزانەکەشم پاککەرەوە، ماوەیەک وادەژیاین کە هاتینەوە سەرخۆ دەستمان بەخوێندن کرد هەرکەسەو بۆ تەواوکردنی بڕوانامەی خۆی و لەبواری خۆی، ئەو ماوەش باش بۆمان دەگوزەرا، بەڵام وەک بڵێی ئاو و هەوای ئەم وڵاتانە بەخێزانی کورد نەکەوێت منیش وەک زۆرێک لەخێزانەکانی کورد کێشەم بۆ دروست بوو، هەستم دەکرد ژنەکەم لەجێی پێش چونی عەقڵی بەرەو دواوە دەچوو، رۆژ بەرۆژ زیاتر دادەخرا، ئێمە دایک و باوکی مناڵێک بووین هیوام هەبوو بیرکرنەوە لەئایندەی ئەو مناڵە ئاوێک بە ئاگرەکەدا بکات و گرنگی خێزان و پاراستنی لە ترازان بیری ژنەکەم بهێنێتەوە، ماوەیەک باش بوو توانیمان پێکەوەبین تا تەمەمەنی کچەکەم بووە ١٥ ساڵ، بەڵام راستی تەحەمولی من بوو ئەگەرنا ژنەکەم لەمێژبوو بریاری دابوو جیا بێتەوە، ئەوەی منی زیاتر ئازار دەدا، بەدەر لەخۆشویستنی ئەو، ئایندەی کچەکەم بوو، پێم سەخت بوو بەجیا لەدایک یان باوک گەورەبێت، هەوڵمداو بێ سوود بوو جیابوەوە”.

ئەو پیاوە ئەوەی زیاتر ئازاری دەدات، کەوەک خۆی دەڵێت”لەدەستدانی کچەکەم بوو ئەو ئەم بەراوبەرکردنە لای من بۆلای دایکی و لای ئەو بۆ لای من کچەکەی لەدەستدام، فەوتانی و گرفتاری هەڵەی کرد، زۆر بەهەڵەدا رۆشت، چونکە لەتەمەنێکی حەساسدا بوو، بەڵام هەست دەکەم ئێستا هاتۆتەوە سەر خۆی بەوە مورتاحم، ئەگەرنا پرچە سپییەکانی سەرم بەم تەمەنە خەمی گەورەی قۆناغی هەڵەکانی مناڵەکەمە”.

بەر لەوەی ئەو باوکە بناسم کچەکەی بۆی گێڕامەوە”کاتێک دایک و باوکم جیا بونەوە لەبیرمە زۆر ناخۆش بوو بۆ من، دەبوو سەردانی هەردووکیان بکەم، لەگەڵ هەردوکیان بم، بەڵام دواجار بڕیارمدا تەنها باوکم ببینم و لەگەڵی نەژیم، چونکە وەک دایکم ئازادی پێنەدەدام، دایکم دەیوت، مەچۆوە لای ئەو، لێرە هەرچیت پێ خۆشە بۆت دەکەم و ئازادیشیت لەگەڵ هاوڕێکانت چی دەکەیت”، وتیشی ئازادییەکانی دایکم لەسەرەتا خۆش بوو بۆمن بەڵام دواجار کاتێک مامۆستاکەم بەهۆشی هێنامەوە، خەریک بوو دەفەوتام، کاتێک  تەمەنم بووە ١٨ ساڵ ئازادتر بووم لەدەرەوە، زۆربەی شەوان میوانی دیسکۆکە بووم، بەردەوام خەریکی خواردنەوە بووم لەگەڵ هاوڕێکانم، جگەرەم دەکێشاو بیرم لەهیچ نەدەکردەوە، ئەوەی گرنگ بوو لام بەسەربردنی کاتێکی خۆش بوو لەگەڵ هاوڕێکان”.

باوکەکەش دەڵێت”ئا ئەوە خەمی گەورەی من بوو، کە دایکەکە هەستی بە بەرپرسیاری نەدەکرد، لە چۆنیەتی ئازادی دان بە مناڵ، مناڵیش لەو تەمەنە کێ ئازادی پێ بدات ئەوی دەوێت، چونکە نازانێ ئایندە چییە، هەرکات دەمبینی لەجێیەکی خراپ و لەگەڵ گەنجی دەرەوە من دەمردم، بەڵام تەمەنی گەشتبووە سەروی ١٨ ساڵ و بۆم نەبوو تەدەخولی حەیاتی بکەم ئەگەر خۆی نەیەوێت، پرچە سپییەکەم خەمی ئەوکاتەیە، راستە هەر بەمناڵی فیری زۆر شتم کرد، بەڵام مناڵ کەلات نەما زوو دەگۆڕێت”.

 کچی ئەو پیاوە ئێستا دەزانی ئەوەی لەرابردوو بەڕێیکردووە هەڵەبووە و دەڵێت”من ئێستا تەمەنم نزیکە لە ٢١ ساڵ، لەتەمەنی ٢٠ ساڵی زانیم زۆر هەڵەم و فێری زۆر شتی خراپ بووم لە هاوڕێکانی دەرەوەم، وەک بەردەوام سەردانی دیسکۆکان و جگەرە کێشان و مەشروب و زۆر شتی ترم دەکرد، بەڵام ئەوەی بەهۆشی هێنمامەوە مامۆستایەکم بوو، مامۆستاکەم دەیزانی من بەو شێوەم قسەی زۆر بۆ کردم و وەک هاوڕێیەک بوو بۆم، وتی من مامۆستات نیم بەتەنها وەک کچی خۆم لێت دەروانم، ئەو کاری کردە سەرم و بەهۆشی هێنمامەوە، فێری کردم کە دیسکۆکان بۆ جەو گۆڕین باشن، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە جێی هەموو ئێوارەیەک زیانی دەبێت، پێی وتم کچەکانی ئەو هەموو ئازادییەکیان هەیە، بەڵام وەک منیش ناکەن، فێری کردم هاوڕێیەتی باشە، بەڵام بەردەوام بەسەربردنی زۆربەی کاتەکانم لەدەرەوە لەگەڵ هاوڕێکاندا زیانی هەیە، بۆیە بەقسەی ئەوم کرد بەڵام چەند مانگێکی ویست تا دوور کەوتمەوە لەدیسکۆ و جگەرەو زۆر شتی تر، ئێستا من کەسێکی ترم”.

لەڕێگای باوک و کچەکەوە ئەدرەسی فەیسبوکی دایکی کچەکەم وەرگرت، لەوێ یەکمان ناسی، دوای ماوەیەک قسەکردن پێم وت بەدوای ژیانی ئەوان چووم، بەرەزامەندی کچەکەی و هاوسەرەکەی پێشووی دەمەوێ وەک بابەتێکی رۆژنامەوانی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، سەرەتا پێی ناخۆش بوو بەڵام کاراکتەری سێیەمی چیرۆکەکەیەو دەبێت قسەی خۆی هەبێت، رازی بوو بەتەلەفۆن قسەمان کرد. ئەو ژنە چیرۆكی جیابووەنەوەی لەهاوسەرەكەشی، ئاوا بۆ گۆڤاری (سڤیل) گێڕایەوەو گوتی”قسەی پیاوەکەم راستە من هەڵەبووم، قسەی کچەکەشم راستە من ئەوەندە ئازادیم پێدا شەوان درەنگێک بەسەرخۆشی لەگەڵ هاوڕێکانی دەهاتەوە، من دەزانم نەدەبوو ئەوەندە ئازادی بەکچەکەم بدەم، بەڵام خۆشم دەویست و بۆ ئەوەی نەچێتەوە لای باوکی من سەرەنجی رابکێشم هەموو ئازادییەکم پێدابوو دەشمزانی هەڵەم”.

جیابوەنەوەی لەهاوسەرەکەشی واگێڕایەوە کە”توشی حاڵەتێکی ناخۆش ببووم، رقم لەپیاوەکەم بوو دڵم لێی پیس بوو کە هاوکاری کچێکی ناسراومانی زۆر دەکرد، دواتر زانیم وانەبووە بەڵام کاتێک زانیم گومان هەستی منی بۆ پیاوەکەم نەهێشتبوو، توشی رقی کردم و لەوی جیا کردمەوە، گومان هەم لە هاوسەرەکەی جیاکردمەوە هەمیش هەڵەی پێکردم و ئێستا کچەکەشم سەردانم ناکات و حەزیش ناکات من سەردانی بکەم”.

ئەو کچە دوورکەوتنەوەی لەدایکی وا باسکرد کەتەمەنی ١٩ ساڵ و چەند مانگێک بووە” دایکم مێردی کرد بەپیاوێکی عەرەب، من خۆشم نەدەویست، بۆیە جارو بار کێشەمان دەبوو، دوای سێ مانگ من داوام کرد بەتەنیا بژیم و ماڵی خۆمم دانا، بەڵام کاتێک هاتمەوە سەر ئەوەی کە وەک کەسێکی باش بژیم، زانیشم دایکم خەتایکرد لەباوکم جیابوەوە، بۆیە بڕیارمدا چۆن هەرگیز ناچمە لای باوکم نەچمە ماڵی دایکیشم، ماوەیەکی زۆر قسەشم لەگەڵ نەکردن دواتر کە قسەم لەگەڵ کردن بەتەلەفۆن بە دایک و باوکم وت ئەگەر ئەوان بچنەوە لای یەک، منیش دەچمەوە لای ئەوان تا مێرد دەکەم ئەگەرنا ناچمە لایان، یەک ساڵە بیرکردنەوەی من گۆڕاوە، بەڵام بەتایبەتی ئەمە ٤ مانگە زۆر حەز دەکەم لەگەڵ دایک و باوکم بژیم و ناشمەوێ مێرد بکەم، وەک کچەکانی تریش حەز ناکەم تەنیا بژیم ئەمەوێ لەگەڵ ئەوان بم”.

دایکەکە وتی “کچەکەم لەخۆوە عاجز بووە، ئەو لەگەڵ هاوسەری دووەمم نەدەگونجا، حەزی کرد تەنیا بژی، بەڵام من دوای ٨ مانگ لەو پیاوە جیابوەمەوە لەناکاو کچەکەم گۆڕان بەسەر تەبیعەتی هات و منیشی تەرک کرد، راستە هەڵەبووم بەڵام ناکرێت ئەویش وەک کچێک من تەرک بکات من دایکی ئەووم”.

كاتێك قسەی ئەو ژنەمان لەبەرامبەر كچەكەی، بۆ پیاوەكە گێڕایەوە،کە دەڵێت ناکرێت ئەویش وەک کچێک من تەرک بکات من دایکی ئەووم ، ئەویش گوتی”بۆچی ناکرێت؟، ئەی بۆ کرا وابکات لەو کچە چەند ساڵ قسە لەگەڵ من نەکات، ئەی من باوک نەبووم؟”. ئەو پیاوە دڵخۆشە بە ئێستای کچەکەی و دەڵێت”کاتێک دەمبینی کچەکەم زۆر گۆڕاوە لەکاتی خۆی دەچێتەوە ماڵەکەی خۆی و تەنها یەک دوو هاوڕێ کچە هاتووچۆی دەکەن، زۆر دڵخۆش بووم و  زۆر لام سەیر بوو، رۆژێک تەلەفۆنم بۆ کردو سوپاسم کرد کە ئێستا کچێکی زۆر باشە و پێم وت لەکاتێکی زۆر باشدا بیری لەخۆی کردوەتەوە”.

کچەکە دەڵێت “ماوەیەکی زۆر باوکم تەلەفۆنی کرد کەلەلای دایکم بووم زۆر حەزم نەدەکرد قسەی لەگەڵ بکەم هەر چۆنی باشی بوو تەواو دوای ئەوەش کە ماڵم دانا بۆخۆم ماوەیەک زۆر تەلەفۆنی کرد وەڵامم نەدا هات بێت بۆ ماڵم سەرەتا پێم وت بۆت نییە بێیتە ماڵم، ئەویش وازی لەتەلەفۆن هێنا، بەڵام کاتێک بڕیارمدا بگۆڕێم زۆر حەزم دەکرد قسەی لەگەڵ بکەم رووم نەهات رۆژێک دوای ئەو هەموو ماوە بۆخۆی تەلەفۆنی کرد کاتێک قسەی لەگەڵم کرد ، گریام کە هێشتا ئەو خەمی منیەتی، ماوەیەک بەتەلەفۆن نێوانمان باش بووەوە هەستم دەکرد باوکمم خۆش دەوێت کە قسەی لەگەڵ دەکردم قسەم بۆ نەدەکرا، بەڵام بیرم کردەوە دایکم تەنیایە باوکم تەنیایە منیش تەنیام بۆ نەچینەوە لای یەک؟، سەردانی ماڵەکەیم کرد  کەبینیم من ئەو هەموو ماوە قسەم لەگەڵ بابە نەکردووە، کە کاتێک هات بۆلاشم پێم وت بۆت نیە بێیتە لام، ئەو وێنەی منی گەورەکردووە بەرانبەری جێگاکەی دایناوە، پێی وتم کچە عەجولەکە وات دەزانی کە قسەم لەگەڵ نەکەیت لالەم نابیت، ئەو وێنە لەجیاتی تۆ بەردەوام لەلام بووە، لەخۆشیا دەستمکردە گریان، توند دەستمکردە ملی ماچم کردو ئەویش گریا، وتم بابە گیان خۆشم دەوێی، بەڵام داوامکرد با پێکەوە بژین هەرسێکمان من ئەوو دایکم، بەڵێنی پێدام هەرچی من پێمخۆشبێت ئەوە بکات، بەڵام دەبێت ماوەیەک بیری لێبکاتەوە،. پێشم وت نایەمە ماڵی هیچتان تا ئەوە نەکەن و قسەم لەگەڵ دایکیشم کرد، ئەویش پێی باش بوو، ئێستا دوو مانگە سەردانم نەکردوون، ئەوان دەڵێن دوومانگی تریش بیر دەکەنەوە و قسە دەکەن ئەوکاتە بڕیار دەدەن، بەڵام لەدەرەوە یەک دەبینین و قسە دەکەین، ئەزانم لەگەڵ دایە و بابە دەچینەوە لای یەک ئاهەنگی گەورە دەکەم تۆش بانگ دەکەم وێنەمان بگرەو بڵاوی بکەرەوە بڵێ سەرکەوتن”.

دایکیشی دەڵێت”بۆمن داوایەکی لەناکاو بوو، هەست دەکەم خۆش نەبێت دوای ئەو هەموو کێشە بەیەکەوە دەستپێبکەینەوە، بەڵام هیواشم هەیە بتوانین چاوپۆشی لەرابردوو بکەین، رەنگە داوای کچەکەم لا قبوڵ بێت و بچمەوە لای باوکی، چونکە ئەویش ئامادەیە چاو لەرابردوو بپۆشێت، لەپێناو ژیانێکی جوان لەگەڵ کچەکەماندا”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com