یەکێتی گۆڕان ی بێهیوا کرد

0

نوچەنێت

گۆڕەپانی سیاسی کوردستان کەشێکی جیاواز لەڕۆژانی پێشووی بەخۆیەوە بینی، کەشێک کەوای دەنواند هێزێکی سیاسی وەک بزوتنەوەی گۆڕان، کەرۆژانی پێشوو زوومی کامێراکانی بەلای خۆیدا ڕادەکێشا، دانەمەزرابێت و بوونی نەبوبێ، لەهەولێر دوو کۆبونەوەی گرنگی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر پرسە هەستیارەکان بەڕێوەچوو، بەڵام بزوتنەوە کاریگەرە ئۆپۆزسیۆنەکەی جاران لەدەرەوەی بازنەی کۆبونەوەکان بوو.

لەدوای ئەو ئەو کۆبونەوە گرنگەش کەلایەنە سیاسییەکانی کوردستان کەبەبێ بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان سازیانکرد، یەکێتی سێ پەیامی نائومێدکەری بۆ بزوتنەوەی گۆڕان نارد، سێ پەیام کەبۆنی ئەوەی لێدێت لەدەرەوەی بازنەبوونی بزوتنەوەی گۆڕان تەمەن درێژ دەبێت و ئەو هێزە بەتەنها لەگۆڕەپانەکە دەمێنێتەوە، بەڵام هەرسێ پەیامەکە بەبێ شیکردنەوە بەسەر راگەیاندنەکانی کوردستاندا تێپەڕی.

رۆژی سێشەممە 13  -10-2015، نوسینگەی تایبەتی کۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بووە جێی کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکان بۆ قسەکردن لەسەر دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان و سەرۆکی پەڕلەمان لەحکومەت و پەڕلەمانی کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە،کۆبونەوەی یەکەم لەنێوان كۆسرەت رەسوڵ، محەممەد فەرەج، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ئەنجامدرا. دواتریش لەهەمان جێگا مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بەسەرپەرشتی کۆرسرەت رەسوڵ و نێچیرڤان بارزانی كۆبوونەوە.

لەدوای کۆبونەوەی یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، هەریەک لەمەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و محەممەد حەکیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی، شەش خاڵیان بۆ راگەیاندنەکان خستەڕوو، کەبیرتی بوون لە :

1-چارەسەرکردنی قەیرانەکان تاوەکو خولی ئێستای پەرلەمان تەواو دەبێت.

2- پشتیوانی مافی مانگرتنی پیشەیی ، مەدەنی بۆ مافەڕەواکانیان دەکەین و دژی هەموو جۆرە گێرەشێوێنی-یەکیشین.

3- راگەیاندنەکان بەتایبەتی راگەیاندنی پارتی و گۆڕان دەبێ هاوکاری هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان بن.

4- بە لێبڕاوی دژی دوو ئیدارەیین لە کوردستاندا.

5- پەکخستنی رۆڵی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان پێچەوانەی یاسا و رێسای ئیداری و رێککەوتنی سیاسییە.

6- دەستێوەردانی هەرلایەک راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن هەرلایەنێکی ئیقلیمی و هێزی سیاسییەوە بێت دژی ئیرادەی دیموکراسی و یاسایی باشووری کوردستانە.

دواتر لەپەراوێزی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەو لەوەڵامی رۆژنامەنوساندا، مەلا بەختیار لەبارەی وەرگرتنی پۆستەکانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، دوای دەکردنیان لەحکومەت، وتی” کاتێک ئەم حکومەتە بنکە فراوانە دروستبوو، گۆڕان هەندێ لەو وەزارەتانەی گرتە دەست کە هی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، بەڵام ئێستا یەکێتی ئامادە نییە هیچ وەزارەتێکی گۆڕان بگرێتە دەست”.

ئەو بیرهێنانەوەی مەلا بەختیار بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بێ وەڵام نەبوو، لەبەرانبەردا كوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسی”پێم وانییە پارتی داوای لە هیچ یەكێك لەو سێ لایەنە كردبێت، تا وەزارەتەكانی گۆڕان وەبگرن، تا رەتیبكەنەوە و بیكەن بە هەڵویست و منەت”.

بەڵام چاودێرێکی سیاسی بۆ نوچەنێت دەڵێت، ئەوەی مەلا بەختیار وتی، هەڵوێست و منەت نەبوو، بەڵکو پەیامێک بوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، کە ئەگەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەتەنهاو بەبێ گەڕانەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەر حکومەتێکیشدا بکات، مافی خۆیەتی، چۆن یەکێتی ئەوەی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان نەکرد بەخاڵی بن بەست لەپەیوەندییەکانیان کە وەزیرەکانی ئەو لەلایەن گۆڕانەوە داواکران، کاتێکیش یەکێتی بەبێ ئەو چووە حکومەت، دەبێ بزوتنەوەی گۆڕانیش ئاسایی ئەوە وەربگرێت.

كوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، هەر لەو نوسینەدا کەلەپەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بۆ وەڵامی مەلا بەختیار نوسیبووی، رەخنە لە سێ لایەنەکە دەگرێت، کە هەڵوێستی توندیان نەنواندووە بەرانبەرپارتی، و دەڵێت”پێموابوو (یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ) لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا، بڕیار ئەدەن ئەندامێتیان لە ئەنجوومەنی وەزیران هەڵدەپەسێرن، تا چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستای هەرێم و ملدانی پارتی بۆ داخوازیەكانی كۆمەڵانی خەڵك و گێڕانەوەی سەروەری یاسا”.

بەڵام لەدوای کۆبونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی، یەکێتی پەیامێکی روونتری ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان کەبەخوێندنەوەی چاودێران تا ئاستێکی بەرز هیواپڕوکێنە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و مەحموود محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا قسەیان بۆ رۆژنامەنوسانکرد، بەپێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییەی بزوتنەوەی گۆڕان کەپێی وابوو یەکێتی بایکۆتی حکومەتی کوردستان دەکات، سەعدی پیرە تەئکیدی لەوەکردەوە کەیەکێتی و پارتی جیاوازن لەحزبەکانی تر، بەرپرسیارەتی گەورەیان لەسەرەو پێکەوە بەردەوام دەبن.

پیرە لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا وتی” مەوقیعی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەوقیعی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جودایە لەلایەنەکانی تر، چونکە ئێمە بەیەکەوە لەجەبهەکانیش پێشمەرگەی هاوبەشمان هەیە، پارێزگاری لەهەرێمی کوردستانی عێراق لەئەستۆی ئەم دوولایەنەیە بەدەرەجەی ئەساس، بۆیە مەجالی دوور کەوتنەوە لەیەک و مەجالی کەم کۆبونەوە نییە، ئەبێ بەردەوام ئاگامان لەیەک بێ”. وتیشی”ئێمە دەبێ کارێکی ئەوتۆ بکەین کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەلای کەمی نەکەونە دڵەڕاوکێی ئەوەی کە ئەم ئەم کوردستانە، ئەم تەجروبە سەرکەوتووە، ئەم سومعەیەی کە هەرێمی کوردستان لەدونیا هەیەتی بەچەند رۆژێک لەدەستی نەدەین، بەڵکو پارێزگاری لە پشتگیری دۆستەکانمان بکەین، لەدەستکەوتی خوێنی شەهیدەکانمان بکەین”.

هەر بەو ئاراستەیەدا و هەر ئەمڕۆ، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمەراسیمی چلەی ماتەمینی شەھید لیوا سەفین مەلا مەجید گوێڕی، كە ئەمڕۆ لەھەولێر بەڕێوەچوو، وتی”ئێمە لەپەرلەمان و حكومەت و سەنگەرەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبین و سوورین لەسەرئەوەی ئەو ئەركەی لەھەڵبژاردن میللەت پێی داوین، بیبەینە سەر”.

تەئکید لەوەش دەکاتەوە کە مانەوە لەحکومەتدا “بڕیاری سیاسی نییەو بڕیارو متمانەی میللەتە بە یەكێتی، ئەم حكومەتە بەھەموو كەموكوڕییەكانیەوە، ئەگەر غەدریشمان لێكرابێت، شانمان دوورنەخستۆتەوەو بەردەوامیش دەبین”.

هەر لەو وتارەدا مەلا بەختیار پێچەوانەی ئەو سیاسیانەی پێیان وایە دەرکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەحکومەتدا کاریگەری گەورەی دەبێت بەسەر حکومەتەوەو کارەکانی پەک دەخات، مەلا بەختیار لەوکاریگەرییەی کەم کردەوەو وتی”لای ئێمە بنمیچی حكومەت و پەرلەمان نەڕووخاوەو تەنھا كۆڵەكەیەكی رووخاوە، یەكێتی بەم كاروكاردانەوەیە لەلایەن ھەرلایەكەوە بێت بەرچاوی ڕەش نابێت، پەرۆشی پاراستنی پەیوەندییەكانیشی دەبێت لەسەرجەم ڕووەكانەوە لەگەڵ لایەنەكان”.

پەیامەکانی مەلا بەختیارو سەعدی ئەحمەد پیرە بەئاشکرا ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە، کەیەکێتی دژی دوو ئیدارەییەو بەبێ بزوتنەوەی گۆڕانیش لەحکومەتی کوردستان ناکشێتەوە، بەو پێیەش ئەو هەڵوێستەی یەکێتی هیوا پڕوکێنە بۆ ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان کەوا چاوەڕوانی دەکرد، لەگەڵ ئیزندانی ئەودا لەحکومەت، هەر سێ لایەنی یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو بەدوایدا لەحکومەت دەکشێنەوەو پرۆسەی سیاسی لەکوردستان پەک دەخرێت.

بەڵام ئەو ڕایەش هەیە، کەئەگەر یەکێتی لەگەڵ پارتی ئامادەیی بۆ ئەوە نەکردبێ، لەدوای گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا لەدەرەوەی وڵات، ئەگەر هەیە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی گرژی زیاتر سەرهەڵبدات و ئەوەش کاریگەری بەسەر بڕیاری یەکێتییەوە هەبێت، بۆ مانەوە، یان نەمانەوە لەحکومەتدا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com