لوقمان ئەحمەدی : ئێران دەستوەردان لەباشوری کوردستان دەکات و سەرکەوتووش بووە

0

رزگار رەزا چوچانی . نوچەنێت

لەم دیمانەیەدا لەگەڵ نوچەنێت، لوقمان ئەحمەدی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی  و بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، باس لەپێگەی ئێران دەکات لەناوچەکەدا لەدوای رێککەوتنی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا، پێی وایە ئێران مەترسییە لەسەر باشوری کوردستان و لەدەستوەردانەکانیشی لەباشوری کوردستاندا سەرکەوتوو بووە.

نوچەنێت : ڕێککەوتنی ئێران و ڕۆژئاوا، لای وڵاتانی ناوچەکە وەک سەرکەوتنی ئێران بەسەر ڕۆژئاوا باس دەکرێت، ئێوە بەدوور لەو حەساسیەتە سیاسیەی لەگەڵ جمهوری ئیسلامی ئێران هەتانە، چۆن خوێندنەوە بۆ ڕێککەوتنەکە دەکەن؟

لوقمان ئەحمەدی : هەڵسەنگاندنی لایەنی براوە یان دۆڕاوی ئەم ڕێککەوتنە، لە کاتی ئێستا دا ئەستەمە، چونکە هێشتا ڕێکەوتنەکە نەکەوتووەتە حاڵەتی جێبەجێ کردن و هیچ لایەنێک نازانێ کە دەرئەنجامی تەواوی ئەم ڕێکەوتنە چی دەبێ.

بەڵام ئەو تێڕوانینە کەپێی وایە کۆماری ئیسلامی سەرکەوتووە هەڵەیە، ئەگەر هەڵسەنگاندنێک لەسەر ئەو ڕاستیە بکەین کە کۆماری ئیسلامی پێش ئاشکرابوونی بەرنامە ناوەکیەکەی و دانانی ئەو هەموو گەمارۆیانە چیی هەبوو و دوای ئەم ڕێکەوتنە چی بەدەست دەهێنێ، دەگەینە زۆر شت، بۆ نموونە، پێش ئاشکرا بوونی بەرنامە ناوەکیەکی کۆماری ئیسلامی دەیتوانی ئازادانە لە ئابووری جیهانی دا بەشدار بێ، دوای ئاشکرا بوونی بەشە نهێنیەکەی بەرنامە ناوەکیەکی ئێران ڕووبەڕوی گەمارۆیەکی زۆر بووەوە و پارەیەکی یەکجار زۆری کۆماری ئیسلامی بلۆک کرا لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەیەوە. ڕاستە کە ئەم ڕێکەوتنە گەمارۆکان لا دەبا، بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، عەمەلەن، دوای ئەو هەموو ساڵە لە قەیرانی ئابووری و گەمارۆ، دوای ئەم ڕێکەوتنە لە باشترین حاڵەتدا دەگەڕێتەوە ئەو پێگەیەی کە پێش گەمارۆکان هەیبووە. بەو مانایە دەکرێ بڵێین ئێران هیچی بە دەست نەهێناوە، تەنها ئەوەی کە پێشتر لێی زەوت کرابوو وەریدەگرێتەوە.

نوچەنێت: ئەی ئەگەر ڕێککەوتنەکە سەرکەوتنە بۆ ڕۆژئاوا بۆچی وڵاتانی ناوچەکە دەترسن؟

لوقمان ئەحمەدی: ترسی وڵاتانی ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەر سیاسەتە توند ئاژویەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، بەشێکی بەرچاوی وڵاتانی ناوچەکە لەو باوەڕەدان کە ئەم ڕێکەوتنە دەتوانێ دەستی ئێران لە بواری ئابووری و سیاسیەوە ئاواڵاتر بکات و وا بکات کە ئیران پەرە بەم سیاسەتە توند ئاژویانەیەی بدا.

نوچەنێت: بەر لە ڕێککەوتنەکە هەیمەنەی ئێران گەیشتە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، ئەگەر پێشتر بەشێوەیەکی پەروەردەیی و سیاسی و نهێنی بوو، دوای داعش بە ئاشکرا تەدەخولی سەربازیی هەیە لەچەند وڵاتێک، ئایا ئەم ڕێککەوتنە سنوری بۆ دادەنێ، یان دەرفەتی زیاتری پێ دەدات بۆ ئەم دەستێوەردانە؟ چۆن؟ بە چ شێوەیەک؟

لوقمان ئەحمەدی: دیارە گومان لەوە دا نیە کە کۆماری ئیسلامی، پێش ئەم ڕێکەوتنە بە هەموو شێوەیەک دەستێوەردانی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە دەکرد، ئێستاس ئیمکانی زۆرە کە بە شێوەیەکی بەرچاوتر سیاسەتە توند ئاژویەکانی لە ناوچەکە پەرە پێ بدا، بەڵام لە حاڵەتێکی وا دا بە دڵنیایەوە کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی هەوڵی بەرپەرچدانەوەی ئەم کارانەی دەبێ لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە، ئەمەش وا دەکا کە ناسەقامگیری زیاتر و شەڕ و ئاڵۆزی زیاتر ڕوو لەو ناوچەیە بکا، کە لە درێژ خایەندا بێ گومان بە زەرەری ئێران تەواو دەبێ.

نوچەنێت: لە ناو ئەو مەترسیانەی کە وڵاتانی ناوچەکە هەیانە لە ڕێککەوتنەکەو کاردانەوەی دەرئەنجامەکانی، چ مەترسییەک بۆ سەر باشوری کوردستان هەست پێ دەکەیت؟ دەبێ ترسێک هەبێ لەسەر باشوری کوردستان؟ ئەگەر هەیە دەبێ کوردستان چی بکات؟

لوقمان ئەحمەدی : کۆماری ئیسلامی ئێران بێ ئەم ڕێکەوتنە و بە ئەم ڕێکەوتنە، مەترسیەکی یەکجار زۆر گەورەیە بۆ هەرێمی باشوری کوردستان، ئێران بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو ئاستێک دا دەستێوەردان لە کاروباری باشوری کوردستان دەکات و هەمیشە لە هەوڵی ئەوە دایە کە ناسەقامگیری سیاسی، ئابووری و هەتا نیزامی لە باشوری کوردستان دروست بکا، و لەم بوارە دا، لە حاڵەتی جیاواز دا، سەرکەوتوو بووە.

باشترین کار کە حیزبە سیاسیەکانی باشوری کوردستان دەتوانن بیکەن بۆ ئەوە ڕێگری لەم سیاسەتە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی بگرن ئەوەیە، لەسەر چەند خاڵی هەستیار کە پێوەندی بە بەرژەوەندی گەشتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە تەوافوق بکەن و ڕێگا نەدەن نە ئێران و نە هیچ دراوسیەکی دیکە لەم بوارانە دا هیچ کاریگەریەک، یان تەنانەت نەزەریان هەبێ.

نوچەنێت: بەڵام رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە وتارەکەیدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵێنی پاراستنی کوردستانی دوپاتکردەوە؟ چۆن لە قسەکانی ڕۆحانی دەڕوانی؟

لوقمان ئەحمەدی : کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدا خۆی وەکوو پشتیوان و دۆستی کوردی هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان نیشان بدا، بۆ ئەوەی بڵێت کە کورد لە ئێران دا هیچ کێشەیەکی نیە، بەڵام لە هەمان کات دا هەموو هەوڵێك دەدا کە ناکۆکی و ئالۆزی لە نێوان هێز و لایەنە کوردیەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان دروست بکا.

نوچەنێت: ڕایەک هەیە پێی وایە، وتارەکەی رۆحانی بە ئاراستەی کوردستان هۆشداریدان بوو بە باشوور، کە ئەوان کوردستان وەک سنوری قەڵەمرۆیی خۆیان دەبینن و ناکرێ کوردستان ئەوەی لە بیر بچێت، هیچ شتێکت لەوە بارەیەوە لە وتارەکەی رۆحانیدا هەست پێکرد؟

لوقمان ئەحمەدی : کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ وا نیشان بدا کە باشوری کوردستان بە بێ ئێران ناتوانێ خۆی ڕا بگرێ، هەوڵیش دەدات ئەم شێوە فکرکردنەوەیە لە نێو لایەنە سیاسیەکانی باشور زاڵ بکات، بۆ ئەوەی بتوانێ لایەنەکانی باشوری کوردستان بە لای خۆی ڕابکێشێ و بەم شێوە ئاسانتر سیاسەتەکانی خۆی لە باشوری کوردستان بباتە سەرەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com