پرسی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان
له رێکه‌وتننامه‌ی ( لۆزان ) ه‌وه بۆ ئه‌مڕۆ
پێویسته ئه‌مڕۆ له‌هه‌موو رۆژه‌کانیتری مێژووی پرسه نه‌ته‌وایه‌تییه‌که‌مان زێتر ده‌رس و په‌ندی شکسته‌کان بخوێنینه‌وه‌و بۆئەوەی جارێکی‌تر ئه‌م هه‌له‌ی بۆ پرسه‌که‌مان ره‌خساوه له‌ده‌ستی نه‌ده‌ین
هێشتا مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه وه‌ک تاوانێکی نیشتمانی سه‌یر‌ده‌کرێت و ده‌سه‌ڵاتی کوردیش ته‌واو به‌رامبه‌ری خه‌مسارده
ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه پرسی کورد له باشووری کوردستاندا نسکۆیه‌کی گه‌وره‌تر له نسکۆی رێکه‌وتننامه‌که‌ی( لۆزان) ی به‌سه‌ر بێت
فوئاد قه‌ره‌داغی
پێشه‌کی :
له مێژووی سه‌د ساڵی رابوردوودا، گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره به‌سه‌ر جیهاندا هاتووه. گۆڕانکارییه مه‌زنه‌کان به‌رئه‌نجامی ئه‌و جه‌نگانه بوون که بۆ داگیرکردنی جیهان و دابه‌شکردنه‌وه‌ی له‌نێوان هێزه ئیمپریالیستییه‌کاندا به‌رپاده‌کران. خاڵی هاوبه‌شی به‌ره‌نجامه‌کانی دوای ئه‌و جه‌نگانه، به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی بزووتنه‌وه‌کانی رزگاریی نیشتمانی گه‌لان و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی بوو. سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌هۆی روودان و کۆتاییهاتنی سێ جه‌نگی گه‌وره‌وه ( یه‌که‌م جه‌نگی جیهانی، دووه‌م جه‌نگی جیهانی، جه‌نگی ساردی نێوان بلۆکی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا)، ئاڵوگۆڕێکی به‌رچاوی جیهانیی به‌خۆیه‌وه بینی، .سه‌دان نه‌ته‌وه ئازادیی نه‌ته‌وایه‌تی و ، نیشتمانه‌کانیان سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ره‌وه‌رییان به‌ده‌ستهێنا. نه‌ته‌وی کوردیش وه‌ک هه‌ر یه‌کێک له‌و نه‌ته‌وانه چه‌ندین جار هه‌لی ئازادی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی بۆ ره‌خسا، به‌ڵام سه‌ره‌نجام، له ئاکامی زنجیره‌یه‌ک هۆکاری ده‌ره‌کی و ناوه‌کی ، نه‌ک هه‌رنه‌بووه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی، به‌ڵکو ئازادیی لێزه‌وتکراو نیشتمانه‌که‌شی داگیر‌و له‌نێوان ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌دا دابه‌شکرا. یه‌کێک له‌و هه‌لانه به‌رئه‌نجامی یه‌که‌م جه‌نگی ئیمپریالیستیی جیهان بوو که به سه‌رکه‌وتنی ده‌وڵه‌ته هاوپه‌یمانه‌کان کۆتاییهات و که‌لاکی ده‌وڵه‌تی عوسمانی تێدا پارچه‌پارچه‌کرا. کورد له رێی په‌یمانی ( سێڤر )، ( مانگی ئابی 1920 ) ، له به‌نده‌کانی ( 62 ، 63 ، 64 ) ی فه‌سڵی سێیه‌مدا مافی دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌کی خاوه‌ن ئۆتۆنۆمی بۆ سه‌لمێندرا که سه‌ره‌تا له باکووری کوردستاندا بێت دواتر باشووری کوردستانیشی بخرێته‌سه‌رو سه‌ربه‌خۆ بێت. به‌ڵام دوای دروستبوونی تورکیای که‌مالیست که به ناوی تورکیای نوێ ناسرا، ده‌وڵه‌تی تورک له‌و په‌یمانه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی مۆریکردبوو په‌شیمان بووه‌وه‌و به رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته هاوپه‌یمانه باڵاده‌سته‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه: ئینگلیز‌و فه‌ره‌نسا، رێکه‌وتننامه‌ی ( لۆزان ) یان له 24 ی ته‌موزی ساڵی 1923 دا مۆرکردو به پشتگیریی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان (عصبة الامم) ئه‌و مافه‌یان له کورد سه‌نده‌وه‌و باکووری کوردستانیان به تورکیاوه لکاندو، باشووری کوردستانیشیان دوای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ویلایه‌تی موصل به ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بیی عێراقه‌وه لکاند. به‌م پێیه خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌ی کوردیان زراندو جه‌زره‌به‌یه‌کی کاریگه‌ریان له پرسی ئازادیی نه‌ته‌وه وه‌شاند.
رێکه‌وتننامه‌ی ( لۆزان ) سه‌ره‌تای قۆناغێکی نوێی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد‌و پێشێلکردنی مافه‌کانی بوو، سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌تدان بوو به‌و هه‌موو کوێره‌وه‌ری و نه‌هامه‌تیانه‌ی تا ئه‌مڕۆش پرسه نه‌ته‌وایه‌تییه‌که و گه‌لی کورد له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا به‌ده‌ستیانه‌وه ده‌ناڵێنن. بۆیه ئه‌م رێکه‌وتننامه‌یه له‌مێژووی نوێی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا وه‌ک خاڵێک و په‌ڵه‌یه‌کی ره‌ش و کاریگه‌رێتییه‌کی نه‌رێیانه سه‌یریده‌کرێت.
لۆزان چی به‌سه‌ر کورد هێنا :
له‌م مێژووه‌وه سه‌رده‌مێکی تاریک بۆ کورد ده‌ستپێده‌کات. تورکیای که‌مالیست به‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی که‌وته وێزه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی کورد له باکوور؛ ئه‌و شۆڕشانه‌ی وه‌ک کاردانه‌وه بۆ ئه‌و سیاسه‌ته شۆڤێنیستانه‌یه‌ی که‌مالییه‌کان به‌رپابوون وه‌ک: شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران ( 1925 ) ، شۆڕشی ئارارات ( 1927 بۆ 1931 ) ، شۆڕشی ده‌رسیم ( 1937 )، به ئاگاداری و چاوپۆشینی ده‌وڵه‌ته باڵاده‌سته‌کانی ئه‌و کاته‌ی جیهان و کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان، خه‌ڵتانی خوێنکران و بۆ ماوه‌ی زێتر له هه‌شتا ساڵ ده‌نگی کوردیان له باکووردا پێ کپکردو ته‌نانه‌ت مافی کوردبوونیشیان نه‌سه‌لماندو گه‌لی کوردیان وه‌ک تورکی شاخاوی پێناسه‌ده‌کرد. به‌شه‌کانی سوریا‌و ئێرانیش له کاریگه‌رێتیی رێکه‌وتننامه‌ی لۆزان دوور نه‌بوون و بزووتنه‌وه رزگاریخوازییه‌که له‌و دووپارچه‌یه‌شدا پاشه‌کشه‌ی کرد و ده‌وره‌یه‌کی متبوونی به‌خۆیه‌وه‌دی، تا له دوای کۆتایی هاتنی دووه‌م جه‌نگی ئیمپریالیستیی جیهان له رۆژهه‌لاتی کوردستاندا سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌و بزووتنه‌وه‌که چالاکبووه‌وه‌و کۆماری دیموکراتی کوردستان له مهاباد ( 1946 – 1947 ) دامه‌زرا؛ ئه‌و کۆماره‌ی به هاوکاریی و پشتیوانیی ئینگلیز‌و ئه‌مریکاو تورکیا‌و عێراق بۆ رژێمی شاهه‌نشاهی و، خه‌مساردی و پشتبه‌ردانی له‌لایه‌ن سۆڤیه‌ته‌وه، رووخا‌و سه‌رکرده‌کانی له‌سێداره‌دران و، بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد له‌و به‌شه‌دا بۆ ده‌وره‌یه‌کی مێژوویی تر تا شۆڕشی ئێران له ساڵی1979 دا خامۆشبوو.
لۆزان و پرسی کورد له باشووری کوردستاندا
پێش رێکه‌وتننامه‌که‌ی ( لۆزان ) له‌ساڵی 1923 دا، باشووری کوردستان به‌ده‌وره‌یه‌کی ده‌سته‌ویه‌خه‌بوونی داگیرکه‌ره کۆن و نوێیه‌کاندا تێپه‌ڕیبوو، چه‌ند رووداوی سیاسیی گرنگیش گه‌لی کوردی له‌م به‌شه‌دا بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی سازدابوو، به‌ڵێنه‌کانی سه‌رۆکی ئه‌و کاته‌ی ئه‌مریکا به دانپادانانی مافی چاره‌نووس بۆ گه‌لان له‌لایه‌ک و، سیاسه‌تی لێنین و حکومه‌تی بۆلشه‌ویکیش سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌رکردنی پرسی نه‌ته‌وایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای مافی بڕیاردانی چاره‌نووس به مافی جیابوونه‌وه‌و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆوه، بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کوردی گه‌شبینکردبوو، به‌تایبه‌تی ئه‌و هه‌ڵوێسته سیاسییه‌ی رێگه‌یدا به دروستکردنی حکومه‌تێکی کوردی له سلێمانی، ئه‌وه‌بوو له کۆتایی ساڵی 1918 دا، شێخ مه‌حموودی حه‌فید له‌لایه‌ن حاکمی گشتیی به‌ریتانیاوه کرایه ( حوکمدار ) ی کوردستان، جاری دووه‌میش له تشرینی دووه‌می 1922 دا ئینگلیزه‌کان شێخ مه‌حموودیان له هیندستان هێنایه‌وه‌و کردیان به مه‌لیک و حکومه‌تێکیشیان بۆ دامه‌زراند. دواتر به‌هۆی ساتوسه‌ودای هاوپه‌یمانان و سیاسه‌تی دابه‌شکردنی ناوچه‌که له‌نێوان خۆیاندا و به بڕیاری کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان ساڵی 1925 باشووری کوردستانیان به عێراقه‌وه لکاند.
بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد له باشووری کوردستان و شێخ مه‌حموودی رابه‌ری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه به‌ر له‌دامه‌زراندنی حکومه‌تی عه‌ره‌بیی عێراق و دوای دامه‌زراندنی ئه‌و حکومه‌ته‌ش، بۆ به‌دیهێنانی قه‌واره‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ له‌ململانێدا بوون. ئینگلیز مامه‌ڵه‌یه‌کی دووفاقانه‌ی ئه‌م ململانێیه‌ی کرد، له‌لایه‌ک به‌ڵینی پێکهێنانی قه‌واره‌یه‌کی سیاسی به کورد ده‌داو، بۆ چه‌واشه‌کاریش حکومه‌تێکی کوردیی له‌سلێمانی دامه‌زراند، له‌لایه‌کیتره‌وه بۆ بڕاندنه‌وه‌ی کێشه‌ی ویلایه‌تی موصل، به هاوکاری کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان، خه‌ریکی سه‌وداو سه‌وداکاریی بوو له‌گه‌ڵ حکومه‌تی نوێی تورکیادا. بۆ نموونه‌ی هه‌ڵوێستی یه‌که‌م ده‌وڵه‌تی عێراق، له 24 ی کانوونی یه‌که‌می ساڵی 1922 دا به‌یاننامه‌یه‌کی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ( ئینتیداب ) واته به‌ریتانیا ده‌رکرد تیادا دانیان به مافی کورد له باشووری کوردستاندا نابوو له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئۆتۆنۆمییه‌کی فراوان له‌چواچیوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا، به‌ڵام به رێکه‌وتننامه‌ی لۆزان سیاسه‌تی راسته‌قینه‌ی ئینگلیز ده‌رکه‌وت و پرسه‌که‌یان کرده قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان له ناوچه‌که‌دا؛ ئه‌وه‌بوو کێشه‌ی موصلیان بڕانه‌وه‌و له تشرینی یه‌که‌می ساڵی 1924 دا سنووری نێوان تورکیا‌و عێراق به بڕیاری کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان دیاری‌کرا، به‌پێی هێڵێکی وه‌همی که به ( هێڵی برۆکسل ) به‌ناوبانگه، بۆ شه‌رعییه‌تدانیش به لکاندنه‌وه‌ی باشووری کوردستان به عێراقی عه‌ره‌بییه‌وه بڕیاری راپرسییه‌کیان دا.
راپرسییه‌که ئه‌نجامدرا، به‌ڵام راپرسییه‌کی سنوورداربوو، ته‌نها بۆ سه‌رۆک هۆزو خێڵه‌کان بوو نه‌ک بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان، ئه‌وانیشیان خسته‌به‌ر هه‌ڵبژاردنی یه‌کێک له حکومه‌ته‌کانی تورکیا یان عێراق نه‌ک راپرسی سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردن له‌نێوانی لکاندن و سه‌ربه‌خۆییدا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش که له زۆر شوێنی باشووری کوردستاندا ئه‌و راپرسییه نه‌کرا، له سلێمانی و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ریدا داوای سه‌ربه‌خۆیی کراو لکاندنی کوردستانیان به تۆرکیاو عێراقه‌وه ره‌تکرده‌وه. ئینگلیز‌و کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان ئه‌نجامی راپرسییه‌که‌یان له ناوچه‌کانیدیکه‌ی کوردستان، که ده‌که‌وتنه سنووری ویلایه‌تی موصل، وه‌رگرت و بۆ ئێجگاره‌کی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستانیان به‌خشی به حکومه‌تی عه‌ره‌بیی خانه‌واده‌ی شه‌ریف حوسه‌ین که له حیجازه‌وه هاتبوون.
باشووری کوردستان له‌سایه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی پادشایه‌تی و به‌عسدا:
ئه‌گه‌رچی به‌ڕه‌سمی مافی کورد بۆ حوکمکردنی خۆی سه‌لمێنرابوو، ته‌نانه‌ت ئه‌وه کرابووه مه‌رجی ژیانی کورد له‌م به‌شه لکێندراوه‌دا، به‌ڵام حکومه‌تی پادشایی هه‌تا رووخانی له ته‌موزی ساڵی 1958 دا ئه‌م مه‌رجه‌ی جێبه‌جێ نه‌کردو سه‌رده‌مێکیدیکه‌ی ململانێی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراقدا ده‌ستیپێکرد. رابه‌ری ئه‌م ململانێیه له‌سه‌ره‌تادا شێخ مه‌حموودو له‌دوای راپه‌ڕینی 6 ی ئه‌یلولی 1930 یه‌وه له سلێمانی، که به شه‌ڕی به‌رده‌رکی سه‌را ناسراوه، که‌وته ده‌ستی عه‌شیره‌تی بارزان به پشتگیریی رووناکبیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کورد.
حکومه‌تی پاشایه‌تی له‌هیچ جۆره کردارێکی سه‌رکوت و داپڵۆساندن و توندوتیژیی به‌رامبه‌ر داواکارییه نه‌ته‌وایه‌تی و مرۆییانه‌کانی خه‌ڵکی باشووری کوردستان سڵینه‌کرده‌وه، داواکاریی شێخ مه‌حموود بۆ نیشتمانێکی نه‌ته‌وه‌یی له زاخۆوه بۆ خانه‌قین، داواکاریی نوێنه‌رانی کورد له په‌ڕله‌مانی عێراقیدا بۆ یه‌کخستنی پارێزگاکانی کوردستان وه‌ک یه‌که‌یه‌کی ئیداری، رازینه‌بوونی کورد به رێکه‌وتننامه‌ی ده‌وڵه‌تی ئینتیداب و عێراق له ساڵی 1930 دا، هه‌ر هه‌مووی به‌لاوه‌نراو سیاسه‌تی شۆڤێنیستانه‌ی به‌عێراقیکردنی کورد په‌یڕه‌وکرا؛ ئه‌گه‌رچی له ته‌مه‌نی ئه‌و فه‌رمانڕوایه‌تییه‌دا چه‌ندین په‌یمان و بڕیاری سه‌باره‌ت به مافی چاره‌نووسی گه‌لان ده‌رچوون وه‌ک: ( کۆنفرانسی سان فڕانسیسکۆ 1925، په‌یمانی ئه‌تڵه‌نتی 1941، په‌یمانی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان 1945، جاڕنامه‌ی جیهانیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ مافی مرۆڤ 1948، پڕۆژه‌ی پاراستنی مافی مرۆڤ 1951). نه‌ک هه‌ر ئه‌م پێشێلکردنه به‌رچاوه‌ش، به‌ڵکو به پشتگیریی ئه‌مریکاو ئینگلیز په‌یمانی (سه‌عد ئاباد) ی مۆرکرد بۆ سه‌رکوتکردنی شۆڕشی ساڵی 1937 ی بارزان، دواتریش هه‌ر له‌گه‌ڵ ئێران و تورکیا، به پشتگیریی ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیستییه باڵاده‌سته‌کان، بۆدژایه‌تیکردنی کورد‌و پرسه ره‌واکه‌ی، په‌یمانی ( به‌غداد ) ی له‌ساڵی 1955 دا پێکهێنا.
له ته‌موزی ساڵی 1958 دا سیستمی پادشایی رووخێنراو سیستمی کۆماری له‌شوێنی دامه‌زرا. سه‌ره‌تا هه‌ڵوێستێکی ئه‌رێیانه له گه‌لی کورد وه‌رگیرا. له‌ده‌ستووری کۆماریدا کورد‌و عه‌ره‌ب وه‌ک شه‌ریک له عێراقدا ناوبران، رێگه‌درا به بارزانی بگه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق، مۆڵه‌تی کارکردن به پارتی دیموکراتی کوردستان درا که کاری سیاسی به‌ئاشکرا بکات و باره‌گای له به‌غداو شاره‌کانی کوردستاندا هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌م سیاسه‌ته گۆڕانی به‌سه‌رداهات و به شۆڕشی ئه‌یلول و هێرشی سه‌ربازیی حکومه‌تی کۆماریی عێراق بۆ سه‌ر کوردستان کۆتایی هات؛ دواتریش که شۆڤێنیسته عه‌ره‌به‌کان( ناسرییه‌کان و به‌عسییه‌کان ) له‌ساڵی 1963 وه حوکمیان گرته‌ده‌ست، پرسی کورد به‌ڕاستی که‌وته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی تیاچوون. حکومه‌تی یه‌که‌می به‌عسییه‌کان و ناسرییه‌کان له 1963 دا‌و، حکومه‌تی قه‌ومییه ره‌گه‌زپه‌رسته‌کانی دوای ئه‌و تا1968 و پاشان حکومه‌تی دووه‌می به‌عس که به کوده‌تاکه‌ی 17 ی ته‌موزی 1968 بۆ ده‌سه‌ڵات گه‌ڕانه‌وه، پرسی کوردیان دووچاری سیاسه‌تی دیماگوگی دانپیادانانی لامه‌رکه‌زی و حوکمی ئۆتۆنۆمی و ئینجا تواندنه‌وه‌و راگواستن و جینۆساید کرد‌و، له‌شه‌ڕی نه‌گریسی ئێران – عێراقدا به لوتکه‌یان گه‌یاند.
گه‌لی کورد له‌سایه‌ی حوکمی به‌عسدا ( ته‌موزی 1968 – نیسان 2003 ) ره‌شترین رۆژه‌کانی مێژووی خۆی گوزه‌راند، بێ پشتوپه‌ناو به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ناوه‌ندێکی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵبداتێ، درندانه‌ترین تاوانی به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدرا، هه‌ر له راگواستن و کیمیا بارانه‌وه تا ئۆپه‌راسیۆنه به‌دناوه‌کانی ئه‌نفال و زینده‌به‌چاڵکردنی سه‌دان هه‌زار کورد له بیابانی خۆرئاوای عێراقدا.*
ئه‌مڕۆ به رووخانی رژێمی شۆڤێنیست و فاشستیی به‌عس، گه‌لی کورد‌و پرسه نه‌ته‌وایه‌تییه‌که‌ی قۆناغێکیدیکه له مێژووی خۆیدا ده‌بڕێت. ئه‌گه‌رچی نیمچه سه‌ربه‌خۆییه‌ک له باشووری کوردستاندا هه‌یه، به‌ڵام هێشتا چاره‌نووسی پرسه‌که‌مان دیار نییه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ناسیۆنالیسته شۆڤێنیسته‌کانی عه‌ره‌بی به‌سه‌ره‌وه‌یه، هێشتا مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه وه‌ک تاوانێکی نیشتمانی سه‌یر‌ده‌کرێت و ده‌سه‌ڵاتی کوردیش ته‌واو به‌رامبه‌ری خه‌مسارده؛ له‌کاتێکدا جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان خوازیاری جیابوونه‌وه‌و پێکهێنانی قه‌واره‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆن و له دوو راپرسیدا ده‌نگیان به‌م خواسته‌یان دا، بۆیه پێویسته ئه‌مڕۆ له‌هه‌موو رۆژه‌کانیتری مێژووی پرسه نه‌ته‌وایه‌تییه‌که‌مان زێتر ده‌رس و په‌ندی شکسته‌کان بخوێنینه‌وه‌و بۆ جارێکی‌تر ئه‌م هه‌له‌ی بۆ پرسه‌که‌مان ره‌خساوه له‌ده‌ستی نه‌ده‌ین، نه‌هێڵین لۆزانێکیترمان به‌سه‌ربێت و بۆ ده‌یان ساڵی‌تر پرسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بچێته‌دواوه.
ئه‌وساو ئێستا، جیاوازی و لێكچوون:
مه‌به‌ستمان له ئه‌وسا، هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌می په‌یمانی ( سێڤر ) و رێکه‌وتننامه‌ی ( لۆزان ) ه، مه‌به‌سیتیش له ئێستا ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌یه که باشووری کوردستانی تێدایه له‌سایه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمـی کوردستان و عێراقی دوای به‌عسدا. خوێندنه‌وه‌یه‌کی بابه‌تیی ئه‌و دوو هه‌لومه‌رجه له‌ڕووی جیاوازی و له‌یه‌کچوونیانه‌وه، نه‌خشه‌یه‌کی واقیعیی پرسی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان به‌ده‌سته‌وه‌ده‌دات و رێگا کاری ئه‌مڕۆو سبه‌ی دیاریده‌کات.
به‌شێک له خاڵه‌کانی لێکچوونی ئه‌و دوو ماوه‌یه‌ی مێژووی کورد له‌م خاڵانه‌دا ده‌بینرێت:
1 ) په‌یمانێکی نوسراو هه‌بوو( په‌یمانی سێڤر) که ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه(به‌ریتانیاو فه‌ڕه‌نسا) ئاگاداری به‌نده‌کانی بوون و به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیاندا سه‌پاندبوو، ئه‌مڕۆش ده‌ستورێک له‌عێراقدا هه‌یه که به ئاگاداری ئه‌مریکاو ئینگلیز نوسراوه‌و لایه‌نی ده‌سه‌ڵات به ناچاری وه‌ریگرتووه و ئیلتیزامێکی بێ چه‌ندوچوونی به‌رامبه‌ر نییه.
2 ) په‌یمانی ( سێڤر ) شێوه‌یه‌ک له ئۆتۆنۆمی بۆ باکووری کوردستان سه‌لماندبوو، ده‌ستووری عێراقیش به‌ناو فیدرالی سه‌لماندووه‌و له‌واقیعدا هه‌ر شێوه‌یه‌که له سه‌لماندنی ئۆتۆنۆمی.
3 ) په‌یمانی ( سێڤر ) له هه‌لومه‌رجی رووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نوێی تورکیادا ئیمزاکراو، ده‌ستووری عێراقیش له هه‌لومه‌رجی رووخانی رژێمی به‌عس و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراقدا بڕیاری له‌سه‌ردراو راپرسی بۆ کرا.
4) چاره‌نووسی په‌یمانه‌که‌و تورکیای که‌مالی له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌کاندا بوو، هه‌روه‌ک چۆن ئێستا چاره‌نووسی سیاسیی عێراق و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی له ده‌ستی ئه‌مریکادایه.
5 ) گرنگترین خاڵی له‌یه‌کچوونی ئه‌و دوو هه‌لومه‌رجه له پێکهاته‌ی سه‌رکردایه‌تی بزووتنه‌وه نه‌ته‌وایه‌تییه‌که‌دا ده‌یبینین، که نه‌ئه‌وساو نه‌ئێستا، گه‌لی کورد سه‌رکردایه‌تییه‌کی سه‌ربه‌خۆییخوازی نه‌بوو، ئه‌گه‌رچی تاراده‌یه‌ک سه‌رکردایه‌تی بزووتنه‌وه نه‌ته‌وایه‌تییه‌که‌ی ئه‌وسا مه‌یلی سه‌ربه‌خۆییان زێتر تێدابوو.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای خاڵه‌کانی جیاوازیی هه‌لومه‌رجه‌کانیش بکه‌ین ئه‌وا ئه‌م جیاوازییانه به‌دیده‌که‌ین:
1 – باشووری کوردستان چه‌ند جار هه‌ڵبژاردنی تێداکراوه‌و خاوه‌نی په‌ڕله‌مانی خۆیه‌تی. به‌ڵام له باکوور هیچ بوارێک بۆ هه‌ڵبژاردن نه‌ڕه‌خسێنرا.
2 – حکومه‌تێک فه‌رمانڕه‌وایی ره‌سمی به‌شێک له باشووری کوردستان ده‌کات به‌ناوی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌و ئیداره‌یه‌کی کوردی له پارێزگاکانی کوردستاندا هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وسا له باکوور نه‌ک هه‌ر حکومه‌تێکی خۆجێیی دانه‌مه‌زرا به‌ڵکو ئیداره هه‌ر به‌ده‌ست تورکه‌کانه‌وه مایه‌وه.
3 – حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ژێر سایه‌ی دوو حزبدایه که له هه‌ڵبژاردندا ده‌رچوون و هه‌ر حزبه خاوه‌نی له‌شکرو ئاسایش و پۆلیسی خۆیه‌تی و به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان په‌یوه‌ندییان به حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه هه‌یه، به‌ڵام له باکووری ئه‌وسادا هێزه چه‌کداره‌کان به‌ده‌ستی حکومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌بوون
4 – له په‌ڕله‌مان و حکومه‌تی نوێی عێراقدا رێژه‌یه‌ک کاربه‌ده‌ستانی کورد هه‌ن و چه‌ند پۆستی باڵاش به‌ده‌ست کورده‌وه‌یه، به‌پێچه‌وانه‌ی حکومه‌تی که‌مالی که له تورک به‌ولاوه که‌سێک له پۆسته حکومه‌تییه‌کاندا نه‌بوو، به‌تایبه‌تی پۆسته باڵاکانی ده‌وڵه‌ت.
5 – حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌شی له داهاتی عێراقدا هه‌یه‌و ساڵانه به‌رێژه‌ی %17 ی داهاته‌که‌ی ده‌درێتێ و خۆی سه‌رپشکه له سه‌رفکردنی، که هه‌رگیز حاڵه‌تی وه‌ها له باکووری کوردستاندا نه‌بووه.
6– خه‌سڵه‌تێکیدیکه‌ی بارودۆخی ئیمڕۆی باشووری کوردستان به‌ستنی په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسی و بازرگانییه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌کانی ناوچه‌که‌و ده‌وڵه‌تانی بیانی‌دا، به‌ڵام کاتی خۆی ئه‌م هه‌لومه‌رجه بۆ باکووری کوردستان نه‌ڕه‌خساوه، هه‌روه‌ها ده‌ستێوه‌ردانێکی راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ که ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌کانی دراوسێی کوردستانه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمه‌که هه‌یه، ئه‌و کاته، ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه له‌لایه‌ن دراوسێکانی تورکیاوه بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌ته نوێیه‌که‌ی نه‌بووه‌و ته‌نها ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌کان بڕیارده‌ربوون.
ئایا ده‌رفه‌تی به‌ده‌وڵه‌تبوونی باشووری کوردستان هه‌یه؟
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنجی خاڵه‌کانی جیاوازی و لێکچوونی هه‌ردوو سه‌رده‌مه‌که بده‌ین، ده‌بینین خاڵه به‌هێزه‌کان ده‌که‌ونه چوارچێوه‌ی جیاوازییه‌کانه‌وه، له‌به‌رامبه‌ر یه‌ک دوو خاڵی لاوازی لێکچوونه‌کانه‌وه. بۆیه ئه‌گه‌ری به‌ده‌وڵه‌تبوونی باشووری کوردستان ده‌که‌وێته گره‌وی چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و خاڵانه‌دا، چ ئه‌وانه‌ی خاڵی هێزن و چ ئه‌وانه‌ی خاڵی لاوازین. هه‌روه‌ها به خوێندنه‌وه‌ی خاڵه‌کان ده‌توانین به‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ره‌دا دابه‌شیان بکه‌ین:
أ-ته‌وه‌ره‌یه‌کی ده‌ره‌کی ، ب-ته‌وه‌ره‌یه‌ک په‌یوه‌ندی به ناوخۆی کوردستانه‌وه هه‌یه.
له‌ڕاستیدا په‌ڕله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و نوێنه‌رانی کورد له په‌ڕله‌مان وحکومه‌تی عێراقیداو کۆنگره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی که هه‌موو حزب و رێکخراوه‌کانی کوردستان کۆبکاته‌وه‌و لۆبییه‌کی کوردیی فراوان و ئه‌کتیڤ له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، له به‌رنامه‌ڕێژییه‌کی ستراتیژیی و تاکتیکیی نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌توانن زه‌مینه‌یه‌کی له‌بار بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌م پرسه خۆشبکه‌ن؛ ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه چۆنیه‌تی راکێشانی رایگشتیی جیهانه بۆ پرسه‌که، به‌تایبه‌تی پشتگیریی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و، سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رکردایه‌تییه‌کی سه‌ربه‌خۆییخوازه که بتوانێت رابه‌ریی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد له‌م پارچه‌یه‌ی کوردستاندا بکات و، به پێره‌وکردنی چه‌ندین شێوه‌ی خه‌باتی سیاسی، له‌وانه کارکردن بۆ به‌رپاکردنی ریفراندۆمێک که تیادا جه‌ماوه‌ری کوردستان ده‌نگ بۆ جیابوونه‌وه له‌عێراق و سه‌ربه‌خۆیی بده‌ن، ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی باشووری کوردستان بهێنێته دی. ئه‌وه‌ش له مه‌ودایه‌کی مێژوویی‌دا ده‌کرێت که ناتوانرێت ئێستا پێشبینی بکرێت. به کورتی: به‌بێ ئاماده‌یی ئه‌و مه‌رجانه به‌گشتی و دوو مه‌رجی دواییان به‌تایبه‌تی، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه پرسی کورد له باشووری کوردستاندا نسکۆیه‌کی گه‌وره‌تری له نسکۆی رێکه‌وتننامه‌که‌ی( لۆزان) به‌سه‌ر بێت.
تێبینی :
- به‌پێویستم نه‌زانی دوورودرێژ له‌سه‌ر حوکمی به‌عسییه‌کان بنووسم، چونکه هاووڵاتیانی کورد که‌م و زۆر شاره‌زاییان له‌و مێژووه‌دا هه‌یه.
- بۆ زانیاری زیاتر سه‌باره‌ت به پرسی سه‌ربه‌خۆیی بۆ باشووری کوردستان، سه‌رنجی خوێنه‌ری هێژا بۆ ئه‌و دوو وتاره راده‌کێشم که‌له‌م باره‌یه‌وه له رۆژنامه‌ی ( هاوڵاتی ) ژماره‌کانی ( 736 ، 737 ، 746 ) نووسیومن.