مەسعود بارزانی و براکانی یوسف !!
نوسەری عەرەب: حامید شەهاب
وەرگێڕانی : عەزیز ئەحمەد حەمە تایبەت نوچەنێت
لەهەرێمی کوردستان ، لەهەولێرو سلێمانی و دهۆک ، هیچ هاونیشتیمانیەکی کورد نیە کە هیوای ئەوە نەخوازێت مەسعود بارزانی بۆ هەموو تەمەنی خۆی وەک سەرۆکی هەرێم بمێنێتەوە .
ڕەنگە هەندێک لە سەرکردەکانی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەوە نەزانن کە یەزدان نیعمەتێکی خودایی بەم هەرێمە بەخشیوە کە بریتیە ئاسایش و تەنایی و گەشەکردن و پێگەیەکی نایاب، بۆ ئەم دۆخەش کەخوڵقاوە سەرۆک مەسعود بارزانی دەستێکی باڵای هەبووە کە هەرێمەکەیان بگاتە ئەو ئاستەی، کەوەک مێرگێکی دەوڵەمەندە و هەموو عێراقیەکان و گەلانی درواسێ بەغیلی و ئیرەییان پێ ببەن !!
لەسایەی سەرکردایەتی مەسعود بارزانی و بەرەنگار بونەوەی قارەمانانەی بۆ هەموو دژواریەکانی کە هاتە ڕێگای هەرێمەکەیان، هەروەها لەناویشیاندا خەتەری داعش کە لەجێگای خۆیان وەستاندنی، وەک ئەوەیە دەوڵەتێکی خاوەن بەرگری دامەزراندبێت کە هاونیشتیمانیەکانی کەرامەت و مافەکانیان پارێزراوە تیایدا، کوردستان نیشتیمانێک ئازاد و خاوەن ئاسایش دەردەکەوێت کە نیعمەتی خێرو گەشەکردنی تیایە، ئەمەش ئەو ئامانجە گرانبەهایەیە کە زۆربەی گەلان و حکومەتەکانی ناوچەکە ئاواتی بۆ دەخوازن .
ئەگەر من کورد بومایە، ئەوا بەڕێز مەسعود بارزانیم هەڵدەبژارد کە بۆ هەموو تەمەنی خۆی سەرۆک بێت، بەهۆی ڕۆڵی گەورەی ئەم پیاوە کە لەئاست بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی و ئەخلاقی و پێشتریش عەشایەری، پتەو و بەهێز و خۆڕاگر بوو، کە هەرێمەکەی لەهەر پیلانگێریەکی وا پاراست کە کە دەیویست تێکدان و کاولکاری بێنێتە ناوی، پەروەردگاریش لە بەڵا و ئاشوب پاراستی، سەرکردایەتی مەسعود کە جێگای ڕێزی و پێزانینی هەموو کوردێکە، بۆیە کوردەکان وەک هەیبەت و پارێزەری خۆیان لێی دەنواڕن لەکاتی تەنگانەو سەختیەکاندا.
من نازانم ئەگەر ئەو برایانە لە بەرپرسەکانی سلێمانی کە ئێستا باسی سەرۆکایەتی دەکەن، ئەم بارو دۆخە دوڕدۆنگی کردبن، یان رەنگە کاتێک ئەم مێرگە دەبینن، هەندێک لەوان لێرەو لەوێ تەماعی کورسی دەسەڵات گرتبنی، ( النفس الآمارة بالسوء ) تیایاندابێ غیرە و ئیرەیی هەبێ، هەروەک براکانی *حەزرەتی یوسف * تەماع بەگوێی دڵیاندا بچرپێنێ کە کارێکی هاوشێوە بکەنەوە.
خۆ عێراقی دوای ٢٠٠٣ لەبەر چاوتانە، کەکارەسات و نەهامەتی و نەگبەتیەکانی هەر کەسێک بۆ ماوەیەکی دورو درێژ خامۆش و بێ دەنگ دەکات، لەبەرابەریشدا ئەو گەشەو خێرو بێرو ئاسایشەی لەکوردستان بەدیهاتووە دەبینرێ کەبۆتە هۆی بنیاتنانی جوان و شەقامی پاک و خاوێن و هەروەها گەلێک کە قەدەری گواستیەوە بۆ شکۆمەندیەکی، کە دەست لەملانێ ی سەرفرازی بێت!!
دەکرا هەر یەکێک لە سیاسەتڤانانی کورد، شانازی بکات و سەربەرز بێت کە مەسعود بارزانی ئەم خەونی ئیمپراتۆریەتەی بەجوانترین شێوە بۆ هێناونەتە دی، ئەوان ئەگەر لەژێر سایەی ئەم سەرکردەیەدا هاوبەش و هاریکاری بن، بۆیان نابێتە شانکورتی، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەرزی و بەرپرسیاریەتی ئەوان نیشان ئەدات، هیچیان لێ کەم نابێتەوە، بگرە گەورەتر و شکۆمەندتر دەبن لەناو گەلانی سەر زەوی!!
سەیرو سەمەرەیە کاتێک ئێمەی عەرەب دەبیستین، برا کوردەکان لەنێوان خۆیاندا ناکۆکن لەسەر مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێم، لەکاتێکدا کە زیاتر لەبیست ساڵە بارزانی سەرۆکایەتیان دەکات و گەیاندونیەتە کەناری ئارام، وە زۆر یەکێک لەمانە هێشتا هەر نەهاتبونە مەیدانی سیاسەت، تەنیا ئێستا نەبێت کە لەم قۆناغی گەشەسەندنەدا سودمەند بوون، باشتر بوو بۆ هەموو ئەوان کە جارێکی تر مەسعود بارزانی هەڵبژێرنەوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی هەرێمەکەیان، بۆئەوەی بە گەورەیی بمێننەوە و دەوڵەتان ڕێزیان لێبگرن لای حکومەت و گەلانی دونیاش شکۆمەند بن و حسابیان بۆ بکرێت !!
قەدەر نەیهێشت هیچ یەکێک لە شارو پارێزگاکانی هەرێم ببینم، بەڵام لەشاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە دەیبینین، من وەک عێراقیەکی عەرەب، هەست دەکەم ئەم مێرگە سەوزە ئاسایشدارو ئارامە، پەناگایەکە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت لەسایەی هێمنییەکەیدا بحەوێتەوە و هەست بە سەرفرازی بکات، سەرهەڵبڕێت بببینێت چیا سەرکەشەکانی کوردستان هەڵکشاون بەرەو ئاسمان کەنیشاندەری بەرزی و پێگەیەکی بێ هاوتایە.
من شەخسی خۆم، وەک بە میزاج عێراقی و بە نەریت عەرەبێک، پێم باشە سەرکردەکانی سلێمانی جارێکی تر پەلە بکەن لە تازەکرنەوەی حکومڕانیەتی سەرۆک بارزانی، و درێژ کردنەوەی ویلایەتی سەرۆکایەتی ئەو، تاکو ئەو کاتەی سازان لەسەر دەستوری تازەی هەرێم دەکرێت و دەسەڵاتەکانی دیاری دەکرێت، ئەگەر من لە جێی ئەوان و کورد بومایە مەسعود بارزانیم وەک سەرۆکێک هەڵدەبژارد بۆ هەموو تەمەنی خۆی !!
ئەوەندەی من دەربارەی ئەم سەرکردە کوردە نەبەردە دەیزانم، پیاوێکی ئازاو خاوەن ئیرادەیەکی نەبەزیووە، پەروەردگاریش هۆشمەندیەکی وەهای پێ بەخشیووە کە کەسانێکی کەم لەسەرکردەو بەرپرسەکان هەیانە، هەروەها ئەو کە کەسایەتیەکی عەشایەری بەخشندەیە، وەک قارەمانێک شایانی ئەوەیە ببێتە سەرکردەی پێشمەرگەکان، لەو ڕێیەشەوە هەرێمەکەیانی پاراست و مێرگێکی دەوڵەمەندی بۆ بنیاتنان، هەموو کوردێک هەست دەکات کە ئەوە نیعمەتێکی خوداییەو هیچ شتێکی تر جێ ی ئەو ناگرێتەوە ، بۆیە لەسەریانە سوپاسگوزاری پەروەردگار بن، بۆ ئەو نیعمەتە ی پێ ی ڕەوا بینیون، هەروەها بۆ ئەو پیاوە چاکەی بەوانی بەخشیووە، ئەو خەسڵەتە جوانانەی یەزدان بەم پیاوەی بەخشیووە، بۆ مێژوو هی ئەوەیە هەموو کوردێک لێ ی بەهرەمەند بێت، وەک ئەفسانە هەڵسوکەوتی سادە و بەرزی مرۆڤایەتی، وا دەکات هەموو جیهان ڕەوشتی بەرزو دەستکەوتەکانی بۆ گەلەکەی ببینێت!!
لە ئێمەوە سڵاو بۆ گەلی کوردستان و بۆ سەرکردایەتی مەسعود بارزانی، بەڵکو خودا بکات ببێتە نیعمەێک بۆخۆیان و بۆ هەرێمەکەشیان، براکانی حەزرەتی یوسف لەجیاتی ئەوەی هەندێک بخەنە بیرەوە کەشایەنی ئەوە نین، بگەڕێنەوە بۆ لای باوک و گەورەی ماڵ مەسعود بارزانی، بۆ ئەوەی دوبارە بەتەناهی و ئاسایش بژین، دەستکەوتەکانی کورسی و فەرمانڕەوایەتی هەندێ جاران زۆر پوچ دەبن، لەبەرابەر هەستکردن بە ئیرەیی و چاوچنۆکی لە کەسە هەرە نزکەکانتەوە!!
برا کوردەکان لە هەولێرو سلێمانی و دهۆک، باشتر لەهەر کەس مێژووی ئەم پیاوە دەزانن، ئەم پیاوەش شایانی بەرزترین پلەی وەفادارییە لەوانەوە، بۆبەرز ڕاگرتنی پێگەی ئەو وەک سەرکردەیەکی کوردی مەزن ، مێژوو ناوی لە لاپەڕەی شکۆمەندی تۆمار دەکات و باس لەچیرۆکی سەرۆکێک دەکات، کە ڕێڕەوی گەلەکەی بەرەو بەرزی و نەمری سەرخست، ئەو شایانی ئەوەیە کە گەلەکەی وەفاداربن بۆی !!
خوایە کوردستان و گەل و سەرکردایەتیەکەی بپارێزە، نزای پیاوچاکان و بەویژدانەکان ئەوەیە بەرەو چارەسەری بڕۆن، کە تاکەڕێگایە، ئەوە ئەو پێگە بەرزەیە کە بنیاتیان ناو ئەدرەوشێتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی تر ئاڵاکە بدەنەوە دەست مەسعود بارزانی سەرۆکیان، ڕۆڵەی دیاری کوردستان دەبینن ئەویش بۆیان دەبێتە براو هاوڕێ و سەرۆک و پێگەو هەیبەت، ئەمە جوانترین خەونی هەر گەلێکە کە وەک کورد بیەوێت هەڵکشێت بەرەو نەمری، ئاڵای هەرێمەکەیان لەبەرزیدا شکۆمەندانە لەژێر سایەو سێبەری سەرۆکەکەیان مەسعود بارزانی بشەکێتەوە، خوا خۆیشی و گەلەکەیشی بیپارێزێت لەهەموو بەڵایەک !!