ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، باس له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی حیزبه‌كه‌ی ده‌كات

0

نوچه‌نێت: تایبه‌ت
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، باس له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی حیزبه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت: “پێویسته‌ یه‌كێتی هی هه‌مووان بێت و هه‌مووان له‌ به‌ڕێوه‌بردن و بڕیاره‌كاندا به‌شدار بن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، ئاینده‌مان باش نابێت”.
مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌ لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت وتی: “ده‌بوایه‌ یه‌كێتی به‌ پرۆه‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م رازی بووایه‌، چونكه‌ زۆر شتی تێدابوو له‌وه‌ی ئێستا زیاتر بوو، كه‌ موناقه‌شه‌ و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، بۆ نموونه‌ هیچ خاڵێكی تێدا نه‌بوو بۆ درێكردنه‌وه‌ی واده‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، بۆیه‌ مه‌كته‌بی سیاسیش به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ كردیانه‌ پرۆه‌ی یه‌كێتی، به‌ڵام كاتێك ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ره‌تی كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ كێشه‌ی ناوخۆیمان هه‌یه‌ و پێویسته‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، زیاتر له‌سه‌ر كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی حیزبه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ی كرد و وتی: “ئه‌و شه‌وه‌ی كه‌ تا شه‌شی به‌یانی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌دا بوون و دواتر بڕیار درا كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌ڕله‌مان نه‌كرێت، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆچی فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌شداری كۆبووه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كات، به‌ بڕوای من ئه‌مه‌ خراپ بوو و نه‌ده‌بوو وه‌ها بوایه‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌یسه‌لمێنن، كه‌ ئێمه‌ كێشه‌ی ناوخۆیمان هه‌یه‌ و پێویسته‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ین، پێویسته‌ یه‌كێتی هی هه‌مووان بێت و هه‌مووان له‌ به‌ڕێوه‌بردن و بڕیاره‌كاندا به‌شدار بن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، ئاینده‌مان باش نابێت”.
مسته‌فا چاوڕه‌ش له‌ باره‌ی پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیشه‌وه‌ هه‌ڵوێستی خۆی ده‌ربڕی و وتی: “ئێستا كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ كوردستان و پێویستی به‌ چاره‌سه‌ر هه‌یه‌، به‌ڵام پێویسته‌ به‌ عه‌قڵێكی كراوه‌وه‌ هه‌نگاو بنێین بۆ چاره‌سه‌ری، ده‌بێت بزانین كه‌ هه‌ر چوارده‌ورمان ئاگره‌ و كوردستان له‌ قه‌یرانی ئابووریدایه‌، خه‌ڵك یانی باش نیه‌، كێشه‌ی خزمه‌تگوزاری هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ كێشه‌كان به‌ عه‌قڵ چاره‌سه‌ر بكرێن، نه‌ك وه‌ك ئێستا به‌ سنگ ده‌رپه‌ڕاندن و لێدوانی به‌ر شاشه‌كان كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ و شتێك ده‌ڵێت، به‌م جۆره‌ ئه‌م كێشانه‌ نه‌ك هه‌ر چاره‌سه‌ر نابن، بگره‌ قوڵتریش ده‌بنه‌وه‌”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com