وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان چەند نهێنییەك لەسەر عەلی حەمە ساڵح ئاشكرا دەكات

0

نوچە: هەولێر

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، لە روونكردنەوەیەكدا، عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، بەوە تۆمەتبار دەكات، كە ناوەندگیری كردووە، كە وەزارەتەكەیان مامەڵە لەگەڵ گروپێك خاوەن كار بكات، كە چەندین تۆمەتیان رووبەڕوو كراوەتەوە.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە: “ئەندامێكی تری ئەو گروپە پەیوەندی كاری هەیە لەگەڵ پیشەسازیەكی بواری بەرگری لە ئەمریكا، و لانی كەم هەشت داوای یاساییی لەلایەن چەند شەرێكێكی پێشووی كارەوە لە دژی تۆماركراوە و سێهەم ئەندامی ئەم گروپە دەستگیركراوە و لە ئەمریكا حوكمدراوە لەسەر ساختەكاری”.

 

دەقی روونكردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان

 

لە چەند مانگی رابردوودا پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح، كە ئەندامی لیژنەی نەوت و غازە لە پەرلەمانی كوردستان، بەردەوام فشاری خستووەتە سەر وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ گروپێك لە خاوەنكار كە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بوو بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕی ١٠ ملیار دۆلار پێشەكی یان قەرز لە بەرامبەر فرۆشتنی نەوتدا. ئەو خاوەنكارانە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە دەستیان دەگات بە بڕێكی زۆری پارەی تایبەتی كەسێكی زۆر دەوڵەمەندی وڵاتانی كەنداو.

بەڵام پێدەچوو بەڕێز عەلی حەمە ساڵح كۆشش و لێكۆڵینەوەی خۆی نەكردبێت لەسەر ئەم خاوەنكارانە چونكە پاش لێكۆڵینەوەی زیاتر نەتوانرا بانگەشەكانیان و بەڵگەنامەكانی باوەڕپێكردنیان دووپات بكرێتەوە.

بەڕێز عەلی حەمە ساڵح بەردەوام فشاری لە بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەكرد بۆ بینینی ئەم كۆمەڵە خاوەنكارە. لە وەڵامدا، بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان چەندین جار داوایان لە بەڕێز عەلی حەمە ساڵح كرد كە بەڵگەنامەكانی باوەڕپێكردنیان دووپات بكاتەوە تاكو بە تەواوەتی بزانن لەگەڵ كێدا كۆ دەبنەوە و ئیحراجیی دروست نەبێت. هەموو جارێك بەڕێز عەلی حەمە ساڵح وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی دڵنیا دەكردەوە سەبارەت بە بەڵگەنامەكانی باوەڕپێكردنی ئەو خاوەنكارانە و دەربارەی بوونی ئەو بڕە پارەیە هەرچەندە هیچ بەڵگەنامەیەكی دارایی و بەڵگەنامەی تر بۆ پشتگیركردن لە بانگەشەكانی دەستەبەر نەكران.

پاشان بەڕێز عەلی حەمە ساڵح بە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی راگەیاند كە رازی نەبوونی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆ بینینی ئەو خاوەنكارانە لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت كە پێشنیارەكە لەوەوە هاتووە وەك ئەندامێكی بزووتنەوەی گۆڕان و بەمەش وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی بە تەرەفگیر لەقەڵەم دەدا.

بەڵام بۆ پیشاندانی نیازپاكی بەرامبەر بە بەڕێز عەلی حەمە ساڵح و دڵنیاكردنەوەی كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان پیشەییە و تەرەفگیری سیاسی ناكات لە رێبازیدا بۆ ئەنجامدانی كار، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بە نابەدڵیەوە چاوی كەوت بە كۆمەڵە خاوەنكارە هاوڕێكەی بەڕێز عەلی حەمە ساڵح لە لەندەن. كۆبوونەوەكە لە چەند ژوورێكی بەكرێگیراودا ئەنجامدرا نەك لە نووسینگەیەكی رەسمیی خاوەنكارەكاندا چونكە لە راستیدا نەیانبوو. وەزارەتی سامانە سروشتیەكان جەختی كردەوە لەوەی كە راوێژكارە یاساییە نێودەوڵەتیەكەی ئامادە دەبێت. خاوەنكارەكان خۆیان وەك نوێنەری بەرژەوەندیە داراییەكانی كەسێكی دەوڵەمەندی كەنداو ناساند، بەڵام نەیان توانی بیسەلمێنن.

بە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیان راگەیاند، بۆ ئەوەی مامەڵەیەكی پارەی پێشوەخت بە بڕی ١٠ ملیار دۆلار لە بەرامبەر هەناردەی نەوتی خاودا مسۆگەر بكەن، پێویستە یەكەمجار حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی ملیار و نیوێك دۆلار بخاتە سەر حسابی بانكیی ئەو خاوەنكارانە. سەرەڕای ئەمە، خاوەنكارەكان داوای داشكاندنیان كرد بە بڕی 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێكی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان.

ئەم مەرجانە دەستبەجێ بووە جێی گومانی بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و پاش كەمێك كۆتاییان بە كۆبوونەوەكە هێنا بەبێ هەبوونی هیچ بەرنامەیەك بۆ درێژەدان بەو بابەتە. لەوە دەچوو بەڕێز عەلی حەمە ساڵح نیگەران بوو بێت لەو بڕیارەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و جارێكی تر سوور بوو لەسەر ئەوەی كە ئەو خاوەنكارانە بوونیان هەیە و پارەشیان بەدەستە، بۆیە وەك بەهەڵە لێك تێگەیشتن لێكی دایەوە.

پاشان وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەستی كرد بە پرۆسەی لێكۆڵینەوەكردن لە بەڵگەنامەكانی باوەڕپێكردن و پێشینەی ئەو كۆمەڵە خاوەنكارە – پرۆسەیەك كە بەڕێز عەلی حەمە ساڵح وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی لێ دڵنیا كردبووەوە كە خۆی ئەنجامی داوە پێش ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان رازی بێت بە كۆبوونەوەكە.

لێكۆڵینەوەكە، كە لەلایەن لایەنێكی شارەزا و بێ لایەنەوە ئەنجامدرا، ئەمانەی خوارەوەی ئاشكرا كرد:

*هیچ بەڵگەیەك نەبوو كە ئەو گروپە بەناو خاوەنكارە پشتگیریان دەكرێت لەلایەن پارەی راستەقیەنەی هیچ كەسێكەوە.

*هیچ یەكێك لە ئەندامانی گروپەكە ئەزموونێكی زانراویان نیە لەسەر بازرگانی یان دارایی نەوت لەبەرئەوە بێ هیوایانە شیاو دەرنەچوون.

*ئاشكرا بوو كە ئەندامێكی گروپەكە تێوەگلاو بووە لە غەشكردن لە شوناسدا لە وڵاتی نایجیریا.

*ئەندامێكی تری ئەو گروپە پەیوەندی كاری هەیە لەگەڵ پیشەسازیەكی بواری بەرگری لە ئەمریكا، و لانی كەم هەشت داوای یاساییی لەلایەن چەند شەرێكێكی پێشووی كارەوە لە دژی تۆماركراوە.
*سێهەم ئەندامی ئەم گروپە دەستگیركراوە و لە ئەمریكا حوكمدراوە لەسەر ساختەكاری.

لەبەر رۆشنایی لێدوانە چەواشەكارەكانی ئەم دواییەیدا، پێدەچێت ئیتر كاتی ئەوە هاتبێت كە بەڕێز عەلی حەمە ساڵح چاو بخشێنێتەوە بە توانست و كەفائەت و دەستپاكی و ساویلكەیی خۆیدا و بۆ رای گشتی روونبكاتەوە بۆچی داكۆكی كردووە لەوەی كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان هەستێت بە ئەنجامدانی مامەڵەیەكی دارایی لەگەڵ ژمارەیەك لە خاوەنكاری گوماناویدا – چەند مامەڵەیەك كە لەوانەبوو چەندین ملیار دۆلار لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بكەوێت و ببوایەتە مایەی لەكەداركردنی پایەی نێودەوڵەتی وەزارەت و بەفێڕۆدانی كاتی حكومەت. پێویستە روونی بكاتەوە چۆن چاوی بەو كۆمەڵە خاوەنكارە كەوتووە.

بەڕێز عەلی حەمە ساڵح هیچ ئەزموونێكی لە پیشەسازی نەوت و غازدا نیە بەڵام پۆستەكەی خۆی بە خراپی بەكارهێناوە بۆ ئەوەی بە دەنگی بەرز رەخنە لە سیاسەتەكانی نەوت و غازی حكومەتی هەرێم بگرێت. هەرچەندە ئەو بە “حاسبە” ناوی دەركردووە، بەڵام باس لە كۆمەڵە ژمارەیەكی ناڕاست دەكات كە هیچ دەرەنجامێكیان لێ ناكەوێتەوە، ئەمەش لە هەوڵێكدا بۆ چەواشەكردنی رای گشتی و لە پێناو مەبەستە سیاسیەكانی خۆیدا.

هەروەها بەڕێز عەلی حەمە ساڵح سووربوونی خۆی پیشانداوە لە فشاركردن بۆ رازیكردنی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆ دروستكردنی پاڵاوگەیەك لە نزیك دەریاچەی دوكان. پاش رەچاوكردنێكی پیشەوەرانە، ئەم جۆرە پاڵاوگەیە لەسەر بنەمای ژینگەیی و ئابووری دروست خراوەتە ژێر لێكۆڵینەوەوە. بەڵام بەڕێز عەلی حەمە ساڵح هێشتا بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەم لێكۆڵینەوەیە لەسەر بنەمای تەرەفگیری سیاسی ئەنجامدراوە.

لەوانەیە پێویست بكات بەڕێز عەلی حەمە ساڵح روونی بكاتەوە بۆچی هێند پشتگیری لەو پرۆژەی پاڵاوگەیە دەكات كە دەشێت ببێتە مایەی زیانگەیاندن بە ژینگە و و هیچ مانایەكەی داراییشی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان نیە. كەواتە لە بەرژەوەندی كێ هەڵسوكەوت دەكات؟

وەك ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز، بە دڵنیاییەوە بەڕێز عەلی حەمە ساڵح بەرپرسیارێتی لەسەر شانە بەرامبەر هاوڵاتیانی كوردستان بۆ ئەوەی شەفاف بێت دەربارەی ئەو هۆكارانەی لە پشت چالاكیەكانیەوەیەتی لە پەیوەندیدا بە نەوت و غازەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتیەكان هەمیشە دەرگای كراوە بووە بۆ پەرلەمانتارە بەڕێزەكان بە تایبەتی ئەندامانی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی كوردستان. پێمان باش بوو كە بەڕێز عەلی حەمە ساڵح پێش ئەوەی لێدوانی چەواشەكارانە بدات و رای گشتی بە هەڵەدا بەرێت، پرسیارەكانی ئاراستەی وەزارەت بكردایە بۆ ئەوە وەڵامی راست و دروستی دەست بكەوێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com