نوچه‌نێت: هه‌ولێر
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له میانی به‌شداری كردن له ناشتنی (67) روفاتی ئێزیدییه‌كان كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه گولله‌باران كرابوون، رایگه‌یاند، شه‌نگال رزگار ده‌كه‌نه‌وه و ئاوه‌ندانیشی ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یخه‌نه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، وتیشی: “تا منداڵێك، كه‌سێك، ئافره‌تێكی ئێزدی له ده‌ست تیرۆریستان‌دا مابێت كار بۆ ڕزگاركردنیان ده‌كه‌ین، هه‌ر له‌و پێانوه‌یشدا نووسینگه‌یه‌كمان له دهۆك كردووه‌ته‌وه و له‌و پێناوه‌یشدا كاری باشیان كردووه”.
رۆژی پێنجشه‌ممه ڕێكه‌وتنی(13/8/2015) نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له مه‌زاری شه‌رفه‌دین نزیك چیای شه‌نگال به‌شداری له رێوره‌ِسمی به‌خاكسپاردنی روفاتی (67) له شه‌هیدانی ئێزیدی كرد، كه له لایه‌ن داعشه‌وه گولله‌باران كرابوون.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له وتارێكدا كه له‌و مه‌راسیمه‌دا پێشكه‌شی كرد، وتی: “به هه‌ر به‌هایه‌ك بێ شنگال و ده‌ڤه‌ره‌كه ڕزگار ده‌كه‌ین، شنگال ئاوه‌دان ده‌كه‌ینه‌وه و ژیانی بۆ ده‌گه‌ڕێنینه‌وه، ده‌یگه‌ڕێنینه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئێش و ئازاره‌كانتان بیر ناكه‌ین و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ده‌ستگا حكوومییه‌كان كار له‌سه‌ر كه‌موكوڕییه‌كان ده‌كه‌ین”.
هه‌ر له وتاره‌كه‌یدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه هه‌وڵه‌كانیان بۆ رزگاركردنی ته‌واوی ئه‌و ئێزیدیانه ده‌خه‌نه گه‌ڕ، كه له ده‌ستی داعشدان، وتی: “تا منداڵێك، كه‌سێك ئافره‌تێكی ئێزدی له ده‌ست تیرۆریستان‌دا مابێت كار بۆ ڕزگاركردنیان ده‌كه‌ین، هه‌ر له‌و پێانوه‌یشدا نووسینگه‌یه‌كمان له دهۆك كردووه‌ته‌وه و له‌و پێناوه‌یشدا كاری باشیان كردووه”.
سه‌رۆكی حكومه‌ت باسی له پێكه‌وه ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته جوداكانی هه‌رێمی كوردستان كرد و وتی: “هه‌ڵبه‌ت ئه‌م پێكه‌وه‌ژیانه‌ی كه تابلۆیه‌كی جوانی كوردستانی نه‌خشاندووه، گه‌ره‌نتیی مانه‌وه و پێشكه‌وتنی زیاتری هه‌رێمی كوردستانه، بۆیه ده‌بێ پێكڕا كار بكه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین تا ئێزدییه‌كان له ناوچه‌كانیان ناسنامه و كولتوور و ئایینی خۆیان بپارێزن، ئاماده‌یی مامۆستایانی ئایینی موسوڵمان و مه‌سیحی گوزارشتێكی زۆر جوانی ئه‌م پێكه‌وه‌ژیانه‌یه و بایه‌خه‌كه‌ی بۆ هه‌موو دنیا نیشان ده‌دات. دواجار به ته‌واوی دنیا ده‌ڵێین ئێمه هه‌ر وا پێكه‌وه ده‌مێنین و پێكه‌وه ده‌ژین”.