ئەم رۆژانە رێکەوتنی ئەتۆمی یەکێ لە گەرمترین باس وبابەتەکانی ساحەی سیاسی هەر دوو وڵاتی ئێران و ئەمریکایە.لایەنگران و دژبەرانی رێکەوتن لە هەر دوو لا هەوڵ دەدەن لۆژیکی خۆیان بسەلمێنن.
لە میانەی ئەم باس وبابەتانە کە لای ئێرانیەکان هاتۆتە ئاراوە،کۆمەڵێک رەخنە وگازندەیان ئاراستەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەرەوەی وڵات کراوە.لایەنگرانی رێکەوتن،دژبەرانی رێکەوتنەکە بە شەڕانگێزی و شەڕخوازی تاوانبار دەکەن تا ئەو جیگایەی کە کاردانەوەی دژبەرانی بەدواوە بووە.بۆ نموونە مێهدە خەلەجی کەسایەتی ئێران لە سەر لاپەرەی فەیسبووکی خۆی ،وەک کەسێکی نەیاری رێکەوتندەقیکی نووسیوە و رایگەیاندووە کە دژایەتیکردنی رێکەوتنی ئەتۆمی مانای شەڕخوازی لە خۆ ناگرێ،هەر چەند بۆ خۆی ئەندامی حیزبی دیموکراتی ئەمریکایە و سەرباری ئەوەش کە دەنگی بە ئۆباما داوە بەڵام ئێستاس دژبەر و نەیارێکی رێکەوتنەکەیە.
بەڵام کەمیش نین ئەو ئێرانیانەی کە لە سەر ئەو بۆچوونەن کە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات بە تایبەتی ئەوانەی کە دژ بە رێکەوتنن،کۆمەڵە خەڵکێکی شەڕخوازن.ئەم تۆمەت وە پاڵ خستنانە تەنانەت بەرۆکی چالاکانی مافی مرۆفی لە دەرەوەی وڵاتیش گرتۆتەوە.بۆ نموونە عەلی عەلیزادە کۆنە دیپلۆماتکاری کۆماری ئیسلامی لە نووسینیکدا شیرین عەبادی براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێلی بەوە تاوانبار کردووە کە بەرد دەخاتە سەر رێی رێکەوتنی ئەتۆمی.
وا دێتە بەرچاو کە وێڕای سەرکەوتنەکانی دەوڵەتی روحانی لە دانوستان لە گەل وڵاتانی رۆژئاوایی،رادەی تەحەمولی بیراوڕای گشتیی تا ئاستی رەخنەگران ودژبەران دابەزیوە وئەم دژایەتی کردنە بە مانای دژایەتی لە گەڵ بەرژەوەندی نەتەوەیی لێکدەدەنەوە.لێرەوەیە کە خاڵێکی سەرەکی روون دەبێتەوە ئەویش رادەی هەستیاری و حەساسیەتی بیروڕای گشتی هەمبەر بە بنپێ کردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا کەم بۆتەوە چ پێش رێکەوتن و لە پاش رێکەوتن و دەکرێ بوترێ کە ئەم حەساسیەتە بوونی نییە.بە تایبەتی کە ئەم حەساسیەتە لە دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ئێعترازیی ناسراو بە” بزووتنەوەی سەوز” کەم بۆتەوە.
جێ خستنی ئەم بابەتە کە گوایە چالاکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی ئێران،هەوڵیان ئەوەیە کە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران وەک چەکێک دژ بە رێکەوتن لە گەڵ رۆژئاوا ولابردنی گەمارۆکانی سەر ئەم وڵاتە بە کاربێنن،بووە هۆی ئەوەی کە لەم نێوەدا هیچ باس و بابەتیک سەبارەت بە مافی مرۆڤ نەیەتە بەرباس.ئەوەی کە جەوادی زەریف لە زۆربەی وتووێژەکانی لە گەڵ راگەیەنەکانی وڵاتانی بیانی دەربارەی زیندانیانی سیاسی پرسیاری رووبەرووی بکرێتەوە زۆرتر ئەم زێهنیەت و بۆچوونەی دروست دەکرد کە لە دانوستانەکاندا مەسەلەی مافی مرۆڤ پاژنەی ئاشیلی دەوڵەتی روحانیە.
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بە واقێع، ئەمریکا بە درێژایی دانوستان و وتووێژەکان هیچ ئاماژە و مەیلێکی دەربارەی پرسی مافی مرۆڤ لە خۆی نیشان نەدا،تەنها مەبەستی سەرەکی ئەمریکا ئەوە بوو کە توانا ودەسەڵاتی ناوکی ئەم وڵاتە کەم بکاتەوە و پێشی پێبگرێ.تەنانەت بەرپرسانی ئەمریکی خواست و مەیلی ئەوەیان نەخستە روو کە بەدواداچوون بۆ کەیسی هاووڵاتایانی خۆی (جیسۆن رەزایی و ئەمیر میرازیی) بکات .لە کاتێکدا هیلاری کلینتۆن لە بیرەوەریەکانیدا باس لە هەوڵەکانی دەکات بۆ ئەوەی لە گەڵ بەرپرسانی کاروباری دەروەی ئێران لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاد بکەوێتەسەبارەت بە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی بکەویتە وتووێژەوە،بە پێچەوانەوە جۆن کێری هەوڵی دا بێ ئەوەی سەرئیشە و موناقشەیەکی جیدی دیکە بۆ خۆی دروست بکات ،هەر لە سەرەتاوە دۆسیەی ئەتۆمی ئەم وڵاتە بە سەرئەنجامێک بگەیەنێ تا بەرەورووی شکست نەبێتەوە.
دەکرێ بە جەسارەتەوە باس لەوە بکرێ کە زۆرێک لە لایەنگرانی رێکەوتنی ئەتۆمی،هیچ حەزو ئۆگرییەکیان بە نیسبەت هێنانە ئارا وخستنەبەرباسی پرسی مافی مرۆڤ لەم ولاتە نییە.دژایەتی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وکۆنگرێسی ئەمریکا لە لایەک و دژایەتی ک کەسانێک لە ناوخۆی ئێران کە بە “دڵ نگەرانەکان”ناسراون،بیروڕای گشتیی ئێرانیەکانی بەرەوروی ترس کردۆتەوە،تەنانەت ئەگەر لە گەڵ دەسەلات و حکومەتیش کێشەیەکیان هەبێ وای بە باش دەزانن کە جارێ ئەگەر بۆ مەسڵەحەتیش بووبێ لەم بارەوە بی دەنگی هەڵببژیرن.بێ دەنگییەک کە سەرتاپای زۆربەی چالاکانی مافی مرۆفی گرتۆتەوە،چونکە لەم هەل و مەرجەدا بە قازانجی نابینن کە تۆمەتی شەڕخوازییان وە پاڵ بدرێ.
ئەم سیاسەتە،بە کردەوە بۆتە هۆی دووبەرەکی و ئینشعابێکی نوێ لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات،کە تەنانەت رووبەرووی هەر جۆرە رەخنە و نارەزاییەک لە نێوخۆی وڵات ببنەوە.بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بە”عەبدولرەزا تاجیک” بکرێ کە رەخنەی توندی لە نووریزاد ود.محەممەد مەلەکی سەرۆکی پێشووی زانستگای تاران گرتووە.
ئەم جۆرە لە تەعامول و هەڵسوکەوت،وەبیرهێنەرەوەی تەعامولی گەلانە لە دۆخ و هەل و مەرجی شەڕدا.هەل و مەرجێک کە لە دەیەی ٦٠ی ئێرانی بوو بە هۆی کوشت و بڕی وقەڵاچۆکردنیکی تەواوعەیاری رەخنەگران و نەیارانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە رووداوی هەرەبەرچاویان ئێعدامی بەربڵاوی چەند هەزار کەس لە زیندانیانی سیاسی ئەم وڵاتە بوو.هەر چەند بە بوونی راگەیاندن و رۆڵی چالاکی میدیا،دووبارو بوونەوەی ئەو قۆناخانە بە دوور لە چاوەڕوانییە،بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێ چاوەڕوانی رۆژانیکی سەخت و ناخۆش بکرێ بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لەم وڵاتە.