حەسەن روحانی لە سەفەری ئەم دواییانە بۆ پارێزگای کوردستان/سنە موژدەی دا بە خەڵک کە بە زوویی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆ کوردستان دەست پێدەکات.ئایا ئەمە دەکرێ هێمای گۆڕینێکی جیدی لە سیاسەتی زمانیی کۆماری ئیسلامی بێت یان تەنها کایەیەکی سیاسی یە؟
پەیامەکەی روحانی لە ٢٧ی ژوئیەی ئەمساڵ کۆمەڵێک کاردانەوەی بە دواوە بوو.ئاژانسی هەواڵدەریی ئیرنا لە یاداشتێکدا کە بە ناونیشانی”فرەچەشنی قەومی و زمانی،مەزییەت نەک مەترسی”بڵاو کرایەوە نووسی:تەدریسی لقی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆ ودەستبەکاربوونی بەشی کوردی ئیرنا” ئاماژەیەکە بۆ هەوڵ و گرینگی پێدانی دەوڵەت بە پرسی قەومیەتەکان.ئیرنا جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە ئێران وڵاتێکی رەنگاڵە وفرەچەشنە کە پاراستنی یەکیەتیی نەتەوەیی لە گرەوی لەبەرچاوگرتنی ئەم فرەچەشنی و مافی کەمینەکانە.هەواڵنێری ئیرنا لە درێژەدا بە مەترسی زانینی کەمینەکان و یەکسانسازی قەومی و زمانی بە هەڵەیەکی گەورە ناودەبات.هەواڵنێری فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە دەوڵەتی روحانی لە هەوڵ دایە روانگەی ئەمنی بۆ سەر کولتور و ئەقوام لابەرێ و مودیرییەتێکی زانستی وکارامە بکات بە جێگرەوەی پێکهاتە و روانگەی ئەمنی.
شکانی تابۆی فێرکردن و هێنانە کایەی زمانی غەیرە فارسی
شاهید عەلەوی رۆژنامەنووس کورد،لە بابەتێک لە ژێر ناونیشانی”لقی زمان و ئەدەبیاتی کوردی،هەنگاوێک بۆ پێشەوە”دەنووسی:هەواڵی دانانی لقی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە قۆناغی بەکالریۆسی زانکۆی کوردستان و وەرگرتنی خوێندکار لە ساڵی داهاتووی خوێندن،دەبێ بە هەند وەربگیرێت،چونکە لە خۆیدا ئەو تابۆیەی شکاندووە کە نابێ زمانە غەیرە فارسیەکان بێنە خوێندن.تابۆیەک کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو،نە تەنها ئەنجامەکەی پشتگوێ خستنی ئەسڵێکی یاسای بنچینەیی ئەم وڵآتە بوو،بەڵکوو هاوکات پێشێل کردنی مافێکی سەرەتایی ئەو هاووڵاتیانە بووە کە زمانی زگماکیان فارسی نەبووە وخوازیاری خوێند بە زمانی خۆیان بوونە بە شێوەیەکی ئاکادیمی.
عەلەوی لە درێژەدا دەڵێ:ئەگەر چی دانانی ئەم لقە دەکرێ وەک جێبەجێ کردنی یەکێک لە بەڵێن و وادەکانی روحانی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ ودەکرێ هیوادار بین کە زمانە غەیرە فارسیەکانی دیکەش تەدریس بکرێ،بەڵام ناشکرێ ئەم هەنگاوە وەک گۆڕانکارییەک لیکبدرێتەوە کە بە سەر سیاسەتی زمانیی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتبێ.
هەندێک لە شارەزایانیش پێیان وایە کە بە دەسەڵاتگەیشتنی کوردەکان و پێگەی بەهێزی ئەوان لە جوگرافیای سیاسی ناوچەکە و ململانێیان لە گەڵ وڵاتانی ئێران و تورکیە،لە خۆیدا فاکتەرێکە کە کاریگەری هەبووە بە سەر ئەم هەڵوێستەی ئێران و جێبەجێکردنی بەندێکی یاسایی،هەر بۆیە لەم هەنگاوەی ئێران پێسوازی دەکەن.
کۆمەڵێک لە چالاکان و شارەزایانی سەر بە نەتەوەکانی دیکەی ئێران،خوێندنەویەەکی جیاوازیان بۆ ئەم هەنگاوەی حکومەت هەیە.حاجی موراد گونبەدی چالاکێکی تورکمانی خەڵکی گولستان ئەم هەنگاەی رێژیمی ئێران بە “گەمەیەکی سیاسی دەوڵەت”ناودەبات.گونبەدی لە وتووێژێکی لە گەڵ دۆویچەلە دەڵێ:دانانی ئەم لقە بەو مانا دێ کە زمانی کوردی نە وەک زمانێکی لۆکاڵ،بەڵکوو وەک زمانێکی بیانی تەعامولی لە گەڵ دەکرێ.ئەگەر دەوڵەت خوازیاری راستەقینەی ئم سیاسەتەی خۆیەتی دەبێ هە لە قۆناخی سەرەتاییەوە هەنگاو هەڵبگرێ.گونبەدی لە درێژەدا دەڵێ:تورکمانەکانی ئێرانیش وەکوو کورد و بەلووچ دەبگەکانیان خستە سندوقی ریفۆرمیستەکانەوە و ئومێدیان دەکرد کە گۆڕانکارییەک بە نیسبەتیانەوە پێک بێت،بەڵام هەموو جار ئەمە ئەوانن کە هەڵدەستن بە ئەرکی خۆیان و لایەنی بەرامبەریش واتە دەوڵەت ئەرکی خۆی لە بیر دەباتەوە.
لقی زمان و ئەدەبی کوردی لە مێژساڵە لە چەندین زانکۆی تورکیە و بە تایبەتی لە زانکۆی ئارتۆقلو دانراوە ،لەم رووەوە شارەزایان پێیان وایە کە ئێران کارێکی تایبەتی ئەنجام نەداوە.هەر چەند گەشبینییەک لە ئارادایە کە ئەم هەنگاوەی رێژیمی ئێران ببێتە سەرەتا ودەستمایەیەک بۆ هەنگاوی گەورەتر. مافناس ناسر دیەجی،چالاکی تورکمەن لەم بارەوە رای وایە کە:هاوکێشە نێودەوڵەتیەکانی پێوەندیدار بە پرسی کورد وزەرفییەتی کەممی و کەیفی هاووڵاتیانی کورد لە دانانی ئەم لقە بێ کاریگەر نەبووە،هەر چەند تەدریسی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بە هۆی مەحرومیەتی کوردەکانەوە لە رادەبەدەر گەورە کراوەتەوە بەڵام دەکرێ دەستپێکێکی باش بێ.