نوچەنێت
دوای رێکەوتنی کۆتایی ئێران و زلهێزەکانی جیهان سەبارەت بە بەرنامەی ناوەکی، دیار بوو کە نەیاران ودژبەرانی رێکەوتن لە تاران و واشینتۆن گوشار ەخەنە سەر دەوڵەتەکانی خۆیان تا بەربەست و ئاستەنگ بخەنە بەردەم ئیجرا بوونی ئەم ریکەوتنە. کۆنگرێسی ئەمریکا، ئەم هەوڵانەی خۆی بە شێوەی جیدی و لە دوای رێکەوتنی سەرەتایی لۆزان دەستپێکردوو و تا رادەیەک توانیان ئۆباما ناچار بە پاشەکشێ بکەن. کۆماریخوازەکان کە زۆرینەیان بە دەستەوەیە رووی خۆشیان بەم رێکەوتنە نیشان نەدا و بە رێکەوتنێکی نەباش ناویان برد.
لە واشیینگتۆن باس و خواسەکان سەبارەت بە لایەنەکانی رێکەوتنێکی باش لە ئاستێکی سەرەوەی سیاسیدا لە ئارادیە، تا ئەو جێگایەی کە ئۆباما چەندین جار بەرگری لەم رێکەوتنە کردوە و ئەم بابەتەش بۆتە تەوری باسێکی گەرم و گوڕ لە نیوان جۆن کێریی و نوێنەران، بەڵام بە پیچەوانەوە ئەم باسە تا رادەیەکی زۆر ناڕوون و موبهەمە. زۆری نەخایاند کە دوای رێکەوتنەکە، عەلی خامنەیی سپاسی روحانی و تیمی دانوستانکاری کرد، هاوکات خوازیاری ئەوە بوو کە لە رێگەی یاساییەوە کۆبەندی رێکەوتنەکە پەسەند و ئەئیید بکرێ. ئەم کەناڵە یاساییەش کە خامنەیی باسیکرد جارێ روون نییە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانە یا خود پەرلەمانی ئەم وڵاتە.
بە پێچەوانەوەی واشنتۆن کە نەیارانی رێکەوتن لە زۆرینەدان، بەڵام زۆرینەیەک نا کە بتوانن لە دیواری ڤێتۆی ئۆباما سەربکەون، نەیارانی رێکەوتن لە تاران کەمینەن و تەنانەت لە نیوان ئوسوڵگەراکانیش کەسێکی بەرچاو و جیدی نابیندرێ کە دژ بە رێکەوتنەکە وەستابێتەوە. دژایەتیەکان لە واشنتۆن بە رادەیەکە کە دەوڵەتی ئەمریکا داوای لە موافق و لایەنگرانی رێکەوتن کردووە کە پێوەندی بکەن بە نوێنەرەکانیان لە کۆنگرێس، لە بەر ئەوەی دەوڵەت لە ژێر گوشاردایە.
ئۆباما زۆر بەجیدی لەوەی کە رێکەوتنێکی باشە و پێش بە ئێران دەگرێت لە دەستراگەیشتنی بە چەکی ناوەکی بەرگری کە رێکەوتنەکە دەکات، جۆن کێریش پێی وایە کە نە تەنها لە رووی نەزەری یەوە بەڵکوو لە ئەرزی واقعیشدا رێکەوتنێکی باشە. ئۆباما رایگەیاندووە کە لە ئەگەری دەنگی نەرێنی کۆنگرێس بە رێکەوتنەکە، ڤیتۆی دەکات. سیاسەتی دەوڵەتی ئۆباما لە سەرەتاوە دەورلێدانی کۆنگرێس و کەڵک وەرگرتن لە هەموو ئامراز و رێوشوێنە یاساییەکان بووە، کە دەتوانێ بە کاری بێنێت. پەسەندکردنی رێکەوتنەکە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کردەوە، رێگەی گەڕانەوەی بۆ دواوە داخستووە. هەر ئەمەش نوێنەرانی کۆنگرێسی تووڕە کردووە و دەوڵەت بەو ەتاوانبار دەکەن، کە بەرلەوەی راوێژ و پرسیان پێ بکرێ، رێکەوتننامەکەیان بردۆتە ئەنجومەنی ئاسایش و لەوێ بە پەسەندیان گەیاندووە.
ئۆباما لەم خاڵەدا توانی زۆر بە باشی دیفاع لە دەستکەوتەکانی بکات و وەک دوایین هەنگاو داوای لە لایەنگرانی رێکەوتن کردووە کە پێوەندی بە کۆنگرێسەوە بکەن و نوێنەران بخەنە ژێر گوشارەوە.
بەڵام لە تاران وەزعیەتی حەسەن روحانی گەلێک جیاوازە. لێژنەی چاودێری چاپەمەنیەکانی ئێران کە لە ژێر نەزەری وەزارەت فەرهەنگدایە لە هەڵەیەکی گەورەدا دەقێکی دەستووری بۆ چاپەمەنی و راگەیەنەکانی ئەم وڵاتە بەڕێکرد و تیایدا خوازیاری ئەوە بووە کە بەرگری لە دەسکەوتی دانوستانەکان بکرێ. هەلەیەک کە دەرفەتێکی خستە بەردەم نەیارانی رێکەوتن. حەسەن روحانی لە سیاسەتکردن وپرۆسەی سیاسیدا لە چاو ئۆباما گەلێک جیاوازی بەرچاوی هەیە. روحانی بە ئاشکرا دەیەوێ پرس و بابەتە سەرەکی و ستراتێژیەکان و ململانێکانی پێوەندیدار بەم پرسانە، لە پشتەوەی پەردەی سیاسەت چارەسەر بکات و لە دەرەوەش لە رووبەرووبوونەوەی راستەوخۆی نەیارانی پەرێزبکات. سیاسەتێکی کە ناوی”میانەڕەوی”لە سەردانراوە و بە قەولی عەلی خامنەیی سیاسەتێکە کە ئامانجەکە”ئاڵۆزنەکردنی دۆخی کۆمەڵگا و بیروڕای گشتی”یە.
خامنەیی رایگەیاندووە ، کە تەنها چاودێری دەکات بە سەر چوارچێوە و کولییاتی پرسەکاندا و دەوڵەت بەرپرسە لە وردەکاریەکانی رێکەوتن. ئەگەر ئەم ئیدەعایەی خامنەیی بە گەمە و پێناسەی سیاسی وەرنەگرین، ماناکەی ئەوەیە کە دەوڵەت دەبێ رەوتی رادیکاڵ وئوسوڵگەراکانی ئەم وڵاتەش بە قەناعەت بگەیەنێ، لە بەر ئەوەی کە ئەگەر لە کۆنگرێس دژایەتی رێکەوتن بکرێ ئاگادار بن کە پەرلەمانی ئێران رای لە سەر ئەم رێکەوتنە نییە. هەرچەند وادێتە بەرچاوکە ئەم لێدوانەی عەلی خامنەیی جێی باوەڕ نییە ورەوتی دانوستانەکان بە وردەکاریەکانیشەوە لە ژیر چاودێریدا بووە و بە پەسەندی ناوبراو گەیشتووە. چون بە کەڕات سەبارەت بە وردەکاریەکان لیدوانی داوە، هەر لەم رووەوە کاروباری روحانی ئاسانتر دێتە بەرچاو. گریمانەی ئەوە دەکرێ کە لە رێکەوتنێکی شاراوە و نەنووسراوی لە نیوان خامنەیی و روحانیدا، خامنەیی رۆڵی خۆی وەک نەیاریکی موحتات و رەشبین بە نیسبەت رۆژئاواوە بگێڕێ، لە بەرامبەردا حەسەن روحانی توانیویەتی بەرێکەوتن لە گەڵ رۆژئاوا و جیبەجیکردنی وادە و بەلێنەکانی هەڵبژاردن، ئێعتبارێک بۆ خۆی بە دەست بێنێ.
جیاوازی تەعامولی روحانی و ئۆباما لە گەڵ نەیارو دژبەرانی رێکەوتنی ناوەکی لە تاران و واشنتۆن، دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی پێههاتەی سیاسی دوو وڵات. حەسەن روحانی دەزانێ کە بۆ رازیکردن و ئیقناعی دژبەران دەبێ عەلی خامنەیی بە قەناعەت بگەیەنێ، بەڵام باراک ئۆباما بۆ ئەم مەبەستە ناچارە رجوع بکات بە پێگەی کۆمەلایەتی خۆی و بەو کەسانەی کە دەنگیان پێداوە، جیاوازییەک بە ئەندازەی تەشریفات بوون وواقعی بوونی سیستەمێکی سیاسییە.