ئایا ئۆپۆزسیۆنی پارتی یە یان ئێران ؟ عەلی کەریمی وەڵام دەداتەوە، بۆ یەکەم جار چەند لایەنێکی تایبەت لەژیانی خۆی باس دەکات

0

 نوسەر و سیاسی عەلی کەریمی لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت دا :

عەلی کەریمی نوسەر و کەسایەتیەکی سیاسی، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، و ئێستا لەباشوری کوردستان دەژیت یەکێکە لەدامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، لەنوسین و رەخنەکانیدا لەسەر باشور، توند رەخنە لەپارتی دەگرێت، بەشێوەیەک هەندێ کات رەخنەکانی وەک رەخنەی کەسایەتییەک یان سەرکردەی حزبێک دەردەکەوێت کەلەشەڕدا بێت لەگەڵ پارتیدا، لەوەڵامی پرسیارەکانی نوچەنێت، هۆکاری ئەو توندییە بەوە ناودەبات کەدژی گەندەڵییەو خۆی بەخەڵکی هەموو کوردستان دەزانێت و لەسەر هەموو کوردستان بەدەنگ دێت، لەرێگای نێتەوە و بەنوسین، نوچەنێت ئەم پرسیارانەی لەشێوەی گفتوگۆ رووبەڕووی بەڕێزیان کردووتەوە، ئەویش بەسوپاسەوە وەڵام داوەتەوە، قسەکانی عەلی کەریمی زۆر پرسیاری دیکە لای نوچەنێت دروست دەکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەوەڵامەکانیدا هەستمان بەنیگەرانی ئەو کرد لەشێوەی پرسیارەکانمان، جگە لەدوو جار پرسیارکردن، کەبەسوپاسەوە وەڵامی داینەوە، پرسیاری دیکەمان نەکرد.

نوچەنێت: ئێستا  سێ لای باشوری کوردستان ئێرانه‌ واته‌ عێراق و سوریاش ئێستا ئێرانن ، به‌دیلی باشور بۆ توركیا چییه‌ كوێیه‌ بۆ هێنانی كالاو بازرگانی ؟

عەلی کەریمی: راستە کەس نییە نەزانێت چوار دەوری کورد بە داگیرکەر و فاشی و هەرچی خراپە لە دەر و ژۆر تندراوە، تاکەی بەم پرسیارانە دەبێ خەڵک چەواشە کرێت؟!، ئەی بۆ ناپرسی بە درێژایی 24 ساڵ ئەم سەرکردانەی خۆمان بەو هەمووە پارە زۆرە بۆ نەیانتوانی ژێرخانێکی ئابوری ئەوتۆ دامەزرێنن کە هیچ نەبێ لە کاتی لێقەومان 3 مانگ خۆمان ئیدارە بکەین؟!

بە دیلی باشور بۆ تورکیا پێش هەمو شت دەبێ خۆمان بین و برایانی باکور بن، ئەوجار دنیا وەک جاران نەماوە گەر تورک نەبوو گورگ بمانخوات و دنیا بە هۆی ئێعلامی سەریع و تەکنۆلوژیا هەمووی لە سەر خەتە و کۆبانی ئەمەی سەلماند! ئەوجار من دەڵێم تۆ هەرەشەی خۆت بکە، خۆ دڵنیام تورک زۆرتر زەرەر دەکا تا کورد، ئیمەی کورد لە مێژە عادەتمان بە نەبوون گرتوە، ئەوە تورک ساڵانە بە دەیان میلیارد دەبێ زەرەرمەند بێت، بویە ئەگەر هەرەشە بکەین ئێمە قازانج دەکەین.

نوچەنێت : بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئێستا سەکردەکانی کورد کردویانە یان نە، چۆن خۆمان دەتوانین بەدیل بین بۆ ئەو دەروازەی کەتورکیایەو بەرووی باشوردا کراوەیە؟ بەچ رێگایەک ؟ برایانی باکور خۆ بڕیاری سنورەکانی تورکیایان بەدەستەوە نییە، تا بەرووی ئێمەدا بیکەنەوە؟ خۆ ئەگەر باشور هەوڵی نەدایە، باکور نەیدەتوانی هیچ بەکۆبانێ بگەیەنێ، ئەوە باشور بوو پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بەکارهێنا و پێشمەرگەی ناردە کۆبانێ ؟

عەلی کەریمی:  ئەم پرسیارە سەرلەبەری چەواشەکاری و زۆر عامیانە و بۆ خەڵکی بێ ئاگا و بۆ فریودانە. سەرکردەکان کردویانە یان نا نابێ خۆتانی لێ بدزنەوە، دەبێ بڵێن کارێکی خراپە کە نەیانکردوە و میللەتی کورد لە نەزانینی ئەوان یان بە فیرۆ دانی بەر و بومیان زەرەری گەوریان پێگەیشتوە. ئەوجار شت بە حیساب و رەقەمە، دەروازەی تورکیا بۆ باشور بە درێژایی 24 ساڵ ئەرێ بەراست لە خزمەت خەڵکی فەقیر و هەژار دابووە یان ئەوەتا لە خزمەت سەرمایەی سەدان مەسئول و بازرگان و خاوەن کۆمپانیای تورکی و بنەمالەی کوردی دابوە؟!

من دەڵێم ئەوەندەی تورک لەم دەروازەیە قازانجی پێگەیشتوە کوردی فەقیر و هەژار و بە عام میللەت ئەوەندەی پێنەگەیشتوە، مەسئول و بنەماڵەی لێدەرچیت! برایانی باکور ئەمڕۆ لە ناوچەکانی کوردی لە تورکیا وەک جاری جاران نییە، بەڵکو زۆربەی شارەوانییەکانیان بەدەستە و ئەگەر بەراست باشور بخوازێت دۆستایەتی و پشتیوانی ئەوان بۆ باشور، زیاتر بەرهەمی دەبێت. باکور زۆری بۆ کۆبانی کرد، پێم سەیرە ئێوە وەک رۆژنامەنوس ئاگادار نەبن کە لە ئامەد و شارەکانی باکور چی نەکرا بۆ کۆبانێ، هەر لە ناردنی شتومەک تا دەگاتە رێپێوان و عوسیانی مەدەنی، تەنانەت کوشتنی خەڵکی مەدەنی لێکەوتەوە، عەجایب ئێوە بیرتان چۆتەوە هەر هەموو شار و باژێرەکانی باکور لەسەر پێ بوون بۆ یارمەتی کۆبانێ، دڵنیاتان دەکەم و ئەمە فاکتە، ئەوەی لە باکور کرا بۆ کۆبانێ بە یەک لە سەدی چ لە یارمەتی مرۆیی و چ بە پارە لە باشور نەکرا!

ناردنی پێشمەرگە وەک سومبولیک زۆر باش بوو، ئەوە ئێمەش دەزانین و ئەوانیش دەزانن ناردنی پێشمەرگە زۆر وەدرەنگی کەوت و لە ناو خۆی هەرێمیش مقۆ مقۆی زۆری لەسەر بوو و هێزەکان کۆک نەبوون لە مکانیزمی ناردن و هەموو دەزانین ‌هێزێک کە یەکێتی نیشتمانی بوو زۆر گەرم و گور بوو بۆ گەیاندنی پارە و چەک و ئەوی تر کە پارتی دیمۆکرات بوو نە تەنیا گەرم و گوڕ نەبوو، بەڵکو ساردیشی پێوە دیار بوو، من ئەوکات لە میدیاکانەوە گوێم لێدەبوو چەند کادری پارتی پێخۆشحال دەبوون بە کەوتنی کۆبانی! ئەوجار برا گیان با دەست لە موزایدە هەڵگرین، ئەوەی بەراستی کۆبانی رزگار کرد:

  • هیمەت و ئیرادەی شەرەڤانان و خەڵکی کۆبانی
  • پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمان لە عاسمانەوە، ئەوانیش بەم راستییە گەیشتن کە تەنیا هێز بە جیددی شەری داعش دەکا ئەوە کوردەکانن.

ئێوەش و ئێمەش و رۆژئاواش زۆر باش دەزانین ناردنی ئەم 150 پێشمەرگەیە بە رێگای خاکی تورکیا تەنیا سنارێۆیەک بوو و ئێستاشی لە گەڵ بێت کۆمەڵێک پرسیاری تەم و مژاوی لەم کەیسەدا وڵامیان ونە! ئەوجار بە راشکاوی با بڵێم هۆکاری نەکەوتنی کۆبانێ ناردنی ئەم 150 پێشمەرگەیە نەبوو، دڵنیاتان دەکەم هەرگیز رۆژنامەنوسێکی سادەی ئەجنەبی کە لە کاری خۆیدا پرۆڤیشۆنالە، ئەم پرسیارە ناکا چونکێ مەعلوماتی ئەوەندەی هەر هەیە! بە کورتی با پێت بڵێم من ناخوازم سنوری تورکیا و باشور دابخرێت، بەڵام ناشم هەوێت بە هەموو سێعرێک تەنانەت کۆیلەتی و سەرشۆرکردن بۆ تورک ئاوەڵە بێت! من دەخوازم سەرکردەکانی کورد لە باشور خاوەنی سەربڵیندی و وقاری سەرکردانە بن و بە هەموو شتی تورک وەک عەبد و غوڵام نەڵێن باش!

نوچەنێت:  بەڕێزت ئەڵێی ژێرخانێکی ئابوری ئەوتۆمان دانەمەزراندووە، کەسێ مانگ خۆمان پێ ئیدارە بکرێت، بەڵام پێشت وایە سنور دابخرێت، تورک زیاتر زەرەر دەکات، ئەم دوو قسەیە جیاواز نین لەیەک ؟ چۆن وەک خۆت ئەڵێی ئێمە نەتوانین سێ مانگ ئیدارەی خۆمان بکەین، لەداخستنی ئەو سنورە سود دەبینین؟

عەلی کەریمی : ئاخر کاکە کە دەڵێم چەواشەکاری بۆیە دەڵێم، من ناخوازم سنور دابخرێت هەر رەقم لە هەموو سنورەکانە، بەڵێ ئێستاش وا دەڵێم “ئەگەر” سنور دابخرێت تورک زیاتر لە کورد زەرەر دەکات،  لە داخستن کەس سودمەند نابێت، بەڵام تورک زەرەرمەندی یەکەمە، ئاخر برا گیان جیاوازی من و تۆ و سەرکردە دەبێ ئەوە بێت کە ئەوان سیاسەت بکەن، سیاسەتکردن لە گەڵ تورک تەنیا بەڵێ قوربان نیە، ئەوەی ئەمڕۆ کورد لە باشور لە گەڵ تورک و تەنانەت ئێرانیش دەیکا هەستان و دانیشتنی ئەرباب و ‌غولامە برا گیان، هیچ هاوسەنگی نییە لە پەیوەندی کورد و دەوڵەتانی دراوسێ، پەیوەندییەکان زۆرتر پەیوەندی تاجر و سەرمایەدارییە تاکوو پەیوەندی بەرژەوەندی نەتەوەیی. ئەوەی بە تایبەت لەم چەند ساڵە کراوە لە گەڵ تورک پەیوەندی چەند تاجرێکی گەورەی بنەماڵەیی کوردە لە گەڵ تورکیا، نە میللەت، نە پەرلمان، نە میدیا، نە ئەحزابی تر بە تەواوی لێی ئاگادارنین! ئەوجار ئەوەنێ سنور داشنەخراوە و تەجارەت هەر بەردەوامە کە چی هەر میللەت بێ موچەیە و ئیدارەی خۆشمان پێ نادرێت، هەرچی مقاولە ئیفلاسی کردوە و حکومەت پێیان قەرزدارە، خۆ سنور دانەخراوە کە چی وڵاتمان ئیفلاسی کردوە، نەبوونی کارەبا و ئاو، نەبوونی مەعاش، نەبوونی پرۆژە، قەرزداری زۆر و سەدان شتی تر، ئایا ئەمانە بە هۆی سنور داخستن و کردنەوەیەتی؟!

بەڵێ بە راشکاوی پێتان دەڵێم سنوری تورکیا داشبخرێت، بەڵام سەرکردەی باشور بە ئیرادە و نەتەوەیی و خاکی و متەوازع بێت، دابەشکردنی بەر و بۆمی میللەت عادڵانە بێت، دزی و تاڵانی بەرپرسان نەمێنێت، بەرپرس و سەرکردە تەجارەتی لێ حەرام کرێت، کورە مەسئول و بنەماڵە لە کەشکەلانی عاسمان نەژین و کورە پێشمەرگە هەزار دیناری لە گیرفان دانەبێ، نە تەنیا سودمەند دەبین بەڵکو دەگەین بە دەروازەی سەربەخویی و رزگاری. من دڵنیاتان دەکەم میللەتەکەم ئەوەندە بە شەهامەت و لە خۆبووردوویە بە دەیان ساڵ بە رووتی و برسێتی دەژی ئەگەر ناعەدالەتی لە ناو کۆمەڵگای خۆیدا نەبینێت، ئەوان کە ئەمڕۆکە قەبوڵی زۆر شت ناکەن دەبینن کە چۆن بەروبومیان لە لایان چەند بنەماڵەیەکەوە بە تاڵان دەچێت، دەنا با تاقی کەینەوە هەموو ئەم تاجر و مەسئولانە وەک هاووڵاتی خۆ عادەت بدەن بە بێ مووچەیی، بێ ئاو و کارەبایی، متەوازعانە بێنە ناو خەڵک و هاتووچوو بکەن نەک بۆ سەردانێکی ئاسایی خزمێک دەیان وەنەوشە و دەرع وەرێ بخەن، کۆشک و تەلارەکان بکەنە خانوە قورەکان، ئەوجار من گرەوی لەسەر دەکەم بە شەهامەترین و لەخۆبردوویی ترین میللەتی دنیام هەیە و دەیان ساڵ بە نان و پیاز و پێڵاوی لاستیک رێ دەکات!

نوچەنێت: بەڵام ئاگات له‌ قانونی دونیا هه‌یه‌ ، له‌باره‌ی سه‌روه‌ری سنوری وڵاتان چی ده‌ڵێت ؟ ئایا ته‌نها توركیا فه‌ڕزه‌ ڕێز له‌ سنوری باشور بگرێ، یان ده‌بێ په‌كه‌كه‌ش ڕێز بگرێ ؟

عەلی کەریمی: لە بارەی سنور بەزاندن نابێ ئەم قانونە هیچ نەبی لە لای کورد ئاوا سەیر کرێ:

  • پ ک ک خۆی کوردە و خەریکی شۆرشە.
  • 2-لە سەر سنورە دەسکردەکان جێگیر بووە.
  • 3-ئەو سنورەی پ ک ک بە قسەی ئێوە بەزاندویەتی، ساحێب وڵات (باشور) ئێعترازی پێی نیە، دەنا ئەگەر وا نییە با حکومەتی هەرێم ئێعتراز بدا و بەیانیان لەسەر بڵاو کاتەوە کە هێزێکی ئەجنەبی خاکی وی بزاندوە، خۆتان دەزانن میللەتی کورد ئەوە قەبوڵ ناکات!!!

نوچەنێت: پرسیارەکەی ئێمە لەدەرەوەی بەکارهێنانی عەتفی نەتەوەییە، تۆ نازانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا سنوری دیاریکراویی خۆیی هەیە ؟ ئایا دەکرێ بڵێ من ناتوانم سنورەکانم دابخەم لەکوردی باکور بێن لەسنوری منەوە چالاکی دژ بەتورکیا بکەن؟ ئەی لەو کاتە راگەیاندنی جەنگ یان پشتیوانی لەجەنگ نابێ دژ بەتورکیا؟ هەرێمی کوردستان کەلەسەرەوە وتمان تەنها ئەو دەروازەی هەیە، تۆش وتت بەرگەی سێ مانگ ناگرێ، ژیرخان بنیات نەنراوە، بەرگەی ئەم جەنگە دەگرێت ؟

عەلی کەریمی: برا گیان مەسەلە عەتفی نەتەوەیی و ئەم شتانە نیە، هەرچەند هەمووی ئەم کێشانە و پرسیارانە لە سەر دۆزی رەوای نەتەوەیی کوردانە، کام یاسا سنوری خاکی هەرێمی کوردستانی دیاری کردوە، ئێستاش بەغدا دەسەڵاتی هەبێت بە فرۆکەی ف16 چی خراپە پێمان دەکات و بەشی زۆری سنوری کوردستان لە سەر هەرێم نییە!

زۆر باشە ئەگەر بەراست تورکیا و ئێران و بەغدا دانیان بە سنورەکانی هەرێمێکی سەربەخۆی کوردی داناوە بە رەسمی، کوو وا دەبێت هەر کات پێیانخۆش بوو ئەم سنورانە بە کەیفی خۆیان ببەزێنن؟! سەر سەر و سەرچاوم با ئەوان بە رەسمی دان بە سنوری هەرێمی باشوری کوردستاندا بنێن ئەوکات با ئێمە ئەم شوێنانە بە شورەی پۆڵا هەڵچنین و مێشیش هاتووچووی پێنەکرێت! کاکە گیان ئێوەش دەزانن و هەموو دنیا دەزانێت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کێشەیەک هەیە پێی دەڵێن کێشەی کورد و تا ئێستاش چارەسەر نەکراوە.

ئێوە وا پرسیار لە من دەکەن، وەک ئەوەی دەوڵەتێکی دیمۆکراتیکی پیاوچاکی دۆستی کورد لە باکوری هەرێمی کوردستان جیرانی کوردە و کۆمەڵێک تروریستی بێ ویژدان لە رێگای خاکی ئێمەوە ئیستراحەتیان لەم دەوڵەتە دیمۆکرات و نازەنین و ئاشتیخواز و برای کوردان، تێکداوە و کورد نابێ ئیجازە بەمە بدا، وادیارە بیرتان چۆتەوە ناسنامەی تورکیا، من لێرە بە زیادی دەزانم چەند دێرێک لە ناسنامەی ئەم دەوڵەتە دژە کوردەتان بۆ باس بکەم. بەڵام هەر وەک خۆتان دەبێژن سیاسەت بە عەتف و شیعار ناکرێت، ئەمە زۆر راستە، دەبێ لەم بەزمەی ناوچەکە نە دۆست نە دۆژمن لێکناکرێنەوە، سەرکردەی کورد دەبێ سیاسەتی ژیرانە و کوردانەش بەرێوە بەرێت، سیاسەتی نەتەوەیەکی بن دەستی چل میلۆنی بە میزاج و تەجارەت لە گەڵ پیسترین دۆژمنی کورد بە درێژایی مێژوو ناکرێت، سیاسەتێکی وا عەستەم ژیرانە و بە سەرکردەی ژیر و لە خۆبردوو و قائیم دەکرێت! من دەڵێم سیاسەتی ئەو هەرچی ویست بیدەرێ بۆ ئێمە راست نییە، بە عەکسەوە سیاسەتی بەکار هێنانی کارتەکانی زەعفی دوژمنانم پێ راستە، ئاخر ئەوە نییە دوژمنانی داگیرکەری کورد بۆ خۆیان پڕن لە کێشە، تۆ دەڵێی بۆ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان، با خەبات لە پارچەکانی تر بوەستێت، تۆ ئەوە لە شەستەکانەوە ئەم سیاسەتە پەیرەو دەکەی، شۆرشی براکانت لە شەستەکان لە رۆژهەڵات بە خاتری ئێران و “شای دۆستی کوردان” تێک و پێکدا، ئایا شای ئێران مەمنونمان بوو یان پشتی شکاندین و هەر ئەوکات کە فرمێسکی بۆ ئێمە دەرشت و بە سفتە دوڵار و تمەن و برنۆ ژەنگاوی شۆرشی ئەیلولی خنکاندبوو، لە گەڵ سەدام حوسێن لە الجزایر فاتیحیان بۆ بارزانی و شۆرشی کورد دەخوێند!

بۆ جارێک ئەوەمان تاقی نەکردەوە لە جیاتی کپ کردنی شۆرشەکانی رۆژهەڵات و باکور، پشتیوانیان لێ بکەین و بە ئێران و تورکیاش بڵێین عاقڵ بن و ئێوە خۆشتان کێشەتان زۆرە، ئێمەش نەمێنین کوردەکانی خۆتان هەر وازتان لێ ناهێنین، جا چ  دەبێ بە روون و ئاشکرا ئێران و تورکیا بزانن کوردی باشور قەبوڵی نییە کورد لە هیچ کوێ سەرکوت کرێت، خۆ ئەم مۆقیفە لای دۆست و دۆژمن زیاتر گەورەمان دەکا و زیاتر حیسابمان بۆ دەکەن. نا بە عەکسەوە من پێموایە ئەمڕۆ تورک ئیستفادەی زۆری لەوە کردوە کە کوردی باشور دەبنە زمانحالی تورکی رەگەزپەرەستی فاشی، دۆژمن بە تایبەت تورک “دۆست” و دۆژمنی بێمۆقیفی پێ کەمە و بە سوک سەیری دەکا، دڵنیام هەموو هێز و لایەنێک زۆرتر رێسپێکتیان بۆ بەرامبەرەکەیان کە خاوەنی هەڵوێست و ئیرادەیە دەبێت، هەموو کەس بەرامبەرەکەی کە بێ ئێرادە و زەعیف بوو، بەکاری دێنێت و دواتر وەک دەسرەی کاغەز دووری هەڵدەدات، بیرتان چۆوە لە گرتنی گوێر و مەخمور “برا تورکەکانمان” چۆن سینگی خۆیان بە گولەی داعش دا کە هەولێر نەگیرێت؟!!! ئەوجار وەرن تۆ ویژدان پێم بڵێن دۆستایەتی ئاوا گەرم و گوڕ ( پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی ناڵێم) لە گەڵ تورکیا جیا لە بازرگانی بۆ بەرژەوەندی چەند کەسێکی دیار چی بۆ میللەتی کورد پێ بووە؟!

کاکە ئێمە جارێک هاوارمان کرد شای ئێران هیچی بۆ کورد پێ نییە، جارێک هاوارمان کرد سەدام ناکرێت هاوپەیمانت بێت، جارێک هاوارمان کرد بەغدا و عێراق هاوپەیمان نین و دروستی مەکەنەوە، خۆی رووخاوە و نەماوە و جارێک … هیچتان بە گوێ نەکردین، وەرن ئەوجاریش دەڵێین ئاوا چوونە ژێر رکێفی تورکیا و ئێران تەنیا میللەت لێی زەرەرمەند دەبێت، ئەوان (سەرکردەی کورد) دەیان جار ئەم هەڵانەیان دووپات کردۆتەوە، ئیتر دەبێ بەس بێت، دەنا میللەت گومانی خراپی لا دروست دەبێت!!!

نوچەنێت  : ئەی ئەگەر هەرێمی کوردستان لەجێی ئیدانەکردن، بۆ تورکیا وتی ئەو سنورانەی پەکەکەی لێیە، جێگای سەخت و شاخاوین، بەمن کۆنترۆڵ ناکرێت سنوری من نییە، لەوکاتەدا ئەو مافەش بۆ تورکیا نییە کە وەک پەکەکە بچێتە ئەو ناوچانە، ئاخر ئەگەر هەرێم ئەوە بڵێ، واتای ئەوە دەبێت، بەمن کۆنترۆڵ ناکرێ خۆتان کۆنترۆڵی بکەن، ئەوەش واتا فەرموو بۆردومان بکەن، هێرشی زەمینشی بۆ بکەن، کەوایە باشتر وانییە پەکەکە حکومەتی کوردستان نەخاتە ئەم مەوقیفە لاوازەوە ؟

عەلی کەریمی : کێ دەڵێ هەرێمی کوردستان وا بڵێت؟! ئەمانە موبەریری پڕ و پوچن، من هەرگیز وا ناڵێم، بەعەکسەوە باشور نابێ وا زەعیف خۆی نیشاندا کە سنوری خۆی (هەرچەند نێتی، لەسەرەوە باسم کرد) پێ کۆنترۆڵ ناکرێت، دەبێ خۆی بچوک نەکاتەوە و بڵێ بەڵێ من دۆستایەتی و برایەتی تەواوم لە گەڵ قەندیل هەیە و لە قسەشم دەرناچن، بێتو ئێوە (تورک) گوێ لە ویست و داخوازییەکانیان کە زۆر رەوایە بگرن، بەسەر چاو ئێمەش و ئەوانیش پێمان خۆش نییە خوێن لە لوتی یەک سەربازی تورک برژێت، فەرموون ئەوە ئێمە وەک حکومەتی هەرێم تەقەیان پێدەوەستێنین و بە گوێشمان دەکەن، ئێوەش وەرنە سەر مێزی گفتگۆ و دانوستان، دڵنیاتان دەکەین سنورەکان وەک گۆمی مەند دەبن، ئەمە کوا لۆژیکی رۆژنامەنووسی یان سیاسەتی هەرێمە کە بڵێ شاخاوییە و من پێم کۆنترۆل ناکرێت، فەرموو ئێوە خۆتان وەرن کۆنترۆڵی بکەن! دەبێ بڵێ بەڵێ زۆر سەختە، قەندیل بە کەس تەنانەت بە سەدامی خوینخۆریش کۆنترۆڵ نەکراوە، منیش بە چەک ناتوانم، بەڵام چونکێ برای خۆم لەوێن لە قسەم دەرناچن و هەر پێویست بەشەڕ ناکات گەر بێتو ئێوەش (تورک) یەک تۆز عاقڵ بن و تێبگەن ئەوان (قەندیل) داواکارێکی رەوای بەشێک لە خەڵکی بە قسەی خۆتان تورکیایان هەیە، ئەوان تەنیا دەخوازن وڵات بەرەو کرانەوەی زۆرتر و دیمۆکراسی بەرن، ئەمەش داوایەکی رەوایە و ئێمە وەک هەرێمی کوردستان پشتیوانی ئەم داواکاریەین و ئامادەشین بۆ هەموو یارمەتێک چ بۆ دەوڵەتی تورکیا و چ بۆ برایانمان لە باکور. ئاخر خۆ حکومەتی کوردستان بووکە شوشە نیە هیچ پریشکی بەر نەکەوێت، بەخێر حکومەتی کوردییە، ئەدی ئەگەر لەسەر براکانی لە باکور، لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا نەکەوێتە بەر مۆقیف پێم ناڵێی مۆقیفی کوردایەتێکەی لە کوێ دایە، ئەی هاوار ئیتر بەسە بە دەیان ساڵە دەبێژن بە رۆژهەڵات و باکور ىیدەنگ بن، ئێمە خەریکی شۆرشین و ئەها ئەوەتا! ئەوە کورد رزگار دەکەین و لێمان تێک مەدەن! نەخێر نابێ چیتر باکور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا گوێ لەم قسە سواو و بێ ئیرادانەی سەرکردەکانی باشور بگرێت و خۆی بە قوربانی کۆمەڵێک سەرکردەی فاشیلی باشور بکات کە بە درێژایی 70 ساڵ لە سەر کورسی دەسەڵاتی کوردی باشور پاڵیان داوەتەوە، نە تەنیا هیچیان بۆ کوردی پارچەکانی تر نەکردوە بەڵکو بگرە سەری ئەم میللەتە ئازا و خێر لە خۆ نەدیوەی کیمیابارانکراوی، ئەنفالکراوی، خاوەن شەهید و پێشمەرگەی بێ ژوماری خۆشیان لە قور ناوە و لەبەر دزی و تاڵانی میللەت و گەندەڵی و دروستکردنی کۆشک و تەلار، مەست و سەرخۆش گشت لایەکیان بیر چۆتەوە!

نوچەنێت: باسی رۆژ هەڵاتت کرد، بەڵام نالپارێز دوێنێ ئێران بۆردومانی كرد، چۆن بوو قسه‌تان له‌سه‌ری نه‌بوو له‌سه‌ر توركیا قسه‌تان هه‌یه‌ ؟

عەلی کەریمی : ناڵپارێز یان هەر شونێک بوردومان کرێت، ئێمە قسەمان دەبێ و هەیە، ئەوەی ئێوە دەفەرمون یان ئەوەتا من لەسەفەر ئاگاداری نەبووم یان کەس لێی نەپرسیوم و موقابلەی نەکردوم، ئێستا ئێوە لێم دەپرسن، دەڵێم، ئێرانیش زۆر زیاتریش لە تورک و ئەوانی تر سەگ و سەگباب و دژە کوردە و ئەگەر یەک زەرە ویژدانی کوردایەتی مابێت نابێ لێیان قەبوڵ بکەین! ئێران رۆژانە کوردی خۆی ئێعدام و سجن دەکا و ناوچە کوردییەکانی لە ژێر حیسارن و ئەوەندەش بەندە لە سەر ئێران قسەم کردوە و نووسیومە باوەر ناکەم تەنانەت حیزبە کوردییەکانیش ئەوەندەیان کردبێ، ئەگەر ویستان ئەوە یەک ئارشیوتان دەتوانم بۆ رەوانە بکەم!

نوچەنێت  : کەوایە ئەوەی ئێران کردی راگەیاندن دەنگدانەوەی لەسەر دروست نەکرد تا بەڕێزت بیبستی، یان راگەیاندن مقابەلەی نەکردن لەسەر ئەوە ؟ خوێندنەوەت بۆ ئەوە چییە؟ بۆچی راگەیاندن ئەوەی تورکیا گەورە بکات باسی ئەوەی ئێران نەکات ؟ ئەی بۆ رەخنەت لەراگەیاندن نەگرت کە ئەوی تورکیا گەورە دەکەن و ئەوی تر باس ناکەن ؟

عەلی کەریمی : ئاخر کە دەڵێم پرسیارەکانت رەوایی و سەداقەتی رۆژنامەنووسی تێدا نییە لە خۆوە ناڵێم! کاکە گیان کێشەکە باکور و خەڵکی قەندیل بوو، منیش هاتمە قسە، کەس هەیە ئینکاری ئەوە بکات ئەمڕۆ ئەجێندای هەموو رۆژنامەنووسی دنیاش تورکیا و ئۆردوغان و دەمیرتاش و ئەم دۆخە ناسکەی تورکیایە؟! خۆتان دەزانن و “رۆژنامەنووس”ن لە دنیای میدیا و ئێعلام ئەمڕۆ شتێک هەموو ئێعلامی جیهان دادەگرێت، بەیانی ئەمە بیر دەچێتەوە و شتێکی تر دەبێتە تایتڵ و دروشمی میدیا. خوێندنەوەم بۆ ئەمە لە سەرتر بۆ باس کردی مۆقیفی خۆم بەرامبەر ئێران بە سەراحەت و تەنانەت دوور لە ئەتەکێتی رۆژنامەنووسی و سیاسی بۆ باس کردی، ئیتر چت دەوێت؟! برای شیرینم دنیای میدیا و ڵیدوانی سیاسی ئاوایە، ئەمڕۆ کوردی باکور لە سەروی هەموو هەموو باسەکانن، خۆ خەتای من نییە هەموو ئێعلامی جیهانی بە خۆشتانەوە ئەوە نییە پێی موهتەمن و گرنگی پێدەدەن، بەیانی با کوردەکانی رۆژهەڵات دوو چالاکی و موزاهەرە و تەق و توق بکەن دڵنیاتان دەکەم هەموو دنیا باسیان دەکات و بە هەزاران لێدوان و رەخنەش لە حکومەتی پیسی ئاخوندەکان دەگیرێت، چ  بکەم حکومەتەکەی هەرێم هەرچی هێزی کوردی رۆژهەڵاتە کپ و دەسبەسەری کردوە و ئۆردوگانشین. برا گیان ئەوە ئێعلام نییە ئەوەی تورکیای گەورە کردوە خودی کێشەکە گەورەیە، وادیارە جەنابتان تەنیا ئاگاتان لە میدیای کوردی هەیە و ئاگادار نین هەرچی میدیای زەبەلاحی جیهانە باس باسی تورکیا و دەمیرتاش و ئۆردۆغان و ئیمراڵی و قەندیل دەکات؟! من رەخنە لە چی بگرم (هەرچەند هەر گرتوومە) کاتێک هەرچی سەرکردەی رۆژهەڵاتە لە ئۆردگاکانی باشور لە بەر گەرمای هاوین و سپلێت خەریکی مێش دەرکردنن؟! ئایا من دەبێ رەخنە لە کام راگەیاندن بگرم؟! بۆ من زمانحاڵی راگەیاندنی هەموو جیهانم؟! ئەوجار کێ دەڵێ راگەیاندن گوێ لە کەس دەگرێت، نا کاکە گیان! من لە جیاتی رەخنە لە راگەیاندن کە بە هەزارانن و هەرکام ئیش و ئەجێندای خۆی بەرێوە دەبات، رەخنە لە سەرکردە و حیزبەکانی کوردی رۆژهەڵات دەگرم کە نەیانتوانیوە راگەیاندنی خۆیی و بێگانە بۆ لای خۆیان رابکێشن، راگەیاندن جەنابتی و ئەوی تر، ئێوە خۆ دەسەلات نین کە خۆڵقێنەری رووداو بن، ئێوە هەر کام خەت وئەجێندای تایبەت بە خۆی و سەرووی خۆیەوە هەیە بۆیە رەخنە لە راگەیاندن هیچ دەردێکی ئەوتۆ دەرمان ناکات، مەگەر ئەوەی رەخنە لە دەزگایەکی تایبەت بگری و بڵێی زۆرتر پرۆڤیشونال و پیشەیی بن!

نوچەنێت:  با پرسیارێکی تر بکەین بەڕێزتان ئۆپۆزسیۆنی ئێرانن، یان ئۆپزسیۆنی پارتی / بارزانین ؟ ئەتوانی پێمان بڵێی لەماوەی چەند مانگی رابردوو، چەند دیمانەو مقابەلەو وتارتان لەسەر ئێران هەبووە و چەند لەسەر پارتی و بارزانی ؟ ئەوەندەی ئێمە دەزانین زۆرینەی قسەکانی ماوەی رابردووت لەسەر بارزانی و حزبەکەی بووە، ئەمە چی دەگەیەنێ، ئەوە ناگەیەنێ کە ئێستا لەجێی ئێران ئۆپۆزسیۆنی ئەوانن ؟

عەلی کەریمی: ئای کە ئەم پرسیارەم بە دڵە، لە مێژ بوو حەزم دەکرد رۆژنامەنووسێک ئەم پرسیارەم لێبکات، مەمنونم، بە دڵ سپاست دەکەم و هەرچی بۆت دەنووسم لێی بەرپرسیارم:

پێشەکی با بۆ یەکەم جار بیۆگرافێکی خۆمتان پێشکەش بکەم، من لە بنەماڵەیەک پەروەردەبووم کە خاڵم مامۆستا زەبیحی یەکەم بەردی ناسیونالیزمی کوردی لە کۆمەڵەی ژێکاف داناوە، کوردمان وەک یەک نەتەوە داناوە و جیاوازی خەباتی کوردایەتیمان لە هیچ پارچەیەکی کوردستان نەکردووە.

یەکەم خەباتی سیاسیم لە دەورانی شای ئێران وەک کەسێکی چەپ و دژە دیکتاتۆر و دواتر لە پشتیوانی و هاوکاری کۆمەڵەی مارکسی- لێنینی دواتر بوو بە کۆمەڵەی رەنجدەران دەست پێکردوە و سەدان کەس ماون و ئێستا لە باشوری کوردستان کاربەدەست و پێشمەرگەی کۆنن کە ئاگادارن، ئەوجار دوای روخانی شای ئێران و هاتنە سەرکاری تاعونی خۆمێنی لە یەکەم پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات بووم لە ریزی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەی شۆرشگێر، دوای ئەوەی کۆمەڵەی شۆرشگێر بۆتە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەک موخالیف لێی دەرچووم و بەهۆی نەبوونی هیچ پشت و پەنایەک لە رۆژهەڵات و خۆ بە دەستەوە نەدان بە کۆماری ئاخوندی، هاتوومە باشور و لە رێکخراوی 3ی کۆمەڵەی رەنجدەران لای کاک ئەبوو شەهاب بەرپرسی رێکخراو وەک پێشمەرگەیەکی سادە درێژەم بە خەبات داوە، بە یارمەتی مام جەلال دوای ئەوەی خوشکی 18 ساڵانم لە ژێر ئەشکەنجەی مەلایان لە شاری ورمێ گیانی بەخت کرد و دایک و بابی پیرم گیران و دەیان جار بردیانن بۆ پای ئێعدام و دواتر دوور خرانەوە بۆ سنوری ئەفغانستان، بە هۆی ئەوەی کورەکانیان پێشمەرگەن، گەیشتومە هەندەران.

دواتر بە درێژایی ئەم هەموو ساڵە فەرقی پارچەکانی کوردستانم نەکردوە و نایکەم، چەندین پێشمەرگەی قارەمانی رۆژهەڵات وەک شەهیدی بنەماڵە و برای هاوسەرم وەک شەهیدێکی بەرچاوی رۆژهەڵات تۆمار کراون. من وەک بیر ورا و خەباتی سیاسی، هەرگیز خۆم بە تەنیا بە کوردی رۆژهەڵات نەناسیوە و خۆم بە کورد دەزانم و خۆم بە بەرحەق دەزانم کوێ کوردستان بوو خەڵکی ئەوەێ بم! جا بۆیە بە حەقی خۆمی دەزانم کە نەتەنیا ئۆپۆزسیۆنی ئێران بم، بەڵکو دژ بەهەموو داگیرکەرانی کوردستانم، کاکە من هەموو کەس دەزانێت کوردستانیم!!! بەڵێ راستە من بە توندی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانم و زیاتر لە 36 ساڵە خاک و شاری خۆم نەدیوە و لێم قاچاغە! تا ماوم دژیان دەوستم و هەرگیز خۆێنی هاورێیان و خوشکە 18 ساڵانەکەم و  شەهیدی نەمر سولەیمان بللوری ژن برا و هاورێم و ئەوەی بەسەر میللەت و هاوشاریانم هات لە بیر ناکەم. بەڵام ئەوە بەو مانایە نێت لە عاست گەندەڵی و زوڵم و زۆری و بە فیرۆدانی شۆرشەکانی باشور لە عاست سەرکردەکانیان بێدەنگ بم، بەڵێ راست دەفەرمووی من ئۆپۆزسێۆنی دەسەڵاتی گەندەڵی باشور هەرگیز بێدەنگ و خامۆش نەبووم و نابم.

ئەگەر لە وتاری دژی ئێران بگەرێیت، ئەوە دڵنیات دەکەم چەندین کتێبە، وادیارە جەنابتان پێش ئەوەی پرسیاری وا رووبەرووی من کەنەوە، زەحمەتان بە خۆ نەداوە سەیرێکی نووسین و موقابلەکانی من بکەن، تەنیا ئەوەندە بکەن پێوەندی بە دەنگی رادیۆ ئەمریکا بەشی کوردی (بە تایبەت بەڵێن ساڵح) بکەن و بزانن مانگانە چەند موقابلەی من دژی ئێران و کۆماری ئیسلامی تۆمار کراوە، ئەوجار بڕۆ بۆ ن ر ت تی ڤی و ک ن ن و میدیاکانی رۆژهەڵات و زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی ئەهلی سولەیمانی، ئیتر نازانم چیتان پێ بڵێم، برا گیان ئێوە رۆژنامەنووسن دەبوو پێش ئەوەی پرسیاری وا رووبەرووی کەسێکی وەک من بکەنەوە هیچ نەبا زەحمەتی ئەوەندەتان کێشابا و تەنیا لە گوگڵ سوراغێکی منی بێ ناو و نیشاندا کردبایە، مخابن بۆ رۆژنامەنووسی کوردی!!!

ئەوجار بۆ یەکەم جار، دیسان سپاس بۆ وروژاندنی ئەم پرسیارە مەجبورم کەمێکی تر لەسەر خۆم بنووسم، کاکە گیان لە مێژە کۆمەڵێک پرسیار لەمەڕ روانگەی سیاسی و حیزبی و ئابوری من هەیە و بە تایبەت دوای پەیدابوونی تۆری میدیایی فەیسبوک و بێمنەتی کۆمەڵانی خەڵک لە دەربڕینی بیر و را و هەروەتر بوختان و تۆمەت بڵاوکردنەوە و رووبەروو بوونەوەی دەیان پرسیار و تۆمەت و بوختان، بە سپاسەوە دیسان ئێوە بوونە هۆکار بۆ یەکەمجار دەنگم لێوە بێت. من بە بێ هیچ منەت و فەخر فرۆشتنێک زیاتر لە 37 ساڵە و دواتر لە گەڵ هاوسەر و بنەماڵەکانمان کە ئەویش زیاتر لە 4 ساڵ لە سەردەمی خوشکی جوانەمەرگم لە زیندان و سیاچاڵەکانی کۆماری پەت و سێدارەدا بوو (بیدایەتی هەشتاکانی زایینی)، یەک پشو خەباتی کوردایەتی دەکەین بە بێ پاداش، لێرەوە لەم دەزگای ئێعلامی ئێوەوە رادەگەیەنم بە خۆم، بەبنەماڵە، بە بنەماڵەی خێزانم کە سەردەمێک لە مەهاباد هەردوو بنەماڵە مەکۆ و مقەری پێشمەرگەی باشور و بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی بوون، هەر هێز و لایەنێک، حکومەت و وەزارەتێک بتوانێت ئیدعا بکات و بیسەڵمێنێت بە عەرزە، بە خانوو، بەمەعاش، بە پارە و بەهەرچی مادییاتە دابێتی بە ئێمە، من دێم و هەر لەسەر ئەم دەزگایەی ئێوە رادەگەیەنم “ئێمە هیچ نەبووین و هەرچی کردوومانە لە پێناوی پارە و پۆست و ئیمتیازدا کردوومانە”. من فەخر دەکەم ناسنامەی پێشمەرگەی دێرینم لە گیرفان دایە، بەڵام نە مەعاش و نە زەوی و نەخانوو و نە سەیارە و نەهیچم نە تەنیا لە هێچ یەک لە دەسەڵاتەکانی کوردی باشور وەرنەگرتوە، بگرە تەحەدا دەکەم کوردێک پەیدا بێت و بڵێ ئەم شتەم بۆ عەلی کردووە، من خاوەنی قسەی خۆمم و ئەمەشم بۆ یەکەمجارە باسی دەکەم. من راستە بە دڵ و گیان لە ناوەراستی نەوەدەکان لە گەڵ برای بەرێزم کە لە کۆنەوە ئاشنای بیر و راکانی بووم، کاک نەوشیروان دەستمان بە بزوتنەوەی گٶڕان کرد و شانازیی بەشداریم لەم بزوتنەوە خەڵکییە پێبرا، تا سەرکەوتنی، دواتر کشامەوە و بە ئاشکرا گوتم : من جارێ لە گەڵ دەسەڵات نیم و باشترە بۆ دەورێکی تر ئۆپۆزسیۆن بین، من لەم رایەی خۆم سەرکەوتوو نەبووم و لە ماڵی خۆم دانیشتم، هەرچی کردم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بیر و رای خۆم کردم و هەموو هەڵسوراوانی گۆران بە سەرکردە و هەڵسوراو شاهیدی ئەوەن، من لە سەدا سەد نەتەنیا خۆبەخش بووم بەڵکو لەسەر گیرفانی خۆشم بوم، ئەوە نە منەتە نە هیچ، ئەوە ویژدانی خۆم بوو.

لە ئاخردا بەڵێ من یەک لە سەرسەختانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانم و هەتا مەرگی کۆماری ئیسلامی دەست لە خەبات هەڵناگرم و خاک و شار و دێدی خۆم لە خۆم حەرام بێت و لاشەشم نابێت بچێتەوە ئێران. ئەوەش بەو مانایە نییە باشور بە خاکی خۆم نەزانم و بێدەنگ بم لە تاڵان و گەندەڵی سەرکردەکان کە بەسەر ئەم بەشەی خاک و میللەتی منی دادێنن! کاکە من کوردستانیم و نەتەنیا ئێوە بەڵکوو هەموو دوژمنانم ناتوانن پاڵم پێوە بنێنن خۆم لە پارچەیەکی کوردستاندا قەتیس بکەم!

نوچەنێت : ئەی وەک دەبیستین زۆر باس لەسیستەمی سەرۆکایەتی کوردستان، یان خودی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەشێوەیەک ئێستا وەک کەسێکی ئۆپۆزسیۆنێکی سەرسەختی پارتی ناسراون، کەوایە با لەبەڕێزت بپرسین.

لەکاتێکدا تێکەڵاوی و خەباتی هاوبەشت لەگەڵ زۆرێک لەحزب و سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، خۆشتان بەشانازییەوە خەڵکی ئەو بەشەی وڵاتن، بۆچی لەئێستاوە هەوڵ نادەن ئایندەی رۆژهەڵات وەک ئێستای باشور نەبێ کە تۆ پێی رازی نیت، بۆ لەم سەرەتایەوە هەوڵ نادەن ئەو ئایندەی هەبێ کە ئێوە ئەتانەوێ.

بۆ نمونە باسی سەرۆک و مانەوەی سەرۆک زۆر دەکەن، بۆچی تا ئیستا باسی ئەوە ناکەن، حزبەکانی رۆژهەڵات لەسەر سەرۆکایەتی حزبەکان شەڕ دەکەن لەناو خۆیان و دابەش و چەند بەش بوون بەهۆیەوە.

بۆ نمونە کۆمەڵە لەسەر یەکترقبوڵنەکردنی سەرکردەکانی، بوونە چەند بەش، ئێوە لەجێی دژایەتی ئەو دابەش بوون و شەڕکردنە لەسەر رابەرایەتی کۆمەڵە، وەک دیارە لەگەڵ بەشێکیانن، بۆچی ئێوە ئەوە دووبارە دەکەنەوە کەبۆ باشور بەهەڵەی دەزانن ؟ لەکاتێکدا ئەگەر ئەوەی باشور شەڕ بێ لەسەر دەسەڵاتی کوردستان، ئەوەی حزبەکانی رۆژهەڵات شەڕە لەسەر رابەرایەتی کەمپێک و حزبێکی بێ دەسەڵات؟

عەلی کەریمی : ئەم پرسیارەت زۆر زۆر نا پرۆڤیشۆنالانەیە، یەکەم هەرێم دەسەڵاتە و بە خۆی دەڵی دەوڵەت! لە کاتێکدا هەموو ئەحزابی کوردی ئێران  بە قەوڵی خۆت لە کەمپێکدا جێیان دەبێتەوە و ئاوارەن! بەڵێ زۆر راستە و شانازی پێوە دەکەم کە تێکەڵاویم لە گەڵ هەموو ئەحزابی کوردی رۆژهەڵات هەیە و بە شانازییەوەش بەڵێ خەڵکی شارەکەی کۆمارم.

کاکە وا دیارە هەروەک پێشوتر گوتم، جەنابتان نەتەنیا من ناناسن بەڵکو ئەوەندە زەحمەتان بە خۆ نەداوە پێش دارشتنی پرسیارەکان شتێک لەمەر بەندە لە دەوروبەر بپرسن، کاکە گیان ئەوەندەی من سەرکۆنە و رەخنەی برادەرانم لە رۆژهەڵات گرتوە ئیتر ماندوو بووم، ئەوان بە درێژایی ئەم هەموو ساڵە لە کەمپ و ئۆردگاکان و دەسبەسەری دەسەڵاتی کوردی لە باشور با بە راشکاوی بڵێم فاسید بووون، ئەی چۆنە ئەوەندە لەمەڕ من نازانن کە لە لای حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات لە باشور جەند ناشیرینم، ئاخر برا گیان کێ وەک من قسەی رەقی پێ وتوون ( ئەگەر ویستان هەموو لینکەکانتان بۆ دەنێرم). بەڵێ راست دەکەی ئەوەی سەرکردەکانی ئەحزابی کوردی رۆژهەڵات دەیکەن هەمان کۆلتورە کە لە باشور فێری بوون. خۆ کاکە من نە هێزی سەربازیم هەیە و نە ناسنامەیەکی حیزبی، من وەک جەنابتان رۆژنامەنوس و کەسێکی سەربەخۆ زیاتر نیم، من ئەوەم لە دەست دێت رەخنەیان لێ بگرم و سەرکۆنەیان بکەم.

بەڵام یەک شت بزانە کۆمەڵگای کوردی ئێران وەک باشور نابێت و بۆیان ناچێتە سەر وەک سەرۆک عێل و عەشیرەی باشور بکەن، چونکێ کۆمەڵگای ئێران بە عام لە مێژ ساڵە گۆڕی خێڵ و عەشیرەی هەڵقەندوە و تازە زەحمەتە باداتەوە بۆ ئەم دەورانە، ئەوەی ئەوان ئەمڕۆ لە باشو دەیکەن تەنیا لاساکەرەوەیی سەرانی باشورە ومن نیگەران نیم، ئەوەی ئەوان ئەمڕۆ لە کەمپەکانی باشور بۆیان لواوە سبەی لە سنە و کرماشان و مەهاباد بۆیان بلوێ!

 ئەوەت زۆر خراپە کە پێتوایە من لە گەڵ لایەنێکی کۆمەڵەم، بۆ ئەم ئیدعایەت دەبوو ئیجازە لە خۆم وەرگریت، من ئەگەر لایەنێکی کۆمەڵە یان هەر چت بم شەرم لە کەس ناکەم و بە شانازییەوە دەڵێم ئەوەم، نەخێر خراپی بۆچووی و من هەموو لایەنەکانی کوردی ئێران لە خۆم نزیک دەزانم و دەردی وان بە دەردی خۆ دەزانم و لێرەوش پێیان دەڵێم با ئەوان شوێن پێی سەرکردەی باشور کە ئۆقیانوسێکیان لە خراپی و دۆران و گەندەڵی لە پاش خۆیان جێ هێڵاوە نەکەون. ئافەرین برا زۆر راست دەفەرموی ئەگەر براکانمان لە باشور لە سەر دەسەڵات (کە زۆر شیرینە)ئەوەیان کرد کە نەدەبوو بیکەن ئەوان لە “تاراوگە” و لە ئۆردوگا لە سەر چی شەر دەکەن؟!!!

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com