نوچه نێت، شیكارى تایبهت
سەرقاڵییەکی ئەم رۆژانەی چاودێران و شارەزایانی کاروباری سیاسی کۆماری ئیسلامی،بە تایبەتی لە دوای رێکەوتنی ئەتۆمی ئەم وڵاتە لە گەڵ گرووپی پێنج کۆ یەک ، گەنگەشەکردن و گریمانەکردنی سیاسەتی ناوخۆیی وناوچەیی ئەم وڵاتەیە.
فولکیر پۆرتێز، سەرپەرشتی دامەزراوەی ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش،لە شیکردنەوەیەکدا گریمانەی دەرهاویشتە ئێحتماڵیەکانی پاش رێکەوتنی ئەتۆمی ئەم وڵاتەی کردووە.پۆرتێز بە خستنەرووی دوو سیناریۆی لێک جیاواز، هەلومەرج و رەوشی ناوخۆیی و دەرەوەی ئێرانی خستووەتەڕوو.
پۆرتێز لەم وێستگەیەوە دەست پێدەکات کە رێکەوتنی لایەنەکان بابەتێکی چاوەروان کراو بوو. سەرباری وردەکاریەکانی ئەم رێکەوتنە، گریمانەی ئەوە دەکرێ کە ئێران بە پێی دەقی رێکەوتنەکە درێژە بە چالاکی”ئاشتیخوازانە”ی ئەتۆمی خۆی بدات، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی کەم بوونەوەی نیگەرانیەکان. بە پێی ئیستدلالی پۆرتێز، گەیشتن بەم رێکەوتنە مەترسی پەرەسەندی تەسلیحاتی ئەتۆمی زۆرتر دەکات، پێوەندیەکانی ئێران و رۆژئاواییەکان ئاسایی هێور دەبێتەوە وسەرباری دژایەتیەکانی ئیسرائیل و سعودی،دەکرێ ئەم رێکەوتنە بە “سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی”هەژمار بکرێت.
پۆرتێز هەلومەرجی ئێستا بە جۆرێک شاخەوانی دەشوبهێنی کە دوای سەرکەوتن بە سەر لووتکەیەکدا، دەبێ چاوەڕێی سەرکەوتنی دیکەش بکرێ. هەر بۆیە دەبێ لەم رەهەندەوە بیرێکی قووڵی لی بکرێتەوە.هەر چەند ئەم رێکەوتنە نابێتە فاکتەرێک بۆ گۆڕینی سیستەمی حکومەتی ئێران،بەڵام دەکرێ چاوەڕوان بکرێ کە گۆڕینی ئاست و ئاراستەی پێوەندیەکان لە گەڵ جیهانی دەرەوە،دەرهاویشتە وگۆرانکاریلالە سیاسەتی ناوخۆیی ئەم وڵاتە بەدواوە بێت.دواتر ئەم گۆڕانکاریە سروشتیە کە کار بکات سەر جۆر و چۆنیەتی تەعامول و هەڵسوکەوتی ئێران لە گەڵ دراوسێ و سیاسەتە ناوچەییەکەی.
سیناریۆی یەکەم:درێژە دان بە ریفۆرم و هاوکاری نێودەوڵەتی
پۆرتێز لە شیکردنەوەی ئەم حاڵەتەدا، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە وڵاتانی رۆژئاوایی و خودی ئێرانیەکانیش لەبنەڕەتدا بە دوای ئەم مەبەستەوەن. ناوبراو تایبەتمەندییەکانی ئەم سیناریۆیە بەم شێوەیە هەژمار دەکات:رێکەوتن دەبیتە هۆی بەهێزبوونی ئەو هێز و لایەنانەی کە خوازیاری پهیوەندییەکی نەرم و نیانن لە گەڵ جیهانی دەرەوە. لەم رووەوە رەنگە لەحنی ئێران بە نیسبەت وڵاتانی ئەمریکا، ئیسرائیل و سعودی گٶڕانی بە سەردا بێت.لە ئەگەری گۆڕینی لەحنی ئێران، رەنگە سعودی و وڵاتانی دیکەی عەرەبیش ئیرادەی ئێران بۆ کەڵَک وەرگرتنی ئاشتیانە لە بەرنامەی ئەتۆمی هەڵبسەنگێنن و بە دڵنیابوونەوە هەنگاو هەڵێنن بۆ چارەسەری کێشە ناوچەییەکان بە تایبەتی لە کەیسی سوریە و یەمەن. لێک تێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوەی سعودی و ئێران دەبێتە هەموار بوونی رێگاکان بۆ چارەسەری ئاشتیانە وپاڵپشتێکیش دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی داعش.
دەوڵەتی روحانی دەتوانی بە کەڵک وەرگرتن لە دۆخی پاش رێکەوتن، پەرە بە سەرمایەدانانی دەرەکی و بووژانەوەی ئابووری نەخۆش و قەیراناوی خۆی بدات و هەنگاوێکی جیدیش هەلبگرێ بۆ چارەسەر کردنی کێشەی بێکاری.کرانەوە و بووژانەوەی پێوەندی ئابووری ئەم وڵاتە لە گەڵ رۆژئاوا دەبیتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ بەهێز کردنی”هێزەکانی میانڕەو و خوازیاری ریفۆرم”.ئەمەش دواتر دەبێتە فاکتەرێکی کاریگەر بۆ سەرخستنی روحانی لە بەرەورووبوونەوەی لە گەڵ کێشە سیاسی و ئابووریەکان و هەروەها پێسخستنی ناوبراو لە ململانێی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەم وڵاتە،ئەمە بەو مانا دیت کە ئێران لە تەواوەتی خۆیدا کار دەکات بۆ رەوینەوەی ئاڵۆزیەکان و هەنگاونان بەرهو چاکسازی.
سیناریۆی دووەم:نمایشی هێز لە دەرەوە،سەرکوت له ناوخۆ
لەم سیناریۆیەی پۆرتێزدا، ناکۆکی و ململانێی ناوچەیی لەنێوان ئێران و وڵاتانی ناوچە پەرەدەستێنێ و لە ناوخۆش پێش بە هەر جۆرە کرانەوەیەکی سیاسی دەگرێت. لەم حاڵەتەدا، بە روونی ئەو راستە دەردەکەوێ کە مەبەست و سیاسەتەکانی روحانی سەرۆک کۆمار و خامنەیی رێبەر، لە گەڵ یەکتر نایەنەوە .لە کاتێکدا کە روحانی بە دوای پەرەدانە بە هاوکاری نێودەوڵەتی، خامنەیی تەنها بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکانە کە ملکەچی رێکەوتن بووە هەر لەم رێگەشەوە هەوڵ دەدات بۆ باڵادەستبوون لە هاوکێشەکانی ناوچەدا.
پۆرتێز لەدرێژەدا دەڵێ: بە پێی ئەم سیناریۆیە، توندڕەوە ئێرانیەکان دراوسێکان نیگەران دەکەن و رێکەوتنی ئەتۆمی وەک نیشانە و ئاماژەیەک بۆ قبووڵ کردنی دەسەڵات و نفووزی ناوچەیی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە لە قەڵەم دەدەن. گومان و نیگەرانیەکانی سعودیە ووڵاتانی دیکەی عەرەبی دەربارەی ئەنجامی رێکەوتنەکە وە راست دەگەڕێ و ریاز زیاتر لە هەموو کاتێک هەوڵ دەدات بەرەیەکی سوننە لەوڵاتانی ناوجە دژ بە ئێران رێکبخات. ئەم بەرەوەیە دەوری هاوپەیمانییەک دەگێڕێ کە بەرەنگاری ئەو هێز و لایەنانە دەبێتەوە کە لە ناوچەکەدا بوونەتە”یاری دەستی”ئێران. بە وتەی پۆرتێز هیچ کام لەم سیناریۆیانە لە حاڵهتە گشتیەکەیدا ناتوانرێ بە شێوەیەکی موتڵەق پراکتیزە بن.
هاوسەنگی سەربازی ناوچەکە لە دوای ریکەوتنی ئەتۆمی
تینک تانکێکێ(ژووری فکر) ئەمریکی لە راپۆرتێکی خۆیدا بە بەرواردی ئامار ورێژەی کڕینی چەک و چۆڵ و تەسلیحات لە لایەن ئێران و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەوە،تیشکی خستۆتە سەر کاریگەری رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران لە سەر هاوسەنگی سەربازی ناوچەکە.
ژووری فکری دیراساتی ستراتێژی و نێودەوڵەتی لە یاداشتێکدا بە قەڵەمی کۆردیزمەن دەنووسێ: زۆربەی رەخنەکان کە لە رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران دەگیردرێ لە سەر ئەم بابەتە ساغ بۆتەوە کە ئەم رێکەوتنە ئیمکانی گواستنەوەی تەسلیحاتی “متعارف”بۆ ئێران لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا فەراهەم دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەگەر ئێران پابەند بێت بە هەموو لایەنەکانی رێکەوتنەکە.بە کردەوە،ئەم رێکەوتنە هیچ ئیلزام و تەعەهودێکی بۆ وڵاتان نییە کە چەک بە ئێران بفرۆشن،بە تایبەتیش کە هیچ سنوور و بەربەستێک بۆ فرۆشتنی چەک لە لایەن ئەمریکاوە بەم وڵاتەش ناکات.بەڵام ئەگەری زۆر هەیە کە ئێرانبە هۆی کڕینی چەک لە روسیە وجین خۆی تەیار و پڕچەک بکات.
ئێران پێویستیەکی زۆر هەیە بە نۆژەن کردنەوە ی هێزی ئاسمانی وبەرگری مووشەکی و زۆر بواری دیکەی سەربازی خۆی.هەروەها پێویستییەکی زۆریش هەیە بە بردنەسەرەوەی ئاستی فەننی و تەکنەلۆژیای سامانی زیرەک ،هەواڵگری و شناسایی و …هتد.ئیستا ئێران دەستی ئاوەڵایە بۆ دابین کردنی ئەم پێداویستیانەی خۆی،هەر چەند گەلێک ئاستەنگ و کێشەی لە بەردەم دایە.
وڵاتانی عەرەبی ناوچە لە دابین کردنی چەک و تەسلیحاتی”متعارف” لە پێشەوەترن
وڵاتانی عەرەبی ناوچە جگە لە لایەنی هێزی مرۆیی نەبێ لە هەموو روویەکەوە لە چاو ئێران باڵادەسترن.هەروەتر هابەشی ستراتێژیکیان لە گەڵ ئەمریکا ئەو بەستێنەی بۆ فەراهەم کردوون کە دەستیان بە پێشکەوتووترین چەکەکان رابگات.بە شێوەیەکی گشتیی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە ساڵی ١٩٧٧ بەدواوە، لانی کەم شەش بەرامبەری وڵاتێکی وەک ئێران هەوڵیان داوە کە خۆیان پڕچەک بکەن ولەم بارەوە لە وەزعێکی باشتردان.سەبارەت بە ساڵی ٢٠١٤ بەراوردێکی ورد و دەقیق لە ئارادا نییە بەڵام گریمانەی ئەوە دەکرێ کە وڵاتانی عەرەبی کەنداو ١١٤ میلیارد دۆلار پارەیان سەرفی خەزینەی بەرگری خۆیان کردبێت، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە بۆ ئێران ١٦ میلیارد دۆلای مەزەندە دەکرێ.لەم پیوەندیەدا رۆڵی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە نیسبەت پڕچەک کردنی وڵێتانی عەرەبی نابێ لە بەرچاو بگیردرێ،بە تایبەت کە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە دەروەستی و تەعەهودیکی ستراتێژیکیان بە نیسبەت ئەمریکاوە کەیە.بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بە راپۆرتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا بکرێت کە تیایدا هاتووە ،گواستنەوەی چەک و تەسلیحات بۆ وڵاتێکی وەک سعودیە لە ئۆکتۆبری ٢٠١٠ تا ئۆکتۆبری ٢٠١٤ دەگاتە بڕی ٤٣٥/٩٠ میلیارد دۆلار.