با هەرێم لە دەرەوەی کوورەکە بێت

0

حەمەڕەشید هەرەس

لای نزیك و دوور، ئاشکرایە پارتی کرێکارانی کوردستان ( پ. ك. ك ) بۆ نەخشەکێشان و پیادە کردنی هەر  جۆرە سیاسەتێك، بەشەڕەکانیشیەوە، راوێژی هیچ کەس و لایەنێکی پێ قوبوڵ نیە و، بۆچوونی گشت کەس و لایەنێکی پێشەکی داوەتەوە دواوە. جا ئەگەر هەر ئەم تاکە هۆیە وەرگرین، دەتوانین بڵێین خۆی، بە تەنها خۆی بەر پرسیارە لە ئەنجامی هەر هەنگاوێك کە دەینێت ( ئیتر باش یان خراپ).

مارك لوین_ پەیامنێری بی بی سی لە تورکیا ئەڵێت: لە توێی یەك هەفتەدا تورك لە تەماشاکەرێکی دوودڵەوە، کە مانی لە شەڕی سەربازیی دژی داعش گرتبوو، دەستی کرد بە ئەنجامدانی گورزی سەربازی تەواو، دژی ئەو رێکخراوە و، ملی نا بۆ ئەوەی هەموو بنکەکانی بۆ ئەمریکا بکاتەوە بۆ لێدانی داعش و، لە هەمان کاتدا خۆیشی دەستی کرد بە هێرشی ئاسمانی دژی کوردە جیابوونەوەخوازەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە سەرووی عیراق.

ئەو پەیامنێرە، خۆی ئەپرسێت: ئەم بادانەوە کت و پڕە بۆ؟

هەر خۆی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: ئەنقەرە چەند مانگێکە دژی ئەوەیە شانبەشانی هاوپەیمانانی ووڵاتە یەکگرتووەکان، دژی داعش بچێتە شەڕەوە، ئەو پێ دادەگرێت ئامانجەکان رووخاندنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد بێت. وەڵامی ئامریکاش ئەوە بوو، کە داعش سەرچاوەی مەترسییەکەیە و، رووخانی ئەسەد دوابخرێت.

بەڵام مەرجی تورکیا بۆ پێکهێنانی ناوچەیەکی ئارام لە باکووری سووریا، بووە هۆی زیاتر بە پیرەوەچوونی ئەنقەرە بۆ داواکەی ئامریکا. وەزیری دەرەوەی تورکیا ( مەولود جاویش ئۆغڵو ) ووتی، ئەنقەرە ناوچەیەکی ئارام بە درێژایی سنووری تورکیا دروست دەکات کە چەکدارانی داعشی لێ نەبێت و بچێتە ژێر کۆنترۆڵی فرۆکەی هاوپەیمانانەوە. ئەمە هۆی سەرەکی ئەوە بوو کە تورکیا قایل بێت، دژی داعش کاری سەربازی ئەنجام بدات.

زۆر دەمێکە تورکیا بەوە تاوانبار کراوە، لە باشترین گریمانەدا چاوی لە داعش نووقاندووە، لە خراپترین گریمانەشدا یارمەتی داعشی داوە دژی رژێمی سووریا، بەڵام ئەنقەرە هەموو جارێك نکۆلی لەم تاوانبارکردنەی کردووە، تا لەم ماوەیەی پێشوودا لە شاری پرسوسی خوارووی تورکیا تەقینەوەیەك روویدا و ٣٢ کەس بوونە قوربانی، ئەنقەرە تاوانەکەی خستە سەر یەکێك لە چەکدارانی داعش و، ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی لەسەر سنووری تورکیا، داعش کردەوەی سەربازی دژی تورکیا ئەنجام بدات و، بووە دوابیانووی تورکیا بۆ هاتنە ناوەوەی سەربازی.

بەڵام تورکیا لە کاردانەوەکەیدا دژی داعش، ستراتیجێکی ئاڵۆز پیادە دەکات، چونکە هاوکات لەگەڵ هێرشەکانیا بۆ سەر داعش، دەستیشی کرد بە لێدانی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و، گرتنی سەدان کەس بە گومانی وابەستەییان بە پارتی کرێکارانەوە.

ئەمەش هۆکاری ئەو کارە توندوتیژییانەی پارتی کریكاران و، کوشتنی چەند پۆلیسێك بە بیانووی ئەوەی بە یارمەتی پۆلیسی تورك ئەو تەقینەوەیەی پرسووس ئەنجام دراوە.

جا ئایا واشنتۆن قایل بوونی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر پارتی کرێکاران نیشانداوە، بەرامبەر بەشداری تورك لە شەڕی دژی داعش؟

هەرچەندە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە ئەنقەرە ئەڵێن: ئەم هێرشانەی ئەنقەرە دژی داعش، پەردەیەکە بۆ بە گژداچوونی دوژمنە سەرەکییەکەی کە ئەویش کوردە. هەروەها دەڵێن: پێش ئێستاش کە تورکیا دژی داعش هیچ هیچ کارێکی ئەنجام نەداوە، هەر بۆ ئەوە بووە نەچێتە بەرژەوەندی کوردەوە، جا ئێستا کە هاتۆتە ناو شەڕەکەوە بۆ ئەوەیە گورز لە هەردوو لایان بوەشێنێت.

لە بارەی رەوشی ناوخۆی تورکیاشەوە دەڵێت: حیزبی داد و گەشەپێدان ئۆردوغان، کە ئێستا خەریکی دامەزراندنی حوکمەتن و، دانوستاندن بۆ حوکمەتێکی هاوپەیمانی ئەکات. ئەگەر ئەم دانوستاندنە بە ئەنجام نەگەیشت، پێویستە هەڵبژاردنێکی تر بکەنەوە، بە هیوای ئەوەی حیزبەکەی ئۆردوغان دەنگی نەتەوەپەرستەکانی تورکیا بۆ خۆی بهێنێتەوە، کە پێشتر دژی ئەو پرۆسە ئاشتییەی نێوان ئۆردوغان و پارتی کرێکاران بوون، ئەم هێرشەش بۆ سەر پارتی کرێکاران زەنگی کۆتاییهاتنی ئەو پرۆسەیە بوو، بۆ ئەوەی ئەمجارە زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێت، کە زۆر بە پەرۆشەوە هەڵوەدایەتی.

ئا لێرەدا مەترسییە گەورەکە رووبەڕووی تورکیا ئەبێتەوە، لە لایەکەوە داعش پەلاماری ئەدات، لە لایەکی تریشەوە بە هاندانی پەکەکە کەمینە کوردەکەی تورکیاش دەست دەکەنەوە بە کاری توندوتیژی.

ئەمە راپۆرتەکەی مارك لوینی پەیامنێری بی بی سی بوو.

لە سەرچاوەیەکی تریشەوە ئەلیستەر باسکی، بە ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئامریکی یەوە ووتی: ووڵاتەکەی رێز لە تورکیا ئەگرێت بۆ پارێزگاری کردن لە خۆی، دژی پارتی کرێکارانی کوردستان. داواشی لە هەردوو لایان کرد، بگەڕێنەوە بۆ ووتوو وێژ.

دیسان لە سەرچاوەیەکی ترەوە، بریت ماکگۆرك یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئامریکا ووتی: ئێمە پشتگیریی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەرووی عێراق ئەکەین و ئەوەشی دایە دواوە، هیچ هەماهەنگییەکی ووڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا بووبێت، لە کاتی رێکەوتنەکەیاندا بۆ لێدانی داعش.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە:

ئایا ئەم شەڕەی تورکیا دژی پارتی کرێکاران درێژە ئەکێشێت؟

ئایا هاتنە ناوەوەی تورکیا دژی داعش، بیانووە بۆ لێدانی پەکەکە؟

ئایا ئەم شەڕەی تورکیا دژی پەکەکە، بۆ رازی کردنی نەتەوەپەرستەکانی تورکە؟

لە هەمووشی گەرنگتر بۆ ئێمەی کوردی باشووری کوردستان، ئەوەیە: ئایا ئەم رەوشە بە زۆر ئەسەپێت بەسەر ئێمەش دا؟

بەلای منەوە دوای رێکەوتنە ٥+١ کەی ئێران و هاوپەیمانان، ئێران دەستی بەتاڵ ئەبێت، بۆ قایمکردنی خۆی، لەم کاتەدا عیراق و سووریا بەهی خۆی ئەزانێت، بە هەموو توانایەوە بوار نادات، ئەم دوو دەوڵەتە جیابوونەوەی تێدا روو بدات. ئەمەش سیاسەتێکی ژیرانەی گەرەکە، نەك بۆچوونگەلێك کە پێیان وایە کورد خاوەنی ئیرادەیەکی نێونەتەوەییە و خاوەنی چەندەها مووشەکی ئەتۆمی و، پۆلە فرۆکەی تارمایی و گەشتیگەلێکی پڕ چەکە لە دەریاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا و، ناپاکی دەکات و بەکاریان ناهێنێت. کەوایە بیر بکەنەوە بە لۆجیك نەك هاش و هووشی بێ بنەما.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com