تەنها نێچيرڤان بارزانى لەبەردەم سياسەتە خۆكوژييەكە وەستايەوە

0

تورکیا و پەکەکە، نێچیرڤان بارزانی و ئەوانیتر

رزگار رەزا چوچانی / سوید

لەمێژە من ئەو راستییە دەبینم، کەنێچیرڤان بارزانی سەرکردەیەکە جیاواز و دوورتر لەسەرکردە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان دەبینێ و گەورەتر لەوان بیر دەکاتەوە. دروستبوونی ئەم بڕواش لای من، شتێکە لەخۆڕا نییە، یان دڵداری سیاسەتی کوردی نییە، ئاخر لەسیاسەت و پشتیوانی سیاسیەکان لەکوردستاندا جۆرێک لەدڵداری دەبینرێت، بەشێوەیەک گەر عاشقی سەرکردەیەکی سیاسی بوون، داروبەردی وڵاتیش بدات بەسەر یەکدا، هەر لەلایان سەرکردەی زەروریە. بۆيە پەسەندیی نێچیرڤان بارزانی لای من ئەوە نییە، بەڵکو هەڵسەنگاندنە لەسەر ئەساسی پرۆژەو هەڵوێست.

با زۆر نەگەڕێینەوە بۆ رابردوو، قسە لەسەر دواین هەڵوێستەکانی ئەو سەرکردە بکەین، تا تۆش وەک خوێنەرێک ویژدانت بکەیتە حەکەم، ئەو كات دەزانى ئایا بارزانی جیاوازتر لەوانی تر هەڵوێست نانوێنێ؟  دروستتر لەوان بیر ناکاتەوە؟

ئەگەر دوێنێ کوردستان دابەشی سەر چوار وڵات بوبێ، ئێستا کوردستان دابەشی سەر دوو وڵاتە، کە بریتین لەتورکیاو ئێران، ئاخر لەئەمرۆدا سوریاو عێراقیش وەک هەرێمێکی ئێرانیان لێ هاتووە و بەشێکن لەئێران و سیاسەتی ئێران پەیڕەو دەکەن. لەوەها دۆخێکدا یاخی بوونی باشوری کوردستان لەبەغدا یاخی بوونە لەئێران، هەبوونی کێشە لەگەڵ بەغدا هەبوونی کێشەیە لەگەڵ ئێران. تەسلیمبوونیشی بەئێران تەسلیم بوونە بەبەغدا. هەمووشمان دەزانین بەغدا چی لەباشور دەوێت!  دەیەوێ هەموو دەسەڵاتەکانی لێوەربگرێتەوە و بیکاتە پاشکۆی دەسەڵات و سیاسەتی بێ سەروبەری خۆی.

کەوایە تورکیا وڵاتێکە بۆ بارودۆخی ئێستای باشوری کوردستان بەتەنها دراوسێ نییە، بەڵکو تاکە دەروازەی کوردە بۆ دەرەوەی خۆی. تاکە دەلاقەی هەناسەدانیەتی لەژێر ئەو هەموو فشار و ئابڵوقانەی لەلایەن بەغداوە خراوەتە سەری. بۆیە جگە لەوەی یاسای دونیا رێگە بەباشوری کوردستان نادات دەستوەربداتە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە. عەقڵ و مەنتقیش لێی قبوڵ ناکات ئەو دەوازەش بەرووی خۆیدا دابخات. هەر هەنگاوێکی پێچەوانەی ئەوەش، دەبێتە هەنگاوی نا عەقڵانی و سیاسەتی ئەحمەقانە. خۆشبەختانە بەسیاسەت و هەوڵی نێچیرڤان بارزانیش هەتا ئەمرۆ ئەو دەروازەیە بۆ کورد مسۆگەرە.

بەڵام بەداخەوە وێڕای ئەو راستیەش کەتێگەشتن لێی شتێکی ئەوەندە قورس نییە، لەباشوری کوردستاندا لایەنە سیاسییەکان بەئاراستەی دژایەتی تورکیا، وەک خۆکوژییەکی سیاسی کوردستان هەنگاو دەنێن. کاردەکەن بۆ داخستنی دەروازەی تورکیا بەسەر خۆیاندا. ئەوان بێ بیرکردنەوە لەوەی ئەگەر لایەنێکی هاندەر بۆ تورکیا هەبێ بۆ برەودان بەپەیوەندییەکانی لەگەڵ باشوری کوردستان، دەیان لایەنی هاندەریش هەن، بۆ پشتکردنە ئەو پەیوەندییەی کەلەگەڵ باشور هەیەتی؟ بەهەڵوێست و لێدوان و پشتیوانییەکانیان بۆ پارتی کرێکاران/ پەکەکە، خەریک بە ئیستفزازکردنی رای گشتی تورکیان دژ بە وڵاتەکەی خۆیان.

شەوی هەینی ٢٤-٧-٢٠١٥ هێرشەکانی سوپای تورکیا لەڕێی فڕۆكەو تۆپخانەکانییەوە بۆ سەر بنكە و بارەگاکانی پەکەکە لەباشوری کوردستان دەستیپێکردەوە.  بەشێوەیەک جارێکی تر زیانێکی زۆر بەهەموو ئەو ناوچانەی باشور کەوت، کەپەکەکە کردونیەتە جێ بارەگاو تەراتێنی خۆی.  ئەو ناوچانەی ساڵانێکی زۆرە، بەهۆی بوونی پەکەکەوە هیچ دەستێکی ئاوەدانی پێنەگەشتووەو خەڵکەکەشی هەمیشە دەبێ وەک کۆچەری. پێیەکیان لەشارۆچکەکان بێ و پێیەکیان لەگوندەکانیان، چونکە نازانن کەی فرۆکەیەکی تورکیا دەگاتە سەریان و ماڵوحاڵیان لەناو دەبات.  لەبەرانبەردا وەک چۆن بەدرێژایی ئەو مێژووە لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان نەیانتوانیووە راشکاوانە قسەی دڵی خەڵکی ناوچەکە بکەن، سنورێک بۆ پەکەکە دابنێن و پێیان بڵێن: یان میوان بن و چیدی رێگە لەئاوەدانی ئەو ناوچانە مەگرن، کە ئەگەر ئێوە نەبن، رەنگە دەرفەتیان هەبێ پرۆژەگەلێکی گەشتیاری تێیاندا بنیاتبنرێت، سود بەهەموو کوردستان بگەیەنێ نەک خەڵکی ناوچەکە بەتەنها، یان برۆن یەخەی خەڵکی خێر نەدیووی ئەو ناوچانە بەربدەن، جارێکی تریش کەوتنە هۆنینەوەی شیعاراتی نەتەوەیی و دژایەتی تورکیاو پشتیوانی پەکەکە.

دواین هێرشی فرۆکەکانی تورکیا بۆ ئەو ناوچانە، هەموو دامەزراوەکانی کوردستان و حزبە سیاسییەکانی بەدەنگ هێنا، بەڵام بەدەنگهاتنێکی نابەرپرسانە. بەدەنگهاتنێک کەتەنها هەوڵی راوکردنی دەنگ و سەرەنجی ئەو کوردانەبوو کەلەباشور کەوتونەتە داوی ئایدۆلۆژیای پەکەکەو هیچی تر. بەدەنگهاتنێک پڕ لەموجامەلەو موزایەدەی نەتەوەیی لەسەر بنەمایەکی پوچ، بێ بیرکردنەوە لەوەی ئەگەر باشور دەروازەی تورکیا لەدەست بدات، ئەوە نەک هەر ئەو تۆپەڵە دەنگەی کەبەهۆی پشتیوانی پەکەکەوە کۆی دەکەنەوە، بەڵکو هەموو دەنگەکانی تریشیان بێ بایەخ و بێ کەڵک دەبێت بەرانبەر بەغدا.

چەند رۆژە من دێڕ بەدێری هەڵوێستی حزبە سیاسییەکان و سەرکردەو فراکسیۆنەکانیان دەخوێنمەوە، لەهیچیاندا هەڵوێستێکی راشکاو و دروستم نەبینی، جگە لەنێچیرڤان بارزانی، کە جیاواز لەهەموویان بەدەنگهات و بەخەڵکی کوردستانی گوت، گرفتەکان لەکوێووە دروست دەبن و چۆنیش دەبێ چارەسەر بکرێن.

بەیاننامەی دەزگا فەرمییەکانی کوردستان، حزب و لایەنە سیاسییەکان، کۆمێنت و لێدوانی سەرکردەکان، لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکە، پێکەوە هەموویانی بەپشتیوانی پەکەکەو دژ بەتورکیا نمایشکرد، و هەموان پێکەوە ئیدانەی تورکیایانکرد و داوایان لەپەکەکە کرد، دان بەخۆیدا بگرێت و وەڵامی تورکیا نەداتەوە. وەک ئەوەی کێشەکان لەشەوی هێرشەکردنە سەر پەکەکەوە دەستیان پێکردبێت و پەکەکە هێزێکی مەزڵوم و زوڵملێکراو بوبێت، لەکاتێکدا ئەسڵی باس ئەوە نییە، و بەڵگەکان پێمان دەڵێن هێرشەکانی تورکیا رەدفعل بووە.

بەڵام لەبەرانبەر ئەو هەموو هۆزانە نەتەوەییەی لەباشوردا بەناوی بەیاننامەی سیاسی و دژ بەتورکیا بڵاوکرانەوە. نێچیرڤان بارزانی وەک سیاسییەکی هۆشیار دەردەکەوێت، دیسان وەک سەرکردەیەک پەیامی خۆیی دەدات کەدەیەوێ رابەرایەتی خەڵک بکات. دەیەوێ خەڵکی وڵاتەکەی بەرەو ئاراستەیەکی دروست رابەرایەتی بکات. نەک وەک ئەوانی تر شوێن عاتیفەیان بخات و بە عاتیفە رابەرایەتیان بکات. ئەو پێچەوانەی هەموو سیاسیەکانی کوردستان. لەپەیامێکدا سەربەخۆیی خۆیی و باشوری کوردستانی لەکێشەکانی تورکیاو پەکەکە راگەیاند و راشکاوانەش دەستی خستە سەر هۆکاری سەرهەڵدانەوەی هێرشەکانی ئەم دواییە.

بەپێچەوانەی هەوڵی ئەوانی تر بۆ راوی دەنگی ئەو کوردانەی لەباشور کەوتونەتە ژێرکاریگەری بڕوای پەکەکە. دەنگی ئەو  وەک دەنگێک بیسترا کە لەخەمی ئاسایکردنەوەی دۆخەکەدایە، چونکە کاتێک باسی هێرشەکانی تورکیا دەکات، راشکاوانە دەست دەخاتە سەر گرفتەکە، دەگەڕێتەوە بۆ رووداوەکانی پێش هێرشەکە، بەر لەوەی داوای دانبەخۆداگرتن لەپەکەکە بکات و تورکیا تۆمەتبار بکات، بیری پەکەکەی دەهێنێتەوە، کەئەوەی روویدا بەرپرسیارەتییەکەی لەئەستۆی هەڵەی سیاسی ئەوانە، و دەڵێت”ئەو بۆمباباران و تۆپبارانكردنە دوای ئەوە هات كە سەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان چەند جارێك ڕایگەیاند “ئاگربەست و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ توركیا كۆتایی هاتووە و پارتی دیموكراتیی گەلان HDP و بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ـ یش بۆیان نییە بڕیار لەسەر چەكدانانی پارتی كرێكارانی كوردستان بدەن”، ئەوەش لە ڕۆڵی ئەوانی لە پرۆسەكەدا كەم كردەوە و كاریگەرییەكی زۆریشی لە ڕای گشتیی توركیا كرد و حكوومەتی توركیای خستە ژێر گوشارێكی زۆرەوە. هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند پۆلیسێك لە توركیادا كوژران، پارتی كرێكارانی كوردستان بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە ڕاگەیاند، ئەمەش بارودۆخەكەی زۆر ئاڵۆزتركرد”. دوای دەست خستنە سەر هۆکاری گرفتەکان، داوا لەپەکەکەش دەکات دان بەخۆیدا بگرێت، و ئەوەش رادەگەیەنێت کەهەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هاوکارییەک. [1] ، بەوەش بەپەکەکەو خەڵکی کوردستانیش دەڵێت، ئەگەر تورکیاش هەوڵی لەناو بردنی پرۆسەی ئاشتی بدات، ئەوە خودی پەکەکەیە هۆکاریان دەداتە دەست و دەبێت بەو سیاسەتە هەڵەدا بچنەوە.

بێگومان لەهەموو دونیادا وایە، کاتێک هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتێک دەدرێت، ئەگەر سەرەتا هۆکارەکانی گرفتەکە باس نەکرێت و رێگرییان لێ نەکرێت، چارەسەرکردن مەحاڵە دەبێت، بۆیە کاتێک نێچیرڤان بارزانی واقیعیانە، هەنگاو بەسەر عەتفی نەتەوەییدا دەنێت و وەک خەمخۆرێکی راستەقینە بۆ چارەسەر هۆکارە هاندەرەکەی سەرهەڵدانەوەی هێرشە سەربازییەکان باس دەکات، دەکرێت  پەیامەکەی ئەو لەناو هەموو پەیامەکاندا وەک تاکە پەیامێکی پڕ لەراشکاوی ببینێرێت یان وەک هەوڵێک ببینرێ بۆ راستکردنەوەی باری لاری شانی باشور، کەهەڵوێست و قسەی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان دروستیانکردووە.

زیاتر لەوەش گرنگی تورکیا بۆ باشوری کوردستان، پشتیوانی جیهان لەتورکیا، نەبوونی مافی یاسایی و مەنتق بۆ دەستێوەردان لەپرسەکانی ناوخۆی تورکیا پێمان دەڵێت، ئەم پەیامەی نێچیرڤان بارزانی تەعبیر لەعەقڵێکی سیاسی گەورە دەکات، کەدەیەوێ جارێکی تر باشوری کوردستان بپارێزێک لەململانێ ناوخۆییەکانی تورکیا، جارێکی تر کوردستان وەک مەرجەعی چارەسەر بۆ جیهان نمایش بکات، نەک بەهەندێ هوتافاتی بێ سودو بێ مانا کوردستان وەک سەرچاوەی گرفت بۆ وڵاتانی دراوسێی بناسێنێ.

راستە رەنگە ئەم راشکاویەی نێچیرڤان بارزانی، نەلای پەکەکە قبوڵ بێت نەلای ئەو لایەنانەش قبوڵ بێت، کە کەوتونەتە ژێرکاریگەری بڕوای پەکەکە، بەڵام خەڵکی بەئاگای سیاسی دەزانن ئەو پەیامەی ئەو پەیامێکە کەتورکیاو جیهانیش ناچار دەکات، حساب لەسەر کوردستان بکەن و بارزانی وەک سەرکردەیەکی بێ لایەن لەکێشەکان قبوڵ بکەن و گرنگ لەقسەو راو بۆچونەکانی بڕوانن، وەک پێویستییەکیش بگەڕێنەوە بۆ راکانی لەمەڕ چارەسەری پرسەکە.

هەڵوێستەکانی جیهانیش بەتایبەت ئەمریکا لەدوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکە، کەپشتیوانی لەتورکیا دەکەن،  دەیسەلمێنێت، کە نێچیرڤان بارزانی دوور تر لەسیاسییەکانی دیکەی کوردستان لەرووداوەکان دەڕوانێت. ژیرانەتریش هەوڵ دەدات پێگەی هەرێمی کوردستان لەنێوانگیرییەوە نەکاتە پشتیوان بۆ لایەک. بێگومان بۆ ئەوانەش کەتێدەگەن، سیاسەت بەعاتیفە ناکرێت و کوردستان بەهوتاف و شعرو پەیامی نەتەوەیی بێ ستراتیژ رزگار ناکرێت، ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی تێبگەن، نێچیرڤان سەرکردەیەکە، بەمانای خۆی ئەرکی رابەرایەتیکردن بەجێدەگەیەنێت.

[1] پەیامی نێچیرڤان بارزانی ده‌رباره‌ى بۆمبابارانكردنی بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com