رێككەوتننامەی ئەتۆمی ئێران چۆن كار لە ستراتیژیەتی بەرفراوانی ئەمریكا دەكات؟

0

 نوچەنێت- پەیمانگای واشنتن

دوو مانگی داهاتوو دواتریش پڕ دەبن لە مقۆ مقۆ دەربارەی تایبەتمەندییەكانی رێكەوتننامەی ئەتۆمی ئێران، زۆربەشیان لەبارەی ئەو پرسیارە بەر تەسكانەن كە رێكەوتنەكە دەیانوروژێنێت ، لەوانە : ئایا رێككەوتنەكە توانا ئەتۆمییەكانی ئێران بە تەواوی سنوردار دەكات؟ ئایا شێوازەكانی وردبینی  كردن و جیبەجێ كردن بە جۆرێكن كە گرەنتی پابەندبوونی ئێران بكەن بە رێكەوتننامەكەوە؟ هەروەها ئایا سووككردنی سزاكانی سەر ئێران گونجاوە لەگەڵ ئەو سازشانەی ئێران كردوویەتی؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە یارمەتیدەر دەبن لە زانینی ئەوەی كە ئاخۆ تا چەند رێكەوتننامەكە دەبێتە هۆی پتەو بوونی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا یان لاواز بوونی.

بەڵام تەنانەت ئەگەر وەك ئەوە بێت كە باراك ئۆباما لە وتەكانیدا دووپاتی كردەوە كە ئەم رێكەوتننامەیە بە تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران سنوردار دەكات و لە هەموو بژاردەكانی تر باشترە بۆ جێبەجێ كردن، هێشتا پرسیارێكی تری گرنگی شایەنی گفتوگۆ كردن سەر هەڵدەدات ئەویش ئەوەیە : لێكەوتەكانی رێكەوتنەكە چین لەسەر سترایژیەتی بەرفراوانی ئەمریكا؟.

لە 14 ی تەمموزدا ، باراك ئۆبامای سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا وتی رێكەوتننامەكە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بە شێوەیەكی ورد دەپێكیت و ئیرادەی ئەمریكا لاواز ناكات لەبەرامبەر بەرپەرچدانەوەی هەر ئاماژەیەكی نەشیاوی ئێران لە بەرامبەر لایەن و بەرەكانی تر. بەرگری لە هەڵوێستی نەرمی نواندنی خۆیشی كرد لە بەرامبەر ئێران و ئاماژەی بە رۆناڵد رێگن كرد كە لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەت دانوستانی ئەنجامداوە لەبارەی رێككەوتنەكانی چەكداماڵین لە كاتێكدا هێشتا بە ” ئیمپراتۆری شەڕ” ناوی دەبرد. بەڵام ئەم لێكچواندنە گونجاو نیە ، چونكە رێكەوتننامەی چەك داماڵین كە لەگەڵ یەكیتی سۆڤیەت واژۆ كرا بە شێوەیەكی گشتی رەگەزێكی ستراتیژی مەودا فراوانی دروست كرد، ئەو سیاسەتە لە رێگەی داماڵێنی تواناكانی سۆڤیەتەوە تەواو كرا و گێڕایەوە بۆ بارودۆخی پێشووی و هێز و هەژموونی سۆڤیەتی سنوردار كرد.

بەڵام لەگەڵ ئێران پێناچێت رێكەوتننامەكە تەواوكەری ستراتیژییەتی ئەمریكا بێت بەڵكو پێچەوانەی دەبێتەوە، دوای چەندین ساڵ لە دژایەتی كردنی ئێران ، ئەمڕۆ واشنتن هەوڵی هاوكاری كردنی دەدات و لەوانەیە ئەو وڵاتە بەهێزیش بكات كە هەندێك لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بە گەورەترین هەڕەشەی دەزانن بۆ وڵاتەكانیان . بەپێی رێكەوتننامەكە ئەمریكا مل كەچدەكات بۆ فراوانبوونی پلە بە پلەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دوای ئەوەی نزیكەی دەیەیەكە دژایەتی دەكات، هەروەها واشنتن هەموو سزاكانی سەر ئێران لادەبات دوای ئەوەی زیاتر لە سێ دەیەیە كاری لەسەر زیاد كردنی كردوە، ئاسانكاریش دەكات بۆ گواستنەوەی دارایی بۆ لایەنی ئێرانی لەكاتێكدا چەندین ساڵە رێگەی لێدەگرێت، ئەمانەش بە كودەتایەكی بەهێز دادەنرێن بۆسەر ستراتیژیەتی ئەمریكا.

لەمیانەی ئەو گرەنتییانەی كە ئەمریكا دەیدات بەوەی كە ستراتیژییەتی ناوچەیی ئەمریكا ناگۆڕێت كە بریتیە لە بەهێز كردنی  هاوپەیمانەكانی و بەرپەرچدانەوەی خراپەكاران لە هەمانكاتدا ، هەورەها بەوەی كە ئەمریكا هەستی بەوە كردوە كە دەبێت هاوپەیمانەكانی قەرەبوو بكاتەوە لە قۆناغی پێش رێكەوتننامەكە لە رێگەی پێشكەش كردنی هاوكاری سەربازی لە چەك و تەقەمەنی نوێ و راهێنانی سەربازی و چەند جۆرێكی تری هاوكاری. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە رێكەوتننامەكە دڵنیاكەرەوە نییە و ناجێگیرە ، بە مانایەكی تر ، لەگەڵ ستراتیژییەتی دوورمەودای بەهێزكردنی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پتەوكردنی ئاسایشی هاوپەیمانەكانی دژیەكە.

لەژێر رۆشنایی ئەم دژیەكییەدا ، سوربوونی ئەمریكا لەسەر ئەوەی كە ستراتیژییەتی نەگۆڕاوە وەك سەرۆك ئۆباما لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا ئاماژەی پێدا، لە كاتێكدا رێككەوتنامەی ئێران وەك دەردەكەوێت لادانە لەسەر رێگەكەی پێشوو و هیچ كەسێك دڵنیا و رازی ناكات ، ترسی جددی هەیە لەوەی ئەو بڕە قازانجە زۆرەی لەپڕ ئێران دەستی دەكەویت ، بۆ پاڵپشتی كردنی كارە خراپە ناوچەییەكانی بەكاری بهینێت. بەڵام رێگەی جەوهەری بۆ چارەسەر كردنی ئەم جۆرە پرسیارانە ئەوەیە ئەمریكا بە وردی و بە دیاریكراوی روونی بكاتەوە كە دەیەوێت چۆن بەرپەرچی سیاسەتی ئێران بداتەوە لە ناوچەكەدا سەرەڕای رێكەوتننامەكە ، دەبێت وەسفی ئەو شێوازە بكات كە واشنتن پەنای بۆ دەبات بۆ بەرپەرچدانەوەی پێشكەوتنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە كاتێكدا وردە وردە ئەو كۆت و بەندانەی خراونەتە سەری لاواز دەبن ، بەپێی رێكەوتننامەكە 5 تا 15 ساڵ دەخایەنێت، لەگەڵ دیاریكردنی پلانێكی ئەمنی بۆ رێگرتن لە بڵاو بوونەوەی تەكنەلۆجیای ئەتۆمی لە ناوچەكەدا بۆ بەرپەرچدانەوەی پێگەی ئێران كە لەمدواییەدا وەكو دەوڵەتێك لەسەر لێواری خاوەندارێتی چەكی ئەتۆمی خۆی پیشاندا.

ئەگەر هاتوو نەیتوانی چوارچێەی ستراتجییەتێكی نوێ روونبكاتەوە كە لەگەڵ دۆخی دوای رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بگونجێ ، ئەوا هاوپەیمانانی ئەمریكا و رەخنەگران لەو رێككەوتنامەیە وای دادەنێن گۆڕانكارییەكی رانەگەیەنراو هەیە لەبارەی پلانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا یان نەمانی هاوپەیمانێتییەكان لەسەر بنەماكانی پێشوو. هەریەك لەم دوو گریمانیەش پلانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا دەگەڕێنێتەوە خاڵی سەرەتا. هەروەك هەموار كردنەوەی رێكەوتننامەیەك بەو قەبارەیە یان رەتكردنەوەی دوای دەست كردن بە جێبەجێ كردنی كارێكی قورس دەبێت. دانانی ئەم رێكەوتننامە ئەتۆمییە زۆر گرنگە بەڵام چەندین بابەتی ستراتیژی گەورەی وازلێهێناوە بۆ ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا كە نازانرێ چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com