با ژنە جوانەکانی شار نەبنە قوربانی.

0

با ژنە جوانەکانی شار نەبنە قوربانی.
ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکێشێ!

ته‌رزه‌ فایه‌ق

 
ئەوەی کە ئەمڕۆ پێویستە دانی پێدا بنێین ئەوەیە کە کارکردنی بێسەروبەری ژنان لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا چ بە ناوی ڕێکخراوەکانەوە بووبێت یان دەرکەوتنی ژنە تووڕەکان بێت لە میدیاکان زەرەری گەورەی داوە لە ژنان و کچان و ئەمەش تەنانەت بە زیادبوونی ڕێژەی کوشتنی ژنانیشەوە دیارە!
بۆ جەژن لە سلێمانی بووم ، لەگەڵ مناڵەکان چووینە مۆڵێک و لە قاوەخانەیەک دانیشتم.
کچانی شار ڕێکپۆش و ناسک وەک هەمیشە خۆیان دەگۆڕن و پێدەکەنن و دەگەڕێن سێلفی دەگرن …کەچی لە فەیسبووک سلێمانی بۆتە کابوول!!
ئەمە سەیرە!
بێدەنگی یاخود بێباکی حیزبی دەساڵاتدار لە سلێمانی لە ئاستی ڕووداوی هووهاکێشانەکە سەیرە!
لەمە سەیرتریش بەرزبوونەوەی دەنگی زۆرێک لە ناحەزانی ئەو شارەیە ،کە هیچیان بۆ بەرگریکردن لە ئازادی نەهاتوونەتە جواب ئەوەنەی بۆ ئەوە زمانیان درێژکردوە گاڵتە بە کولتوور و خەڵکی شارەکە بکەن و دەستەواژەی پایتەختی ڕۆشنبیری لە دژی بەکاربهێننەوە ،ئەوانەی کە ژن و کچی خۆیان وەک یاپراخ پێچاوەتەوە و لە ماڵ زیندانیان کردوون و لەسەر سلێمانی هاتوونەتە جواب!
با بڵێین ئەگەر،
ئەگەر،
ئەگەر وابێت و دەستی ئێران بەو ڕادەیە دریژ بێت لە شارە حەیاتەکە و ئەو هەتیوە چەورە و چەکلانەی ئەم بەزمەیان نایەوە کوڕانی ئیتیلاعات بن و ئەمە سەرەتای دەستتێوەردانێک بێت لە جۆرێکی تر بەرەو کوێ دەچین،
تەنانەت ئەگەر ئەو ڕووداوە وەک من لە سلێمانی بیستم بەرانبەر ژنێکی عەرەب کرابێت و بە ڕێکەوت بێت ،ئایا مەترسی ئەوە نیە دیسان بقۆزرێتەوە و لە زەرەری کچان و ژنانی شار بشکێتەوە؟
ئەمجارەیان دەبێ کوڕانی شار دەنگیان بەرز بکەنەوە …ئەوان لە دژی ئەو تۆمەتە هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و جادەکان ئارام بهێڵنەوە و نەهێڵن ئەم ڕووداوە نەخوازراوە بقۆزرێتەوە و دووبارە ببێتەوە و ببێتە هۆی ناشیرینکردنی سیمای شارستانی و کۆمەڵایەتی شارەکە و نەهێڵن دۆخی سلێمانی بە ئاقارێکی خراپدا بڕوات…
مەهێڵن ئەم هەتیوە چەورە و چەکلانە سیمای شار لەوە زیاتر بشێوێنن ،کچەکان و ژنەکان ئەمانەتن لە ملتانا ئێوە هەمیشە جیاواز بوون و ئەو جیاوازیە بپارێزن.
ژنان لە هەموو کات زیاتر دەبێت ئەمڕۆ بە ئاگاداریەوە دەست بۆ ئەم مسەلەیە ببەن .
پەرچە کردارەکان خەتەرن.
خەتەرترینن!
ئەو پەرچەکردارانە تەنها لە خزمەتی هووهاکێشەکاندایە .دەبێت ئەوەمان بیر بێت ژنانێکی ئازاد و چالاکوان دەتوانن بە پەرچە کرداریان دوژمن بۆ کچان و ژنانی شار دروست کەن و دواتر هاوشێوەی ئەوەی لە ئێران و پاکستان و ئەفغانستان ڕوودەدات بە ئەسید پەلاماری کجانی ئاسایی بدرێت ،
ئەم مەسەلەیە زۆر هەستیارترە لەوەی بە ڕق و چاوقایمی دەستی تێوەربدرێت ،
دەستپێکردنی ئەم شەڕە تەنها لە زەرەری کچان و ژناندایە .
تکایە قینەبەرایەتیکردن ژنانی چالاکوان ناکاتە قوربانی …کچانی زانکۆ و ژنانی ئاسایی دەکاتە قوربانی و دڵنیام هەر لە ئێستاوە ئیتر خێزانەکان لەسەر کچەکانیان دەترسن و هەوڵ دەدەن سنووریان بۆ دانێن بۆ پاراستنیان …
با بە هەموومان هەوڵ بدەین کە سلیمانی وەک خۆی بمێنێتەوە و ئەم ڕووداوە نەبێتە سەرەتایەک بۆ ترس و تۆقینی کجان و ژنان .

 

له‌ئه‌كاونتى ته‌رزه‌ فایه‌ق وه‌رگیراوه‌

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com