نوچه‌نێت: هه‌ڵه‌بجه
به‌رپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان روو له یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت، هه‌موو شتێك له‌م وڵاته به سازان پێكهاتووه، مادام ئێوه باوه‌ڕتان به سازان نیه، ئیتر به‌هیوای پۆسته‌كانی هه‌ولێر و دهۆك مه‌بن.
به‌هۆی پۆستی قائیقماقی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌وه، گرژی ده‌كه‌وێته نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه، چونكه پارتی ده‌یه‌وێت ئه‌و پۆسته بۆ ئه‌وان بێت و یه‌كێتیش به‌هی خۆی ده‌زانێت، به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست نوچه‌نێت كه‌وتوون، یه‌كێـتی سێ كاندیدی بۆ ئه‌و پۆسته دیاری كردوو و ناوه‌كانیشی داون به مه‌كته‌بی رێكخستنی حیزبه‌كه‌ی، تا یه‌كلایان بكاته‌وه، ئه‌وانیش بریتین له له(ئه‌ركان حه‌سه‌ن، مامۆستا شاھۆ و نوخشه ناسیح)، به‌ڵام پارتی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی یه‌كێتی به دژی سازان ده‌زانێت، ده‌ڵێت: “با چیتر یه‌كێتی به‌هیوای پۆسته‌كانی هه‌ولێر و دهۆك نه‌بێت”.
فازل به‌شاره‌تی به‌رپرسی لقی 12ی پارتی له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، به نوچه‌نیتی راگه‌یاند، پارتی ئه‌و پۆسته به ئیستیحقاقی خۆی ده‌زانێت، بۆیه پێداگیری له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته ده‌كات، ده‌رباره‌ی هه‌نگاوه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كاندیدییان بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كه، ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی وتی: “ئه‌و هه‌نگاوه دژی سازانه، له كاتێكدا هه‌موو داموده‌زگاكانی ئه‌م وڵاته له‌سه‌ر بنه‌مای سازان دامه‌زراون و یه‌كێتی له هه‌موو لایه‌نه‌كانی تر باسی سازان ده‌كات”.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی وتیشی: “ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆسته بۆ ئێمه نه‌بێت، به‌شداری حكومه‌تی خۆجێی ناكه‌ین و هیچ به‌رپرسیارێتییه‌كی ئیداری له‌و پارێزگایه هه‌ڵناگرین، وه‌ك لایه‌نێك مامه‌ڵه ده‌كه‌ین كه له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت بێت”.
به‌شاره‌تی روو له یه‌كێتی كرد و وتی: “ئه‌گه‌ر پۆستی قائیمقامی هه‌ڵبه‌جه كه ئیستیحقاقی خۆمانه، به ئێمه نه‌درێت، ئه‌وا یه‌كێتیش با به‌هیوای پۆسته‌كانی هه‌ولێر و دهۆك نه‌بێت”.