نوچەنێت: تایبەت
عوسمان ئۆجەلان برای عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری زیندانی كراوی پارتی كرێكارانی كوردستان رایگەیاند، پەكەكە لە باشووری كوردستان میوانن، وتیشی: “یان دەبێ میوانێكی باش بن و ڕێزی تایبەتمەندییەكانی باشووری كوردستان بگرن، یان دەبێت بڕۆنەوە بۆ باكوور”.
لە لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت، عوسمان ئۆجەلان رایگەیاند، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە واقیعێك درووستبووە و كوردستانی كردووە بە چوار پارچەوە، هەر پارچەیش تایبەتمەندی خۆی هەیە، حیزبەكانی هەرچوار پارچەكەیش دەبێت ڕێز لە تایبەتمەندییە جیاوازەكانی هەر چوار پارچەكە بگرن، لە بارەی پەكەكەیشەوە وتی: “ئەوان لە باشوور میوانن”.
عوسمان ئۆجەلان زیاتر هەڵوەستەی لەسەر ئەو بابەتە كرد و وتی: “لە ناو پەكەكەدا كەسیان وەك من باشووری كوردستانیان نەدەناسی، خەڵكی گوندانەی باشوور كە دەكەونە سەر سنووری عێراق و توركیا، بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پەكەكەوە زیانی زۆریان بەركەوت، بەشێكی زۆریان گوندەكانیان چۆڵ كرد، بەڵام لە بەرانبەر پەكەكەدا هیچیان نەوت، چونكە رێزی ئەوەیان دەگرت، كە پەكەكە میوانە”.
ئۆجەلان وتیشی: “من ئەوكاتیش لەگەڵ سەركردایەتی پەكەكە، پێشنیارم كرد، كە فەلسەفەی سیاسی خۆمان لە بارەی پارچەكانی تری كوردستانەوە بگۆڕین، چونكە ناكرێت بە یەك جۆر سیاسەت لە هەموو پارچەكانی كوردستان خەبات بكەین، بەڵام ئەوان قبوڵیان نەبوو”.
ئۆجەلان لە بارەی پێشنیارەكەی خۆیەوە وتی: “من داوام كرد كە پەكەكە دەتوانێت لە هەر چوار پارچەكە رۆڵی هەبێت، قورسایی حەباتمان بخەینە سەر باكوور، لە باشوور و رۆژهەڵڵات و رۆژئاوایش رۆڵی یارمەتیدەر بگێڕین، چونكە چۆن حیزبەكانی ئەو پارچانەیش لە باكور هەمان رۆڵ بگێڕن، ئەمەیش بۆ رووستبوونی یەكێتی كوردان باشە، بەڵام دیارە هێشتا سەركردایەتی ئێستا پەكەكە فەلسەفەی سیاسی خۆی نەگۆڕیوە، بۆیە لەلای قورسە پێیانبوترێت لە باشوور میوانن”.
ئۆجەلان پاڵپشتی خۆی بۆ لێدوانەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی و وتی: “بەڕێز نیچیرڤان بارزانی راست دەكات، شوێنی خەباتی پەكەكە باكووری كوردستانە، پەكەكە لە باشوور میوانن، یان دەبێت میوانێكی قەدرگران بن و رێز لە تایبەتمەندی باشوور بگرن، یان دەبێت بڕۆنەوە بۆ باكوور”.