سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان، بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ گرژکردنی بارودۆخی سیاسی کوردستان، لەدواین هەوڵدا هەنگاوەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ هەماهەنگی لەنێوان حکومەت و پەڕلەمان نادیدە دەگرێت، بەرپرسی نوسینگەی نێچیرڤان بارزانیش هیوا دەخوازێت، سەرۆکی پەرلەمان بەمەبەست ئەوە نەکات.
دوێنێ بەبۆنەی کۆتایی هاتنی خولی بەهارە، لەخولی چوارەمی پەڕلەمانی کوردستان، یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان وتەیەکی پێشکەشکرد، تێیدا، باسی کارو بەرهەمەکانی پەڕلەمانی کرد، لەماوەی ئەو خولەدا، لەگەڵ ئەوەی لەوەتەکەیدا باسی سەردانی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی حکومەتی کوردستان و سەرۆکی دەستەکانی حکومەت دەکات، بەهیچ شێوەیەک ئاماژە بەئامادەبوونەکانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان ناکات لەپەڕلەمان، کەچەندین جار سەردانی پەرلەمانی کردووە و وەڵامی پەڕلەمانتارانی داوەتەوە.
سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان لەو وتەیەدا، کە دەقەکەی لەماڵپەڕی پەڕلەماندا، بڵاو کراوەتەوە دەڵێت” لەم خولەدا پەرلەمانتاران (٣١٤) پرسیاریان ئاراستەی حكومەتی هەرێم كردوەو (٢٧٦) لەو پرسیارانە وەڵامەكانیان گەڕاوەتەوە. هەرلەم خولەدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ (٢٦) پرۆژە یاسا كراوە. لە بواری بانگ كردنی وەزیرەكانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمدا: (١٩) جار وەزیرەكانی كابینەی هەشتەم لە لیژنەكانی پەرلەماندا ئامادەبون. (١٥) جار سەرۆكی دەستەكان لە لیژنەكانی پەرلەماندا ئامادەبون. ئەمە جگە لە ئامادەبونی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەكان بە كێشەی زیادەڕەوی”
لەبەرانبەردا تەها بەرواری، بەرپرسی نوسینگەی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبووک، کورتە پەیامێک ئاراستەی سەرۆکی پەڕلەمان دەکات و نوسیویەتی” بهڕێز سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان، چۆن دهكرێت وهك سهرۆكی پهرلهمان كه پێویسته له ڕوی حزبایهتیهوه بێ لایهن بیت، له دوا گوتاری خۆتدا به یهك وشهش باس له و سهردانه زۆرانەی جهنابی سهرۆكی حكومهت بۆ پهرلهمان نەكهیت؟” هیواش دەخوازێت، ناونەهێنانی سەردانەکانی سەرۆکی حکومەت لەلایەن سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستانەوە،”به مهبهست نهبوبێت!”
چاودێرێکی سیاسیش بۆ نوچەنێت، ناونەهێنانی سەردانەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ پەڕلەمان وا ناو دەبات” بەمەبەست بووە، ئامانج لێی بەردەوامی دانە بەو گرژییە سیاسی و راگەیاندنەی کەلەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروست بووە، بێگومان ئەوەش سەربەخۆیی کارەکانی سەرۆکی پەڕلەمان لەناو پەڕلەماندا دەخاتە ژێر گومانەوە”
چونکە بەڕای ئەو” ناکرێ سەرۆکی پەڕلەمان لەباسکردنی کارەکانی نێوان پەڕلەمان و حکومەت، سەردانی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان و سەرۆکی دەستەکانی لەبیر بێت، بەڵام لەبیری بچێت بڵێت، سەرۆکی حکومەت چەندین جار سەردانی کردوین، وەڵامی پەرلەمانتارانی داوەتەوە، ئامادەیی هەماهەنگی زیاتری لەنێوان حکومەت و پەرلەماندا دەربڕیووە، هاوکار بووە بۆ ئەوە”.
دەقی وتاری سەرۆکی پەرلەمان لە کۆتایی خولی بەهارەی پەرلەماندا:
بەناوی خوای گەورەوی میهرەبان
خوشک و برایانی خۆشەویست، پەرلەمانتارانی بەڕێز…
ئەمڕۆ کۆتایی دەهێنین بە خولى بههاره له خولــی ههڵبژاردنی چوارهمى پهرلهمانی کوردستان، کە بە هەوڵ و ماندوبونی ئێوەو لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان دەکرێت بە خولێکی پڕ لە دەسکەوت و بەرهەم لەقەڵەم بدرێت؛ چونکە توانرا سەرەڕای ئەو هەلومەرجە سەخت و دژوارەی کە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی پێدا تێپەڕ دەبێ، سەرەڕای ئەو کێشە داراییانەی کە حکومەتی ناوەندی بۆ هەرێمی کوردستانی دروستکردوە، پەرلەمانی کوردستان لەبوارەکانی یاسادانان و چاودێری کردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەئەرکەکانی خۆی هەستێ، هەربۆیە بەباشی دەزانم بەم بۆنەوە بەشێوەیەکی خێرا تیشک بخەمە سەر ئەو یاساو بڕیارانەی کە لەم خولەدا لە پەرلەمانەوە دەرکراوە، هەروەها ئەو بانگهێشت و لێپرسینەوانەی کە لیژنە هەمیشەییەکان ئەنجامیانداوە:
پەرلەمانی کوردستان توانی لەم خولەدا ئەم یاسا وبڕیارانە دەرکات:
لەم خولەدا (١٩) دانیشتنی ئاسایی ئەنجامداوە؛
لە گەڵ (٢) دانیشتنی نا ئاسایی.
هەروەها (١١) یاسای دەرکردوە.
لە گەڵ (٤) بڕیار.
لەم خولەدا پەرلەمانتاران (٣١٤) پرسیاریان ئاراستەی حکومەتی هەرێم کردوەتەوە و (٢٧٦) لەوپرسیارانە وەڵامەکانیان گەڕاوەتەوە.
هەرلەم خولەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ (٢٦) پرۆژە یاسا کراوە.
لە بواری بانگ کردنی وەزیرەکانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمدا:
(١٩) جار وەزیرەکانی کابینەی هەشتەم لە لیژنەکانی پەرلەماندا ئامادەبون.
(١٥) جار سەرۆکی دەستەکان لە لیژنەکانی پەرلەماندا ئامادەبون.
ئەمە جگە لە ئامادەبونی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بە کێشەی زیادەڕەوی
خاڵێکی گرنگ کەدەکرێت وەک شانازییەک بۆ خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمان تەماشا بکرێت مەسەلەی پێکهێنانی لیژنەی نوسینەوەی دەستورە، کە بە ماندوبون ومکوڕبونی هەمولایەک سەرەڕای دەرەنگ کەوتن توانرا بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە ئەو لیژنە دروست بکرێت، خۆشبەختانە دوای پێکهاتنی، لیژنەکە دەستی بەکارەکانی کردوەو بەردەوامە لە ئامادەکردنەوەی پرۆژەی دەستور، بۆیە سەرەڕای دەستخۆشیمان و هیوادارین لەو ماوەی بۆیان دیاری کراوە ئەو ئەرکەی لە سەرشانیانە بە سەرکەوتوویی تەواو بکەن ودەستورێک ئامادە بکەن کە لە گەڵ پرەنسیپەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتدایە کانگیربێت و هەرێمەکەمان بکاتە نمونەیک لە پێکەوەژیان و دادپەروەی کۆمەڵایەتی وبەدامەزراوەیی کردنی هەمو جومگەکانی دەسەڵات.
پەرلەمانتارانی بەڕێز ..
وەک دەزانن زیاتر لە ساڵێکە هەرێمی کوردستان لە پاڵ قەیرانە داراییەکانی، روبەڕوی دڕندەترین پەلاماری تیرۆریستی بوەتەوە و رۆژانە پێشمەرگە قارەمانەکانمان لەبەرەکانی جەنگ و روبەروبونەوەدا بە خۆێنی خۆیان بەرگری لە دەسکەوتەکانی گەلەکەمان و خاکی کوردستان دەکەن، ئەمەش بەرپرسیارێتی ئێمە زیاتر دەکات هەم بەرامبەر بە ئەوان هەمیش بەرامبەر بەو پرەنسیپ و ئامانجانەی کە ئەوان دەیپارێزن، بۆیە دەبێ بە گیانی لە خۆبوردەیی و هەستکردن بەبەرپرسیارێتیەوە ئەرکەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین و جیاوازیەکانمان بکەینە هەوێنی پتەوکردنی دیموکراسی و بە گیانی یەکڕیزی و سازان و لەچوارچێوەی پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی وحوکمی یاسا ناکۆکیەکانمان بەڕێوەبەرین و نەکەینە خاڵی لێکترازان و ململانێی نادروست.
یەکێک لەو گرفتانەی کە لە ئێستادا روبوڕووی پرۆسەی سیاسی بوەتەوە لە هەرێمی کوردستان مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، ئێمە لە سەرەتای ئەم خولەوە بە گیانی بەرپرسیارێتی نیشتمانیەوەو بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی کە هەرێمی پێدا تێپەڕ دەبێ هەوڵی تەواومانداوە بە شێوەی سازان و دور لە ململانێ ئەم مەسەلەیە لە نێوان هێزە سیاسیەکاندا چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە، بۆیە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە حکومەتمان کرد و داوامان لێکردن کە لای خۆیانەوە بۆچون و پێشنیارەکانی خۆیانمان بۆ گەڵاڵە بکەن، وەک دەزانن بەشی زۆری لایەنە سیاسیەکان لە رێگەی هێنانی پرۆژە یاساوە بۆچونەکانی خۆیانیان خستەڕوو، بەڵام بەشێک لە هێزە سیاسیەکانی هەرێم وفراکسیۆنەکانی ناوپەرلەمان لەومەسەلەیەدا رای جیاوازیان هەبوو، وەک دەزانن لە دیموکراسیەتدا ئەوە بە خاڵە ئاسایی و یاساییەکان لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام هەلومەرجی هەرێمی کوردستان وئەو دۆخە نالەبارەی کە ناوچەکەی پێدا تێپەڕ دەبێ لەسەرمان دەخوازێت لەو مەسەلە گرنگ و هەستیارەدا لەچوارچێوەی یاساداو دور لە بەرژەوەندی حیزبی ئەم مەسەلەیەش چارسەر بکڕێت و بەرژەوەندی کوردستان بخرێتە سەر هەموو ئیعتبارێکەوە، ئەوەش ئەرکی لایەنە سیاسیەکانەو چاوەڕێ دەکرێت لە رێگەی لێکتێگەیشتن و سازانەوە بە جۆرێک کە هەمو لایەک تێدا براوە بێت مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێمیش چارەسەر بکرێت. لەمڕوەوە پەرلەمانی کوردستان سەرباری ئاوەڵاکردنی دەرگا بەڕووی سازان لە سەر پرۆژەی دەستوری هەرێم، رێچکەی یاسایی چارەسەری ئەم پرەسەی دەستپێکردوەو ئومێدەوارین پاش سازانی فراکسیۆن و لایەنە سایسەکان قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم بکرێتە درفەتێک بۆ تێگەیشتنی قوڵتر و واقعیانە لە نێوان لایەنە سیاسیەکان وبەدامەزروەیی کردنی زیاتری هەرێمی کوردستان.
خۆشکو برایانی بەڕێز.. دیزانی نەخشەی ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریدایە، هەمو وڵاتان و گەلانی دەوروبەرمان کاردەکەن بۆ ئەوەی بە زۆرترین دەسکەوتەوە لێی دەرچن، بەشی زۆری ملمانێکانیش لە سەر خاکی کوردستان بەڕێوەدەچێت و هێزە کۆنەپەرەست و شۆڤێنیەکانیش کاردەکەن بۆ ئەوەی کورد وەکو جاری جاران لە ژێردەستیدا بێت و نیشتمانەکەی بە پارچەپارچەیی و داگیرکراوەیدا بمێنێتەوە، بۆیە لەسەرمانە بە گیانی یەکڕیزی و تەباییەوە کاربکەین بۆ ئەوەی گەلەکەمان و نیشتمانەکەمان ئەم قۆناغە سەخت و دژوارە تێپەڕێنێت و نەوەی ئایندە لە سایەی قوربانیەکانی پێشمەرگەو رۆڵە دڵسۆزەکانیدا بە ئاشتی و ئارامی بژی.
بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمای کوردستان…
بە پێویستی دەزانم داواتان لێ بکەم لە رێگەی لیژنەکانتانەوە لەوکاتەدا کە پەرلەمان لە پشوی دەرکردنی یاسادایە، ئەرکەکانی خۆتان لە گەڵ چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا درێژە پێ بدەن و نەخشەو بەرنامەی گونجاو بۆ وەرزی داهاتووی کارەکانتان دابنێن..
سەرکەوتوو سەرفراز بن
یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان