سەرۆكایەتی پەڕلەمان، لە ڕێگەی خروقاتە یاساییەکانەوە پاشەكشە لە دیموكراسییەت دەكات

0

د. ڤالا فەرید*

چوار پڕۆژە یاسای تایبەت بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، كە لە رۆژی 23-6-2015 لە پەڕلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كرا، خەرقی عورفی پەڕلەمانی و بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی بوون و ناوەڕۆكی پڕۆژەكان، پاشەكشەیەكی مەترسیدارن لە دیموكراتیەت.

وێڕای ئەوەی كە خوێندنەوەی یەكەمی چوار پرۆژە یاساكەی تایبەت بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، كە لە رۆژی 23-6-2015 لە پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، پێشێلكردنی بنەمای سازان بوو، كە لە ئێستادا سیاسەتی هەرێمی لەسەر بنیات نراوە.

لە هەمان كاتدا خەرقێكی مەترسیداری عورفی پەرلەمانی بوو، ئەوەی كە لە پەرلەمانات دەگوزەرێت ئەوەیە، كە ئەو دەوڵەت و هەرێمانەی دەستووریان نیە، یاسای دەستوور سروشتیان هەیە، واتە یاسای بنەرەتیان هەیە، كە سروشتی دەستوریان هەیە و ئەو یاسایانە سیستمی حكومڕانی لە ووڵات دیاریدەكەن، بەڵێ ئەم یاسایانە لەلایەن پەرلەمان دەردەچن وەكو هەر یاسایەكی تری ئاسایی، دواجار سیستمی حوكمڕانییان لەسەر بینادەكرێت.

ئەوەی كە پرسیارە ئایا گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لە وڵاتدا لە ڕێگای هەمواركردنەوەیەكی گشتی ئەو یاسایانە، بە زۆرینەی سادەی دەنگی ئەندامانی پەڕلەمان كارێكی یاساییە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، ئەو وڵاتانە دەكەینە نموونە، كە دەستوریان نییە بەڵام یاسای بنەڕەتیان هەیە وەكو  ئینگلتەرا و ئیسرائیل، ئینگلتەرا ئەو وڵاتەی كە بەپێشەنگی سیستمی پەڕلەمانی دادەنرێت، تەنانەت یەك ئەندام پەڕلەمان بۆی هەیە پرۆژە یاسا پێشكەش بە پەڕلەمان بكات، ئایا ئەندام پەرلەمان لەو وڵاتە پرۆژە یاسا پێشكەش بە پەرلەمان دەكات بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمرانی؟

ئایا سەرۆكایەتی پەڕلەمانی ئەو ولِاتە بە زۆرینەی سادە سیستمی حوكمڕانی لە وڵاتەكەیدا دەگۆڕێت؟

لە وەڵامدا دەڵێین ئەم كارە پێچەوانەی عەرفی پەرلەمانییە، بۆیە هەرگیز ئەو وڵاتە دیموكراتخوازە پەنای بۆ نابات، چونكە ناسەقامگیری سیاسی لێدەكەوێتەوە، بە جۆرێك كەهەر چوار ساڵ جارێك كە حزبێك دەبێت بە زۆرینە، سیستمی حوكمڕانی بەو شێوەیە دەگۆڕێت كە خۆی مەبەستیەتی!!

دەگەڕێینەوە پەڕلەمانی كوردستان و شیكارییەك بۆ پڕۆژە یاساكان دەكەین، كە تایبەتن بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، هەموارەكان هەمواری ئاسایی نین، بەڵكو جەوهەرین، بە جۆرێك كە گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیان مەبەستە!!

 گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لە وڵاتدا، بە خوێندنەوەی هزری هەر چوار لایەنەكە بە زۆرینەی سادە تێدەپەرێندرێت، لە پەڕلەمانی كوردستان گرێدانی دانیشتن بە50+1 ئەندامانە، واتە 56 ئەندام، دواجار پەسەندكردنی یاساكان بە زۆرینەی سادەی ئەو ریژەیەیە كە 29 ئەندامە، واتە گۆڕینی سیستمی حوكمرانی بەدەنگدانی 29 ئەندام بەپەسەندكراو دادەنرێت، ئەمە لە كام پەڕلەمانە رەوایە؟!!

جگە لەوەی كە خەرقێكی مەترسیداری عورفی پەڕلەمانییە و ناسەقامگیری سیاسی بە دوایخۆیدا دێنێت، ئەو كارەی كە ئەنجامدرا پێچەوانەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵە كە لە ڕێكەوتی 14-4-2015 دەریكردووە و بڕیارەكانی ئەم دادگایە، خەسڵەتی پابەندییان هەیە بۆ هەموو عیراق، دادگای ناوبراو لە بڕیارەكەیدا دەڵێت: “لەسەر بنەمای پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان، پەڕلەمان بۆی نییە دەست بۆ یاسایەك ببات، كە پێشێلكارییەكی راستەوخۆ بێت بۆ ئەو پرەنسیپە”، ئەو پڕۆژانەی كە خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە جگە لەوەی كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ پەیوەنیدارن بە دەسەلاتی جێبەجێكار بە دیاریكراویش سەرۆكایەتی هەرێم، پەڕلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی تاكڕەوانە دەستی بۆ بردوون، تەنانەت بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ لایەنی پەیوەنیدار!!

ئەمەش پێچەوانەی بڕیاری ئاماژە پێكراوە.

رەنگە پرسیار بكرێت، بەڵام ئەم یاسایە سێ جار هەمواری بەسەردا هاتووە؟

بۆ ئەم هەموارانە ئاسایی بوون؟

بۆ ئەوەی ئەم جارە ئاسایی نییە؟

لە وەڵامدا دەڵێین هەر سێ هەموارەكە هەمواری ئاسایی ئەوتۆبوون كە بەشێكیان بۆ راستكردنەوە ئەنجامدراون، هیچ لە هەموارەكان مەساسیان بە جەوهەری یاساكە نەكردووە كە بابەتی حوكمڕانییە….

جگە لەم خاڵانەی ئاماژەمان پێكرد، هەر چوار پرۆژە یاساكە پاشەكشەیەكی مەترسیدارن لە دیموكراتیەت، بە جۆرێك كە مافی هاووڵاتیان دەكەنە قوربانی مەرامە سیاسیەكانیان، لە ئێستادا كە هاووڵاتی مافی خۆیەتی بە شێوەیەكی راستەوخۆ سەرۆكی وڵاتەكەی هەڵبژێرێت، ئەم مافەی لێدەسەننەوە و دەیدەن بە پەڕلەمان، لە كاتێكدا كە ئەو مافە بە پشتبەستن بە پرەنسیپی رێزگرتن لە مافە وەدەستهاتووەكان (احترام الحقوق المكتسبە) هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت ئەو مافە لە هاووڵاتی وەربگرێتەوە، تەنها هاووڵاتی خاوەن ماف خۆی دەتوانێت تەنازول لەو مافە بكات لە رێگای ریفراندۆمێكی فەرمی، بێبەشكردنی هاووڵاتی لەو مافە لە رێگای پێشكەشكردنی پرۆژە یاسا و پەسەنكردنی بە زۆرینە، كودەتایە بەسەر دیموكراتیەت، هەموو نموونەكان لەو سیستمە پەڕلەمانیانەی كە سەرۆك لە ناو پەڕلەماندا هەڵدەبژێردرێن،  لە هەوڵی ئەوەدان كە خۆیان لە دیموكراتییەتی ناڕاستەوخۆ رزگار بكەن و بەرەو دیموكراتیەتی راستەوخۆ بچن، واتە لە هەڵبژاردنی ناو پەڕلەمان بۆ هەڵبژاردنی ناو  گەل، فەرەنسا بە نموونە، توركیا بە نموونە……هتد.

بەڵام پەڕلەمانی كوردستان بە پێچەوانەی تەیاری دیموكراتیەت، بۆ دواوە دەمانگێرێتەوە، لە هەڵبژاردنی راستەوخۆی ناو گەل بۆ هەڵبژاردنی ناو پەرلەمان!!!!

ئایا ئەمە رەوایە؟!

*سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com