هێشتاش هیوایەک ماوە “هەر لایەنێک پارتی توشی پەرچەکردار کردبێت، ئەنجام شکستی خواردووە”

0

چاودێرێک

تا ئیستا لەکوردستان و لەناوچەکەشدا ئەوەی گەرەنتی مانەوەی ئارامی کردبێ سیاسەت و حکومی تەوافقی بووە، لەدەرەوەی تەوافق، هەرچی کرابێ، سەرکەوتوو نەبووە و ئەنجامەکەی شکست بووە بۆ وڵات.

دوێنێ بوو، هێزێکی سەرەکی لەکوردستان، پشتی لەسندوقەکانی دەنگدان دەکرد و دەیگوت، سەنگی ئێمە بەکورسی ناپێورێت، هەڕەشەی بەکاربردنی هێزی دەکرد لەوانەی باسی زۆرینەی دیموکراسییان دەکرد، دوێنێ بوو، هێزێک زۆرینەی دەنگەکانی شاری هێناو ئەنجام تێگەشت، لەم ناوچەیەدا زۆرینەی دیموکراسی بێ تەوافق سەرناگرێت، چۆکی بۆ تەوافق دادا لەدابەشکردنی پۆستەکانی شار، لێ ئەمرۆ هەمان ئەو هێزانە، بارگرژییەکی سیاسی گەورەیان لەکوردستان خولقاندووە، دەیانەوێ یاسایەک بۆ سەرۆکایەتی هەرێم بەناوی زۆرینەوە بەسەر پارتیدا بسەپێنن، بێ ئەوەی بپرسن، دوای ئەو هەوڵە چی ڕودەدات؟ یان بیر لەوە بکەنەوە ئەگەر هەرەشەکانی دوێنێی خۆیان لەزۆرینەی دیموکراسی مەشروع بوبێ، ئەوە بۆ ئەو هێزەش رەوایە کەلەبەرانبەریدا بەناوی زۆرینەوە بیر لەسەپاندن دەکەنەوە.

ئەمرۆ کوردستان بەدۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، دۆخی جەنگ، دۆخی جارێکی تری نوسینەوە و دارشتنەوەی سنوری وڵاتانی ناوچەکە، دۆخێک کە یەکگرتووی کورد وادەکات بۆ یەکجاری وڵات لەمەترسییەکان بپەڕێنێتەوە کەنارێکی ئارام،  رەنگە پەرتەوازەیش وابکات هەرچی هەتا ئێستا بەدەست هاتووە لەباربچێت.

ئەوەی لەهەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا هەست پێ دەکرێ، ئەوەیە، کەپارتی لەم کاتەدا هەستی بەوە کردووە، یەکڕیزی کورد، زامنی پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانە، بۆیە لەپێکهێنانی حکومەتی کوردستاندا، هێندەی تەئکیدی لەسەر بەشداریپێکردنی هێزە کوردستانییەکان دەکردەوە، هێندە بیری لای ئەوە نەبوو، مافی زۆرینەی خۆی لەپێکهێنانی حکومەتدا بسەپێنێت، لەهەوڵی دارشتنەوە یان نوسینەوەی دەستوریشدا پارتی دیسان لەپێناوی یەکڕیزی، وازی لەپێداگری خۆی هێنا، لەخستە ریفراندۆمی ئەو رەشنوسی دەستورەی بەدەنگی زۆرینەی رەهای پەرلەمانتاران و زیاتر لە سی حزبی کوردستانی ئامادەکرابوو، رەشنوسەکەی دایەوە دەست لیژنەیەکی تەوافقی لایەنەکان، بۆ پێداچونەوە و داشتنەوەی ئەو بڕگانەی لایەنێکی سیاسی پێی نیگەران بوون.

هەموو چاودێرێکی بەویژدان ئەوە دەزانێت، کە ئەوەی پارتی لەو ماوەیەدا لەپێناو تەوافق کردی، هەوڵی رێگری بوو لەبەکارتبوونی لایەنە سیاسییەکان بەدەستی ئەوانەی دژ بە تەوژمی پێشکەوتنی کوردستان وەستابونەوە، بەڵام وا خەریکە ئەوە دەسەلمێ، پارتی لەهەڵبژاردنی رێگای تەوافق بۆ چارەسەری گرفتەکان بەهەڵەدا چووە، و لەگەڵ هەندێ لایەندا هەرچی نەرمی بنوێنێ، ئەوان زیاتر پێچەوانەی بەرژەوەندی گشتی و لەسەر ئەساسی کۆنە رقی سیاسی خۆیان هەنگاو دەنێن.

ئەوە راستییە کە لەناو پارتیشدا هەمیشە هەست بەوە کراوە، دەنگێک هەیە نزیک بونەوە و تەوافق لەگەڵ هەندێ لایەن، بەئاسنی سارد کوتان و رێگە خۆشکردن دەزانێ بۆ ئەو لایەنانە تا زیاتر و ئاسانتر دژ بەپارتی چالاک بن، بەڵام لەبەرانبەردا بروای پارتی بەیەکڕیزی بەسەر ئەو دەنگەدا زاڵ بووە، و پەنای بۆ یەکڕیزی و نزیککردنەوەی زیاتری لایەنە سیاسییەکان بردووە، لێ وێڕای هەوڵەکانی سەرگرتنی تەوافق و یەکڕیزی لەلایەن پارتییەوە، هێشتاش پارتی نەیتوانی رێگە لەدەستێوەردان و ئاراستەکردنی لایەنەکان بگرێ، لەلایەن وڵاتێکی دراوسێوە کە دەیەوێ کێشەی گەورەی سیاسی لەکوردستاندا بخولقێنێت و چۆک بەکوردستان دابدات بەرانبەر بەبەغدا، بە نەزانین بێ یان بەمەبەست چەند لایەنێک دوای شەپۆلی ئاراستەکردنەکانی ئەو وڵاتە دراوسێ کەوتوون و دژ بەپارتی و خواستی پارتی بۆ تەوافق هەنگاو دەنێن و کار لەسەر لێکترازانی یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی کورد دەکەن.

بۆیە نازانرێ، ئاخۆ لەدوای ئەو هەوڵەی لایەنە سیاسییەکان دژ بەپارتی و خزمەتکردنیان بە ئەجێندا دەرەکییە هەستپێکراوەکان، ئەو حزبە چۆن بەسیاسەت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکاندا دەچێتەوە، و لەسەر چ بنامەیەک دایدەرێژێتەوە، بەڵام ئەوەی لەو نێوانەدا رونە ئەوەیە، کەپارتی هێزێکی بێ ئەجێندا و بێ کارتی گەورە نییە، بەدڵنیاییەوە بەرانبەر بەئاراستەکردنی ئەو لایەنانەش لەلایەن وڵاتێکی دراوسێوە بێ دەنگ نابێ.

جێی نیگەرانیی چاودێرانی دۆخەکەیە، کە ئەوەی ئەمرۆ وێڕای هەوڵەکانی پارتی بۆ سەرخستنی سیاسەتی تەوافقی، لەهەڵوێستی هەندێ لایەنی سیاسیدا بەدیدەکرێت، جگە لەدژایەتیکردنی ئەو حزبەو دژایەتی بۆ پێکەوە کارکردنی لایەنە سیاسییەکان، هیچی تری لێ نابینرێ، بۆیە چاوەڕوانکراو نییە، پارتی تەسلیم بەو ویستە ببێت و چیدی لەبەرانبەر مسۆگەرکردنی یەکڕیزی، ئەم جۆرە موزایەدەو بازاڕکردنە سیاسییە و ئەم فەرزکردن و سەپاندنە قبوڵ بکات، بێگومان لایەنە سیاسیەکانیش ئەو راستییە دەزانن، هەرکات پارتی ناچار بەپەرچەکردار کرابێت، ئەوانەی ناچار بەپەرچەکرداریان کردووە، شکستیان لەبەرانبەریدا هێناوە، بۆیە دەبێ ئەو سیاسیانەی کە ئەو دۆخە پر تەشەنوجەیان خولقاندووە لەئێستاشدا بەرپرسیارەتی ئەو دۆخە بگرنە ئەستۆ، کەلەئەنجامی سیاسەتی ئەواندا دێتە ئارا.

بەڵام ئەگەرچی بەدروستکردنی بازاڕی هەڕاجکردنی سیاسەت، و پرۆژەو پرۆژەکاری بۆ دژایەتی پارتی، بێ تێگەشتن لەوەی، ئەوەی دەیکەن کاری لیژنەی نوسینەوەی دەستور قورستر دەکات، و جەوێکی پرگرژی سیاسی هێناوەتە ئارا، هێشتاش هیواکان بەیەکجاری لەناو نەچوون، چاوەڕوانکراوە لایەنە سیاسییە خەمخۆرەکان بۆ یەک هەڵویستی کورد، ئەوانەی کەرەنگە شەپۆلەکانی رۆژ کاری لەسیاسەتیان کردبێ، نەک تەسلیم بوون بە ئەجێندایەکی دەرەکی دژ بەپارتی، بەسیاسەتی خۆیاندا بچنەوەو بەهەڵوێستێکی نیشتیمان پەروەروانە، دۆخی ئاڵۆزی سیاسیی لەکوردستاندا هێور بکەنەوە و رێگە نەدەن ئەو دەرفەتە گەورانەی لەبەردەم کوردستاندا دروست بوون بەئاڵۆزیی سیاسی ناوخۆیی لەبار بچێت.

زیاتر لەوەش لەناو ئەو لایەنە سیاسیانەش کە بڕیاری حزبییان بەمیزاجی شەخسێک دەدرێت، و بیر لەهەستیاری ئەم دۆخە ناکەنەوە و تەسلیم بەئەجێندا دەرەکییەکان بوون، کەسانێکی سەرکردە و بەرپرسیار هەن، کە بەرپرسیارانە بیر دەکەنەوەو بەرپرسیارانە مامەڵە دەکەن، هیوا بەوانیش هەیە، کەلەم کاتە هەستیارەی کوردستاندا کاری حزبەکانیان بخەنەوە سەر رێ دروستەکەو رێگە نەدەن زەمینەی پێکەوە کارکردن و بەڕێوەبردنی تەوافقی لەکوردستاندا نەمێنێت و هەرەس بێنێت، رێگە بگرن لەوەی کوردستان بەرەو دابەشبوون و پەرتەوازەیی هەڵوێست بچێتەوەو، چونکە ئەوان ئەمرۆ ئەرکێکی مێژوویان لەسەر شانە،دەبێ بەرپرسانە رێگە نەدەن، میزاجی شەخسی و تەسلیم بوو بەئەجێندای دەرەکی، کاری خۆی بکات و بەربەرست لەبەردەم پێشکەوتنەکانی کوردستان و پێکەوە کارکردنی سیاسی و بەرەنگارییەکانی پێشمەرگە و ئاراستەکردنەکانی کوردستان بۆ کەنارێکی ئارامتر دروست بکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com