د. فەرسەت سۆفی
بیستنی دەنگی هاوارو برسیەتی و ئازاری خەڵك یەكێكە لەو بەرپرسیاریەتیە گەورانەی لە سەر شانمانە، كە زۆر بە ئەمانەت و راستگۆیی و راشكاوی بیگەیەنین و وێنەكە وەك خۆی پیشان بدەین نەك لە بەرچاوی سەركردەكانمان گوزەرانی خەڵك وەك پادشا وێنا بكەین. رۆژانە گوێبیستی خەمی زۆر گەورە دەبین، خەمی نان خەمی منداڵی نەخۆش و بێدەرەتان، هەنسكی گریانی ئەو ژنانەی هاوسەریان لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری لە نیشتمان دایەو دینارێك لەو ماڵە ساردو سرەی خۆیان شك نابەن تا كرێی پێبدەن.
ژانی نەبوونی و نەداری لە هەموو ئازارێك بە ئازار ترە، چی لەوە جەرگ بڕترو بە سۆترە كە منداڵ داخوازی خواردنێك یان بووكە شووشەیەك بكات و نەبوونی رێگە نەدات بۆی بهێنیە دی.
زۆر ئازارم چەشت كە پێشمەرگەیەك گوتی لە بەربانگی ئەم ئێوارەیەی رەمەزان نیسكێنەمان خوارد بەڵام لە ئێستاوە خەممان لێهاتووە بۆ بەربانگی سبەی چی دەخۆین. كە پێشمەرگەیەك پەیوەندی دەكات و بە قورگی پر لە گریانەوە دەڵێت بەسەری هەموو منداڵەكانم یەك دووسەدو پەنجایی شك نابەم لە گیرفانم مرۆڤ رادەچڵەكێت.
تەنانەت لە بەرەكانی جەنگیش ئەفەسەری باڵا هەست بە ئازاری پێشمەرگەیەك ناكات چونكە خۆی ئازاری نەبوونی ناچێژێت، هەر بۆیەشە پێشمەرگە پر بەگەرووی بە ئێمە دەڵێ كەس لێمان تێناگات، پێشمەرگە عیزەت نەفسی زۆر گەورەیە نە لە دەرگای هەموو كەس دەدات و نەئامادەشە لەم دۆخە كە كوردستان پێویستی پێیەتی هەڵوێست وەربگرێت. پێشمەرگەیەك گوتی لەوەتەی شەری داعش دەستی پێكردوە پەنجا فیشەكم وەرگرتوە، بەڵام چوار پەنجا فیشەكیم تەقاندوە، بەشێكیان خۆیان فیشەك دەكرن لە سەر گیرفانی خۆیان دەچن بۆ دەوام بە چەكی خۆیان شەر دەكەن. كەچی چەند مانگ جارێك پێنج سەد هەزار وەردەگرن.
هەوڵدەدەم لەم چەند خاڵەی خوارەوە خەمەكانی پێشمەرگەو چەند پێشنیازو هەوڵێكیش بخەمە روو كە بۆ خزمەتی ئەوان دەیدەین:
1- ئەوەی لە هەمووی زیاتر پێشمەرگە ئازار دەدات ئەوەیە كە ئەوان سەرمای زستان و گەرمای هاوین دەچێژن و هەموو شەوێك لە شەوی ئەنگوستە چاو شەونخونی دەكەن و لە مەتارێزی شەرەف پەنجەیان لە سەر پەلاپیتكەی تفەنگەكانیانەو چاوەروانی پەلاماری دوژمنێكی درەندەو بێبەزەیی دەكەن، كەچی خەڵكانێكیش هەن لە هەموو ژیانیان سەنگەریان نەبینیوەو چەكیان نەكردۆتە شان، بگرە بەشێكیان هەر لەم وڵاتە ناژین و موچەی پێشمەرگایەتیش وەردەگرن و بەشێكیان پلەی سەربازیشیان پێدراوە.
2- خاڵێكی دی كە پێشمەرگەی نیگەران كردوە ئەوەیە كاتێك پلەی پێشمەرگەكان بەرز كرایەوە ئەو جیاوازی موچەیەیان بۆ نەبەسترا كە بەهۆی پلە بەرزكردنەوەكە مافی خۆیان بوو، كە دەكاتە دەهەزار تا پازدە هەزار دینار، بەو پێیەی قەیرانی داراییە، بەڵام كاتێك پلەی ئەفسەران بەرزكرایەوە یەكسەر موچەی نوێیان بۆ بەسترا بە پێی پلەكەیان كە بەشێكی لە سەد هەزاریش تێپەر دەكات، ئەگەر قەیرانی داراییە دەبێ بۆ پێشمەرگەو ئەفسەریش قەیران بێت ئەگینا كەی رەوای حەقە ئەم جیاوازیە.
3- كێشەیەكی دی كە رۆژانە پێشمەرگەكانی یەكەی پەسەوانی پەیوەندیمان پێوە دەكەن و لە حاڵەتێكی دەروونی زۆر خراپ دان كە تەرو وشكیان بەیەكەوە سوتاندوەو ئەو خەڵكەی دەوام دەكات و پاسەوانی بارەگاكان دەكات و بەشێكیان دەچنە بەرەكانی جەنگیش بەڵام باجی ئەوانە دەدەن كە بندیوارن و دەوام ناكەن. ئێمە زۆر دڵمان خۆشە كە لێژنەیەك پێكهاتووەو دەیەوێ پاكسازی لە پاسەوانی بەرپرس و بندیوارەكان بكات و بە هەموو توانامانەوە پاڵپشتیان دەكەین، بەڵام ماوەیەكی زۆرە ئەم لیژنەیە پێك هاتووەو ئەنجامەكانی كاری لیژنەكەش نادیارن و موچەی ئەم خەڵكە هەژارەش كە حەقی خۆیانەو زیاد لە پێویستیش دەوام دەكەن وەستاوە. چاكسازی بەم شێوەیە نیە چاكەكانیش بە وئاگری خراپەكان بسووتێن بۆیە ناكرێت چیتر ئەم خەڵكە بەم شێوەیە ئازار بدرێت، بەراستی ئەوان زۆر تورەن و هاواریان لێهەڵساوە.
4- ماوەیەك لەمەو بەر لە دەرفەتێك داوام لە بەرێز سەرۆكی حكومەت كرد بۆ ماوەی یەك ساڵ ئەو سلفانە لە پێشمەرگە وەرنەگرنەوە كە وەریان گرتوە، ئەمەش تەنها بۆ ئەوانەی كە بە فعلی لە سەنگەرن. جەنابیان داواكەی منی پشتگیری كردو گوتی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەیخەمە روو، تائێستا ئەمە نەكراوەو هیوادارم ئەمە وەك دیاریەكی بچوك بۆ پێشمەرگە بكرێت و یەك ساڵ بۆیان دوابخەن.
5- زۆرن ئەو پێشمەرگانەی خەون بەوە دەبینن ببنە خاوەنی پارچەیەك زەوی و ئەوانیش وەك هاووڵاتیەكی ئەم نیشتمانە خۆیان بە هاوبەش بزانن لە خاك و بەردی نیشتمانی خۆیان، بۆیە ئێمە زۆر بەجدی كار لە سەر ئەوە دەكەین هەر پێشمەرگەیەك كە موستەفید نەبووەو بە فعلیش ئەركی پێشمەرگایەتی خۆی رادەپەرێنێ هەر كەسەو لە سنووری نیشتەجێ بوونی خۆی پارچەیەك زەوی پێبدرێت.
6- هەر لیرەوەش داواكارم ئەو پێشمەرگە بریندارانەی شەری داعش هەریەكەو پلەیەكیان بۆ بەرز بكرێتەوە وەك هاندانێك بۆ ئەو خوێنەی بۆ كوردستان رشتیان بۆئەوانەشی كە بەشێكی جەستەیان لە دەست داوە دوو پلە بەرزبكرێنەوە، هەروەها بۆ ئەو پێشمەرگە بریندارانەش كە بەشێكی جەستەیان لە دەست داوە جا چاو بێت یان دەست یان قاچ هاوكاریەكی باشی دارایی بكرێن، چونكە دادپەروەری تێدا نیە كەسێك تەنها پارچەیەكی بچووكی بەركەوتبێت هەر ملیۆنێك دینار وەربگرێت و كەسێكیش هەردوو قاچی یان هەردوو چاوی لە دەست دابێت هەر یەك ملیۆن وەربگرێت.
7- بەڵێن بە پێشمەرگە قارەمانەكان دەدەم كە بە ژیانمان قەرزارباریانین كە هەرچی لە دەستمان بێت بۆ كەمكردنەوەی خەمەكانتان دەیكەین.