کێشەکانی مالیکی و عەبادی چووەتە قۆناغێکی مەترسیدار

0

نوچەنێت- عەرەبی جەدید

لەو كاتەوەی حەیدەر عەبادی  وەک بەدیلی مالیکی دەرکەوت و بووە هۆی لابردنی نوری مالیكی لەسەر دەسەڵات، پەیوەندی نێوان ئەو دو سەرکردە ئارامی بەخۆیەوە نەدیووە، ئێستا مالیكی دەستی بە هەڵمەتێكی ناوزڕاندن كردوە لە دژی عەبادی و دەیەوێت بەڕەكە لەژێر پێی دەربهێنێت.

لەم رۆژانەی دواییدا ململانێی نێوان ئەو دوو کەسە پەرەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و توندتر بوو لە چەند مانگی پێشوو، بەجۆرێك جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق بەها ئەعرەجی هاتە دەنگ و وتی ململانێی ناو حكومەت ململانێی ” كەسی – حزبی” ە كە قوربانییەكەی هاوڵاتییە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، لە دژی عەبادی كار دەكات.

ئەعرەجی هەروەها وتی، زۆرن ئەوانەی لە دژی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی بوونە هاوپەیمان، بەتایبەتی (هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا) . عەبادی چەندین جار وتوویەتی، من بە خواستی (هاوپەیمانی نیشتمانی) هاتوومەتە ئەم شوێنە، هەركاتێكیش هاوپەیمانی نیشتمانی بیەوێت من بگۆڕێت، ئەوا من ئامادەم. بەڵام كێشەكە ئەوەیە، كە ئەوان نایانەوێت ئەم حكومەتە و سەرۆكوەزیرانەكەی سەركەوتوو بن، ئەگەر عەبادی بۆ چوار ساڵیش لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە، ئەوا دەیانەوێت بە لاوازی بمێنێتەوە، ململانێكە كەسیی و حیزبییە، ئەوەشی باجەكەی دەدات، تەنها هاوڵاتی عێراقییە.

فراكسیۆنی مواتن كە عەممار حەكیمی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی رابەرایەتی دەكات، ئاماژە بەوە دەکات كە نوری مالیكی داوای لە عەبادی كردووە بە خراپ باسی حكومەتی پێشوو نەكات، ئەمەش بووەتە دەمەقاڵەی توند لەنێوان هەردوولادا.

فەیسەڵ زوبێدی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی مواتن، لە لێدوانێكیدا وتی لە كۆبوونەوەیەكی دەوڵەتی قانووندا، كە مالیكی و عەبادیش ئامادەبوون، هەردووكیان دەمەقاڵەیەكی توند لە نێوانیاندا دروست بووە، مالیكی پێیوابوە عەبادی بە نەرێنی باسی كارەكانی حكومەتی پێشووی كردووە، عەبادیش بە توندی وەڵامی داوەتەوە و رەتیكردوەتەوە كە بەرپرسیارێتی ئەو هەڵانە هەڵبگرێت كە حكومەتەكەی مالیكی ئەنجامی داون.

زوبێدی روونیكردەوە، عەبادی سكاڵا لەدەست پلانەكانی مالیكی دەكات بەوەی کەدەیەوێت حكومەتەكەی عەبادی بخات و تۆمەتی راكێشانی چەندین ملیار دۆلاری لە سندوقی گەشەپێدانی عێراق، ئاراستەی حكومەتی پێشوو كردووە كە بە فەرمانی راستەوخۆی مالیكی بووە، ئەو پسوڵانەش كە پێشكەش كراون ورد نین و بە روونی ئاماژە بە بوونی كاری ئیختلاس و قۆرخكاری دەكەن، كە خەزێنەی دەوڵەت رووبەڕووی بوەتەوە.

عەبادی دوای وەرگرتنی دەسەڵات ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسە ئەمنی و سیاسییەكانی گۆڕی، ئەوانەی لە سەردەمی حوكمی مالیكیدا پۆستی هەستیارییان هەبوو، هەندیكیان خانەنشین كراون و لەبەر مەترسی روودانی كودەتا لەلایەن لایەنگران مالیكییەوە جا سیاسی بن یا سەربازی لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە.

ئەمرۆش لەنێوان ئەوو سەرکردە شیعەدا، جۆرێكی نوێی ململانێكان دەبینین، كە كاریگەری نەرێنی لەسەر شەقامی عێراقی هەیە ، لە میانەی هەوڵی هەردوولا بۆ راكێشانی میلیشیا كاریگەرەكانی عێراق، كاریگەری گەورە و مەترسیدار لە مەیدانی سیاسی عێراقدا دروست كردووە، ئەویش دوای ئەوەی ئەو میلیشیایانە بوونەتە هێزی یەكەم لە عێراقدا و سوپاو پۆلیس لە پلەی دووەمدان.

ئەم ململانێیانە ترسی خستوەتە دڵی خەڵكی عێراقەوە، كە پێیان وایە، میلیشیاكان لە میانەی ئەو ململانێ و كێبڕكێیەوە حەسانە و دەسەڵاتیێكیان دەستكەوتووە كە لە سەرووی دەسەڵاتی یاساوەیە. ئەمەش هەلی زیاترییان دەداتێ بۆ ئەوەی ئەجیندای خۆیان جێبەجێ بكەن .

سەرچاوەیەكی نزیك لە هاوپەیمانی نیشتمانی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت وتی”حەیدەر عەبادی بە وردی چاودێری هەموو جووڵەیەكی مالیكی دەكات، لە ترسی هەر هەوڵێكی مالیكی بۆ رێگری خستنە سەر رێگای حكومەت، یان زیان لە كەسایەتی سەرۆكوەزیران بدات”.

دووپاتیشی كردەوە كە مالیكی ماوەیەكە دەستی بەوە كردوە كە رابەرایەتی حەشدی شەعبی بگرێتە دەست و سۆزییان بۆ خۆی رابكێشێت، ئەویش لە رێگەی پشتیوانیكردنی مادی و مەعنەوی بۆیان، ئاماژەی بەوە كردووە ئەم هەنگاوە عەبادی توشی دڵەراوكێ كردووە، وایکردووە کە ئەویش لەڕێی هەڵڕشتنی پارەوە هەوڵ بدات، سۆزی میلیشیاكان بۆخۆی رابكێشێت، ئەمە جگە لە هەوڵدان بۆ جێكردنەوەیان لە نێو یاسای پاسەوانی نیشتمانیدا و دەركردنی یاسایەك بۆ پاراستنی مافەكانیان .

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com