وێنەیەكی روون, ئێمە پشتگیری لە كێ‌ دەكەین!

0

.

د. محەمەدعەلی یاسین*

دوو دیمەن بهێنە پێش چاوی خۆت, دیمەنی یەكەم، كوردێكە لە شاخەكانی كوردستانە و دەیەوێت لە ڕێی چەكەكەیەوە داوای مافەكانی گەلەكەی بكات, دیمەنی دووهەم, كوردێكە لە ناو پەڕلەماندا لە ڕێگە دیموكراسی و مەدەنییەكانەوە, دەنگ هەڵدەبڕێت و داوای مافی گەلەكەی دەكات, دیمەنی یەكەم جگە لە خەباتی چەكداری هەموو دەرگاكانی بەڕووی خۆیدا داخستووە, دیمەنی دووهەمیش تەنها خەباتی چەكداری نەبێت، ئیتر هەموو دەرگاكانیتری بە ڕوودا كراوەن و دەتوانێت دۆستی زۆر بۆ دۆزی گەلەكەی پەیدا بكات و كاریگەریشی زیاتر بێت.

ئێمە پشتیوانی دیمەنی دووهەم دەكەین, چونكە پێمانوایە, قۆناغەكە قۆناغی خەباتی مەدەنی و پەنا بردنە بۆ ئەو رێیانەی, كە خەباتی گەل لە شاخەكانەوە دەباتەوە ناو شارەكان, دەنگی چەكەكان خامۆش دەكات و دەنگی گەل دلێرانە تر بە گوێی هەموو دونیادا دەدات، بۆیە ئەم خەباتە بەلای ئێمەوە بژاردەیەكی درووستە و پێویستە هەمووان پشتیوانی بكەین.

ئێستا كورد لە باكووری كوردستان, خاوەنی هەردوو دیمەنەكەیە, هەرچەندە ئێمە پشتیوانی لە خەباتە مەدەنییەكە دەكەین بەڵام ئەو پشتیوانییەمان ناكەینە پاڵنەرێك كە ڕێ بە خۆمان بدەین, دەست لە كاروباری وڵاتانی تر وەردەین, چونكە کاتێ ئاشنای ڕێكارە یاساییە نێودەوڵەتییەكان بین ناتوانین ئەم مافە بە خۆمان بدەین. بۆ نموونە لە جاڕنامەی پەیوەندی دۆستانە، (یو ئێن جێنیرال ئەسێمبلی ساڵی ١٩٧٠)دا هاتووە، “هیچ وڵاتێك یان گرۆپێك، بۆ هەر مەبەستێك چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ مافی دەستێوەردانی بۆ سەر كاروباری ناوخۆ یان كاروباری دەرەوەی هیچ وڵاتێكی تری نیە”, ئەم بەندە لە پێش چاوماندا ڕوونە و باشیش لێیتێدەگەین, وەك چۆن ڕێ‌ نادەین كەس دەست لە كاروباری ناوخۆییمان وەربدات, ئاوایش ڕێ بە خۆمان نادەین, كە دەست لە كاروباری ناوخۆی هیچ وڵاتێك وەردەین.

هەروەها خاڵی یەكەمی “پرەنسیپی دەستێوەرنەدان لە كاروباری وڵاتان” بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتیشمان لەبەرچاوە، كە تێیدا هاتووە: “دەستێوەردان لە چالاكی سیاسی (بۆ نموونە پشتگیری مادی بۆ هەڵبژاردنەكان، یان لە پرۆسەی هەلبژاردن پشتگیری كردن بۆ كاندید یان حزبێكی دیاریكراو و هەتا كومێنت لە سەر هەڵبژاردنەكان یان كاندیدەكان دژی پرەنسیپی دەستێوەرنەدانە) بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی”.

موزایەدە و بە خائین كردنی بەرانبەر!

ئێمە لە باشووری كوردستان سیاسەت دەكەین و ئەركی سەرشانمان دیارە، كە بریتییە لە درووستكردن و پیشاندانی نموونەیەكی جوانی حوكمڕانی, بۆ ئەوەی وەك ئاوێنەیەك تیشكدانەوەمان بۆ ناوچەكە و بۆ پارچەكانی تری كوردستانیش هەبێت و بتوانین كارێك بكەین, كە هەمووان وەك مۆدێلێكی جوان و باش قبوڵمان بكەن، هەر پیشاندانی ئەو مۆدێلە جوان و باشە وا دەكات, بە ناڕاستەوخۆ ببینە خاڵێكی بەهێز بۆ پشتیوانی لە پارچەكانی تری كوردستان، نەك كاركردن بە مەنقی بە خائین وەسفكردنی ئەوانەی وەك ئێمە بیرناكەنەوە.

ئێستا كۆماری توركیا بە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن و ئامادەكارییەكان بۆ ئەو پرۆسەیە تێدەپەڕێت, هەندێك لایەنی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا, بەبێ‌ ئەوەی لە دیوە دیپلوماسی و یاسایی ئەم بابەتە تێبگەن تانە لەو لایەنانە دەدەن، كە پاڵپشتی هەدەپە ناكەن, لە كاتێكدا بە قەولی خۆیان هەوڵ دەدەن پشتیوانی پارچەیەكی تری كوردستان بكەن, كوردگوتەنی: تۆ بە كەڵكی ماڵی خۆت نەیەیت,بە كەڵكی كەسی تریش نایەیت.

لە لایەكی ترەوە, دیمەنێكی تر خۆی نمایش دەكات, دیمەنێك كە زیاتر لەسەر بنەمای موزایەدە درووست كراوە, چەند پەڕلەمانتارێك لە پەڕلەمانی كوردستان و عێراق, لە ژێر ناوی نیشتیمانپەرەوەرییدا, هەنگاو بەرەو كارێك دەنێن, كە بە گوێرەی هەموو پێوەرەكان نامەعقولە, دەیانەوێت سەردانی وڵاتی توركیا بكەن و لەوێوە پشتیوانی هەدەپە بكەن, ئەم كارە دوو دیوی هەیە, دیوێكی پەیوەندی بە دیبلۆماسییەتی نێوان هەرێم و وڵاتێكی دراوسێوە هەیە و ڕاگرتنی هاوسەنگیش پێویستە.

دیوەكەی تریشی فریوخواردنە لە ناو وەهمی نەتەوەیی بوونی هەدەپەدا، چونكە بەشێكی زۆری ئەو لایەنانەی كە لە باشووری كوردستاندا، پشتیوانی هەدەپە دەكەن, پێیانوایە ئەو حیزبە حیزبێكی نەتەوەیی یە و كار بۆ سەرخستنی دۆزی كورد دەكات, بەڵام لێرەدا چەند پرسیارێك دێنە پێشەوە، ئایا هەدەپە حیزبێكی كوردی و كوردستانییە و كار بۆ سەرخستنی دۆزی كورد دەكات؟

ئەگەر وایە چۆن؟

جارێ ئەوە دەبێت بزانین کە تەنیا ٢٣٪ لە کاندیدەکانی هەدەپە کوردن. من لێرەوە داوا لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم, كە ئەرك بكێشن و بەرنامەی هەڵبژاردنی هەدەپە بخوێننەوە, لە كوێ‌ ناوی كوردستانییان بینی, پێمانی پیشان بدەن، لە هەمووی سەیر تر,لە بەرنامەی هەڵبژاردنی هەدەپەدا، تەنانەت پاڵپشتی درووستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی دەكات, بەڵام ئامادە نییە پاڵپشتی درووستبوونی دەوڵەتی كوردی لە باشووری كوردستان بكات، هەدەپە كە ئەو مافە بە فەلەستینییەكان بە ڕەوا دەبینێت، با هیچ نەبێت بە كوردیشیان بە ڕەوا بینیبا, بۆیە ئەمە پیشاندەری ئەو راستییەیە, كە زۆرێك لەو لایەنە سیاسیانەی باشوور, بەبێ‌ ئاگاییەوە پاڵپشتی هەدەپە دەكەن و سیاسەت لەسەر بنەمای عاتیفە دەكەن.

لە هەمووی سەیر تر, بەشێك لە شارەزایانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان, وێنەی پرۆفایلی فەیسبوكی خۆیان لە رێگەی بەرنامەیەكەوە دەستكاری كردووە و لە ژێر وێنەكەدا ئاڕمی هەدەپە هەیە و لەگەڵیشیدا بە زمانی توركی نووسراوە “Oyum HDP’ye”، ئەمەیش واتا “دەنگم بۆ هەدەپەیە”، باشە تو دەنگت کوا؟ ئەگەر بە وردی لە هەڵگرتنی ئەم درووشمە وردبینەوە، تتێدەگەین كە هەڵگرتنی درووشمەكە نایاساییە و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەكانە, چونكە ناكرێت كەسێك هاووڵاتی توركیا نەبێت و دەنگ بە لایەنێكی ئەو وڵاتە بدات، هەر ئەم پێشلكارییە دەتوانرێت لەسەر پرۆفایلی چەند پەرلەمانتارێكی باشووری كوردستان ببینرێت, كە خۆیان یاسادانەری ئەم وڵاتەن.

ئەگەر بیر لەوەیش بكرێنەوە, كە لە رووی ماددییەوە هاوكاری هەدەپە بكرێت, ئەوا چەندین كۆسپ لە ڕێدان و ڕێ بەو كارە نادەن, بۆ نموونە، بە گوێرەی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكانی بانگەوازەكەی (UN) ڕێگری هەیە لەوەی كە وڵاتێك هاوكارییەكی لەو جۆرە پێكەش بە لایەنێكی سیاسی لە وڵاتێكی تر بكات, ئەگەر بێت و ئەو بانگەوازەیش لەبەرچاو نەگیرێت و هاوكاری بكرێت, لە حاڵەتێكی وادا ئەگەر دەركەوت كە هاوكارییان كراوە, بە گوێرەی یاساكانی توركیا, ئەو حیزبە دەكەوێتە بەردەم لێپرسینەوە و كارەكانییان لێ تێكدەدرێن,ئەگەر گریمان بیشتوانرێت یارمەتی داراییان پێشكەش بكرێت، بەڵام دەبێت بپرسین. لەم قەیرانە داراییەی كە بەرۆكی بە هەرێمی كوردستان گرتووە و سكی خەڵكی خۆمان پێ تێر ناكرێت، چۆن دەتوانین ببینە فریادڕەسی شوێنێكی دیكە؟!

هەموو ئەمانەیش نابێت ڕێ‌ بە نادیدە گرتنی ئەو ڕاستییە بكەن, كە هەموومان دەبێت پشتگیری لەسەر خستنی ئەو پرۆژانە بكەین,كە كۆمەڵگەكانی دەوروبەرمان و لە ناویاندا ئەو كۆمەڵگەیانەی بەرەو كرانەوە دەبەن, كە كوردییان تێدا دەژین, بەڵام دەبێت بڕوامان بە پرەنسیپی ئازادی ڕادەربڕین هەبێت و جیاوازی ئەو واقیعەیش بكەین كە لە توركیادا باڵادەستە, واقیعی توركیا و واقیعی باشووری كوردستان زۆر جیاوازن، ئێمە یەک بازنەین ئەوان لە هەشتا زیاتر، ئێمە بەربەستی سەدا 10مان نییە ئەوان هەیانە، ئێمە 2 ملیۆن دەنگدەرمان هەیە ئەوان دەیان ملیۆن، بۆیە رەنگە کاریگەرییەکی ئەوتۆمان نەبێت کاتێک کە دەمانەوێ پشتیوانی تەکنیکی بکەین و بروا ناکەم بتوانین لە رووی تەکنیکیەوە هیچ شتێکی نوێمان پێ بیت بۆ پشتگیری کردن لەوان. لە هەمان كاتدا ئێستا لە توركیا حیزبی تر و كاندیدی تری كورد هەن و هەر كەسیش ئازادە دەنگ بە كێ‌ دەدات چونکە ئەو خەلکە باشتر دەزانیت کێ دەتوانیت نوێنەری راستەقینەی ئەوان بیت.

ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان*

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com