ئاشنا عومەر
دەمێک بوو دەمویست بەبیری حکومەتی کوردستانی بهێنمەوە، کە خەریکە هونەر لەبیر دەکات، یان نارێکخستن بەگرنگیدانەکانی بۆ ئەو بوارە دیارە، کاتێک بیرم دەکردەوە چۆن ئەو رەخنەیە بگرین، بەبێوژیدانیم دەزانی، ویستو مەبەست و بڕوای سەرۆکی حکومەت بەپشتیوانی و گرنگیدانی بەهونەر نادیدە بگرم کە لەرابردوو پیشانی هەموانی داوە، بەڵام لەخۆشم دەپرسی ئایا ئەگەر سەرۆکی حکومەت بیەوێ ئەم نارێکییە لەهاوکارییکردنی هونەردا ڕوودەدات؟ هەندێ کات گومانم بە ئەو دەبرد، کە رەنگە لە سیاسەتی دروستی لەو بوارە پاشەکشەو پەشیمان بونەوە روویدابێ، هەندێ کاتیش دەموت رەنگە بەرپرسانی بوارەکە لە دەرەوەی بڕوای ئەو، مومارەسەی کاری خۆیان بکەن؟ ئەم دوو ڕێیانە لەبیرکردنەوەدا وایدەکرد، هەمووکات ئەوەی دمەوێ بیڵێم دوای بخەم، بەڵام دواین وتاری بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت، لەو دوو دڵییە دڵنیایی کردینەوەو پێی وتین، کەهەمان تێگەشتن و هەمان بروای ئەو بەگرنگیدان بەهونەر لەجێی خۆیدا ماوە، کەوایە ئێستا روونتر ئەتوانین ئەوە بڵێین کە دەبوو بیڵێین. ئەگەر بمانەوێ قسە لەسەر هونەر بکەین، دەبێ سەرەتا هونەر و کاریگەری هونەر بناسین، من بەسادەترین شێوە ئەتوانم بڵێم، هونەر کاریگەرترین رێگایە بۆ ناساندنی نەتەوە، بۆ کارکردن لەسەر مرۆڤایەتی و گەیاندنی بێ مافییەکانی ئینسان، هونەر ئەتوانێ پیرۆزی دروست بکات و لەهەمانکاتیشدا ناپیرۆزی دروست بکات و پیرۆزباییەکان تێکبشکێنێ، ئەوەی تابلۆیەک لە چوارچێویەکی بچوک و دیاری کراودا دەتوانێ بیڵێ، رەنگە بەرۆژێک وتن، یان بەکتێبیك نوسین نەوترێت، ئەوەی فیلمێک ئەتوانێ بیگەیەنێ، هەرگیر بە دیپلۆماتکارەکان ناگەیەنرێت، دەیان کتێب ناتوانێ بینوسێتەوە. هێندەی موسیک یارمەتیدەرە بۆ گەیاندنی پەیام و رازیک بەرۆحی ئینسان، ئەوەندە نوسین و وتن و خۆ پێشاندان ناتوانن کار بکەنە سەری. کەوایە دەبێ بپرسین، ئێمە کەتا ئێستاش پرسێکمان هەیە بەناوی پرسی نەتەوە، پرسی نیشتیمان، پرسێکمان هەیە کەپرسی بێ مافکردنی نەتەوە و بەرەسمی نەناسینمانە لە دونیادا، تراژیدیایەکمان هەیە بەناوی ئەنفال، کیمیاباران، وڵات خاپورکردن، بۆ گەیاندنی بەدونیای دەرەوەی خۆمان، چۆن و تاچەند پەنامان بۆ ئەو رێگا کاریگەرە بردووە، کەناوی هونەرە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسەش بێگومان وەڵامەکان رەها نین، بەڵام ئەتوانین بڵێن بەشێوەیەکی بێ بەرنامە، یان ناکاریگەر پەنامان بۆ ئەو پرسە بردووە. و ئەو چەکەمان وەک خۆی لەخزمەتی کوردستاندا بەکار نەهێناوە، هۆکاری ئەوەش دروستنەبوونی هونەرە وەک خۆی لەم وڵاتەدا، سوڕانەوەی هونەرە لەچوارچێوەی حەزدا، کارنەکردنە بۆ بەدامەزراوەیکردنی هونەرو رێکخستنی بواری هونەریی لەم وڵاتەدا، کە هەموو ئەوانەش ئەرکی حکومەتە ئیشی بۆ بکات. راستە ئێمە توانای مرۆیی زۆر باش و بەهرەی زۆر گەورەی هونەریمان هەیە، ئێستا ئەکادیمیا و پەیمانگای تایبەتمان بەهونەر هەیە، بەڵام هێشتا بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەتەوە هونەر نەبووە بەهونەر لەم وڵاتەدا. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاک نێچیرڤان بارزانی، لە رۆژی 9-5-2015 لەشاری سلێمانی و لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی یەكەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی یەكێتی ئەوروپا لەوتارێکدا، گوتی” فەرهەنگ و هونەر، ڕاستگۆترین زمانی ناسنامە و بوونی شارستانیانەی گەلانە، پەیوەندییەکیش کە لە میانەی ئەم زمانە شارستانییەوە ڕێک بخرێت، هەمیشە دەروازەی فراوان بە ڕووی ئاسۆکانی دۆستایەتی و پێشکەوتن و بەها مرۆییە جوانەکاندا دەکاتەوە”. هەروەها ئەوەی وت کە هاوکاری و هەماهەنگی هونەری و فەرهەنگی لەگەڵ جیهانی پێشکەوتوودا “ئەگەر گرنگتر نەبێت، ئەوا هیچی کەمتر نییە لە پەیوەندییە ئابووری و دیبلۆماسی و زانستی و سەربازییەکانمان لەگەڵ وڵاتان و گەلانی دۆستدا. گەشەپێدانی کۆمەڵگاش بەبێ گەشەی فەرهەنگی و هونەری، لە باشترین دۆخدا، گەشەکردنێکی ناکامڵ و نەفەس کورته”.
ئەم دەربڕینەی بەڕێز سەرۆکی حکومەت، قسەی سیاسییەکی رۆشنبیرو بەئاگایە لەکاریگەری هونەر، دڵخۆشمان دەکات بەوەی کەسێک سەرۆکایەتی حکومەتی وڵاتەکەمان دەکات، کە لای رۆشنە زمانی کاریگەر لەدونیادا تەنها دیپلۆماسیەت و سەربازی و سیاسی نییە، بەڵکو زمانی هونەرو فەرهەنگ هاوشانی ئەوان کاریگەرو گرنگە، ئەمە پێمان دەڵێت، گرنگیدانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەکابینەی پێنجەمدا کەهونەری کوردستانی لەئاستێکی هەرە باڵا نزیک کردەوە، لەسەر بنەمایەکی نادروست نەبووە، یان بۆ شیعارات و سەرەنج ڕاکێشانی هونەرمەندان نەبووە، بەڵکو لەبڕوای تەواوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە، دەبێت هەموو رۆشنبیران و هونەرمەندانیش تێگەشتنیان بۆ ئەم تێگەشتنە جوانەی سەرۆکی حکومەت هەبێت و پشتیوانی سیاسیەکی ئاوا بن، کە دەزانێ ئەوە سیاسییەکان نین بەتەنها توانای جوانکردن و پێشخستنی وڵاتیان هەیە. بەڵام ئەگەرچی هەر لەو وتارەدا، بەڕێز سەرۆکی حکومەت دڵنیایی ئەوەی راگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای هەبوونی گرفتی گەورەی جەنگ و قەیرانی دارایی، گرنگی تەواو دەدات بەپرسی هونەر، دەبێ ئەوەش بڵێین کە لەم کابینەیەی حکومەتدا وەک پێویست کار لەسەر هونەر نەکراوە، ئەگەر هاوکاری هونەرو بەرهەمێکی هونەریش کرابێت، هاوکارییەکی نیوە ناچڵ بووە کە هونەرمەند نەیتوانیووە لەڕێگایەوە کارەکانی بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی تەواو بکات، ئەم وتنەش دیسان گشتی نییە رەنگە بەهۆی خراپی سیستەمی هاوکاری حکومەتەوە، هونەرمەند هەبێ زۆر زیاد لەپێویستیش هاوکاری کرابێت لەگەڵ ئەوەی هونەرمەند هەیە بەقەد خەرجی بەرهەمێک هاوکاری نەکراوە. بۆیە زۆر گرنگە لام لێرەوە بە بەڕێز سەرۆکی حکومەتی کوردستان، بڵێم لەگەڵ ئەو تێگەشتنە بەرزەی بەڕێزتان بۆ هونەرو کاروباری هونەری، هێشتاش لەکوردستان گرنگی بەم بوارە دروست نەبووە، هێشتاش ئەم تێگەشتنەی ئێوە شۆڕ نەبۆتەوە خوارەوە بۆ دامودەزگا تایبەتمەندەکان بەهونەر، هێشتاش کاری حکومەتی لەسەر ئەم تێگەشتنەی بەڕێزت نەکراوە، بۆیە هونەر ئەگەر جێگەیەکیشی هەبوبێ لەتێگەشتنی جەنابتان، وا دەردەکەوێت بەتەمای دامودەزگا تایبەتەکان هونەرت لەهەبوونی ستراتیژی حکومەتی تەنهاکردبێت، ئاخر بەڕێزتان وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە بەوە ناسراون کە بەشێوەیەکی سیستەماتیک کار لەسەر هەر بوارێک دەکەن، بەڵام ئەم شێوەیە لەکارکردنتان بۆ هونەر نابینرێت. هەروەها تێگەشتنم لەوەی سەرۆکی حکومەت بەگرنگی و بایەخەوە لەپرسی هونەر دەڕوانێت، بە بیر هێنانەوەی ئەوەی کەهونەر لەسەر دەستی ئەو حکومەتەی ئەو سەرۆکایەتی دەکرد لەڕابردوودا هونەری گەیاندە ئاستێکی زۆر بەرز، پێشنیارم بۆ بەڕێزیان ئەوەیە، بەنیازی کارکردنی دەزگا تایبەتەکان هونەر تەنها نەکات، و هەرگیز بەبێ ستراتیژییەتێکی دیار هاوکاری هونەر نەکات، پێشنیارم هەیە بۆ بەڕێزی وەک هەموو ئەو بوارانەی تر کەسەر دەستی ئەودا لەسفرەوە دروستبوون و ئێستا کۆڵەیەکی سەرەکی هەبوونی وڵاتێکن بەناوی کوردستان، لەهونەریشدا لەخاڵی یەکەمەوە لەسەرەوە ستراتیژیەتێک دابنێ بۆ بوارەکانی هونەرو دەزگا تایبەتمەندەکانی خوارەوەش ناچار بکات بە پەیوەست بوون پێوەی، بەکارکردنیان بۆ جێبەجێکردنی. چونکە ئێمە لەکوردستان پێویستمان بەستراتیژیەتێکی حکومەتی هەیە، کە لەتەنیشی هەبوونی پەیمانگاو کۆلیژە هونەرییەکان، کار بکات لەسەر : داڕشتنی یاسایەک بۆ پاراستنی مافی هونەرمەندان.. دروستکردنی بازاڕو وەبەرهێنان لەبواری هونەردا.. دروستکردنی دەزگاو دامەزراوەیەک بۆ رێزگرتن لەهونەرمەندان و گرنگیدان بەتواناکانیان … دروستکردنی رێزو تێگەشتنی زیاتر بەو بوار لەکۆمەڵگەی کوردیدا. داوا لەسەرۆکی حکومەتی کوردستان دەکەم، ئەو ویست و تێگەشتنە جوان و دروستەی بۆ هونەرو ئەو رۆحیەتی هاوکاریکردنەی بۆ هونەرمەندان، بکاتە هەنگاوی بەدامەزراوەییکردنی بواری هونەرو رزگارکردنی هونەر لەو پاشاگەردانیەی لەهونەری کوردیدا هەستیپێدەکرێت و رێگا دەگرێت لەپێشکەوتن و زیاتر دروستبوونی هونەر لەکوردستان.