تکایە بەتورکی بنوسن.. ژاوە ژاوی پشتیوانی لەهەدەپە ! !

0

رزگار رەزا چوچانی

لەتورکیاو لەباکوری کوردستان هەڵبژاردنە، لەباشور بانگەشە گەرمە، بانگەشەیەک کە دەنگی ناگاتە ئەو دیو دەرگاکەی خۆیان، و بەڕای برادەرانی بانگەشەکاری باشور، هەرکەس بەشداری تێدا نەکات، خائینە، پشتیوانە بۆ تورک، دژ بەمافی کوردە لەباکور.

برادەرانی باشورە حەیاتەکەی خۆمان، ئەوانەی کە هەموو شتی ئەودیو ماڵی خۆیان، خۆشتر دەوێ لەماڵی خۆیان، شتی ئەو دیو گەڕەکەکەی خۆیان خۆشتر دەوێ لەگەڕەکەکەی خۆیان، ئەوانەی شتی شارەکەی تریان خۆشتر دەوێ لەشارکەی خۆیان، شتی ناوچەکەی ئەو دیو ناوچەی خۆیان, خۆشتر دەوێ لەناوچەکەی خۆیان، شتی ئەو دیو سنوری وڵاتەکەی خۆیان, خۆشتر دەوێ لەوڵاتەکەی خۆیان، شتی ئەو دیوی هەرێمەکەی خۆیان، خۆشتر دەوێ لەهەرێمەکەی خۆیان، بەڕێنوسی کوردی و بەزمانی سۆرانی، هوتاف دەکێشن و پشتیوانی لەهەدەپە دەکەن، بێ ئەوەی هەدەپە تێیانبگات و بزانێ چ دەڵێن.
ئەمان لێرە لەراگەیاندنەکانی باشورەوە، بەسۆرانی قسە بۆ باکور دەکەن، بێ ئەوەی سیاسییەکانی باکور لەزمانی کوردی تێ بگەن، بە رێنوسی کوردی ئامۆژگاری کوردانی باکور دەکەن، بێ ئەوەی ئەوان بتوانن کوردی بخوێننەوە، بەسۆرانی پەیام ئاراستەی سیاسییە کوردەکانی باکور دەکەن، بێ ئەوەی ئەوان بزانن کوردیی لاتینیش بخوێننەوەو بنوسن، نەک سۆرانی.
هەر ئەم برادەرە بەڕێزانەی باشور، بێ دەنگن لەئاست نانبڕینی کورد لەلایەن بەغداوە.

بشپرسی : بۆ بێ دەنگی؟

دەڵێن: ئاخر هەڵەی سیاسی خۆمانە.

بێ دەنگن لەخەتەری داعش

بڵێی : بۆ بێ دەنگن؟

دەڵێن : قوربان ئەوە کاری حکومەت و پەروەردەو رۆشنبیرە حزبییەکانە قسەی لەسەر بکەن.

بەبەرچاوی ئەوانەوە رۆژانە پێشمەرگە شەهید دەبێ، جگە لەوەی خوێنی شەهید بەکار دەهێنن بۆ ناشیرینیکردن بەحکومەتی کوردستانەوە، دوو دێڕ بۆ پیرۆزی شەهید ناڵێن، ئامادەنین لەبەرانبەر لەدەستدانی پیرۆزی باوک، کوڕ، برا، لەڕێی هوتاوف و نوسین و قسەکانیانەوە، پیرۆزکردنی رێی شەهیدەکەیان بە خانەوادەی شەهیدەکان ببەخشن، بەڵام بەسۆرانی هوتاف بۆ بەشێکی وڵات دەکێشن و دەنوسن کەتێیان ناگەن.

هۆکاری هەموو ئەم بێدەنگییەشیان لەبەرانبەر پرسەکانی باشور و بەسۆرانی هوتاف کێشان بۆ باکور کەتێشیان ناگەن، ئەوەیە کە ئەم هاوڕێیانە، شتی ئەو دیو ماڵەکەی خۆیان خۆشتر دەوێ لەماڵی خۆیان.

من ناڵێم ئێمەو باکوری کوردستان سنورێکی شەرعیمان لەنێواندایە، بەڵام ئەو راستیییە دەڵێم، کەلەباشورەوە بەسۆرانی قسەکردن بۆ باکور، بەڕێنوسی کوردی نوسین بۆ پشتیوانی لەباکور، جگە لەژاوەژاوێکی راگەیاندن و سەرگێژکردنی خەڵک، شتێکی تری تێدا نییە بۆ سەرکەوتنی کورد لەو بەشەی وڵات، چونکە وەک وتم ئەوان لەم زمانە تێناگەن.

خوانەکردە ناشڵێم، هەقمان نییە هاندەری باکوربین بۆ دەنگدان بەکورد، بەڵام دەڵێم ئەگەر ئەم برادەرانە بیانەوێ کاریگەر بن، دەبێ بەتورکی بنوسن بۆیان، ئەگەر بیانەوێ سیاسییە کوردەکانی باکور پێزانینیان بۆ پشتیوانی ئەمان هەبێ، دەبێ بەزمانی تورکی بنوسن بۆیان، چونکە ئەوان بەتورکی دەنوسن، بەتورکی بیر دەکەنەوە، بەتورکی قسە دەکەن، بەتورکی دەخوێننەوەو بەتورکیش سیاسەت دەکەن، بۆیە خۆیان فێری کوردی نەکردووە.

من تێدەگەم، هۆکاری پاڵنەر بۆ ئەم هاتوهاوارەی باشور، کە کاریگەرییەکانی ناگاتە سنوری ئیبراهیم خەلیل، لەهێزێکەوە سەرچاوە دەگرێ، و ئامانجی هێزێکە، کە دەیەوێ هەڵمەتی هەڵبژاردنی تورکیا، بکاتە هەڵمەتی جێبونەوەی خۆی لەباشور، دەوێ لەو رێگایەوە لەباشور سۆزی خەڵک بەدەستبهێنێت و لەباشور پێ دابکوتێ، بەوەش لەباشور زیاتر دەستوەردان بکات.

بەڵام نازانم، هەر بەراستی ئەم هاوڕێ هوتاف کێشانەی باشور، بۆ باکور، نایانەوێ تێبگەن، یان هەر بەراستی لەوە تێناگەن، کە قسەکانی ئەوان، هەتا سنوری ئیبراهیم خەلیل دەڕوات و لەودیو ئەو سنورەوە نەکەس تێیان دەگات، نەدەتوانن کاریگەریان بەسەر کەسەوە هەبێ ؟ ئایا نازانن ئەوەی دەیکەن و دەیڵێن، جگە لەژاوە ژاوێک لەباشور تشتەک نیە، جگە لەهەڵگرتنی ئاڵای هەڵمەتی بانگەشەیەکی حزبێکی ئەو دیوسنور لەناو خەڵکی باشور هیچی تر نییە، هەربەراستی نایزانن ئەم بانگەشە، بانگەشەیە بەرانبەر بەحزبەکانی باشور، نەک بەرانبەر بەتورک؟ چونکە زمانی ئەوان تا ئیبراهیم خەلیل بڕ دەکات. راستە منیش لام روون نییە نەزانن، یان دەزانن، بەڵام دڵنیاشم بەشێکیان باش لەم راستییە تێدەگەن، جەنگی نەفسی خۆیان بەم رێگە خەتەرناکە لەباشور بەردەوامی پێدەدەن.
..
تێبینی: زۆر بەدڵ حەز دەکەم کورد زۆرترین و بگرە تێکڕای دەنگەکانی باکور بەدەستبهێنێت، بۆیە قسەی من لەسەر ئەو نەزانینەیە کەبەسۆرانی دەیەوێ کاریگەری لەسەر باکور دروست بکات، ئەوەی لەبیر دەچێت لەوێندەر کەس لێی تێناگات، خۆشی تێناگات چ باسە لەپشت ئەم هاتوهاوارەوە کەبەسۆرانی لەباشور بەرپایە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com